
Season 36 · Episode 34
ئیشایا ٤٤: ١ - ٤٥: ٢٤
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
February 24, 202519m 19s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئیشایا ٤٤: ١ - ٤٥: ٢٤
- 1«ئێستا یاقوبی بەندەم،
- ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، گوێ بگرە.
- 2دروستکەر، یارمەتیدەرت،
- شێوەکێشت لە سکی دایکەوە،
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- مەترسە یاقوبی بەندەم،
- یەشوروونی هەڵبژاردەم،
- 3چونکە ئاو بەسەر خاکە تینووەکەدا دەڕێژم و
- لافاو بەسەر زەوییە وشکەکەدا،
- ڕۆحی خۆم بەسەر نەوەکانتدا دەڕێژم و
- بەرەکەتم بەسەر توخمت.
- 4جا لەنێو سەوزەگیا سەرهەڵدەدەن
- وەک شۆڕەبی ڕۆخ جۆگەکان.
- 5ئەمەیان دەڵێت: ”من سەر بە یەزدانم،“
- ئەویان بە ناوی یاقوب بانگ دەکرێت،
- ئەمیان لەسەر دەستی دەنووسێت: ”بۆ یەزدانە“ و
- بە ناوی ئیسرائیلەوە نازناوی لێ دەنرێت.
- 6«یەزدان، پاشای ئیسرائیل و ئەوەی دەیکڕێتەوە،
- یەزدانی سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت:
- من سەرەتا و من کۆتاییم،
- لە من بەولاوە هیچ خودایەک نییە.
- 7کێ وەک منە؟ با بانگەواز بکات،
- با ڕایبگەیەنێت و بیخاتە بەردەمم
- لەو کاتەوەی گەلی دێرینم داناوە و
- داهاتووەکان و ئەوەی لەگەڵ خۆی دەیهێنێت،
- با پێیان ڕابگەیەنن.
- 8مەتۆقن و مەترسن.
- ئەی لە کۆنەوە پێم نەگوتوویت و پێم ڕانەگەیاندوویت؟
- ئێوە شایەتی منن، ئایا لە من بەولاوە خودای دیکە هەیە؟
- نەخێر، هیچ تاشەبەردێکی دیکە نییە؛ هیچی دیکە ناناسم.»
- 9شێوەکێشەکانی بت هەموو پووچن،
- شتە ئارەزوو بەخشەکانیان بێ سوودن.
- شایەتیدەری خۆیانن کە نابینن و
- نازانن، لەبەر ئەوە شەرمەزار دەبن.
- 10کێ شێوەی خودایەکی کێشاوە
- یان بتێکی داڕشتووە بەبێ سوود؟
- 11ئەوەتا هەموو هاوڕێیەکانی شەرمەزار دەبن.
- وەستاکانی لە مرۆڤن،
- هەموو کۆدەبنەوە و ڕادەوەستن،
- پێکەوە دەتۆقن و شەرمەزار دەبن.
- 12ئاسنگەر بە ئامێرەکانی
- پارچە ئاسن لەناو خەڵووز سوور دەکاتەوە.
- بە چەکوش شێوەی دەکات،
- بە هێزی بازووی دروستی دەکات.
- برسی دەبێت هێزی نییە،
- ئاوی نەخواردووەتەوە و ماندوو بوو.
- 13دارتاش گوریسی پێوانەی ڕاکێشا،
- نیشانی کرد بە نیشانکەر،
- بە ئەسکەنە دروستی دەکات.
- بە پرگال وێنەی دەکێشێت،
- جا وەک شێوەی پیاو دروستی دەکات،
- وەک جوانی مرۆڤ
- بۆ ئەوەی لە نزرگە جێگیر بێت.
- 14دار ئورزی بۆ خۆی بڕییەوە،
- یان داری سەروو یاخود داری بەڕووی برد،
- بەجێی هێشت کە لەنێو دارەکانی دارستان گەشە بکات،
- یاخود دار سنەوبەرێکی ڕواند و باران گەورەی کرد.
- 15جا بۆ مرۆڤ دەبێت بۆ سووتاندن،
- لێی دەبات و گەرم دەبێتەوە،
- دایدەگیرسێنێت و نانی پێ دەبرژێنێت.
- بەڵام خوداوەندێکیش دروستدەکات و کڕنۆشی بۆ دەبات،
- دەیکات بە پەیکەر و ڕوو لە زەوی دەکات بۆی.
- 16نیوەی بە ئاگر دەسووتێنێت،
- لەسەر نیوەی خواردن ئامادە دەکات،
- گۆشت دەبرژێنێت و تێردەبێت.
- هەروەها گەرم دەبێتەوە و دەڵێت: «ئەها!
- گەرم بوومەوە، ئاگرم بینی.»
- 17پاشماوەکەشی خوداوەندێکی لێ دروستکرد، بتە داتاشراوەکەی،
- ڕوو لە زەوی دەکات بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبات.
- نوێژی بۆ دەکات و دەڵێت:
- «ڕزگارم بکە، چونکە تۆ خودای منی.»
- 18نازانن و تێناگەن،
- چونکە چاوەکانیان داخراوە لە بینین و
- مێشکیان لە تێگەیشتن.
- 19لە دڵی خۆیدا بیری لێ ناکاتەوە و
- زانین و تێگەیشتنی نییە
- هەتا بڵێت: «بە نیوەی ئاگرم خۆشکرد،
- بە پشکۆیەکەشی نان و گۆشتم برژاند و خواردم.
- ئەو کاتە پاشماوەکەی بکەم بە قێزەون،
- بۆ قەدی دارێک ڕوو لە زەوی بکەم؟»
- 20لەسەر خۆڵەمێش دەلەوەڕێت، دڵی هەڵخەڵەتا و چەواشەی کرد.
- گیانی خۆی ڕزگار ناکات،
- ناڵێت: «ئایا ئەمە درۆ نییە لەنێو دەستی ڕاستم؟»
- 21«ئەمەت لەبیر بێت، ئەی یاقوب،
- ئەی ئیسرائیل، چونکە تۆ بەندەی منیت،
- شێوەی تۆم کێشا، تۆ بەندەی منیت.
- ئەی ئیسرائیل، لەبیرم ناچیت.
- 22یاخیبوونەکانی تۆم وەک هەوری تار سڕییەوە،
- گوناهەکانیشت وەک تەمی بەیانییان.
- بگەڕێوە بۆ لام،
- چونکە تۆم کڕییەوە.»
- 23ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، چونکە یەزدان ئەمەی کرد؛
- ئەی ناخی زەوی، هاوار بکەن!
- هاواری خۆشی بکەن، ئەی چیاکان،
- ئەی دارستان و هەموو دارێک کە تێیدایە،
- چونکە یەزدان یاقوبی کڕییەوە و
- لە ئیسرائیل شکۆدارە.
- 24«یەزدان، ئەوەی دەتکڕێتەوە، شێوەکێشت لە سکی دایکەوە،
- ئەمە دەفەرموێت:
- «من یەزدانم،
- دروستکەری هەموو،
- بە تەنها ئاسمانم لێککردەوە،
- زەویم ڕاخست، کەسم لەگەڵ نەبوو،
- 25نیشانەی پێغەمبەرانی درۆزنم پوکاندەوە،
- فاڵگرەوەم گێل کرد.
- دانام گەڕاندەوە دواوە،
- زانینەکەی ئەوانم کردە نەزانی.
- 26وشەی خزمەتکارەکەی بەجێدەهێنێت،
- پلانی نێردراوەکانی تەواو دەکات،
- سەبارەت بە ئۆرشەلیم دەڵێت: ”ئاوەدان دەبێتەوە،“
- بە شارۆچکەکانی یەهوداش: ”بنیاد دەنرێنەوە،“
- سەبارەت بە کەلاوەکانیش: ”نۆژەنیان دەکەمەوە،“
- 27بە دەریا دەڵێت: ”وشک بە،
- منیش ڕووبارەکانت وشک دەکەم،“
- 28سەبارەت بە کۆرش دەڵێت: ”ئەو شوانی منە،
- هەموو ئەوەی دڵم پێی خۆشە دەیهێنێتە دی.
- سەبارەت بە ئۆرشەلیمیش دەڵێت: ’با بنیاد بنرێتەوە،‘
- بە پەرستگاش دەڵێت: ’با دابمەزرێتەوە.‘ “»
ئیشایا ٤٥
- 1«یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت،
- ئەوەی دەستی ڕاستیم گرت
- بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و
- پاشایان چەک بکەم،
- بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و
- دەرگاکان دانەخرێن:
- 2”من لەپێشتەوە دەڕۆم و
- تەپەکان تەخت دەکەم،
- دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و
- شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.
- 3گەنجینەکانی تاریکی و
- خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ،
- هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل،
- ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.
- 4لەبەر یاقوبی بەندەم و
- ئیسرائیلی هەڵبژاردەم،
- بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و
- نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی
- هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.
- 5من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە،
- بێجگە لە من خودای دیکە نییە.
- هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە،
- بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم،
- 6بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن
- بێجگە لە من خودای دیکە نییە.
- من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.
- 7شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم،
- دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم،
- من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“
- 8«ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە،
- با هەورەکان بیپرژێنێت.
- با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە
- ڕزگاری بەر بگرێت و
- ڕاستودروستی سەرهەڵبدات؛
- من یەزدانم بەدیم هێنا.
- 9«قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات،
- پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی.
- ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت:
- ”چی دروستدەکەیت؟“
- یان دەڵێت:
- ”ئەوەی دروستت کردووە دوو دەسکی نییە“؟
- 10قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت:
- ”چ منداڵێکت خستەوە؟“
- بە دایکەکەشی: ”چیت لێ دەبێت؟“
- 11«یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی،
- ئەمە دەفەرموێت:
- دەربارەی ئەوانەی دێت،
- ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن،
- سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟
- 12من زەویم دروستکرد و
- مرۆڤی سەریم بەدیهێنا.
- دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و
- هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.
- 13من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و
- هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم.
- ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و
- ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات
- بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل.
- ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
- 14یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و
- سەبئییە باڵا بەرزەکان
- بۆ لای ئێوە دەپەڕنەوە و
- بۆ ئێوە دەبن.
- لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و
- دەپەڕنەوە بۆ لاتان.
- کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و
- لە ئێوە دەپاڕێنەوە و دەڵێن:
- ”بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە،
- خودای دیکە نییە.“»
- 15بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە،
- خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر.
- 16هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
- پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،
- 17بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت،
- بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی.
- شەرمەزار و ڕیسوا نابن
- هەتاهەتایە.
- 18یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
- بەدیهێنەری ئاسمان،
- ئەو خودایە،
- شێوەکێشی زەوی و دروستکەری،
- ئەو دایمەزراند.
- بەخۆڕایی بەدی نەهێنا،
- بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا،
- دەفەرموێت:
- «من یەزدانم و
- یەکێکی دیکە نییە.
- 19لە پەناوە قسەم نەکرد،
- لە شوێنێکی تاریکی زەوی.
- بە توخمی یاقوبم نەفەرموو،
- ”بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.“
- من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم و
- ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم.
- 20«کۆببنەوە و وەرن،
- ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش.
- نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان،
- ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.
- 21ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش.
- با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن.
- لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە،
- لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟
- ئایا منی یەزدان نەبوو؟
- بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە،
- خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر
- بێجگە لە من نییە.
- 22«ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت،
- ئەی هەموو لایەکانی زەوی،
- چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.
- 23سوێندم بە گیانی خۆم خوارد،
- ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە،
- وشەیەکە و ناگەڕێتەوە،
- کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات،
- هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.
- 24سەبارەت بە من دەڵێن: ”ڕاستودروستی و هێز
- تەنها بە یەزدانە.“»
- هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە
- بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،
- 25بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل
- بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.