
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دانیال ٤: ١٠ - ٢٧
- 10کە لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، ئەم بینینانەم بۆ ئاشکرا کرا: تەماشام کرد، لەبەردەمم دارێکی زۆر بەرز لە ناوەڕاستی خاکەکەیە.
- 11دارەکە گەشەی کرد و بەهێز بوو، بەرزی گەیشتە ئاسمان، لەوپەڕی زەوی دەبینرا.
- 12گەڵاکانی جوان بوو، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو. گیانلەبەرانی دەشتودەر لەژێر سێبەرەکەیدا بوون، باڵندەکانی ئاسمان لە لقەکانیدا نیشتەجێ بوون، هەموو بوونەوەر لێیان خوارد.
- 13«لەو بینینانەی بۆم ئاشکرا کران کاتێک لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، تەماشام کرد، فریشتەیەکی پیرۆز لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە.
- 14بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: ”دارەکە ببڕنەوە و لقەکانی بشکێنن، گەڵاکانی بوەرێنن و بەرەکەی پەرتوبڵاو بکەنەوە. با گیانلەبەران لە ژێری و باڵندە لە لقەکانی هەڵبێن.
- 15بەڵام با بنەدارەکە و ڕەگەکەی کە بە ئاسن و بڕۆنز بەستراون لەناو گژوگیای زەوی بمێننەوە.
- «”با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ گیانلەبەران لەنێو گژوگیای زەوی بژیێت.
- 16با مێشکی لە مرۆڤەوە بگۆڕێت و مێشکی ئاژەڵی بدرێتێ، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.
- 17«”ئەو بڕیارە لەلایەن فریشتەکانەوە ڕاگەیەنرا، ئەو حوکمە بە پیرۆزەکان دراوە، بۆ ئەوەی زیندووان بزانن کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتدارە بەسەر پاشایەتی مرۆڤدا، هەروەها دەیداتە هەر یەکێک بیەوێت، پایە نزمترین کەسی لەسەر دادەنێت.“
- 18«من نەبوخودنەسر پاشام، ئەم خەونەم بینی. ئێستا تۆ ئەی بێلتەشەسر، لێکی بدەوە، چونکە هەموو دانایانی پاشایەتییەکەم ناتوانن بۆمی لێک بدەنەوە. بەڵام تۆ دەتوانیت، چونکە ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانت تێدایە.»
- 19لەو کاتەدا دانیال کە ناوی بێلتەشەسر بوو، بۆ ماوەیەک واقی وڕما و بیرکردنەوەکانی ترساندی، پاشاش گوتی: «بێلتەشەسر، با خەونەکە و لێکدانەوەکەی نەتترسێنن.»
- بێلتەشەسریش وەڵامی دایەوە: «گەورەم، خۆزگە خەونەکە بۆ نەیارانت و لێکدانەوەکەشی بۆ دوژمنانت بووایە!
- 20ئەو دارەی کە بینیت گەورە و بەهێز بوو، بەرزییەکەی گەیشتە ئاسمان، لە هەموو زەوییەوە دەبینرا،
- 21گەڵاکانی جوان بوون، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو، لە ژێریدا گیانلەبەرانی دەشتودەر نیشتەجێ بوون و لە لقەکانیدا باڵندەکانی ئاسمان نیشتەجێ بوون.
- 22ئەی پاشا، ئەو دارە تۆیت! تۆ گەورە بوویت و بەهێز بوویت، گەورەییت زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاسمان، دەسەڵاتیشت هەتا ئەوپەڕی زەوی.
- 23«ئەی پاشا تۆ فریشتەیەکت بینی، پیرۆزێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و گوتی: ”دارەکە ببڕنەوە و لەناوی ببەن، بەڵام واز لە بنەدارەکەی بهێنن، بە ئاسن و بڕۆنز بەستراوەتەوە، لەنێو گژوگیای زەویدا بێت، ڕەگەکانی لە زەویدا بمێنێتەوە. با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ ئاژەڵی کێوی بژیێت، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.“
- 24«ئەی پاشا، ئەمە لێکدانەوەکەیەتی، ئەمە بڕیاری خودای هەرەبەرزە کە بەسەر پاشای گەورەمدا دێت:
- 25لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت و بە شەونمی ئاسمان تەڕ دەکرێیت و حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.
- 26ئەو فەرمانەی درا بە وازهێنان لە بنەدارەکە و ڕەگەکانی دارەکە، واتا پاشایەتییەکەت بۆ خۆت دەگەڕێتەوە، کاتێک دان بەوەدا دەنێیت کە ئاسمان دەسەڵاتدارە.
- 27ئەی پاشا، لەبەر ئەوە با ڕاوێژەکەم لەلات پەسەند بێت: واز لە گوناه و تاوان بهێنە، چاکە بکە و لەگەڵ هەژارەکان میهرەبان بە، بەڵکو ئاسوودەییت بەردەوام بێت.»