PLAY PODCASTS
وته‌كان ٢٠: ١ - ٢١: ٢١
Season 9 · Episode 13

وته‌كان ٢٠: ١ - ٢١: ٢١

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

August 20, 202322m 49s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

وته‌كان ٢٠: ١ - ٢١: ٢١

  • 1کاتێک دەچن بۆ ئەوەی لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگن، ئەسپ و گالیسکە و سوپایەکی لە خۆتان زۆرترتان بینی، لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتانە، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان.
  • 2کاتێک لە جەنگ نزیک دەکەونەوە کاهینەکە دێتە پێش و وتار بۆ گەل دەدات،
  • 3پێیان دەڵێت: «ئەی ئیسرائیل گوێ بگرە، ئێوە ئەمڕۆ لە جەنگ لە دژی دوژمنەکانتان نزیک بوونەتەوە، ورەتان نەڕووخێت، لێیان مەترسن و مەتۆقن و سام نەتانگرێت،
  • 4چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەتا بۆ ئێوە لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگێت و سەرکەوتووتان بکات.»
  • 5ئینجا سەرکردەکان قسە بۆ سوپا دەکەن و دەڵێن: «کێ خانووێکی نوێی بنیاد ناوە و نەیکردووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیکاتەوە.
  • 6کێ ڕەزەمێوێکی چاندووە و لە یەکەم بەری نەخواردووە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە یەکەم بەری بخوات.
  • 7کێ ژنێکی مارە کردووە و نەیگواستووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیگوازێتەوە.»
  • 8ئینجا دووبارە سەرکردەکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ دەترسێت و ورەی ڕووخاوە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک دڵی براکانیشی بتۆقێت وەک خۆی.»
  • 9کاتێک سەرکردەکان لە قسەکردن لەگەڵ گەل تەواو دەبن، فەرماندەکان بۆ سوپا دادەنێن.
  • 10کاتێک لە شارێک نزیک دەبنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بجەنگن، بانگی بکەن بۆ ڕێککەوتن.
  • 11جا ئەگەر بۆ ئاشتبوونەوە وەڵامی دانەوە و دەرگای بۆ کردنەوە، ئەوا هەموو ئەو گەلەی تێیدان بۆ ئێوە بێگاری و کارت بۆ دەکەن.
  • 12بەڵام ئەگەر ئاشتییان نەویست و لە دژتان جەنگان ئەوا ئابڵوقەی بدەن.
  • 13کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوی دایە دەستتان، ئەوا بە شمشێر لە هەموو پیاوەکانی بدەن،
  • 14بەڵام ئافرەت و منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەموو شتێکی دیکە کە لەناو شارەکەیە، هەموو تاڵانییەکە دەبێتە دەستکەوتتان، ئەو دەستکەوتانەی دوژمنانتان بەکاردەهێنن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دا.
  • 15ئاوا دەکەن بە هەموو ئەو شارانەی زۆر لە ئێوە دوورن، ئەوانەی لە شارەکانی ئەم گەلانەی ئێرە نین.
  • 16بەڵام شارەکانی ئەم گەلانەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، هیچ هەناسەیەکی لێ مەهێڵنەوە.
  • 17بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببەن، حیتی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن،
  • 18نەوەک فێرتان بکەن وەک هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن کە ئەوان بۆ خوداوەندەکانیان دەیکەن، ئێوەش سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان تووشی گوناه دەبن.
  • 19ئەگەر بۆ چەندین ڕۆژ ئابڵوقەی شارێکتان دا، جەنگتان لە دژی بەرپا کرد هەتا بیگرن، دارەکان بە تەور لەناو مەبەن و مەیانبڕنەوە، چونکە دەتوانن لە بەروبوومیان بخۆن. ئایا داری ڕەز مرۆڤە تاکو ئابڵوقەی بدەیت؟
  • 20بەڵام ئەو دارانەی کە دەزانن لێیان ناخورێن، ئەوا دەتوانن ئەوانە تێکبدەن و بیانبڕنەوە بۆ دروستکردنی سەنگەر لە دژی ئەو شارەی کە جەنگتان لەگەڵ دەکات هەتا دەکەوێت.

وته‌كان ٢١

  • 1ئەگەر کوژراوێک لەو خاکە دۆزرایەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، لە کێڵگەیەک کەوتبوو و نەزانرا کێ کوشتوویەتی،
  • 2ئەوا پیران و دادوەرانتان دەچن و دووری نێوان کوژراوەکە و ئەو شارۆچکانەی دەوروبەری دەپێون.
  • 3جا پیرانی نزیکترین شارۆچکە لە کوژراوەکە گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە دەبەن کە هێشتا جووتی پێ نەکرابێت، نیری لەسەر دانەنرابێت.
  • 4پاشان پیرانی ئەو شارۆچکەیە گوێرەکەکە بۆ دۆڵێک دەبەنە خوارەوە کە جۆگەیەکی ئاوی لەبەرڕۆیشتووی تێدابێت و نەکێڵرابێت و نەچێنرابێت و لە دۆڵەکە ملی دەشکێنن.
  • 5دواتر کاهینەکان، نەوەی لێڤی دێنە پێشەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی هەڵبژاردووە هەتا خزمەتی بکەن و بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەت بکەن، جا هەموو ناکۆکی و پەلاماردانێک بەگوێرەی قسەی ئەوان یەکلا دەکرێتەوە.
  • 6ئینجا هەموو پیرانی ئەو شارۆچکەیەی کە لە کوژراوەکە نزیکە لە دۆڵەکە دەستیان دەشۆن، لەو شوێنەی کە گوێرەکە ملشکاوەکەی لێیە و
  • 7ڕایدەگەیەنن: «دەستەکانمان ئەم خوێنەیان نەڕشتووە و چاوەکانمان نەیانبینیوە.
  • 8ئەی یەزدان، کەفارەتی ئیسرائیلی گەلی خۆت بکە کە کڕیتەوە و خوێنێکی بێتاوان مەخەرە ملی ئیسرائیلی گەلەکەت.» جا کەفارەتی ئەو خوێنەیان بۆ دەبێت.
  • 9تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکەش لەنێوتان دادەماڵن، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو، ئێوە کردتان.
  • 10ئەگەر لە دژی دوژمنەکانت بۆ جەنگ چوویت و یەزدانی پەروەردگارت ئەوانی دا بە دەستت و دیلت لێ گرتن،
  • 11لەنێو دیلەکان ئافرەتێکی ڕوخسار جوانت بینی و چووە دڵتەوە و کردتە ژنی خۆت،
  • 12کاتێک دەیهێنیتە ماڵەکەت، سەری دەتاشێت و نینۆکەکانی دەکات،
  • 13جلەکانی دیلیێتی لەبەر دادەکەنێت و بۆ ماوەی مانگێک لە ماڵەکەت دەبێت و شیوەن بۆ دایک و باوکی دەگێرێت، پاش ئەوە دەیگوازیتەوە و بەزاوا دەبیت و دەبێتە ژنت.
  • 14ئەگەر پێی دڵخۆش نەبوویت، بەڕەڵای بکە، بە پارە مەیفرۆشە و هەڵسوکەوتی وەک کۆیلە لەگەڵدا مەکە، چونکە تۆ ئابڕووت بردووە.
  • 15ئەگەر پیاوێک دوو ژنی هەبێت، یەکێکیانی خۆشویست و ئەوی دیکەیانی خۆشنەویست، جا کە هەردووکیان کوڕیان بۆی بوو و نۆبەرەکە هی خۆشەویستەکە نەبوو،
  • 16ئەوا ئەو ڕۆژەی ئەوەی هەیەتی بۆ کوڕەکانی بەش دەکات، بۆی نییە کوڕی خۆشەویستەکە بکات بە نۆبەرە لە جیاتی کوڕە نۆبەرەکە،
  • 17بەڵکو کوڕەکەی لەو ژنەی کە خۆشی ناوێت وەک نۆبەرە دەیناسێت، هەتا دوو بەشی پێبدات لە هەموو ئەوەی هەیەتی، چونکە ئەو کوڕە یەکەم نیشانەی توانای باوکیەتی، مافی نۆبەرایەتی هەیە.
  • 18ئەگەر پیاوێک کوڕێکی کەللەڕەق و یاخی هەبوو، گوێڕایەڵی قسەی دایک و باوکی نەبێت و گوێیان لێ نەگرێت کاتێک تەمبێی دەکەن،
  • 19دایک و باوکی دەیگرن و دەیهێننە لای پیرانی شارۆچکەکەی، بۆ لای دەروازەی شارۆچکەکەی و
  • 20بە پیرانی شارەکەی دەڵێن، «ئەم کوڕەمان کەللەڕەق و یاخییە، گوێڕایەڵمان نییە و دەست بڵاو و سەرخۆشە.»
  • 21ئینجا هەموو پیاوانی شارۆچکەکەی بەردبارانی دەکەن هەتا دەمرێت، ئیتر بەمە خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و هەموو ئیسرائیل دەبیستن و دەترسن.