PLAY PODCASTS
وته‌كان ٣١: ٢٤ - ٣٤: ١٢
Season 9 · Episode 19

وته‌كان ٣١: ٢٤ - ٣٤: ١٢

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

August 26, 202326m 11s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

وته‌كان ٣١: ٢٤ - ٣٤: ١٢

  • 24لەدوای ئەوەی موسا بە تەواوی لە نووسینی وشەکانی ئەم فێرکردنە بووەوە لە پەڕتووکێک،
  • 25فەرمانی بە لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان کرد و گوتی:
  • 26«ئەم پەڕتووکەی تەورات ببەن و لەتەنیشت سندوقی پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان دایبنێن، هەتا وەک شایەتی بەسەرتانەوە لەوێ بێت،
  • 27چونکە من یاخیبوون و کەللەڕەقیتان دەزانم. من وا هێشتا زیندووم و ئەمڕۆ لەگەڵتانم، ئێوە بەو شێوەیە بەربەرەکانێی یەزدان دەکەن، ئەی باشە لەدوای مردنم چی دەکەن؟!
  • 28هەموو پیرانی هۆزەکان و کوێخاکانتانم بۆ کۆبکەنەوە، هەتا ئەم وشانەیان بەگوێدا بدەم، ئاسمان و زەوی بکەم بە شایەت بەسەریانەوە،
  • 29چونکە دەزانم ئێوە دوای مردنم بە تەواوی گەندەڵ دەبن و لەو ڕێگایە لادەدەن کە فەرمانم پێ کردوون. لە ڕۆژانی ئاییندە تووشی خراپە دەبن، چونکە لە بەرامبەر یەزدان خراپە دەکەن، بەو بتانە پەستی دەکەن کە بەدەستی خۆتان دروستی دەکەن.»
  • 30جا موسا تەواوی وشەکانی ئەم سروودەی خستە بەر گوێی هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل:

وته‌كان ٣٢

  • 1گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم،
  • با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.
  • 2فێرکردنم وەک باران دەبارێت،
  • وشەم وەک شەونم دەتکێت،
  • وەک نمە باران بەسەر سەوزایی
  • وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.
  • 3ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم،
  • مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.
  • 4خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە،
  • چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە،
  • خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاریی تێدا نییە،
  • ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.
  • 5لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو
  • چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە،
  • نەوەیەکی چەوت و خوارن.
  • 6ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە،
  • ئەی گەلی گێل و نادانا؟
  • ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە،
  • ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟
  • 7یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە،
  • لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە،
  • لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت،
  • لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.
  • 8کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد،
  • کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد،
  • سنووری بۆ گەلان دانا،
  • بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.
  • 9بەشی یەزدان گەلەکەیەتی،
  • یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.
  • 10لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە،
  • لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا،
  • دەوری دا و بایەخی پێیدا،
  • وەک گلێنەی چاوی پاراستی.
  • 11وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت،
  • لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات،
  • باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات،
  • لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.
  • 12ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد،
  • هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.
  • 13سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد،
  • لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد،
  • لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا،
  • زەیتیش لە بەردەئەستێوە.
  • 14دەڵەمە و شیری مەڕوماڵات،
  • لەگەڵ دوگی بەرخ و
  • بەرانی باشان و تەگە،
  • لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم.
  • تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.
  • 15یەشوروون قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند،
  • قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو داپۆشران.
  • ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون،
  • تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە.
  • 16ئیرەییان وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و
  • بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد.
  • 17بۆ بتەکان کە خودا نین قوربانییان سەربڕی،
  • چەند خودایەک نەیانناسیون،
  • تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون،
  • کە باوکانتان لێیان نەترساون.
  • 18ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا،
  • ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.
  • 19جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە،
  • لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی.
  • 20فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە،
  • سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت،
  • ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن،
  • ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە.
  • 21ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم،
  • بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم،
  • منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
  • بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.
  • 22بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە،
  • گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە،
  • زەوی و خەرمانەکەی دەخوات،
  • بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.
  • 23«کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە،
  • تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم.
  • 24کاتێک لە برسان کەوتوون،
  • پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر،
  • ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان،
  • لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان.
  • 25لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و
  • لەناو ماڵەوەشیان تۆقین،
  • کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن،
  • منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.
  • 26فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم،
  • یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“
  • 27بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات،
  • کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن،
  • نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین،
  • یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“»
  • 28ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون،
  • کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟
  • 29خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و
  • کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت.
  • 30چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و
  • دووان دە هەزار تێکدەشکێنن،
  • ئەگەر تاشەبەردەکەیان ئەوانی نەفرۆشتبێت،
  • یەزدان بەدەستەوەی نەدابن.
  • 31لەبەر ئەوەی تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە نییە،
  • تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن.
  • 32مێویان لە مێوی سەدۆمە و
  • ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە،
  • ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن.
  • 33شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و
  • تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە.
  • 34«ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە،
  • لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟
  • 35تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم،
  • لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت،
  • چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و
  • چارەنووسیان بۆیان خێرایە.»
  • 36یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و
  • لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت،
  • کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و
  • نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە.
  • 37خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان،
  • ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد،
  • 38ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن،
  • شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟
  • با بێن و یارمەتیتان بدەن،
  • با پارێزگاریتان لێ بکەن!
  • 39«ئێستا ببینن، من، من ئەوم،
  • هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم.
  • من دەمرێنم و دەژیێنم،
  • بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە،
  • کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات.
  • 40من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم:
  • بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم،
  • 41کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و
  • بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم،
  • تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و
  • ناحەزانم سزا دەدەم.
  • 42تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و
  • شمشێرەکەم گۆشت دەخوات،
  • لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان،
  • لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.»
  • 43ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن،
  • چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە،
  • لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە،
  • کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات.
  • 44جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە.
  • 45کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل،
  • 46پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن.
  • 47تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»
  • 48یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو:
  • 49«سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نیبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم.
  • 50لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی،
  • 51لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت.
  • 52لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»

وته‌كان ٣٣

  • 1ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل داوای کرد، بەر لە مردنی،
  • 2گوتی:
  • «یەزدان لە سیناوە هات و
  • لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات،
  • لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و
  • هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو،
  • لە بنارەکانی باشوورەوە.
  • 3بێگومان ئەوە تۆی کە هەموو گەلانت خۆشدەوێت،
  • هەموو پیرۆزەکان لەنێو دەستی تۆدان،
  • ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن،
  • ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن.
  • 4موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین،
  • میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب.
  • 5لەنێو یەشوروون بوو بە پاشا،
  • بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل،
  • هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە.
  • 6«با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت،
  • با پیاوەکانی کەم نەبن.»
  • 7سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت:
  • «ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و
  • بۆ لای گەلەکەی بیهێنە،
  • دەستەکانی بەسە بۆی،
  • ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!»
  • 8سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی:
  • «تومیم و ئوریمی تۆ
  • بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە،
  • ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و
  • لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد.
  • 9ئەوەی سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی،
  • ”ڕەچاوم نەکردوون،“
  • دانی بە براکانیشیدا نەنا و
  • منداڵەکانیشی نەناسی،
  • بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و
  • پەیمانەکەی تۆی پاراست.
  • 10نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و
  • نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات،
  • بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و
  • قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت.
  • 11ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و
  • بە کرداری دەستی ڕازی بە،
  • لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە،
  • هەتا هەڵنەستنەوە.»
  • 12سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی:
  • «ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت،
  • بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و
  • یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.»
  • 13سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی:
  • «با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت
  • بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان،
  • بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە،
  • 14بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و
  • بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ،
  • 15بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان،
  • بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان،
  • 16بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی،
  • لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە،
  • با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
  • بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە.
  • 17نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی،
  • قۆچەکانی قۆچی گای کێوین،
  • بەوان قۆچ لە گەلان دەدات،
  • پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی،
  • ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و
  • هەزارانی مەنەشەن.»
  • 18سەبارەت بە نەوەی زەبولون گوتی:
  • «ئەی زەبولون بە کۆچکردنت دڵخۆش بە و
  • تۆش ئەی یەساخار بە چادرەکانت،
  • 19گەلان بۆ چیا بانگ دەکەن،
  • لەوێ قوربانی ڕاستودروستی سەردەبڕن،
  • هەتا لە پڕی دەریا بمژن و
  • لەو گەنجینەیەی لەژێر لم شاردراوەتەوە.»
  • 20سەبارەت بە نەوەی گاد گوتی:
  • «بەرەکەتدارە ئەوەی سنووری خاکی گادی فراوان کرد!
  • وەک شێرە مێ نیشتەجێ بوو،
  • قۆڵی پارچەپارچە کرد لەگەڵ تەپڵی سەر،
  • 21باشترین خاکی بۆ خۆی دانا،
  • بەشی فەرماندەی بۆ خۆی هەڵگرت،
  • کاتێک سەرکردەکانی گەل کۆبوونەوە،
  • دادوەری یەزدانی جێبەجێ کرد و
  • حوکمەکانیشی سەبارەت بە ئیسرائیل.»
  • 22سەبارەت بە نەوەی دان گوتی:
  • «دان بەچکە شێرە،
  • لە باشان قەڵەمباز بەرەو پێش دەدات.»
  • 23سەبارەت بە نەوەی نەفتالی گوتی:
  • «ئەی نەفتالی، تێر بە لە ڕەزامەندی و
  • پڕ بە لە بەرەکەتی یەزدان،
  • دەست بەسەر ڕۆژئاوا و باشووری خاکەکەتدا بگرە.»
  • 24سەبارەت بە نەوەی ئاشێر گوتی:
  • «با ئاشێر لەنێو کوڕان بەرەکەتدار بێت،
  • با لەلای براکانی پەسەند بێت،
  • با پێی بکاتە ناو زەیت،
  • 25دەروازەکانت لە ئاسن و بڕۆنزن،
  • بەگوێرەی درێژی تەمەنت هێزت پێ دەبەخشێت.»
  • 26«خودای یەشوروون هاوتای نییە،
  • سواری ئاسمان دەبێت بۆ یارمەتیدانت،
  • هەروەها هەورەکان لە شکۆی خۆیدا.
  • 27خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و
  • باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە.
  • دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و
  • فەرمووی: ”لەناو ببە!“
  • 28جا ئیسرائیل بە تەنها و بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت،
  • جێنشینی یاقوب گیروگرفتی نابێت،
  • لە خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ دەبێت،
  • ئاسمانەکەشی شەونم دەتکێنێت.
  • 29ئەی ئیسرائیل، خۆزگەت پێ دەخوازرێت،
  • کێ وەک تۆیە،
  • گەلێکی ڕزگار بوو لەلایەن یەزدانەوە؟
  • قەڵغانی یارمەتی و
  • شمشێری شکۆمەندیتە،
  • جا دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن،
  • تۆش نزرگەکانی سەر بەرزاییان پێشێل دەکەیت.»

وته‌كان ٣٤

  • 1ئینجا موسا لە دەشتەکانی مۆئابەوە بۆ چیای نیبۆ سەرکەوت بۆ سەری پسگە، کە بەرامبەر ئەریحایە، جا یەزدان هەموو خاکەکەی پیشان دا، لە گلعادەوە هەتا دان و
  • 2هەموو نەفتالی و خاکی ئەفرایم و مەنەشە و هەموو خاکی یەهودا هەتا دەریای ڕۆژئاوا و
  • 3نەقەب و هەموو ناوچەکە، لە دۆڵی ئەریحاوە «شاری دار خورما» هەتا زۆعەر،
  • 4یەزدان پێی فەرموو: «ئەوە ئەو خاکەیە کە سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ وا بە چاوەکانی خۆت پێم پیشان دایت، بەڵام تۆ بۆ ئەوێ ناپەڕیتەوە.»
  • 5جا موسای بەندەی یەزدان لەوێ مرد، لە خاکی مۆئاب بەگوێرەی فەرمانی یەزدان.
  • 6یەزدان لە خاکی مۆئاب لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ناشتی، هەتا ئەمڕۆش کەس گۆڕەکەی پێ نازانێت.
  • 7موسا تەمەنی سەد و بیست ساڵ بوو کاتێک مرد، هێشتا چاوەکانی کز نەببوون و هێزی لەبەر نەبڕابوو.
  • 8جا نەوەی ئیسرائیل لە دەشتەکانی مۆئاب سی ڕۆژ ماتەمیان بۆ گێڕا، ئینجا ڕۆژانی گریان و شیوەنی موسا تەواو بوو.
  • 9یەشوعی کوڕی نونیش پڕ بوو لە ڕۆحی دانایی، چونکە موسا دەستی لەسەر دانابوو. ئیتر نەوەی ئیسرائیل گوێیان لێ گرت و ئاوایان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
  • 10جا هیچ پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل پەیدا نەبوو وەک موسا کە یەزدانی ڕوو بە ڕوو ناسی،
  • 11لە هەموو ئەو نیشانە و پەرجووانەی یەزدان ناردی هەتا لە خاکی میسر بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی بکات.
  • 12هەرگیز کەس ئەو توانا مەزنەی پیشان نەداوە و ئەو کارە مەزن و سامناکانەی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل نەکردووە کە موسا کردی.