
Season 17 · Episode 8
یهكهم پاشایان ١٣: ١ - ١٤: ٣١
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
January 17, 202422m 10s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
یهكهم پاشایان ١٣: ١ - ١٤: ٣١
- 1ڕەحەڤەعام چوو بۆ شەخەم، چونکە هەموو ئیسرائیل چووبوونە ئەوێ بۆ ئەوەی بیکەنە پاشا.
- 2یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ئەوەی لەبەردەم سلێمان پاشا هەڵاتبوو هێشتا لە میسر بوو، بەڵام کاتێک ئەمەی بیست، لە میسرەوە گەڕایەوە.
- 3پاشان بەدوایاندا نارد، ئینجا یارۆڤعام و تەواوی کۆمەڵەی ئیسرائیل چوونە لای ڕەحەڤەعام و پێیان گوت:
- 4«باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کرد، بەڵام ئێستا تۆ لە ئەرکە سەختەکەی باوکت و لە نیرە قورسەکەی ئێمە سووک بکەرەوە، ئێمەش خزمەتت دەکەین.»
- 5ڕەحەڤەعامیش وەڵامی دانەوە: «بڕۆن و پاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.» گەلیش ڕۆیشتن.
- 6ئینجا ڕەحەڤەعام پاشا ڕاوێژی بەو پیرانە کرد کە لە خزمەتی سلێمانی باوکیدا بوون کاتێک لە ژیاندا بوو، لێی پرسین: «تەگبیرتان چییە، چۆن وەڵامی ئەم گەلە بدەمەوە؟»
- 7ئەوانیش قسەیان لەگەڵی کرد و گوتیان: «ئەگەر لە ئەمڕۆوە ببیتە خزمەتکاری ئەم گەلە، خزمەتیان بکەیت و ڕازییان بکەیت و قسەی چاکیان لەگەڵ بکەیت، ئەوا بۆ هەمیشە دەبنە بەندەی تۆ.»
- 8بەڵام ڕەحەڤەعام ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە پێیان دا و ڕاوێژی بەو گەنجانە کرد کە لەگەڵی گەورە ببوون و خزمەتیان دەکرد.
- 9لێی پرسین: «ئێوە ڕاتان چییە؟ بە چی وەڵامی ئەم گەلە بدەینەوە، کە قسەیان لەگەڵ کردووم و گوتیان: ”ئەو نیرەی باوکت کە لەسەر ئێمەی داناوە سووکی بکەرەوە“؟»
- 10ئەو گەنجانەش کە لەگەڵی گەورە ببوون، وەڵامیان دایەوە: «ئەو گەلەی کە پێیان گوتی: ”باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کردووە، بەڵام تۆ نیرەکەمان لەسەر سووک بکە،“ تۆ پێیان بڵێ: ”پەنجە تووتەم لە کەمەری باوکم ئەستوورترە.
- 11باوکم بە نیرێکی قورس باری کردوون، ئێستاش من زیاتر دەخەمە سەر نیرەکەتان. باوکم بە قامچی تەمبێی کردوون، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.“»
- 12لە ڕۆژی سێیەم یارۆڤعام و هەموو گەل هاتنە لای ڕەحەڤەعام، هەروەک پاشا پێی گوتبوون: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.»
- 13پاشا بە توندی وەڵامی گەلی دایەوە، ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە بۆیان کرد،
- 14بەپێی ئامۆژگاری گەنجەکان قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «باوکم نیرەکەی ئێوەی قورس کرد، منیش نیرەکەتان قورستر دەکەم؛ باوکم بە قامچی تەمبێی کردن، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.»
- 15پاشا گوێی لە گەل نەگرت، ئەمە بە ویستی یەزدان بوو، هەتا فەرمایشتەکەی بهێنێتە دی، ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئاحییای شیلۆنی بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی فەرمووبوو.
- 16کاتێک هەموو ئیسرائیل بینییان پاشا گوێی لێ نەگرتن، گەل وەڵامی پاشایان دایەوە:
- «چ بەشێکمان لەگەڵ داود هەیە،
- چ میراتێک لە کوڕی یەسا؟
- ئەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە چادرەکانتان!
- ئەی داود، تەماشای ماڵەکەت بکە!»
- ئیتر ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە چادرەکانیان.
- 17بەڵام ڕەحەڤەعام هێشتا پاشایەتی دەکرد بەسەر ئەو ئیسرائیلییانەی لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون.
- 18ڕەحەڤەعام پاشا ئەدۆنیرامی نارد، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو، بەڵام هەموو ئیسرائیل بەردبارانیان کرد و مرد. ئیتر ڕەحەڤەعام پاشا پێڕاگەیشت کە سواری گالیسکەکەی بێت و بەرەو ئۆرشەلیم هەڵبێت.
- 19بەو شێوەیە هەتا ئەمڕۆ ئیسرائیل لە بنەماڵەی داود یاخی بوون.
- 20کاتێک هەموو ئیسرائیل بیستیان کە یارۆڤعام گەڕاوەتەوە، هێنایانە ئەنجومەن و کردیانە پاشای هەموو ئیسرائیل. کەسیش دوای ماڵی داود نەکەوت، تەنها هۆزی یەهودا نەبێت.
- 21کاتێک ڕەحەڤەعام گەیشتە ئۆرشەلیم، هەموو بنەماڵەی یەهودا و هۆزی بنیامینی کۆکردەوە، سەد و هەشتا هەزار جەنگاوەری هەڵبژارد، هەتا لە دژی ئیسرائیل بجەنگن و پاشایەتییەکە بۆ ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بگەڕێننەوە.
- 22بەڵام پەیامی خودا بۆ شەمەعیای پیاوی خودا هات:
- 23«بە ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، پاشای یەهودا و هەموو بنەماڵەی یەهودا و بنیامین و بە پاشماوەی گەل بڵێ،
- 24”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەچن و لە دژی نەوەی ئیسرائیلی براتان مەجەنگن. هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە، چونکە ئەمە لەلایەن منەوەیە.“» ئەوانیش گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان بوون و بەگوێرەی فەرمانی یەزدان گەڕانەوە.
- 25ئینجا یارۆڤعام شارۆچکەی شەخەمی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمی کردە شارێکی قەڵابەند و تێیدا نیشتەجێ بوو، لەوێشەوە پەنیێلی نۆژەن کردەوە.
- 26یارۆڤعام لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئێستا پاشایەتییەکە بۆ ماڵی داود دەگەڕێتەوە.
- 27ئەگەر ئەم گەلە سەربکەون بۆ ئەوەی لە پەرستگای یەزدان، لە ئۆرشەلیم قوربانی پێشکەش بکەن، دڵی ئەم گەلە بۆ گەورەکەیان دەبێت، ڕەحەڤەعامی پاشای یەهودا، منیش دەکوژن و دەگەڕێنەوە لای ئەو.»
- 28پاش ڕاوێژکردن پاشا دوو گوێرەکەی زێڕینی دروستکرد و بە گەلی گوت: «ئەی ئیسرائیل، بۆ ئێوە زەحمەتە سەربکەونە ئۆرشەلیم. ئەوەتا خوداوەندەکانتان، ئەوانەی ئێوەیان لە خاکی میسر دەرهێنا.»
- 29ئینجا یەکێکیانی لە بێتئێل دانا و ئەوی دیکەیان لە دان.
- 30ئەم کارەش بووە گوناه. گەل بۆ پەرستنی یەکێکیان دەچوونە بێتئێل و هەتا دانیش دەچوون بۆ پەرستنی ئەوەی دیکە.
- 31یارۆڤعام نزرگەکانی سەر بەرزاییشی دروستکرد، لە هەموو لایەکی گەلەوە خەڵکی کردە کاهین، هەرچەندە لە نەوەی لێڤیش نەبوون.
- 32ڕۆژی پازدەی مانگی هەشتی کردە جەژن، هەروەک ئەو جەژنەی لە یەهودا هەبوو، قوربانی سەرخستە سەر قوربانگاکە. بەم جۆرەی کرد لە بێتئێل، قوربانی بۆ ئەو دوو گوێرەکەیە سەربڕی کە دروستی کردن، هەروەها لە بێتئێل کاهینانی ڕاگرت بۆ نزرگەکانی سەر بەرزایی کە دروستی کردبوون.
- 33لە پازدەی مانگی هەشت، لەو مانگەی کە خۆی بۆ خۆی دایهێنابوو قوربانی سەرخستە سەر قوربانگاکە کە لە بێتئێل دروستی کردبوو. جەژنی بۆ نەوەی ئیسرائیل دانا و بۆ بخوور سووتاندن سەرکەوتە سەر قوربانگا.
یهكهم پاشایان ١٤
- 1لەو کاتەدا ئەبیای کوڕی یارۆڤعام نەخۆش کەوت.
- 2یارۆڤعام بە ژنەکەی گوت: «هەستە و شێوەی خۆت بگۆڕە هەتا نەزانن کە تۆ ژنی یارۆڤعامیت و بڕۆ بۆ شیلۆ، ئەوەتا لەوێ ئاحییا پێغەمبەری لێیە، ئەو دەربارەی من گوتی کە دەبمە پاشای ئەم گەلە.
- 3لەگەڵ دەستت دە نان و هەندێک کێک و گۆزەیەک هەنگوین ببە و بڕۆ لای، ئەو پێت ڕادەگەیەنێت کوڕەکە چی لێدێت.»
- 4ژنەکەی یارۆڤعامیش بەو جۆرەی کرد و هەستا و چوو بۆ شیلۆ، چوو بۆ ماڵی ئاحییا.
- ئاحییاش نەیدەتوانی ببینێت، چونکە بەهۆی پیرییەوە چاوەکانی کز ببوون.
- 5یەزدانیش بە ئاحییای فەرموو: «ئەوەتا ژنەکەی یارۆڤعام دێتە لات تاکو شتێکت لەبارەی کوڕەکەیەوە لێ بپرسێت، چونکە نەخۆشە. تۆش لە وەڵامدا ئەمە و ئەوەی پێ بڵێ. کە دێتە ژوورەوە، خۆی بە کەسێکی دیکە نیشان دەدات.»
- 6ئەوە بوو کە ئاحییا گوێی لە دەنگی پێی بوو لە دەرگاکەوە دەهاتە ژوورەوە، گوتی: «ژنەکەی یارۆڤعام، وەرە ژوورەوە. بۆچی وا شێوەی خۆتت گۆڕیوە؟ من نێردراوی هەواڵێکی ناخۆشم بۆ تۆ.
- 7بڕۆ و بە یارۆڤعام بڵێ: یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”لەنێو گەل پایەبەرزم کردیت و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەم.
- 8پاشایەتییەکەم لە بنەماڵەی داود سەندەوە و دامە تۆ، تۆش وەک داودی بەندەم نەبوویت، ئەوەی کاری بە ڕاسپاردەکانم کرد و ئەوەی بە هەموو دڵییەوە دوام کەوت، بۆ ئەوەی تەنها ئەوەی لەبەرچاومدا ڕاستە بیکات.
- 9بەڵام تۆ لە هەموو ئەوانەی پێش خۆت زیاتر خراپەت کرد و چوویت خودای دیکەت لەگەڵ بتە داڕێژراوەکان بۆ خۆت دروستکرد، تاکو پەستم بکەیت، هەروەها منیشت پشتگوێ خست.
- 10«”لەبەر ئەوە، بنەماڵەی یارۆڤعام تووشی کارەسات دەکەم. هەموو نێرینەیەکی بنەماڵەی یارۆڤعام لە ئیسرائیل بنبڕ دەکەم، جا کۆیلە بێت یان ئازاد. پاشماوەی بنەماڵەی یارۆڤعام دەسووتێنم، هەروەک چۆن تەپاڵە هەتا تەواو دەبێت دەسووتێنرێت.
- 11هەرکەسێکی یارۆڤعام لەناو شار بمرێت سەگ دەیخوات و هەرکەسێکیش لە دەشتودەر بمرێت باڵندەی ئاسمان دەیخوات. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە!“
- 12«تۆش هەستە و بگەڕێوە ماڵەکەت، کە پێ دەخەیتە ناو شارەکە کوڕەکەت دەمرێت.
- 13هەموو ئیسرائیلیش شیوەنی بۆ دەگێڕن و دەینێژن، چونکە تەنها ئەم لە نەوەی یارۆڤعام دەچێتە ناو گۆڕ، لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو بنەماڵەی یارۆڤعام تەنها لە ئەودا چاکەی بینی.
- 14«یەزدان خۆی پاشایەک بۆ ئیسرائیل دادەنێت کە ماڵی یارۆڤعام بنبڕ دەکات. ئەمە ڕۆژەکەیە! بەڵێ، ئەمە ڕۆژەکەیە.
- 15یەزدان لە ئیسرائیلیش دەدات، وەک قامیشێک کە چۆن لەناو ئاو دەلەرێتەوە. ئیسرائیل لەم زەوییە چاکە ڕیشەکێش دەکات کە داویەتییە باوباپیرانیان و بۆ ئەوبەری ڕووباری فورات پەرتەوازەیان دەکات، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێراکانیان دروستکرد و یەزدانیان پەست کرد.
- 16خودا ئیسرائیل ڕادەست دەکات بەهۆی گوناهەکانی یارۆڤعام و گوناهەکانی ئیسرائیل کە ئەو هۆکاری ئەنجامدانیان بوو.»
- 17ئینجا ژنەکەی یارۆڤعام هەستا و ڕۆیشت، چوو بۆ تیرزە. کاتێک گەیشتە بەردەرگای ماڵ کوڕەکە مرد.
- 18ناشتیان و هەموو ئیسرائیل شیوەنی بۆ گێڕا، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی بەندەی خۆی، ئاحییای پێغەمبەرەوە فەرمووی.
- 19ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعامیش کە چۆن جەنگاوە و چۆن پاشایەتی کردووە، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
- 20یارۆڤعام بیست و دوو ساڵ پاشایەتی کرد، ئینجا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. ئیتر نادابی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
- 21ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، کە نەعمای عەمۆنی دایکی بوو، لە تەمەنی چل و یەک ساڵی لە یەهودا بوو بە پاشا. حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی یەزدان لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵیبژارد تاکو ناوی خۆی تێدا دابنێت.
- 22گەلی یەهوداش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، ئینجا بەو گوناهانەی کە کردیان لە باوباپیرانیان زیاتر ئیرەیی یەزدانیان وروژاند.
- 23هەروەها ئەوانیش نزرگەی سەر بەرزایی و بەردی تەرخانکراو و ستوونە ئەشێراکانیان لەسەر هەر گردێکی بەرز و لەژێر هەر دارێکی سەوز بۆ خۆیان دامەزراند.
- 24تەنانەت پیاوی لەشفرۆشیش لە نزرگەکانی خاکەکە هەبوو، هەموو نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەیان کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وەدەرینان.
- 25لە پێنجەمین ساڵی پاشایەتی ڕەحەڤەعام، شیشەقی پاشای میسر هێرشی کردە سەر ئۆرشەلیم.
- 26گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەرچی هەبوو بردی، هەموو قەڵغانە زێڕینەکانیشی برد، کە سلێمان دروستی کردبوون.
- 27لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە.
- 28هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان.
- 29ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ڕەحەڤەعام و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
- 30بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو.
- 31ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لەلای ئەوان لە شاری داود بە خاک سپێردرا، نەعمای عەمۆنی دایکی بوو. ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.