
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دانیال ٥: ٥ - ٢٤
- 5لەناکاو پەنجەکانی دەستێکی مرۆڤانە دەرکەوت و لەسەر گەچی دیوارەکەی کۆشکی پاشا لەتەنیشت چرادانەکە دەستی بە نووسین کرد، پاشاش تەماشای دەستەکەی کرد کە دەینووسی.
- 6ئینجا ڕەنگی پاشا پەڕی و بیرکردنەوەکانی تۆقاندیان و قاچەکانی هێزیان لێ برا و ئەژنۆکانی کەوتنە لەرزین.
- 7پاشا بە دەنگی بەرز هاواری کرد کە ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان بهێننە ژوورەوە. پاشا بەم دانایانەی بابلی گوت: «هەر پیاوێک ئەو نووسینە بخوێنێتەوە و بۆم لێکبداتەوە، ئەوا جلی ڕەنگی ئەرخەوانی لەبەر دەکرێت، ملوانکەی زێڕیش لە ملی دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبێتە سێیەم دەسەڵاتدار.»
- 8ئینجا هەموو داناکانی پاشا چوونە ژوورەوە، بەڵام نەیانتوانی نووسینەکە بخوێننەوە و بۆ پاشا لێکی بدەنەوە.
- 9لەبەر ئەوە بێلشەسر زۆر ترسا و ڕەنگی گۆڕا و گەورە پیاوەکانیش شڵەژان.
- 10بەڵام شاژنی دایک لەبەر دەنگی پاشا و گەورە پیاوانی چووە هۆڵی خوانەکە، شاژن بە پاشای گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! با بیرکردنەوەکانت نەتترسێنن و ڕەنگت نەگۆڕێت!
- 11لە پاشایەتییەکەتدا پیاوێک هەیە ڕۆحی خودا پیرۆزەکانی تێدایە، لە سەردەمی باوکت ڕووناکبیری و زیرەکی و داناییەکی وەک دانایی خوداوەندەکانی تێدا بەدی کراوە. نەبوخودنەسری پاشای باوکت کردی بە گەورەی جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان.
- 12ئەو پیاوە دانیالە، کە پاشا ناوی لێناوە بێلتەشەسر، کە ڕۆحێکی تەواو و زانین و زیرەکی و لێکدانەوەی خەون و هەڵهێنانی مەتەڵ و چارەسەرکردنی گیروگرفتی تێدا بینراوە. با ئێستا دانیال بانگ بکرێت و لێکی بداتەوە.»
- 13ئینجا دانیال هێنرایە بەردەم پاشا، پاشاش پێی گوت: «ئایا تۆ ئەو دانیالەی کە لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایت، ئەوەی پاشای باوکم لە یەهوداوە هێنای؟
- 14بیستوومە کە ڕۆحی خوداوەندەکان و ڕووناکبیری و زیرەکی و دانایی تەواوت تێدایە.
- 15ئێستاش دانا و ئەفسونگەرەکان بۆ بەردەمم هێنرانە ژوورەوە، بۆ ئەوەی ئەم نووسینە بخوێننەوە و پێم بڵێن مەبەستی چییە، بەڵام نەیانتوانی لێکی بدەنەوە.
- 16من بیستوومە کە تۆ دەتوانیت شت لێکبدەیتەوە و نهێنییە شاراوەکان ئاشکرا بکەیت. ئەگەر ئێستا توانیت ئەو نووسینە بخوێنیتەوە و بۆم لێکبدەیتەوە، ئەوا جلی ڕەنگ ئەرخەوانیت لەبەر دەکرێت و ملوانکەی زێڕیش لە ملت دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبیتە سێیەم دەسەڵاتدار.»
- 17دانیالیش وەڵامی پاشای دایەوە: «با دیارییەکانت بۆ خۆت بن و پاداشتەکانت بە کەسێکی دیکە بدە، بەڵام من نووسینەکە بۆ پاشا دەخوێنمەوە و بۆی لێکدەدەمەوە.
- 18«ئەی پاشا، خودای هەرەبەرز پاشایەتی و گەورەیی و شکۆمەندی و هێزی دایە نەبوخودنەسری باوکت.
- 19بەهۆی ئەو گەورەییەی کە پێیدا، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان لەبەردەمی دەتۆقین و دەلەرزین. ئەوەی ویستی کوشتی و ئەوەی ویستی بە زیندوویی هێشتییەوە و ئەوەی ویستی بەرزی کردەوە و ئەوەی ویستی نزمی کردەوە.
- 20بەڵام کاتێک دڵی بە فیز بوو و کەللە ڕەق بوو، لە تەختی پاشایەتی هێنرایە خوارەوە و شکۆیەکەی لێسەنرایەوە.
- 21لەنێو خەڵکدا دەرکرا و مێشکی وەک مێشکی ئاژەڵی لێهات، لەگەڵ کەرەکێوی دەژیا و وەک گا گژوگیای دەخوارد، لەشی بە شەونمی ئاسمان تەڕ بوو، هەتا دانی بەوەدا نا کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتی لەسەر پاشایەتی مرۆڤدا هەیە، دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.
- 22«بەڵام تۆ ئەی بێلشەسری کوڕی، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەمەت زانی، خۆتت نزم نەکردووەتەوە.
- 23بەڵکو خۆتت لە پەروەردگاری ئاسمان بە بەرزتر زانی، قاپوقاچاغەکانی پەرستگاکەی ئەویان هێنایە بەردەمت و تۆش خۆت و گەورە پیاوان و ژنەکانت و کەنیزەکانت تێیاندا شەرابتان خواردەوە. ستایشی بتە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردەکانت کرد، کە نابینن و تێناگەن و نازانن. بەڵام خودا ئەوەی هەناسەی تۆ و هەموو ڕێگاکانت بە دەستی ئەوە، ئەوت شکۆدار نەکرد.
- 24لەبەر ئەوە ئەو دەستە لەلای ئەوەوە نێردرا و ئەم نووسینەی نووسی.