PLAY PODCASTS
یه‌شوع ١٠: ١٥ - ١٣: ٣٣
Season 10 · Episode 8

یه‌شوع ١٠: ١٥ - ١٣: ٣٣

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

September 3, 202322m 47s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

یه‌شوع ١٠: ١٥ - ١٣: ٣٣

  • 15ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال.
  • 16پێنج پاشاکەش هەڵاتن و لە ئەشکەوتێکدا لە مەقێدا خۆیان شاردەوە.
  • 17جا بە یەشوع ڕاگەیەنرا و گوترا کە پێنج پاشاکە لە ئەشکەوتێکدا لە مەقێدا خۆیان شاردووەتەوە،
  • 18یەشوعیش گوتی: «بەردی گەورە بۆ سەر دەمی ئەشکەوتەکە تل بکەنەوە و چەند پیاوێکی بەدیارەوە دابنێن بۆ چاودێرییان.
  • 19ئێوەش مەوەستن، بەڵکو دوای دوژمنەکانتان بکەون و لە پشتەوە لێیان بدەن، مەهێڵن بچنە ناو شارەکانیانەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی داوەتە دەستتان.»
  • 20ئینجا کە یەشوع و نەوەی ئیسرائیل تەواو بوون لە لێدانیان بە گورزێکی جەرگبڕ هەتا لەناوچوون و ئەوانەی لێیان هەڵاتن چوونە ناو شارە قەڵابەندەکانەوە،
  • 21هەموو سوپا بە سەلامەتی گەڕانەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە مەقێدا. کەس نەبوو لە دژی نەوەی ئیسرائیل زمان درێژ بکات.
  • 22ئینجا یەشوع گوتی: «دەمی ئەشکەوتەکە بکەنەوە و ئەو پێنج پاشایەم لە ئەشکەوتەکەوە بۆ بهێنە دەرەوە.»
  • 23ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد و ئەو پێنج پاشایەیان لە ئەشکەوتەکەوە بۆ هێنایە دەرەوە، پاشای ئۆرشەلیم و حەبرۆن و یەرموت و لاخیش و عەگلۆن.
  • 24جا کە پاشاکانیان بۆ یەشوع هێنایە دەرەوە، یەشوع هەموو پیاوانی ئیسرائیلی بانگکرد و بە فەرماندەکانی سوپای گوت، ئەوانەی کە لەگەڵیدا ڕۆیشتبوون، «وەرنە پێشەوە و قاچتان لەسەر ملی ئەم پاشایانە دابنێن.» ئەوانیش چوونە پێش و قاچیان لەسەر ملیان دانا.
  • 25ئینجا یەشوع پێی گوتن: «مەترسن و ورە بەرمەدەن، بەهێز و ئازابن، چونکە یەزدان ئاوا لە هەموو دوژمنەکانتان دەکات، کە ئێوە لە دژیان دەجەنگن.»
  • 26ئینجا یەشوع لێیدان و کوشتنی، هەر پێنجیانی لەسەر پێنج دار هەڵواسی، هەتا ئێوارە بە هەڵواسراوی لەسەر دارەکان مانەوە.
  • 27پاشان لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا، ئینجا لە دارەکان دایانگرتن و فڕێیان دانە ئەو ئەشکەوتەی خۆیان تێیدا شاردبووەوە، چەند بەردێکی گەورەشیان خستە سەر دەمی ئەشکەوتەکە، هەتا ئەمڕۆش لەوێن.
  • 28هەر لەو ڕۆژەدا یەشوع مەقێدای گرت و دایە بەر زەبری شمشێر، پاشاکەی و هەموو گیانێکی تێدا بە تەواوی قڕکرد. کەسی لێیان نەهێشت، ئەوەی بە پاشای مەقێدا کرد کە بە پاشای ئەریحای کردبوو.
  • 29ئینجا یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیل لە مەقێداوە تێپەڕین بۆ لیڤنا، لە دژی لیڤنا جەنگان.
  • 30یەزدان شارەکەی لەگەڵ پاشاکەی دایە دەست ئیسرائیل و بە شمشێر لێیدا، لە خۆی و هەموو گیانێک کە تێیدا بوو. کەسی لێیان نەهێشت، ئەوەی بە پاشاکەی کرد کە بە پاشای ئەریحای کردبوو.
  • 31پاشان یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا لە لیڤنایەوە تێپەڕین بۆ لاخیش، گەمارۆیان دا و لە دژی جەنگان.
  • 32یەزدان لاخیشی دایە دەست ئیسرائیل، لە ڕۆژی دووەمدا یەشوع گرتی و دایە بەر زەبری شمشێر، لەگەڵ هەر گیانێکی زیندوو کە تێیدا بوو، هەروەک چۆن یەشوع بە لیڤنای کردبوو.
  • 33لەو کاتەدا هۆرامی پاشای گەزەر بۆ پاڵپشتیکردنی لاخیش سەرکەوتبوو، بەڵام یەشوع لە خۆی و لەشکرەکەی دا و کەسی لێیان نەهێشت.
  • 34ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل لە لاخیشەوە تێپەڕین بۆ عەگلۆن، گەمارۆیان دا و لە دژی جەنگان.
  • 35هەر لەو ڕۆژەدا گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر، هەر لەو ڕۆژەدا هەموو گیانێکی زیندوویان تێدا بە تەواوی قڕکرد، بە دەردی لاخیشیان برد.
  • 36ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل لە عەگلۆنەوە سەرکەوتن بۆ حەبرۆن و لە دژی جەنگان،
  • 37گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر، لەگەڵ پاشاکەی و هەموو شارۆچکەکانی و هەموو گیانێکی زیندوو کە تێیدا بوو، کەسی لێیان نەهێشت، بە دەردی عەگلۆنیان برد، جا خۆی و هەموو گیانێکی زیندووی بە تەواوی قڕکرد کە تێیدا بوو.
  • 38ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ دەڤیر و لە دژی جەنگان و
  • 39گرتیان، خۆی و پاشاکەی و هەموو شارۆچکەکانی و دایانە بەر زەبری شمشێر و هەرچی گیانی زیندووی تێدابوو بە تەواوی قڕیان کرد، کەسی لێیان نەهێشت، دەڤیر و پاشاکەی بە دەردی حەبرۆن و پاشاکەی برد، هەروەک چی بە لیڤنا و پاشاکەی کردبوو.
  • 40جا یەشوع هەموو خاکی ناوچە شاخاوییەکە و نەقەب و زوورگەکانی خۆرئاوا و قەدپاڵەکانی لەگەڵ هەموو پاشاکانیانی خستە ژێر ڕکێفی خۆی و کەسی لێیان نەهێشت، بەڵکو بە تەواوی هەموو هەناسەدانێکی لێ بڕی، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی دابوو.
  • 41یەشوع هەر لە قادێش بەرنێعەوە هەتا غەزە لێیدان، لە هەموو ناوچەی گۆشەن هەتا گبعۆن.
  • 42یەشوع هەموو ئەو پاشایانە و خاکەکەیانی بە یەک جار گرت، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل جەنگا.
  • 43ئینجا یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا گەڕایەوە بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال.

یه‌شوع ١١

  • 1ئینجا کاتێک یاڤینی پاشای حاچۆر ئەمەی بیستەوە، نێردراوی نارد بۆ لای یۆڤاڤی پاشای مادۆن و پاشای شیمرۆن و پاشای ئەکشاف و
  • 2ئەو پاشایانەی لە باکوور لە چیان و لە دەشتایی عەراڤا خوارووی کینەرەت و لە زوورگەکانی خۆرئاوا و لە بەرزاییەکانی دۆرە لە ڕۆژئاوا،
  • 3کەنعانییەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەمۆری و حیتی و پریزی و یەبوسییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان و حیڤییەکانی بناری حەرمۆن لە خاکی میچپا.
  • 4جا خۆیان و هەموو لەشکرەکانیان لەگەڵیان هاتنە دەرەوە، سوپایەکی گەورە وەک لمی کەناری دەریا، بە ئەسپ و گالیسکەیەکی زۆر زۆرەوە.
  • 5ئینجا هەموو ئەو پاشایانە لە کاتی دیاریکراودا کۆبوونەوە و هاتن، لەلای جۆگەی مێرۆم چادریان هەڵدا بۆ ئەوەی لە دژی ئیسرائیل بجەنگن.
  • 6یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «لێیان مەترسە، چونکە سبەینێ لەم کاتەدا هەموویان بە کوژراوی فڕێدەدەمە بەردەم ئیسرائیل، جا دەماری پێی ئەسپەکانیان ببڕەوە و گالیسکەکانیان بە ئاگر بسووتێنە.»
  • 7ئینجا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵیدا لەناکاو لە نزیک جۆگەی مێرۆم هاتنە سەریان.
  • 8یەزدانیش ئەوانی دایە دەست ئیسرائیل، ئەوانیش لێیان دان و دەریانپەڕاندن هەتا سەیدائی مەزن و میسرەفۆت مەیم و دۆڵی میچپا لە ڕۆژهەڵات، جا لێیان دان هەتا کەسیان لێیان نەهێشت.
  • 9یەشوع ئەوەی پێکردن کە یەزدان پێی فەرموو، دەماری پێی ئەسپەکانی ئەوانی بڕی و گالیسکەکانی سووتاندن.
  • 10ئینجا لەو کاتەدا یەشوع گەڕایەوە و شاری حاچۆری گرت و بە شمشێر لە پاشاکەی دا. پێشتر حاچۆر پایتەختی هەموو ئەو پاشایەتییانە بوو.
  • 11هەموو گیانێک کە تێیدابوو دایانە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕیان کردن و هەناسەیەکی تێدا نەما، حاچۆریشیان سووتاند.
  • 12ئینجا یەشوع هەموو ئەو شارانەی کە پاشایان هەبوو بە پاشاکانیانەوە گرتی و دایە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕی کردن، هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو.
  • 13بەڵام ئیسرائیل ئەو شارانەی نەسووتاند کە لەسەر گردەکان بوون، تەنها حاچۆر، یەشوع بە تەنها ئەوی سووتاند.
  • 14نەوەی ئیسرائیل هەموو دەستکەوتەکانی ئەو شارانە و ئاژەڵە ماڵییەکانیان بۆ خۆیان تاڵان کرد. بەڵام هەموو دانیشتووانەکانیان دایە بەر شمشێر هەتا بە تەواوی لەناویانبردن، هیچ زیندووێکیان تێدا نەهێشتەوە.
  • 15هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو، موساش ئاوا فەرمانی بە یەشوع کرد و یەشوعیش ئاوای کرد، هیچ شتێکی پشتگوێ نەخست، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
  • 16جا یەشوع هەموو ئەو خاکانەی گرت: ناوچە شاخاوییەکە و هەموو نەقەب و هەموو خاکی گۆشەن و زوورگەکانی خۆرئاوا و دەشتایی عەراڤا و چیاکانی ئیسرائیل و زوورگەکانی،
  • 17لە کێوی حالاقەوە کە بەرەو سێعیر سەردەکەوێت هەتا بەعل‌گاد لە دۆڵی لوبنان لە بناری چیای حەرمۆن، هەموو پاشاکانیشی گرتن و لێیدان و کوشتنی.
  • 18یەشوع ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو پاشایانەدا جەنگا،
  • 19هیچ شارێک پەیمانی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبەست، تەنها حیڤییەکانی دانیشتووی گبعۆن نەبێت، بەڵکو هەموویانی بە جەنگ گرت،
  • 20چونکە یەزدان خۆی دڵیانی ڕەقکردبوو، هەتا لە جەنگدا بەرەنگاری ئیسرائیل ببنەوە، جا قڕ بکرێن و بەزەییان بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببات، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
  • 21لەو کاتەدا یەشوع چوو و عەناقییەکانی لە کێوی حەبرۆن و دەڤیر و عەناڤ و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئیسرائیل بنبڕ کرد. یەشوع لەگەڵ شارۆچکەکانیاندا بە تەواوی قڕی کردن.
  • 22جا لە خاکی نەوەی ئیسرائیلدا عەناقییەکان نەمان، بەڵام هەندێکیان لە غەزە و گەت و ئەشدۆد مانەوە.
  • 23ئینجا یەشوع هەموو خاکەکەی گرت، بەپێی هەموو ئەوەی یەزدان بە موسای فەرمووبوو، یەشوع بەگوێرەی بەش و هۆزەکانیان بە میرات بە ئیسرائیلی دا.
  • ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.

یه‌شوع ١٢

  • 1ئەمانەش ئەو پاشایانەن کە نەوەی ئیسرائیل لێیان دان و دەستیان بەسەر خاکەکەیاندا گرت، لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون، لە دەربەندی ئەرنۆنەوە هەتا چیای حەرمۆن و هەموو دەشتایی عەراڤا بەرەو ڕۆژهەڵات:
  • 2سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان، کە لە حەشبۆن نیشتەجێ بوو،
  • حوکمڕان بوو لەسەر عەرۆعێر کە کەناری دەربەندی ئەرنۆنە، ناوەڕاستی دۆڵەکە، نیوەی گلعاد هەتا دۆڵی یەبۆق کە سنووری عەمۆنییەکانە،
  • 3دەشتایی عەراڤا هەتا دەریاچەی جەلیل ڕووەو ڕۆژهەڵات، هەتا دەریای عەراڤا واتا دەریای مردوو بەرەو ڕۆژهەڵات، ڕێگای بێت‌یەشیمۆت، ئینجا بەرەو باشووری بناری پسگە.
  • 4سنوورەکانی عۆگی پاشای باشان، کە لە پاشماوەی ڕفائییەکانە و نیشتەجێی عەشتارۆت و ئەدرەعییە،
  • 5حوکمڕان بوو بەسەر چیای حەرمۆن و سەلخە و هەموو باشانەوە هەتا سنووری گەشووری و مەعکائییەکان و نیوەی گلعاد هەتا سنوورەکانی سیحۆنی پاشای حەشبۆن.
  • 6موسای بەندەی یەزدان و نەوەی ئیسرائیل ئەوانیان شکاند. موسای بەندەی یەزدان بە میرات دایە ڕەئوبێنی و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە.
  • 7ئەمانەش ئەو پاشایانەی خاکەکەن کە یەشوع و نەوەی ئیسرائیل شکاندیانن، لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون لە بەعل‌گاد لە دۆڵی لوبنانەوە هەتا کێوی حالاق کە بەرەو سێعیر سەردەکەوێت، یەشوعیش بەگوێرەی بەشەکانیان بە میرات دایە هۆزەکانی ئیسرائیل.
  • 8ئەو خاکەی لە ناوچە شاخاوییەکان، زوورگەکانی خۆرئاوا، دەشتایی عەراڤا، بنارەکان، چۆڵەوانی و نەقەبدا بوو. ئەمەش خاکی حیتی، ئەمۆری، کەنعانی، پریزی، حیڤی و یەبوسییەکانە.
  • ئەمانە ئەو پاشایانەن:
  • 9پاشای ئەریحا
  • پاشای عای کە لەلای بێت‌ئێلە
  • 10پاشای ئۆرشەلیم
  • پاشای حەبرۆن
  • 11پاشای یەرموت
  • پاشای لاخیش
  • 12پاشای عەگلۆن
  • پاشای گەزەر
  • 13پاشای دەڤیر
  • پاشای گەدەر
  • 14پاشای حۆرما
  • پاشای عەراد
  • 15پاشای لیڤنا
  • پاشای عەدولام
  • 16پاشای مەقێدا
  • پاشای بێت‌ئێل
  • 17پاشای تەپووەح
  • پاشای حێفەر
  • 18پاشای ئەفێق
  • پاشای لەشارۆن
  • 19پاشای مادۆن
  • پاشای حاچۆر
  • 20پاشای شیمرۆن‌مەرۆن
  • پاشای ئەکشاف
  • 21پاشای تەعنەک
  • پاشای مەگیدۆ
  • 22پاشای قەدەش
  • پاشای یۆقنەعام لە کارمەل
  • 23پاشای دۆر لە بەرزاییەکانی دۆر
  • پاشای گۆییم لە گلگال
  • 24پاشای تیرزە.
  • هەموو پاشاکان سی و یەک پاشا بوون.

یه‌شوع ١٣

  • 1کاتێک یەشوع پیر بوو و چووە ساڵەوە، یەزدانیش پێی فەرموو: «تۆ پیر بوویت و چوویتە ساڵەوە، هێشتا چەند خاکێکی زۆریش ماوە دەستی بەسەردا بگیردرێت.
  • 2«ئەمە ئەو خاکەیە کە ماوەتەوە:
  • «هەموو ناوچەکانی فەلەستی و گەشوورییەکان،
  • 3لە ڕووباری شیحۆرەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە هەتا سنووری عەقرۆن لە باکوور کە سەر بە کەنعانییەکانە، سنووری پێنج ڕابەرە فەلەستییەکان، لە غەزە، ئەشدۆد، ئەسقەلان،
  • گەت و عەقرۆن، عەقرۆنی خاکی عەڤییەکان.
  • 4لە باشوورەوە:
  • هەموو خاکی کەنعانییەکان و عارا کە هی سەیدائییەکانە هەتا ئەفێق و سنووری ئەمۆرییەکان،
  • 5خاکی جوبەیلییەکان
  • و هەموو ناوچەکانی لوبنان بەرەو ڕۆژهەڵات، لە بەعل‌گاد بناری چیای حەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات.
  • 6«من خۆم هەموو دانیشتووانی چیا لە لوبنانەوە هەتا میسرەفۆت مەیم، هەموو سەیدائییەکان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا دەردەکەم. دەبێت تۆش ئەم خاکانە بە تیروپشک بە میرات بۆ ئیسرائیل دابەش بکەیت، بەو شێوەیەی فەرمانم پێ کردیت،
  • 7ئێستاش بەسەر نۆ هۆز و نیوەی هۆزی مەنەشەدا بە میرات دابەشی بکە.»
  • 8ڕەئوبێنی و گادییەکان بەشی خۆیان لەگەڵ نیوەکەی دیکەی مەنەشە وەرگرت کە موسای بەندەی یەزدان بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونی پێدابوون.
  • 9لە عەرۆعێرەوە کە لە کەناری دەربەندی ئەرنۆنە و لە شارۆچکەکەی ناوەڕاستی دەربەندەکەوە، هەموو دەشتە بەرزەکەی مادەبا هەتا دیڤۆن،
  • 10هەموو شارۆچکەکانی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان کە لە حەشبۆنەوە هەتا سنووری عەمۆنییەکان فەرمانڕەوایەتی دەکرد.
  • 11هەروەها گلعاد و سنوورەکانی گەشووری و مەعکائییەکان، هەموو چیای حەرمۆن، هەموو باشان هەتا سەلخە لەخۆ دەگرت،
  • 12واتا هەموو شانشینی عۆگ لە باشان کە لە عەشتارۆت و ئەدرەعی پاشایەتی دەکرد، ئەویش لە پاشماوەی ڕفائییەکان مابووەوە کە موسا کاتی خۆی لێیدان و دەریکردن.
  • 13نەوەی ئیسرائیل گەشوورییەکان و مەعکائییەکانیان دەرنەکرد، ئیتر هەتا ئەمڕۆش گەشووری و مەعکائی لەنێو ئیسرائیلدا نیشتەجێن.
  • 14بەڵام موسا میراتی بە هۆزی لێڤی نەدا، لەبەر ئەوەی قوربانییە بە ئاگرەکانی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل میراتی ئەوانە، هەروەک یەزدان بە موسای فەرموو.
  • 15ئەو خاکانەی موسا بە هۆزی نەوەی ڕەئوبێنی دابوو، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:
  • 16سنووریان لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر کەناری دەربەندی ئەرنۆنە و لە شارۆچکەکەی ناوەڕاستی دەربەندەکەوە، هەموو دەشتە بەرزەکە لە مادەبایەوە
  • 17هەتا شاری حەشبۆن و هەموو شارۆچکەکانی کە لە دەشتە بەرزەکەیە، کە دیڤۆن، بامۆت‌بەعل، بێت‌بەعل‌مەعۆن،
  • 18یەهەچ، قەدێمۆت، مێفەعەت،
  • 19قیریاتەیم، سیڤما، چەرەت شەحەر لەسەر کێوەکەی نێو دۆڵەکە،
  • 20بێت‌پەعۆر، بنارەکانی پسگە، بێت‌یەشیمۆت لەخۆ دەگرێت،
  • 21هەموو شارۆچکەکانی دەشتە بەرزەکە و هەموو شانشینی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوایەتی دەکرد. موسا کاتی خۆی سیحۆنی لەگەڵ سەرۆکەکانی میدیاندا شکاندبوو، واتا ئاڤی، ڕاقەم، چوور، حوور و ڕێڤەع، میرە هاوپەیمانەکانی سیحۆن کە لەو خاکەدا دەژیان.
  • 22نەوەی ئیسرائیل بەلعامی کوڕی بەعۆری فاڵگرەوەشیان بە شمشێر لەگەڵ کوژراوەکانیان کوشت.
  • 23جا سنووری نەوەی ڕەئوبێن کەناری ڕووباری ئوردون بوو. ئەمە میراتی نەوەی ڕەئوبێنە بەگوێرەی خێڵەکانیان، شارۆچکە و گوندەکانیان.
  • 24ئەو خاکانەی موسا بە هۆزی نەوەی گادی دابوو، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:
  • 25سنوورەکانیان یەعزێر و هەموو شارۆچکەکانی گلعاد و نیوەی خاکی عەمۆنییەکان هەتا عەرۆعێر کە لە نزیک ڕەبەیە،
  • 26لە شاری حەشبۆنەوە هەتا ڕامای میچپا و بەتۆنیم، لە مەحەنەیمەوە هەتا سنووری دەڤیر،
  • 27لە دۆڵەکەش بێت‌هارام، بێت‌نیمرا، سوکۆت و چافۆن، پاشماوەکەی شانشینی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون کە سنوورەکانی هەتا قەراغی دەریاچەی جەلیلە.
  • 28ئەمە میراتی نەوەی گادە بەگوێرەی خێڵەکانیان، شارۆچکە و گوندەکانیان.
  • 29ئەو خاکانەی موسا دابوویە نیوەی هۆزی مەنەشە، واتا بۆ نیوەی نەوەی مەنەشە، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:
  • 30سنوورەکەیان لە مەحەنەیمەوە هەموو باشان، هەموو شانشینی عۆگی پاشای باشان، هەموو ئاوەدانییەکانی یائیر کە لە باشانە، شەست شارۆچکە و
  • 31نیوەی گلعاد و عەشتارۆت و ئەدرەعی،
  • شارەکانی شانشینی عۆگ لە باشان بۆ نەوەی ماکیری کوڕی مەنەشە بوون، بۆ نیوەی نەوەی ماکیر بەگوێرەی خێڵەکانیان.
  • 32ئەمە ئەوە بوو کە موسا لە دەشتەکانی مۆئاب لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا کردی بە میرات.
  • 33بەڵام موسا میراتی نەدا بە هۆزی لێڤی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل میراتی ئەوان بوو، هەروەک بەڵێنی پێدابوون.