
Season 29 · Episode 43
زهبورهكان ١٠٧: ١ - ١٠٩: ٣١
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
September 16, 202419m 9s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
زهبورهكان ١٠٧: ١ - ١٠٩: ٣١
- 1ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
- خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
- 2با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
- ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
- 3لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
- لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە:
- 4هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
- ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
- 5برسی و تینوو بوون،
- گیانیان داهێزرا.
- 6ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
- ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
- 7ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
- بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
- 8با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
- بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
- 9چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد،
- گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.
- 10هەندێک دانیشتن لە تاریکی و سێبەری مەرگ،
- لە دیلیێتی ئازار و ئاسن،
- 11چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون،
- سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.
- 12لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە،
- کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات.
- 13ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
- ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
- 14لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان،
- کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.
- 15با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
- بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
- 16چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند،
- شیشە ئاسنەکانی شکاند.
- 17هەندێک بوونە گێل لە ڕێگای یاخیبوونیان و
- لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن.
- 18قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە،
- لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە.
- 19ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
- ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
- 20فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە،
- لە فەوتان دەربازی کردن.
- 21با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
- بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
- 22با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن،
- بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن.
- 23هەندێک بە کەشتی دابەزینە ناو دەریا،
- ئەوانەی لە دەریای گەورە بازرگانییان دەکرد.
- 24ئەوان کارەکانی یەزدانیان بینی،
- کارە سەرسوڕهێنەرەکانی لە قووڵایی.
- 25بە قسەی ئەو ڕەشەبا هەستا،
- شەپۆلەکانی بەرزکردەوە.
- 26بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان، دادەبەزنە ناو قووڵاییەکان،
- گیانیان لە مەترسی دەتوێتەوە.
- 27وەک سەرخۆش سەرسم دەدەن و بە ئەملا و ئەولادا دەکەون،
- نازانن چی دەکەن.
- 28ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
- ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
- 29ڕەشەبای هێدی کردەوە بۆ ئارامی،
- شەپۆلەکانی بێدەنگ کرد.
- 30دڵخۆش بوون، چونکە شەپۆلەکان هێمن بوونەوە،
- گەیاندیانی بەو بەندەرەی دەیانویست.
- 31با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
- بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
- 32با لەناو کۆڕی خەڵک بەرزی بکەنەوە،
- لە ئەنجومەنی پیرەکان ستایشی بکەن.
- 33ڕووباری کردە بیابان و
- سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،
- 34خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک،
- لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.
- 35بیابانی کردە گۆمە ئاو و
- زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.
- 36برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد،
- شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.
- 37کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند،
- دەغڵیان بە بەروبووم بوو.
- 38بەرەکەتداری کردن و زۆر زیاد بوون،
- ئاژەڵی ئەوانی کەم نەکردەوە.
- 39ئینجا کەم بوونەوە و چەمانەوە،
- لەژێر باری خراپەکاری و ناخۆشی.
- 40ئەوەی ڕیسوایی بەسەر میرەکاندا دەڕێژێت،
- لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا گومڕای کردن.
- 41بەڵام هەژاری لە زەلیلی بەرز کردەوە،
- وەک ڕانە مەڕ بنەماڵەی ئەوانی زیاد کرد.
- 42سەرڕاستەکان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،
- بەڵام هەموو خراپەکاران دەمیان دەگیرێت.
- 43کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و
- لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات.
زهبورهكان ١٠٨
- 1ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە،
- بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
- 2ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
- من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
- 3ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
- لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
- 4چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە،
- دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان.
- 5ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
- با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
- 6بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
- بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
- 7خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
- «بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
- دۆڵی سوکۆت دەپێوم.
- 8گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
- ئەفرایم کڵاوی منە،
- یەهودا داری دەسەڵاتی منە.
- 9مۆئاب دەستشۆرمە،
- پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
- لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
- 10کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
- کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
- 11ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
- ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
- 12یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
- چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
- 13لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
- هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
زهبورهكان ١٠٩
- 1ئەی خودایە، ئەوەی ستایشت دەکەم،
- بێدەنگ مەبە،
- 2چونکە دەمی بەدکار و دەمی فریودەر لێم کراونەتەوە،
- بە زمانی درۆ قسەم لەسەر دەکەن.
- 3بە قسەی ڕقەوە دەوریان گرتووم،
- بەبێ هۆ لە دژم دەجەنگن.
- 4لە جیاتی خۆشەویستییەکەم دژایەتیم دەکەن،
- بەڵام من نوێژم کردووە.
- 5لە پاداشتی چاکە خراپەم لەگەڵ دەکەن،
- ڕقیش لە پاداشتی خۆشەویستیم.
- 6بەدکارێکی لەسەر دابنێ،
- با سکاڵاکار لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستێت.
- 7با لە دادگایی تاوانبار بکرێت،
- با نوێژی بۆی بە گوناه دابنرێت.
- 8با ڕۆژگاری کورت بێت،
- یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت!
- 9با کوڕەکانی هەتیو بن،
- ژنی بێوەژن بێت.
- 10با کوڕەکانی سەرگەردان بن و سواڵ بکەن،
- لە ماڵە کاولەکانیان دەربکرێن.
- 11با هەرچی هەیەتی خاوەن قەرز بیبات،
- بێگانەش بەری ڕەنجی تاڵان بکەن.
- 12با کەس نەبێت دەستی خۆشەویستی بۆ درێژ بکات،
- کەس نەبێت دڵی بە هەتیوەکانی بسووتێت!
- 13با نەوەکانی ببڕێتەوە،
- ناوی لە نەوەی داهاتوو بسڕێتەوە!
- 14با تاوانەکانی باوباپیرانی بخرێنە بەردەم یەزدان،
- با گوناهەکانی دایکی نەسڕێنەوە!
- 15با هەمیشە لەبەردەم یەزدان بن
- هەتا یادیان لەسەر زەوی ببڕێتەوە!
- 16لەبەر ئەوەی بیری نەکردەوە کە خۆشەویستی نەگۆڕ بنوێنێت،
- بەڵکو کەسی هەژار و نەدار و دڵشکاوی ڕاوناوە و کوشتووە.
- 17حەزی لە نەفرەت لێکردن بوو،
- با بۆی بێت!
- دڵشاد نەبوو بە داوای بەرەکەت بۆ کردن،
- با لێی دووربکەوێتەوە!
- 18نەفرەتی وەک کراس لەبەرکردبوو،
- وەک ئاو چووە ناو لەشی،
- وەک ڕۆن چووە ناو ئێسقانەکانی.
- 19با وەک بەرگێک بێ لە خۆی بیپێچێتەوە،
- هەمیشە وەک پشتێنێک بێ لە خۆی بیبەستێت!
- 20با ئەمە کرێی یەزدان بێت بۆ سکاڵاکارانم،
- ئەوانەی بە خراپە لە دژی من دەدوێن.
- 21بەڵام تۆ ئەی یەزدانی پەروەردگار،
- لە پێناوی ناوی خۆت چاکەم لەگەڵ بکە،
- دەربازم بکە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە.
- 22لەبەر ئەوەی من هەژار و نەدارم،
- دڵم لە ناخمدا بریندارە.
- 23وەک سێبەری ئێوارە دەڕۆم،
- وەک کوللە هەڵدەوەرێم.
- 24ئەژنۆم شل بووە لەبەر ڕۆژووگرتن،
- لەشم لاواز بووە لە کەمی چەوری.
- 25بووم بە سووکایەتی بۆیان،
- دەمبینن سەر بادەدەن.
- 26ئەی یەزدان، خودای من، یارمەتیم بدە،
- بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕزگارم بکە.
- 27با بزانن کە ئەمە دەستی تۆیە،
- ئەی یەزدان، کە تۆ ئەمەت کردووە.
- 28ئەوان نەفرەت دەکەن، بەڵام تۆ بەرەکەت دەدەیت،
- هەستان و شەرمەزار بوون،
- بەڵام خزمەتکاری تۆ دڵخۆش بوو.
- 29با سکاڵاکارانم بەرگی نامەردی بکەنە بەر،
- با شەرمەزاری وەک کەوا لە خۆیان بئاڵێنن.
- 30بە دەمی خۆم زۆر سوپاسی یەزدان دەکەم،
- لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشی دەکەم،
- 31چونکە ئەو لە دەستەڕاستی نەدار ڕادەوەستێت،
- بۆ ڕزگارکردنی لەوانەی حوکمی بەسەردا دەدەن.