
Season 65 · Episode 23
زهكریا ١: ١ - ٩: ١٧
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
April 1, 202614m 36s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
زهكریا ١: ١ - ٩: ١٧
- 1لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات:
- 2«یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو.
- 3لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
- 4وەک باوباپیرانتان مەبن، ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن: یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“ بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 5ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟ هەروەها پێغەمبەرەکان، ئایا هەتاهەتایە دەژین؟
- 6بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد، ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟
- «ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان: ”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات، بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان، ئاوای پێ کردین.“»
- 7لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات.
- 8لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو.
- 9ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟»
- ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.»
- 10ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.»
- 11ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو و گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.»
- 12ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟»
- 13یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد.
- 14ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە.
- 15زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“
- 16«لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
- 17«هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“»
- 18پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون.
- 19لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «ئەمانە چین؟»
- ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.»
- 20ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام.
- 21پرسیارم کرد: «ئەمانە هاتوون چی بکەن؟»
- ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە، تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام پیشەوەرەکان هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن، ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.»
زهكریا ٢
- 1ئینجا چاوم هەڵبڕی و پیاوێکم لەبەردەمم بینی گوریسی پێوانەی بەدەستەوە بوو.
- 2لێم پرسی: «بۆ کوێ دەچیت؟»
- وەڵامی دامەوە: «بۆ پێوانی ئۆرشەلیم، تاکو درێژی و پانییەکەی بزانم.»
- 3لەو کاتەدا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم هاتە دەرەوە، فریشتەیەکی دیکەش بەرەوپیری هاتە دەرەوە و
- 4پێی گوت: «ڕاکە و بەو گەنجە بڵێ: ”ئۆرشەلیم دەبێتە شارێکی بێ شوورا، لەبەر زۆری خەڵک و ئاژەڵی ماڵی تێیدا.
- 5منیش بۆی دەبمە شوورای ئاگرین لە هەر چواردەوری، دەبمە شکۆ لە ناوەڕاستی.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 6یەزدان دەفەرموێت: «هۆی، هۆی! لە خاکی باکوور هەڵێن، چونکە وەک چوار بایەکەی ئاسمان پەرتەوازەم کردوون.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 7«هۆی، دەرباز بە، ئەی خەڵکی سییۆن کە لە بابل دەژین!»
- 8چونکە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەدوای ئەوەی خودای شکۆدار منی نارد بۆ ئەو نەتەوانەی ئێوەیان تاڵان کرد، چونکە ئەوەی دەستتان لێدەدات، دەست لە بیلبیلەی چاوی دەدات،
- 9بێگومان من دەستیان لێ دەوەشێنم و دەبنە تاڵانی بۆ کۆیلەکانیان. ئینجا دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی ناردووە.
- 10«ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گۆرانی بڵێن و دڵخۆش بن، چونکە من دێم و لەنێوتاندا نیشتەجێ دەبم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 11«لەو ڕۆژەدا زۆرێک لە نەتەوەکان دێنە پاڵ یەزدان و دەبنە گەلی من. لەنێو ئێوەدا نیشتەجێ دەبم و دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە.
- 12یەزدان یەهودا دەکاتە میراتی خۆی، بەشی خۆی لەسەر خاکی پیرۆز، دووبارە ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.
- 13ئەی هەموو ئادەمیزاد، لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بن، چونکە لە نشینگە پیرۆزەکەیەوە هەستا!»
زهكریا ٣
- 1ئینجا یەشوعی سەرۆک کاهینی پیشان دام کە لەبەردەم فریشتەی یەزدان ڕاوەستابوو، شەیتانیش لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستابوو تاکو تۆمەتباری بکات.
- 2یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەی شەیتان، یەزدان سەرزەنشتت بکات! ئەو یەزدانەی کە ئۆرشەلیمی هەڵبژارد سەرزەنشتت بکات! ئایا ئەمە مەشخەڵێک نییە لە ئاگرەوە دەرکێشرابێت؟»
- 3یەشوع بە بەرگێکی پیس لەبەردەم فریشتەکە ڕاوەستابوو.
- 4فریشتەکە بەوانەی فەرموو کە لەبەردەمی ڕاوەستا بوون: «بەرگە پیسەکەی لەبەر داکەنن.»
- ئینجا پێی فەرموو: «تەماشا بکە، تاوانەکەتم لەسەرت لابرد و بەرگی گرانبەهام لەبەرکردوویت.»
- 5منیش گوتم: «با مێزەرێکی پاک لەسەری بنێن.» ئینجا مێزەرێکی پاکیان لەسەری نا و بەرگیان لەبەرکرد، فریشتەکەی یەزدانیش ڕاوەستا بوو.
- 6ئینجا فریشتەکەی یەزدان یەشوعی ڕاسپارد:
- 7«یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر ڕێگاکانم بگریتەبەر و کار بە فەرمانەکانی من بکەیت، ئەوا تۆش حوکم لەسەر ماڵەکەم دەکەیت و هەروەها پارێزگاری لە پەرستگاکەم دەکەیت و شوێنێکت دەدەمێ لەنێو ئەمانەی ڕاوەستاون.
- 8«”ئەی یەشوعی سەرۆک کاهین، گوێ بگرە، خۆت و کاهینەکانی هاوکارت کە لەبەردەمتدا دانیشتوون، ئێوە نیشانەی چاکەکانی داهاتوون، چونکە من بەندەکەی خۆم دەهێنم، کە ناوی لقەکەیە.
- 9تەماشا بکەن، ئەو بەردەی کە لەبەردەم یەشوع دامنا! حەوت چاو لەسەر ئەم بەردە هەیە و من نەخشەکەی لەسەر هەڵدەکۆڵم. لە یەک ڕۆژ تاوانی ئەم زەوییە ڕادەماڵم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
- 10«”لەو ڕۆژەدا، هەریەکە بانگهێشتی هاوڕێکەی دەکات بۆ ژێر دار مێو و ژێر دار هەنجیر.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
زهكریا ٤
- 1ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ کردم گەڕایەوە و هەڵیستاندم، وەک پیاوێک لە خەو هەستێنرابێت.
- 2لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟»
- وەڵامم دایەوە: «چرادانێک دەبینم هەمووی زێڕە، جامێکیشی لەسەرە، حەوت چرای لەسەر دانراوە، حەوت لقیش بۆ چراکانی سەری دەچێت.
- 3هەروەها دوو دار زەیتوونیش لەلاوەیە دەبینم، یەکێکیان لەلای ڕاستی جامەکە و ئەوی دیکەیان لەلای چەپییەتی.»
- 4لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟»
- 5ئەو لە منی پرسی: «ئایا نازانیت ئەمانە چین؟»
- منیش گوتم: «نەخێر، گەورەم.»
- 6ئەویش پێی گوتم: «ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ زروبابل و دەڵێت: ”یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت، نە بە هێز و نە بە توانا، بەڵکو بە ڕۆحی من.“
- 7«ئەی چیا مەزنەکە، تۆ کێیت؟ لەبەردەم زروبابل تەخت دەبیت. ئینجا بەردی قولینچک دادەنێت، لەنێو هاواری ”پیرۆزە، پیرۆزە!“»
- 8پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی:
- 9«دەستەکانی زروبابل ئەم پەرستگایەیان دامەزراندووە و هەر دەستەکانی ئەویش تەواوی دەکەن. ئەی زروبابل، ئینجا دەزانیت کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە.
- 10«کێ گاڵتەی بە ڕۆژی کارە بچووکەکان کرد؟ خەڵک دڵخۆش دەبن کاتێک شاووڵ لە دەستی زروبابل دەبینن.»
- ئەو حەوت چرایە چاوەکانی یەزدانن کە چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا.
- 11منیش پرسیارم لە فریشتەکە کرد: «ئەو دوو دار زەیتوونە چین لەلای ڕاست و چەپی چرادانەکە؟»
- 12دووبارە لێم پرسی: «ئەو دوو لقە زەیتوونە چین لەلای ئەو لقە زێڕینانە، کە زەیتی زێڕین دەچۆڕێننە ناویان؟»
- 13وەڵامی دامەوە و گوتی: «ئایا نازانی ئەم دووانە چین؟»
- منیش گوتم: «نەخێر، گەورەم.»
- 14ئینجا گوتی: «ئەمانە ئەو دووانەن کە بە زەیت دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی خزمەتی پەروەردگاری هەموو جیهان بکەن.»
زهكریا ٥
- 1دیسان چاوم هەڵبڕی و تۆمارێکی فڕیوم لەبەردەمم بینی.
- 2لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟»
- وەڵامم دایەوە: «تۆمارێکی فڕیو دەبینم، درێژییەکەی بیست باڵە و پانییەکەشی دە باڵە.»
- 3ئینجا پێی گوتم: «ئەمە ئەو نەفرەتەیە کە بۆ سەر ڕووی هەموو زەوی دێت؛ چونکە بەپێی ڕووێکی هەموو دزێک دوور دەخرێتەوە و بەپێی ڕووەکەی دیکە هەموو ئەوەی بە درۆ سوێند بخوات دوور دەخرێتەوە.
- 4یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”من دەینێرم و دەچێتە ماڵی دز و ماڵی ئەوەی بە درۆ سوێند بە ناوی من دەخوات، لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، بە تەواوی لەگەڵ دار و بەردەکەی لەناوی دەبات.“»
- 5پاشان ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم، هاتە پێشەوە و پێی فەرمووم: «چاوت هەڵبڕە و ببینە ئەوە چییە دەردەکەوێت.»
- 6لێم پرسی: «ئەوە چییە؟»
- وەڵامی دامەوە: «ئەوە ئەو سەبەتەیەیە کە دەردەکەوێت.» هەروەها گوتی: «ئەمەش تاوانەکەیانە کە لە هەموو زەوییە.»
- 7ئیتر قەپاغە قورقوشمەکە هەڵگیرا، ژنێکم بینی لەناو سەبەتەکە دانیشتبوو.
- 8گوتی: «ئەمە خراپەکارییە.» ئینجا بۆ ناوەڕاستی سەبەتەکە پاڵی پێوەنا و قەپاغە قورقوشمەکەی خستە سەر دەمی.
- 9ئینجا چاوم هەڵبڕی و بینیم لەبەردەمم دوو ژن هاتنە دەرەوە و با لە باڵەکانیان دەدات. باڵەکانیان وەک باڵی لەقلەق بوو، ئینجا سەبەتەکەیان بۆ نێوان زەوی و ئاسمان بەرزکردەوە.
- 10لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «سەبەتەکە بۆ کوێ دەبەن؟»
- 11ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لە خاکی بابل ماڵێکی بۆ بنیاد بنێن و کە ئامادە بوو لەوێ لە شوێنی خۆی دادەنرێت.»
زهكریا ٦
- 1جارێکی دیکە چاوم هەڵبڕی بینیم لەبەردەمم چوار گالیسکەی جەنگی لەنێوان دوو کێوەوە دێنە دەرەوە، کێوەکانیش بڕۆنز بوون.
- 2گالیسکەی یەکەم ئەسپی سووری پێوە بوو، دووەم ئەسپی ڕەش،
- 3سێیەم ئەسپی سپی، چوارەم ئەسپی بەڵەک، هەموویان ئەسپی بەهێز بوون.
- 4لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟»
- 5فریشتەکەش وەڵامی دامەوە و پێی گوتم: «ئەمانە چوار ڕۆحەکەی ئاسمانن خزمەتی پەروەردگاری هەموو زەوی دەکەن و هاتوونەتە دەرەوە.
- 6ئەو گالیسکەیەی ئەسپە ڕەشەکانی پێوەیە بۆ خاکی باکوور دەچێت، ئەوەی ئەسپە سپییەکانیشی پێوەیە بەرەو ڕۆژئاوا، ئەوەی ئەسپە بەڵەکەکانیشی پێوەیە بۆ خاکی باشوور دەچێت.»
- 7کاتێک ئەسپە بەهێزەکان چوونە دەرەوە، بە پەرۆشەوە بوون کە بەسەر زەویدا بگەڕێن، ئەویش فەرمووی: «بڕۆن و بەناو زەویدا بگەڕێن.» ئەوانیش بەناو زەویدا گەڕان.
- 8ئینجا هاواری لێکردم و پێی گوتم: «ببینە ئەوانەی بۆ خاکی باکوور دەچن، ڕۆحی منیان لە خاکی باکووردا ئارام کردەوە.»
- 9پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی:
- 10«زێڕ و زیو لە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا وەربگرە، ئەو ڕاپێچکراوانەی لە بابلەوە گەڕاونەتەوە. هەر ئەو ڕۆژە بڕۆ ماڵی یۆشیای کوڕی سەفەنیا.
- 11زێڕ و زیو وەربگرە و تاجێک دروستبکە، لەسەری یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهینی بنێ.
- 12پێی بڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا ئەو پیاوەی ناوی لقە، لە جێی خۆیەوە لق دەردەکات و پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت.
- 13ئەو ئەو کەسەیە کە پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت، شکۆمەندی هەڵدەگرێت، لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت فەرمانڕەوایەتی دەکات. هەروەها دەبێتە کاهین لەسەر تەختەکەی، ئیتر فەرمانڕەوایەتی خۆی لەگەڵ کاهینیێتییەکەی دەگونجێنێت.“
- 14تاجەکەش دەدرێتە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا و حینی کوڕی سەفەنیا، وەک یادگاری لە پەرستگای یەزدان.
- 15هەروەها ئەوانەی دوورن دێن بۆ بنیادنانی پەرستگای یەزدان، ئێوەش دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. ئەمە دەبێت ئەگەر بە تەواوەتی گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن.»
زهكریا ٧
- 1لە چوارەم ساڵی داریوشی پاشا، لە چواری مانگی نۆ لە کیسلێڤ فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات.
- 2خەڵکی بێتئێل شەرئەچەر و ڕەگەممەلەخیان لەگەڵ پیاوەکانیان نارد بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێنەوە،
- 3بۆ ئەوەی لە کاهینەکانی ماڵی یەزدانی سوپاسالار و لە پێغەمبەرەکان بپرسن: «ئایا لە مانگی پێنجدا شیوەن بگێڕین و بە ڕۆژوو ببین، هەروەک ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو کردوومانە؟»
- 4ئینجا فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات:
- 5«بە هەموو گەلی خاکەکە و بە کاهینەکان بڵێ: ”کاتێک بە ڕۆژوو بوون و شیوەنتان گێڕا، لە مانگی پێنج و مانگی حەوت، لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوو، ئایا بەڕاستی بۆ من بەڕۆژوو بوون؟
- 6ئەی کە دەتانخوارد و دەتانخواردەوە، ئایا بۆ خۆتان نەبوو ئاهەنگتان دەگێڕا؟
- 7ئایا هەمان ئەو پەیامە نەبوو کە یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ڕایگەیاند، لە کاتێکدا کە ئۆرشەلیم ئاوەدان و ئارام بوو، شارۆچکەکانی دەوروبەری و نەقەب و زوورگەکانی یەهودا ئاوەدان بوون؟“»
- 8ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات:
- 9«یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بە دادپەروەری ڕاستەقینە حوکم بدەن، لەگەڵ یەکتری میهرەبان و بە بەزەیی بن.
- 10بێوەژن و هەتیو، نامۆ و هەژار مەچەوسێننەوە، لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری.“
- 11«بەڵام نەیانویست گوێ شل بکەن، شانی یاخبوونیان دایەبەر، خۆیان کەڕ کرد.
- 12دڵیان وەک بەردەئەستێ ڕەقکرد نەوەک گوێیان لە فێرکردنەکان و لەو وشانە بێت کە یەزدانی سوپاسالار بە ڕۆحی خۆی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ناردی. ئیتر یەزدانی سوپاسالار زۆر تووڕە بوو.
- 13«یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”چۆن بانگم کرد و گوێیان نەگرت، ئەوانیش ئاوا نزا دەکەن و گوێ ناگرم.
- 14بە ڕەشەبایەک بەناو هەموو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاوم کردنەوە و لەوێ نامۆ بوون. لەپاش ئەوان زەوییەکە وێران بوو و کەس هاتوچۆی پێیدا نەکرد. بەم جۆرە خاکی شادییان وێران کرد.“»
زهكریا ٨
- 1فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات.
- 2یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ سییۆن هەیە، بە دڵگەرمییەوە ئیرەدار بووم بۆی.»
- 3یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەگەڕێمەوە سییۆن و لە ناوەڕاستی ئۆرشەلیم نیشتەجێ دەبم. ئینجا ئۆرشەلیم بە شاری ڕاستی ناودەبردرێت و کێوی یەزدانی سوپاسالاریش بە ”کێوی پیرۆز“.»
- 4یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «جارێکی دیکە پیرەمێرد و پیرێژن لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم دادەنیشن، هەریەکە لەبەر تەمەنی گۆچانەکەی بە دەستیەوەیە.
- 5شەقامەکانی شار پڕ دەبنەوە لە کوڕ و کچ یاری تێدا دەکەن.»
- 6یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو سەردەمە لەوانەیە لەبەرچاوی پاشماوەی ئەم گەلە سەرسوڕهێنەر بێت، بەڵام ئایا لەبەرچاوی منیش سەرسوڕهێنەرە؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
- 7یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «من گەلەکەم لە خاکی ڕۆژهەڵات و لە خاکی ڕۆژئاوا ڕزگار دەکەم.
- 8دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بن، دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی.»
- 9یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئێستا گوێتان لەم پەیامە بێت، ”با دەستەکانتان بەهێزبن بۆ ئەوەی پەرستگاکە بنیاد بنرێت.“ هەر ئەوەش بوو کە پێغەمبەرەکان لە ڕۆژی دامەزراندنی ماڵی یەزدانی سوپاسالار گوتیان.
- 10بەر لەو سەردەمە هیچ کرێیەک بۆ مرۆڤ نەبوو، ئاژەڵیش کرێی نەبوو. ئەوەی دەچووە سەر کاریش لەبەر دوژمنانی سەلامەتی نەبوو، چونکە هەموویانم لە یەکتری بەردا.
- 11بەڵام ئێستا من وەک پێشتر هەڵسوکەوت لەگەڵ پاشماوەی گەلەکەم ناکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
- 12«تۆو بە جوانی دەڕوێت، دار مێو بەری خۆی دەدات، زەوی بەروبوومی خۆی دەدات، ئاسمان شەونمی خۆی دەدات. هەموو ئەم شتانە دەکەمە میرات بۆ پاشماوەی ئەم گەلە.
- 13ئەی بنەماڵەی یەهودا و ئیسرائیل، هەروەک ئێوە مایەی نەفرەت بوون لەنێو نەتەوەکان، من ڕزگارتان دەکەم، دەبنە مایەی بەرەکەت. مەترسن، بەڵکو با دەستەکانتان بەهێزبن.»
- 14یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن مکوڕ بووم لەسەر ئەوەی تووشی بەڵاتان بکەم، کاتێک باوباپیرانتان تووڕەیان کردم و پاشگەز نەبوومەوە،
- 15ئێستا بە هەمان شێوە مکوڕم لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە چاکە بکەم لەگەڵ ئۆرشەلیم و بنەماڵەی یەهودا. مەترسن.
- 16ئەمانە ئەو شتانەن کە دەبێت بیانکەن: لەگەڵ یەکتری بە ڕاستی بدوێن؛ لە دادگاکانتان ڕاستی و حوکمی دادپەروەرانە هەبێت؛
- 17لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری؛ حەزتان لە سوێندخواردنی بە درۆ نەبێت. ڕقم لە هەموو ئەمانەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 18پاشان فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات:
- 19یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ڕۆژووی مانگی چوار و پێنج و حەوت و دە بۆ نەوەی یەهودا دەبێتە شادی و دڵخۆشی و جەژنی خۆش. لەبەر ئەوە حەز لە ڕاستی و ئاشتی بکەن.»
- 20یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «چەندین خەڵک و دانیشتووانی چەندین شار دێنە ئۆرشەلیم،
- 21دانیشتووانی شارێک دەچنە لای ئەوی دیکەیان و دەڵێن: ”با بڕۆین دەستبەجێ بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێینەوە و ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەین، هەروەها منیش دەچم.“
- 22ئینجا زۆرێک لە گەلان و نەتەوە بەهێزەکان دێنە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەن و لە یەزدان بپاڕێنەوە.»
- 23یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا دە پیاو لەنێو هەموو زمان و نەتەوەکان دەست بە دامێنی پیاوێکی جولەکەوە دەگرن و پێی دەڵێن: ”با لەگەڵتان بێین، چونکە بیستوومانە خوداتان لەگەڵە.“»
زهكریا ٩
- 1ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش لە دژی خاکی حەدراخ و
- لە دیمەشق دەمێنێتەوە،
- چونکە هەموو خەڵک و هۆزەکانی ئیسرائیل
- چاویان لە یەزدانە.
- 2هەروەها لە دژی حەماتی هاوسنووری،
- لە دژی سور و سەیدایە، کە ئەوانە زۆر دانان.
- 3سور قەڵای بۆ خۆی بنیاد نا،
- زیوی وەک خۆڵ خڕکردەوە،
- زێڕیش وەک قوڕی کۆڵانەکان.
- 4بەڵام پەروەردگار دەستی بەسەردا دەگرێت و
- لە دەریا هێزەکەی لەناودەبات،
- هەروەها بە ئاگر دەسووتێنرێت.
- 5ئەسقەلان دەیبینێت و دەترسێت،
- غەزەش زۆر بە ئازار دەبێت،
- عەقرۆنیش، چونکە هیواکانی مایەی شەرمەزارین.
- غەزە پاشاکەی لەدەست دەدات،
- ئەسقەلانیش ئاوەدانی تێدا نامێنێت.
- 6خەڵکی زۆڵ ئەشدۆد داگیر دەکەن،
- لووتبەرزی فەلەستییەکان لەناودەبەم.
- 7گۆشتی بە خوێنەوە لەبەردەمیان لادەبەم و
- خواردنی قەدەغەکراو لەبەر ددانەکانیان.
- ئەو فەلەستییانەش کە دەمێننەوە دێنە پاڵ خوداکەمان و
- وەک هۆزێک دەبن لە یەهودا و
- عەقرۆنیش وەک یەبوسییەکان.
- 8بەڵام لە چواردەوری پەرستگاکەم هەڵدەدەم،
- بۆ پارێزگاریکردن لە لەشکری تاڵانکەر.
- ئیتر هەرگیز سەرکاری بێگاری نایەتە سەریان،
- چونکە ئێستا چاوم لەسەریانە.
- 9ئەی شاری سییۆن، زۆر دڵخۆش بە!
- ئەی شاری ئۆرشەلیم، هاواری خۆشی بکە!
- ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات،
- دادپەروەرە و ڕزگارکەرە،
- بێفیزە و سواری ماکەرێک و
- جاشی ماکەرێک بووە.
- 10گالیسکەی جەنگ لە ئەفرایم لەناودەبەم و
- ئەسپیش لە ئۆرشەلیم،
- کەوانی جەنگ دەشکێنرێت.
- ئەو پاشایە ئاشتی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت،
- فەرمانڕەوایەتییەکەی لە دەریاوە بۆ دەریایە و
- لە ڕووباری فوراتیشەوە هەتا ئەوپەڕی زەوییە.
- 11هەروەها بۆ تۆش، لەبەر خوێنی پەیمانەکەم لەگەڵ تۆ،
- دیلەکانت لە بیری بێ ئاو بەڕەڵا دەکەم.
- 12ئەی ئەو دیلانەی هیواتان هەیە، بگەڕێنەوە قەڵاکانتان،
- ئەمڕۆ من ڕایدەگەیەنم کە دوو هێندە قەرەبووتان دەکەمەوە.
- 13من یەهودام وەک کەوانەکەی خۆم چەماندووەتەوە،
- ئەفرایمم کردووەتە تیرەکانم،
- ئەی سییۆن، کوڕەکانی تۆم ڕاپەڕندووە،
- لە دژی کوڕەکانی تۆ، ئەی یۆنان،
- تۆم کردووە بە شمشێری پاڵەوان.
- 14ئینجا یەزدان لەسەر سەریانەوە دەردەکەوێت،
- تیرەکەی وەک بروسک دەبریسکێتەوە.
- یەزدانی باڵادەست فوو بە کەڕەنادا دەکات،
- بەناو گەردەلوولەکانی باشووردا دەڕوات،
- 15یەزدانی سوپاسالار گەلەکەی دەپارێزێت.
- بە بەردی قۆچەقانی دوژمن تێکدەشکێنن،
- دەخۆنەوە و دەنەڕێنن هەروەک شەرابیان نۆشی بێت،
- وەک تاسی خوێنپرژێن پڕ دەبن،
- کە بۆ پرژاندنی گۆشەکانی قوربانگا بەکاردێت.
- 16لەو ڕۆژەدا یەزدانی پەروەردگار گەلی خۆی ڕزگار دەکات،
- هەروەک شوان مێگەلەکەی دەپارێزێت.
- لە خاکەکەی خۆی دەیانڕازێنێتەوە
- وەک بەردی گرانبەهای تاج.
- 17چەند سەرنجڕاکێش و جوان دەبن!
- دانەوێڵە گەشە بە لاوەکان دەکات و
- شەرابی نوێش بە پاکیزەکان.