PLAY PODCASTS
ئیرمیا ١٠: ١ - ١٢: ٢
Season 39 · Episode 7

ئیرمیا ١٠: ١ - ١٢: ٢

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

April 7, 202523m 11s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئیرمیا ١٠: ١ - ١٢: ٢

  • 1ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت.
  • 2یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و
  • لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن،
  • هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن.
  • 3نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە:
  • درەختی بڕاوەی دارستانن،
  • دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات،
  • 4بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و
  • بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن
  • بۆ ئەوەی نەلەقن.
  • 5وەک داوەڵی لە بێستانی خەیاردان،
  • بتەکانیان قسە ناکەن،
  • بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن،
  • چونکە هەنگاو نانێن،
  • لێیان مەترسن، چونکە زیانبەخش نین،
  • هەروەها ناتوانن هیچ سوودێک بگەیەنن.»
  • 6ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە،
  • تۆ مەزنیت،
  • لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە.
  • 7کێ لێت ناترسێت،
  • ئەی پاشای نەتەوەکان؟
  • چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە.
  • لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و
  • لە هەموو شانشینەکانیان،
  • کەس هاوتای تۆ نییە.
  • 8تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون،
  • شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن.
  • 9زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و
  • زێڕ لە ئوفازەوە.
  • دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە،
  • بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە،
  • هەمووی دەستکردی وەستایانن.
  • 10بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە،
  • ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە،
  • زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و
  • نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن.
  • 11«ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“»
  • 12بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە،
  • بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە،
  • بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.
  • 13کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت،
  • هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە،
  • بروسکە بۆ باران دروستدەکات،
  • با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.
  • 14هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە،
  • هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە،
  • چونکە داڕێژراوی درۆن و
  • ڕۆحیان تێدا نییە.
  • 15ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین،
  • لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.
  • 16بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە،
  • چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە،
  • ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە،
  • یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.
  • 17لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە،
  • ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە!
  • 18لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە
  • دەردەکەمە دەرەوە،
  • تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.»
  • 19وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم!
  • برینەکەم بێ چارەیە!
  • بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و
  • دەبێ بەرگەی بگرم.»
  • 20چادرەکەم تێکدراوە،
  • هەموو گوریسەکانی پساون.
  • کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون،
  • ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و
  • پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت.
  • 21شوانەکان دەبەنگ بوون و
  • داوای یەزدانیان نەکرد،
  • لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و
  • هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو.
  • 22گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت،
  • هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە،
  • تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن،
  • بکرێنە داڵدەی چەقەڵ.
  • 23ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە،
  • کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات.
  • 24ئەی یەزدان، تەمبێم بکە،
  • بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت،
  • نەوەک لەناوم ببەیت.
  • 25تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە
  • کە دانت پێدا نانێن و
  • بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن،
  • چونکە یاقوبیان خوارد،
  • بە تەواوی خواردیان و
  • نشینگەکەیان وێران کرد.

ئیرمیا ١١

  • 1ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
  • 2«گوێ لە بەندەکانی ئەو پەیمانە بگرن و لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم پێی بدوێن.
  • 3پێیان دەڵێیت کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی گوێڕایەڵی بەندەکانی ئەو پەیمانە نابێت،
  • 4کە من فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد، لەو ڕۆژەی لە خاکی میسر، لەناو کوورەی ئاسن دەرمهێنان.“ فەرمووم: ”گوێم لێ بگرن و کاریان پێ بکەن بەپێی هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکەم. جا دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئێوە،
  • 5بۆ ئەوەی ئەو سوێندە بەجێبهێنم کە بۆ باوباپیرانتان خواردم کە خاکێکیان بدەمێ شیر و هەنگوینی لێ بڕژێتەوە،“ هەروەک ئەو خاکەی ئەمڕۆ تێیدان.»
  • منیش وەڵامم دایەوە: «ئامین، ئەی یەزدان!»
  • 6ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تەواوی ئەم پەیامە لەناو شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ڕابگەیەنە و بڵێ: ”گوێ لە بەندەکانی ئەم پەیمانە بگرن و کاریان پێ بکەن،
  • 7چونکە لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانی ئێوەم لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە هەتا ئەمڕۆ، بە تەواوی و بەردەوام ئاگادارم کردوونەتەوە و بە ڕوونی فەرموومە: ’گوێم لێ بگرن.‘
  • 8نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد، هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوت، جا منیش هەموو نەفرەتەکانی ئەم پەیمانەم بەسەریاندا هێنا، ئەوەی فەرمانم پێکردن کە کاری پێ بکەن، بەڵام نەیانکرد.“»
  • 9ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «بە پیلانگێڕیم زانیوە لەنێو پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم.
  • 10گەڕانەوە سەر تاوانی باوباپیرانی پێشوویان، کە ڕەتیان کردەوە گوێ لە پەیامەکەم بگرن، کەوتنە دوای خوداوەندەکانی دیکە بۆ ئەوەی بیانپەرستن. بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا ئەو پەیمانەیان شکاند کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم.
  • 11لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من بەڵایەکیان بەسەردا دەهێنم کە نەتوانن لێی دەرباز بن، جا هاوارم بۆ دەکەن و منیش گوێیان لێ ناگرم.
  • 12شارۆچکەکانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەچن و هاوار دەبەن بۆ ئەو خوداوەندانەی بخووریان بۆ دەسووتێنن، بەڵام ئەوان لە کاتی بەڵایان ڕزگاریان ناکەن.
  • 13ئەی یەهودا، خوداوەندەکانت هێندەی ژمارەی شارۆچکەکانت بوون، قوربانگاتان هێندەی ژمارەی شەقامەکانی ئۆرشەلیم بوون بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندی بەعلی شەرمەزاری.“
  • 14«تۆش لە پێناوی ئەم گەلە نوێژ مەکە و لە پێناویان پاڕانەوە و نزا بەرز مەکەرەوە، چونکە لە کاتی هاوارکردنیان بۆم لەبەر بەڵاکەیان گوێیان لێ ناگرم.
  • 15«ئەی ئەویندارەکەم، لە پەرستگاکەم چی دەکەیت،
  • پلانگێڕیت لەگەڵ زۆر لایەن داڕشتووە،
  • ئایا گۆشتی قوربانی پیرۆزکراو سزات لەسەر لادەبات؟
  • کاتێک خراپە دەکەیت،
  • ئینجا دڵخۆش دەبیت.»
  • 16یەزدان ناوی لێنایت زەیتوونی سەوز
  • لەگەڵ بەروبووم بە شێوەی جوان،
  • بەڵام بە دەنگی هاتوهەرایەکی گەورە
  • ئاگری لەسەر کردەوە
  • جا لقەکانی دەشکێنرێن.
  • 17یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی تۆی چاند، بڕیاری دا تووشی بەڵاتان بکات، لەبەر خراپەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا، کە بخووریان بۆ بەعل سووتاند، بەو خراپەیە پەستیان کردم.
  • 18یەزدان پیلانی ئەوانی بۆ من ئاشکرا کرد، جا زانیم، لەم کاتەدا کردارەکانی ئەوانی پیشاندام.
  • 19منیش وەک بەرخێکی دەستەمۆ بۆ سەربڕین ببردرێت، نەمزانی پیلانیان لە دژی من گێڕاوە و دەڵێن:
  • «با دارەکە بە بەرەکەیەوە لەناو ببەین،
  • با لە خاکی زیندووان بیبڕینەوە،
  • ئیتر یادی ناوی ناکرێتەوە.»
  • 20بەڵام تۆ، ئەی یەزدانی سوپاسالار، دادوەری ڕاستودروست،
  • تاقیکەرەوەی مێشک و دڵ،
  • با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم،
  • چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.
  • 21«لەبەر ئەوە فەرمایشتی یەزدان ئەمەیە سەبارەت بە پیاوانی عەناتۆت، ئەوانەی داوای گیانی تۆ دەکەن و دەڵێن: ”بە ناوی یەزدانەوە پەیام ڕامەگەیەنە، با بە دەستی خۆمان نەتکوژین.“
  • 22لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”من سزایان دەدەم، لاوان بە شمشێر دەمرن و کوڕ و کچیشیان بە قاتوقڕی دەمرن.
  • 23پاشماوەشیان بۆ نامێنێتەوە، چونکە لە ساڵی سزادانیان بەڵا بەسەر پیاوانی عەناتۆتدا دەهێنم.“»

ئیرمیا ١٢

  • 1ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت
  • کاتێک سکاڵای خۆم بۆ تۆ دەهێنم.
  • لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە حوکمەکانی تۆ دەدوێم:
  • بۆچی ڕێگای بەدکاران سەرکەوتووە؟
  • بۆچی هەموو ناپاکەکان ئاسوودەن؟
  • 2ئەوانت چاند و ڕەگیان داکوتا،
  • گەشەیان کرد و بەریان دا.
  • تۆ هەردەم لەسەر زاری ئەوانیت
  • بەڵام لە دڵیان دووریت.