
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
لۆقا ١٦: ١ - ٣١
- 1هەروەها عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «کابرایەکی دەوڵەمەند سەرکارێکی هەبوو، سکاڵای بەفیڕۆدانی ماڵەکەی لەسەری پێگەیشت.
- 2کابرای دەوڵەمەند بانگی کرد و لێی پرسی: ”ئەمە چییە لەسەر تۆ دەیبیستمەوە؟ بڕۆ حیسابی سەرکارییەکەت بکە و بیخە بەردەستم، چونکە ئیتر ناتوانیت سەرکار بیت.“
- 3«سەرکارەکە بە خۆی گوت: ”چی بکەم، چونکە گەورەکەم سەرکارییەکەم لێ دەسەنێتەوە؟ ناتوانم زەوی بکێڵم و شەرمیش دەکەم سواڵ بکەم.
- 4بەڵام دەزانم چی دەکەم، بۆ ئەوەی کاتێک لە سەرکارییەکە دەرکرام، خەڵکی لە ماڵەکانیان پێشوازیم لێ بکەن.“
- 5«جا هەریەکە لە قەرزارەکانی گەورەکەی بانگکرد. بە یەکەمیانی گوت: ”چەند قەرزاری گەورەکەمیت؟“
- 6«گوتی: ”سەد هیزە زەیتی زەیتوون.“
- «ئەویش پێی گوت: ”پسوولەکەت وەربگرە و دانیشە، خێرا بنووسە پەنجا.“
- 7«بەوی دیکەی گوت: ”تۆ چەندت لەسەرە؟“
- «گوتی: ”سەد ڕبە گەنم.“
- «پێی گوت: ”پسوولەکەت وەربگرە و بنووسە هەشتا.“
- 8«جا گەورەکە ستایشی سەرکارە ناپاکەکەی کرد کە ژیرانە جوڵایەوە، جا ئەو خەڵکانەی ئەم جیهانەیان هەڵبژاردووە، لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هاوشێوەکانیاندا لە گەلی پیرۆزی خودا ژیرترن.
- 9منیش پێتان دەڵێم: بە سامانی ئەم دنیایە دۆستی خۆتان دروستبکەن، تاکو ئەگەر نەما، خودا لە ماڵی هەتاهەتایی پێشوازیتان لێ بکات.
- 10«ئەوەی لە کەم دەستپاکە لە زۆریش دەستپاکە، ئەوەی لە کەم ناپاکە لە زۆریش ناپاکە.
- 11ئەگەر لە سامانی ئەم دنیایە دەستپاک نەبن، کێ سامانی ڕاستەقینەی بە ئێوە دەسپێرێت؟
- 12ئەگەر لە شتی خەڵکی دەستپاک نەبن، کێ شتی خۆیتان دەداتێ؟
- 13«خزمەتکار نییە بتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.»
- 14فەریسییەکانیش کە پارەیان خۆشدەویست، گوێیان لە هەموو ئەمانە بوو، گاڵتەیان پێکرد.
- 15عیساش پێی فەرموون: «لەنێو خەڵکدا خۆتان بە بێتاوان دەردەخەن، بەڵام خودا دڵتان دەناسێت. ئەوەی لای خەڵکی پایەدارە، لای خودا قێزەونە.
- 16«تەورات و پەیامی پێغەمبەران هەتا هاتنی یەحیا ڕاگەیەنران، لەو کاتە بەولاوە مزگێنی پاشایەتی خودا دەدرێت و هەموو کەسێک تێدەکۆشێت بچێتە ناوی.
- 17بەڵام نەمانی زەوی و ئاسمان ئاسانترە لە کەوتنی خاڵێکی تەورات.
- 18«ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، داوێنپیسی دەکات. ئەوەش کە تەڵاقدراوێک دەهێنێت داوێنپیسی دەکات.
- 19«پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو، جلی ئەرخەوانی و کەتانی ناسکی لەبەر دەکرد و هەموو ڕۆژێکی بە خۆشی ڕادەبوارد.
- 20هەژارێکیش ناوی لەعازر بوو، لە بەردەرگاکەی کەوتبوو، هەموو جەستەی برین بوو،
- 21پەرۆش بوو لەو بەرماوەیە تێربێت کە لە خوانی دەوڵەمەندەکە دەکەوتە خوارەوە. تەنانەت سەگیش دەهاتن برینەکانیان دەلێستەوە.
- 22«ئیتر هەژارەکە مرد و فریشتە بۆ باوەشی ئیبراهیم هەڵیانگرت. دەوڵەمەندەکەش مرد و نێژرا.
- 23لە جیهانی مردووان سەری هەڵبڕی و ئازاری دەچێژت، لە دوورەوە ئیبراهیمی بینی و لەعازری لە باوەش بوو.
- 24هاواری کرد: ”باوکە ئیبراهیم، بەزەییت پێمدا بێتەوە، لەعازر بنێرە تاکو سەری پەنجەی بە ئاو تەڕ بکات و زمانم فێنک بکاتەوە، وا لەناو ئەم گڕەدا ئازار دەچێژم.“
- 25«ئیبراهیم گوتی: ”کوڕم، لەبیرتە لە ژیانتدا شتە باشەکانی خۆتت وەرگرت و لەعازریش شتە خراپەکان. بەڵام ئێستا وا لێرە دڵنەوایی دەکرێت و تۆش ئازار دەچێژیت.
- 26سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئێوەدا دانراوە، تاوەکو ئەوانەی بیانەوێ لێرەوە بۆ لاتان بێن نەتوانن و کەسیش لەوێوە بۆ لای ئێمە نەپەڕێتەوە.“
- 27«ئەویش گوتی: ”کەواتە باوکە، لێت دەپاڕێمەوە لەعازر بنێرە بۆ ماڵی باوکم،
- 28چونکە پێنج برام هەیە، تاکو ئاگاداریان بکاتەوە، نەوەک ئەوانیش بۆ ئەم شوێنی ئازاردانە بێن.“
- 29«بەڵام ئیبراهیم پێی گوت: ”موسا و پێغەمبەرانیان هەیە، با گوێ لەوان بگرن.“
- 30«ئەویش گوتی: ”نەخێر باوکە ئیبراهیم، بەڵام ئەگەر یەکێک لەناو مردووانەوە بچێتە لایان، ئەوا تۆبە دەکەن.“
- 31«پێی گوت: ”ئەگەر گوێ لە موسا و پێغەمبەران نەگرن، تەنانەت یەکێک لەناو مردووانیش هەستێتەوە، قەناعەتیان پێ نایێت.“»