
Season 43 · Episode 18
حزقیال ٣١: ١ - ٣٢: ٣٢
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
May 31, 202522m 28s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ٣١: ١ - ٣٢: ٣٢
- 1لە یەکی مانگی سێی ساڵی یازدەیەمین، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، بە فیرعەونی پاشای میسر و ئاپۆرەی سوپاکەی بڵێ:
- «”لە گەورەییدا بە کێ خۆت بەراورد دەکەیت؟
- 3سەیر بکە ئاشور دار ئورزێک بوو لە لوبنان،
- چڵەکانی جوان و سێبەرەکەی پڕ بوو،
- باڵای بەرز بوو،
- لووتکەی گەیشتە هەور.
- 4ئاو گەشەیان پێ کرد،
- کانیاوە هەڵقوڵاوەکان گەورەیان کرد،
- جۆگەکانی بە دەوریدا ڕۆیشتن،
- ئاوبارەکانی نارد
- بۆ هەموو دارەکانی دەشتودەر.
- 5لەبەر ئەوە لە هەموو دارەکانی دەشتودەر
- باڵای بەرزتر بوو،
- لەبەر زۆری ئاو چڵەکانی زۆر بوون و
- لقەکانی درێژ بوون،
- چرۆیان کرد.
- 6هەموو باڵندەکانی ئاسمان
- لەناو چڵەکانی هێلانەیان کرد،
- هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر
- لەژێر لقەکانی زاوزێیان کرد،
- لەژێر سێبەرەکەیدا
- نەتەوە گەورەکان نیشتەجێ بوون.
- 7بە چڵە درێژەکانی
- لە جوانیدا بێ وێنە بوو،
- چونکە ڕەگەکەی
- لەسەر ئاوێکی زۆر بوو.
- 8دار ئورزی باخچەی خودا
- پێی نەدەگەیشتەوە،
- دار سنەوبەر لەگەڵ چڵەکانی بەراورد نەدەکرا،
- چنار وەک لقەکانی ئەو نەبوو.
- هیچ دارێکی باخچەی خودا
- لە جوانیدا لەو نەدەچوون.
- 9بە زۆری لقەکانی جوانم کرد،
- هەتا هەموو دارەکانی عەدەن،
- ئەوانەی لە باخچەی خودان
- بەغیلییان پێی دەبرد.
- 10«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی دار ئورزەکە باڵای بەرزبووەوە، لووتکەی گەیشتە هەورەکان، بە بەرزییەکەی دڵی لەخۆبایی بوو،
- 11دامە دەست ڕابەری نەتەوەکان، بەگوێرەی خراپەکانی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات. من دەرمکرد و
- 12بێگانەکان کە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بڕییانەوە و بەجێیان هێشت. چڵەکانی لەسەر چیاکان و لە هەموو دۆڵێک کەوتن، لقەکانیشی لەلای هەموو شیوەکانی خاکەکە شکێنرابوون. هەموو گەلانی زەوی لەژێر سێبەرەکەی لاچوون و بەجێیان هێشت.
- 13هەموو باڵندەکانی ئاسمان لەسەر قەدە کەوتووەکەی نیشتنەوە و هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر لەنێو لقەکانی بوون.
- 14لەبەر ئەوە نابێت هیچ دارێکی دیکە کەوا لە کەناری ئاوە هەرگیز بە لووتبەرزییەوە بەرز بێتەوە، لووتکەی بگاتە هەور، هیچ دارێکی دیکەی تێر ئاو باڵای ناگاتە ئەو بەرزییە. بەڵکو چارەنووسی هەموویان مردنە، لەنێو ئادەمیزادان دەخرێنە ژێر زەوی، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.
- 15«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەی دار ئورزەکە کەوتە نێو جیهانی مردووان، من سەرچاوەی ئاوەکانی ژێر زەویم بە خەم داپۆشی. جۆگەکانیم گرتەوە، ئاوە زۆرەکان بڕان. بۆ ئەو لوبنانم بە بەرگی ماتەم پۆشی، لەبەر ئەویش هەموو دارەکانی دەشتودەر سیس بوون.
- 16کاتێک لە گۆڕم نا لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لە دەنگی کەوتنی ئەو نەتەوەکانم ڕاچڵەکاند، جا هەموو دارەکانی عەدەن، هەڵبژێردراو و هەرەباشەکانی لوبنان، هەموو دارێکی تێر ئاو، لە دنیای خوارەوە دڵنەوایی کران.
- 17هەروەها ئەوانەی کە لە سایەیدا دەژیان، واتا هاوپەیمانەکانی لەنێو نەتەوەکان، لەگەڵیدا شۆڕبوونەوە ناو جیهانی مردووان و چوونە پاڵ کوژراوان بە شمشێر.
- 18«”کام داری عەدەن لە شکۆمەندی و گەورەیی بە تۆ بەراورد دەکرێ؟ لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ دارەکانی عەدەن دەکەویتە قووڵایی زەوی و لەنێو خەتەنەنەکراو و کوژراوان بە شمشێر ڕادەکشێیت.
- «”ئەمە فیرعەون و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەیەتی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
حزقیال ٣٢
- 1لە یەکی مانگی دوازدەی ساڵی دوازدەمین فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ فیرعەونی پاشای میسر بگێڕە و پێی بڵێ:
- «”لە شێری نێو نەتەوەکان دەچیت،
- تۆ وەک تیمساحی ناو ڕووبارە گەورەکەیت،
- دڕ بە چەمەکانت دەدەیت،
- بە پێیەکانت ئاوەکەت شڵەقاند و
- چەمەکانی ئەوانت لێڵ کرد.
- 3«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”تۆڕی خۆم بەسەرتدا هەڵدەدەم
- لەگەڵ چەندین گەل،
- ئەوان ڕاتدەکێشنە ناو تۆڕەکەم.
- 4لەسەر زەوی بەجێت دەهێڵم،
- لەسەر ڕووی دەشتودەر فڕێتدەدەم،
- هەموو باڵندەی ئاسمان لەسەرت دەنیشێنمەوە،
- هەموو گیانلەبەرانی زەویت پێ تێر دەکەم.
- 5گۆشتت بەسەر چیاکاندا بڵاو دەکەمەوە و
- دۆڵەکان لە کەلاکت پڕ دەکەم.
- 6خاک بە لافاوی خوێنت ئاو دەدەم
- هەتا چیاکان،
- شیوەکانیش لە تۆ پڕ دەبن.
- 7کە تۆ دەکوژێنمەوە، ئاسمان دادەپۆشم،
- ئەستێرەکانی تاریک دەکەم.
- بە هەور خۆر دادەپۆشم و
- مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
- 8هەموو ڕووناکییەکانی ئاسمانت
- لێ تاریک دەکەم،
- تاریکی بەسەر خاکەکەتدا دەهێنم.“»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 9«”گەلانێکی زۆر خەمبار دەکەم،
- کاتێک لەنێو نەتەوەکان دەتشکێنم،
- لەو خاکانەی ئاشنایان نەبوویت.
- 10وا لە گەلانێکی زۆر دەکەم واقیان لێت وڕبمێنێت،
- لەبەر تۆ پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
- کاتێک شمشێرەکەم لەبەردەمیان ڕادەوەشێنم.
- لەو ڕۆژەی تۆ دەکەویت،
- هەموو ساتێک دەلەرزن و لە گیانی خۆیان دەترسن.
- 11«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”شمشێری پاشای بابل
- دێتە سەرت.
- 12وا دەکەم بە شمشێری پاڵەوانان،
- ئەوانەی دڕندەترینی هەموو نەتەوەکانن
- ئاپۆرەی سوپاکەت بکەوێت.
- جا شانازی میسر دەشکێنم،
- هەموو ئاپۆرەی جەماوەرەکەی لەناودەچێت.
- 13هەموو مەڕوماڵاتەکانی لەناودەبەم
- لەلای ئاوە زۆرەکان،
- لەمەودوا نە پێی مرۆڤ دەیشڵەقێنێت و
- نە سمی گاوگۆتاڵ لێڵی دەکات.
- 14ئینجا وا دەکەم ئاوەکەی ڕوون بێت و
- جۆگەکانی وەک زەیت بڕۆن.
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 15کاتێک خاکی میسر وێران دەکەم و
- لە هەرچی تێیدایە چۆڵی دەکەم،
- کاتێک لە هەموو دانیشتووانەکەی دەدەم،
- ئینجا دەزانن کە من یەزدانم.“
- 16«ئەمە شیوەنێکە دەیگێڕن، کچانی نەتەوەکان ئەم شیوەنە دەگێڕن، بۆ میسر و بۆ هەموو ئاپۆرەی گەلەکەی دەیگێڕن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
- 17پازدەی مانگی یەکی ساڵی دوازدەمین، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 18«ئەی کوڕی مرۆڤ، واوەیلا بۆ ئاپۆرەی گەلی میسر بکە، بۆ ئەو و کچانی نەتەوە گەورەکان، بیاننێرە بۆ دنیای خوارەوە لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.
- 19پێیان بڵێ: ”ئایا ئێوە لەوان جوانترن؟ بڕۆن و لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕابکشێن.“
- 20لە ناوەڕاستی کوژراوان بە شمشێر دەکەون، شمشێرەکە ئامادەیە؛ میسر دەگرن و لەگەڵ هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی دەیبەن.
- 21ڕابەرە پاڵەوانەکان لە ناوەڕاستی جیهانی مردووان سەبارەت بە میسر و هاوپەیمانەکانی دەڵێن: ”ئەوانە هاتوون لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕابکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.“
- 22«پاشای ئاشور و هەموو سوپاکەی لەوێ کەوتوون، گۆڕەکانیان لەو چواردەورەن، هەموو ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.
- 23لە ژێرەوەی جیهانی مردووان گۆڕی سوپاکە لە چواردەوری گۆڕی پاشاکەیە، هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان، بە شمشێر کوژراون.
- 24«پاشای ئیلام لەوێیە، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەی ئەون. هەموویان کوژراون، بە شمشێر کەوتوون. هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان بە خەتەنەنەکراوی چوونە دنیای خوارەوە، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان ئابڕوویان چوو.
- 25لەنێو کوژراوان جێگایەکیان پێیدا، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەین. هەموویان بە خەتەنەنەکراوی بە شمشێر کوژراون. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لەنێو کوژراوان ڕاکشاون.
- 26«پاشای مەشەک و پاشای توبال لەوێن، هەموو سوپاکەیان لە دەوری گۆڕەکانیانن. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، هەموویان بە خەتەنەنەکراوی بە شمشێر کوژراون.
- 27ئایا لەگەڵ پاڵەوانانی دیکەی خەتەنەنەکراو کە کوژراون پاڵناخرێن، ئەوانەی بە چەکە جەنگییەکانیانەوە لە گۆڕ نران، ئەوانەی شمشێرەکانیان لەژێر سەریان دانراوە؟ سزای تاوانەکانیان لەسەر ئێسکیان دەبێت، ئەوانەی لە خاکی زیندووان پاڵەوانەکانیان تۆقاندووە.
- 28«تۆش، ئەی فیرعەون، لەنێو خەتەنەنەکراوان دەشکێیت و ڕادەکشێیت، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.
- 29«پاشای ئەدۆمیش لەگەڵ هەموو میرەکانی لەوێن، ئەوانەی وێڕای بەتواناییان لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون لە گۆڕ نران، دەچنە نێو جیهانی مردووان.
- 30«میرانی باکوور هەموویان و هەموو سەیدائییەکان لەوێن. هەرچەندە لە ڕابردوودا بە تواناکەیان خەڵکیان تۆقاندووە، بەڵام بە ئابڕووچوونەوە لەگەڵ کوژراوان ئەسپەردە کراون، بە خەتەنەنەکراوی لەگەڵ کوژراوان بە شمشێر ڕاکشان و ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی لە گۆڕ نران.
- 31«فیرعەون و هەموو سوپاکەی سەبوورییان دێتەوە، کاتێک هەموو ئەوانە دەبینن کە بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 32هەرچەندە ترسی ئەوم خستە خاکی زیندووان، بەڵام فیرعەون و هەموو سوپاکەی لەنێو خەتەنەنەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»