PLAY PODCASTS
كرداری نێردراوان ٢٣: ١ - ٣٥
Season 14 · Episode 28

كرداری نێردراوان ٢٣: ١ - ٣٥

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

December 3, 202319m 49s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

كرداری نێردراوان ٢٣: ١ - ٣٥

  • 1پۆڵس ڕوانییە ئەنجومەنی باڵا و گوتی: «برایان، هەتا ئەمڕۆ بە تەواوی ویژدانێکی پاکەوە بۆ خودا ژیاوم.»
  • 2لەو کاتەدا حەنانیای سەرۆکی کاهینان فەرمانی بەوانە دا کە لەلای ڕاوەستابوون تاکو بکێشن بە دەمیدا.
  • 3پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئەی دیواری سپیکراو! چۆن دانیشتووی بەپێی تەورات حوکمم دەدەیت، کەچی پێچەوانەی تەورات فەرمانی لێدانم دەدەیت؟»
  • 4ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون گوتیان: «ئایا جنێو بە سەرۆکی کاهینانی خودا دەدەیت؟»
  • 5پۆڵس گوتی: «برایان، نەمدەزانی سەرۆکی کاهینانە، چونکە نووسراوە: ﴿بە خراپە باسی سەرکردەی گەلەکەت مەکە.﴾»
  • 6پۆڵس کە دەیزانی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە سەدوقین و بەشێکی دیکەش فەریسی، هاواری کرد و گوتی: «برایان، من فەریسی کوڕی فەریسیم. لەبەر هیوام بە هەستانەوەی مردووان وا حوکم دەدرێم.»
  • 7کە ئەمەی گوت، ناکۆکی کەوتە نێوان فەریسی و سەدوقییەکان و ئەنجومەنەکە بوو بە دوو بەش،
  • 8چونکە سەدوقییەکان دەڵێن هەستانەوە و فریشتە و ڕۆح نین، بەڵام فەریسییەکان دان بە هەموو ئەمانەدا دەنێن.
  • 9ئینجا هاوار بەرزبووەوە و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون، هەستان و بە توندی ناڕەزاییان دەربڕی و گوتیان: «تاوان لەم پیاوەدا نابینین. ئەی ئەگەر ڕۆحێک یان فریشتەیەک لەگەڵیدا دوابێت؟»
  • 10کاتێک ناکۆکییەکە پەرەی سەند، فەرماندەکە ترسا پۆڵس پارچەپارچە بکەن، بۆیە فەرمانی بە سەربازەکان دا دابەزن، لەنێوانیاندا بیڕفێنن و بیبەنەوە سەربازگە.
  • 11بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.»
  • 12کاتێک ڕۆژ هەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن.
  • 13ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل پیاو زیاتر بوون.
  • 14چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران و گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین.
  • 15ئێستاش ئێوە و ئەنجومەنی باڵا بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، وەک ئەوەی بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە، پێویستە بیهێنێت بۆ لاتان. ئێمەش ئامادەین بۆ کوشتنی، پێش ئەوەی بگاتە لای ئەنجومەن.»
  • 16بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس.
  • 17جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد و گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.»
  • 18ئەویش بردییە لای فەرماندەکە.
  • گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.»
  • 19فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە و لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟»
  • 20گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە ئەنجومەنی باڵا، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە.
  • 21بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.»
  • 22فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.»
  • 23ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی شەو بچنە قەیسەرییە.
  • 24هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.»
  • 25نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو:
  • 26لە کلودیۆس لیسیاس،
  • بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا،
  • سڵاو.
  • 27ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستبووم کە هاوڵاتی ڕۆمانییە.
  • 28دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە ئەنجومەنەکەیان.
  • 29بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت.
  • 30کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن.
  • 31بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان هێنا.
  • 32بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە.
  • 33سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی.
  • 34خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە،
  • 35گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت.