
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
عهزڕا ٧: ١ - ٨: ٣٦
- 1پاش ئەم شتانە و لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، عەزرا کە کوڕی سەرایا کوڕی عەزەریا کوڕی حیلقیا
- 2کوڕی شەلوم کوڕی سادۆق کوڕی ئەحیتوڤ
- 3کوڕی ئەمەریا کوڕی عەزەریا کوڕی مەرایۆت
- 4کوڕی زەرەحیا کوڕی عوزی کوڕی بوقی
- 5کوڕی ئەبیشوەع کوڕی فینەحاس کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی سەرۆک کاهین بوو،
- 6ئەم عەزرایە لە بابلەوە سەرکەوت. مامۆستایەکی بە توانا بوو لە تەوراتی موسا، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدابوو. پاشاش هەموو ئەوەی داوای کردبوو پێیدابوو، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو.
- 7هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل و لە کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و خزمەتکارانی پەرستگا لەگەڵی بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن، لە ساڵی حەوتەمی ئەرتەحشەستەی پاشا.
- 8عەزرا لە مانگی پێنج لە ساڵی حەوتەمی پاشادا گەیشتە ئۆرشەلیم.
- 9لە یەکی مانگی یەکەوە دەستی پێکردبوو لە بابلەوە سەربکەوێت و لە یەکی مانگی پێنجدا گەیشتە ئۆرشەلیم، بەپێی ئەوەی دەستی چاکەی خوداکەی لەسەری بوو،
- 10چونکە عەزرا بۆ خوێندنی تەوراتی یەزدان و کارکردن پێی تەرخان کردبوو، هەروەها بۆ فێرکردنی فەرز و یاسای تەورات لەناو ئیسرائیلدا.
- 11ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە ئەرتەحشەستەی پاشا دایە عەزرای کاهین و مامۆستای شەریعەت، کە شارەزای فەرمان و فەرزەکانی یەزدان بوو بۆ ئیسرائیل:
- 12لە ئەرتەحشەستەی پاشای پاشایانەوە،
- بۆ عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان.
- پاش سڵاو.
- 13لەلایەن منەوە فەرمانێک دەرچووە کە هەرکەسێک لەناو پاشایەتییەکەی من لە گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان بیەوێت لەگەڵ تۆ خۆبەخشانە بگەڕێتەوە ئۆرشەلیم، با بگەڕێتەوە.
- 14تۆ لەلایەن پاشا و حەوت ڕاوێژکارەکەیەوە نێردراویت بۆ ئەوەی لە یەهودا و ئۆرشەلیم بکۆڵیتەوە، بەگوێرەی تەوراتی خوداکەت کە بە دەستتەوەیە.
- 15هەروەها نێردراویت بۆ بردنی ئەو زێڕ و زیوەش کە پاشا و ڕاوێژکارەکانی بە ئازادی بەخشیویانە بە خودای ئیسرائیل، ئەوەی نشینگەکەی لە ئۆرشەلیمە،
- 16لەگەڵ هەموو ئەو زێڕ و زیوەش کە لە هەرێمی بابل بە دەستت دەکەوێت، هەروەها بەخشینە ئازادەکانی گەل و کاهینەکان کە دەیبەخشن بە پەرستگای خودای خۆیان لە ئۆرشەلیم.
- 17دڵنیابە لەوەی بەم زیوە گا و بەران و بەرخی نێر لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بکڕیت و لەسەر قوربانگاکەی پەرستگای خوداتان کە لە ئۆرشەلیمە پێشکەشیان بکەیت.
- 18هەرچی خۆت و برا جولەکەکانت پێتان باش بوو بە پاشماوەی زێڕ و زیوەکە بیکەن، بەپێی خواستی خودای خۆتان بکەن.
- 19ئەو قاپوقاچاغەش کە بۆ خزمەتی پەرستگای خوداکەت پێت دەدرێت، لەبەردەم خودای ئۆرشەلیم دایبنێ.
- 20پاشماوەی پێویستییەکانی پەرستگای خوداکەت کە بۆت ڕێک دەکەوێت بیدەیت، ئەوا لە گەنجینەکانی پاشاوە بیدە.
- 21لە من، لە ئەرتەحشەستەی پاشاوە، فەرمان دەرچووە بۆ هەموو گەنجینەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات کە هەرچی عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان داواتان لێ دەکات، با بە وردی جێبەجێ بکرێت،
- 22هەتا سەد تالنت زیو و سەد کۆر گەنم و سەد بەت شەراب و سەد بەت زەیت و خوێش بەبێ سنوور.
- 23هەرچی خودای ئاسمان فەرمانی پێداوە بە وردی بۆ پەرستگای خودای ئاسمان جێبەجێ بکرێت، چونکە بۆچی تووڕەیی لەسەر شانشینی پاشا و کوڕەکانی بێت؟
- 24هەروەها پێتان ڕادەگەیەنین کە هەموو کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و خزمەتکارانی پەرستگا و خزمەتکارانی ئەم ماڵەی خودا، ڕێ نادرێت سەرانە و باج و گومرگیان لەسەر بێت.
- 25تۆش ئەی عەزرا، بەپێی دانایی خوداکەت کە هەتە، قازی و دادوەر دابنێ بۆ ئەوەی دادپەروەری بکەن بۆ هەموو ئەو گەلەی هەرێمی ئەوبەری فورات، لە هەموو ئەوانەی فێرکردنەکانی خودات دەزانن، ئەوانەش کە نایزانن، فێریان بکەن.
- 26هەرکەسێکیش کار بە فێرکردنەکانی خوداکەت و فێرکردنەکانی پاشا نەکات، با بە دڵنیاییەوە حوکمی بەسەردا بدرێت، بە سزای مردن یان دوورخستنەوە یان سزای دارایی یان زیندانی.
- 27ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کە ئەم شتەی خستە دڵی پاشاوە بۆ شکۆدارکردنی ماڵی یەزدان، ئەوەی لە ئۆرشەلیمە.
- 28لەبەردەم پاشا و ڕاوێژکارەکانی و لەبەردەم هەموو کاربەدەستە توانادارەکانی پاشا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشیم، منیش بەهۆی ئەو پشتگیرییەی یەزدانی پەروەردگارم بەهێز بووم، جا لە ئیسرائیل ڕابەرەکانم کۆکردەوە تاوەکو لەگەڵم سەربکەون.
عهزڕا ٨
- 1ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکان و ئەوانەن کە لەگەڵیاندا تۆمارکراون، ئەوانەی لە سەردەمی ئەرتەحشەستەی پاشادا لەگەڵ من لە بابلەوە گەڕانەوە:
- 2لە نەوەی فینەحاس،
- گێرشۆم؛
- لە نەوەی ئیتامار،
- دانیال؛
- لە نەوەی داود،
- حەتوش
- 3لە نەوەی شەخەنەیا؛
- لە نەوەی پەرعۆش،
- زەکەریا و سەد و پەنجا نێرینەش لەگەڵیدا تۆمار کران؛
- 4لە نەوەی پەحەتمۆئاب،
- ئەلیهۆعێینەی کوڕی زەرەحیا، دوو سەد نێرینەش لەگەڵی؛
- 5لە نەوەی زەتو،
- شەخەنەیا کوڕی یەحەزیێل و سێ سەد نێرێنەش لەگەڵی؛
- 6لە نەوەی عادین،
- عەبەدی کوڕی یۆناتان، پەنجا نێرینەش لەگەڵی؛
- 7لە نەوەی ئیلام،
- یەشەعیای کوڕی عەتەلیا، حەفتا نێرینەش لەگەڵی؛
- 8لە نەوەی شەفەتیا،
- زەڤەدیای کوڕی میکائیل، هەشتا نێرینەش لەگەڵی؛
- 9لە نەوەی یۆئاب
- عۆبەدیای کوڕی یەحیێل، دوو سەد و هەژدە نێرینەش لەگەڵی؛
- 10لە نەوەی بانی،
- شەلۆمیت کوڕی یۆسیفیا، سەد و شەست نێرینەش لەگەڵی؛
- 11لە نەوەی بێڤەی،
- زەکەریای کوڕی بێڤەی، بیست و هەشت نێرینەش لەگەڵی؛
- 12لە نەوەی عەزگاد،
- یۆحانانی کوڕی هەقاتان سەد و دە نێرینەش لەگەڵی؛
- 13لە نەوەی ئەدۆنیقام،
- کە لە کۆتاییدا هاتن، ئەمە ناوەکانیانە، ئەلیفەلەت و یەعوئێل و شەمەعیا، شەست نێرینەش لەگەڵیان؛
- 14لە نەوەی بیگڤەی،
- عوتەی و زەکور، حەفتا نێرینەش لەگەڵیان.
- 15جا بۆ لای ئەو نۆکەندەی بەرەو ئەهەڤا دەڕوات کۆمکردنەوە و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە، لە گەل و کاهینەکان ورد بوومەوە، بەڵام کەسم لە لێڤییەکان لەوێ بەدی نەکرد.
- 16لەبەر ئەوە بانگی هەر یەک لە ئەلیعەزەر، ئەریێل، شەمەعیا، ئەلناتان، یاریڤ، ئەلناتان، ناتان، زەکەریا و مەشولام کرد، کە لە ڕابەرەکان بوون، هەروەها یۆیاریڤ و ئەلناتان کە تێگەیشتوو بوون.
- 17هەموویانم نارد بۆ لای ئیدۆی ڕابەر لەو شوێنەی ناوی کاسیفیا بوو، پێم گوتن لە کاسیفیا چی بە ئیدۆ و برا خزمەتکارەکانی پەرستگا بڵێن، تاوەکو خزمەتکارانمان بۆ بهێنن بۆ ماڵی خودامان.
- 18ئینجا بەپێی ئەوەی دەستی چاکی خودا لەسەرمان بوو، پیاوێکی وریایان بۆمان هێنا کە ناوی شێرێڤیا بوو، لە نەوەی مەحلی کوڕی لێڤی کوڕی ئیسرائیل، لەگەڵ کوڕەکانی شێرێڤیا و براکانی کە هەموویان هەژدە پیاو بوون؛
- 19هەروەها حەشەڤیا لەگەڵ یەشەعیا لە نەوەی مەراری و براکانی و کوڕەکانیان بیست کەس بوون.
- 20لە خزمەتکارانی پەرستگاش، لەو کۆمەڵەی کە داود و کاربەدەستەکان بۆ یارمەتیدانی لێڤییەکان دایانمەزراندبوون، دوو سەد و بیست پیاویان هێنا. هەموویان بە ناوی خۆیانەوە دیاری کران.
- 21لەوێدا لەسەر نۆکەندی ئەهەڤا بانگەوازی ڕۆژووگرتنم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی لەبەردەم خوداکەماندا ملکەچ بین و داوای ڕێگایەکی ڕاستی لێ بکەین بۆ خۆمان و منداڵەکانمان و هەموو ئەوەی هەمانە.
- 22پێم شەرم بوو داوای سەرباز و سوار لە پاشا بکەم، بۆ ئەوەی لە ڕێگاکەدا لە دوژمن بمانپارێزن، چونکە ئێمە بە پاشامان گوتبوو کە خودای ئێمە چاکە لەگەڵ ئەوانە دەکات کە پشتی پێ دەبەستن، زۆریش لەوە تووڕە دەبێت کە وازی لێ بهێنێت.
- 23جا بە ڕۆژوو بووین و ئەوەمان لە خودامان داوا کرد، ئەویش وەڵامی داینەوە.
- 24پاشان لە کاهینانی باڵا دوازدە کەسم جیا کردەوە: شێرێڤیا و حەشەڤیا، لەگەڵ ئەوانیش دە لە براکانیان،
- 25زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەشم بۆیان پێوا، کە بەخشینەکەی ماڵی خودامان ئەوەی پاشا و ڕاوێژکارەکانی و کاربەدەستەکانی و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوێ بوون بەخشییان.
- 26شەش سەد و پەنجا تالنت زیوم کێشا و خستمە ناو دەستیان، سەد تالنتیش لە قاپوقاچاغی زیو لەگەڵ سەد تالنت زێڕ و
- 27بیست پەرداخی زێڕ بە هەزار درهەم، دوو قاپی بڕۆنزیش زۆر باش مشتوماڵکراو، کە وەک زێڕ بە نرخ بوون.
- 28بەوانم گوت: «ئێوە تەرخانکراون بۆ یەزدان و قاپوقاچاغەکانیش تەرخانکراون و زێڕ و زیوەکەش بەخشینێکی ئازادن بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان.
- 29ئیتر پاسەوانیی بکەن و بیپارێزن هەتا لەبەردەم کاهینانی باڵا و لێڤییەکان و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بیکێشن، لە ژوورەکانی ماڵی یەزدان.»
- 30ئینجا کاهین و لێڤییەکان کێشی زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەیان وەرگرت تاوەکو بۆ ئۆرشەلیمی بهێنن، بۆ ماڵی خوداکەمان.
- 31لە دوازدەی مانگی یەک لە نۆکەندی ئەهەڤاوە بەڕێکەوتین تاکو بچینە ئۆرشەلیم، خوداشمان پشتگیری دەکردین، جا لە دەستی دوژمن و چەتەکانی سەر ڕێگا فریامان کەوت.
- 32ئینجا گەیشتینە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
- 33لە ڕۆژی چوارەمدا زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەی ناو ماڵی خودامان لەسەر دەستی مەرێمۆتی کوڕی ئوریای کاهین کێشرا. ئەلعازاری کوڕی فینەحاسیش لەگەڵی بوو، لەگەڵ یۆزاڤادی کوڕی یێشوع و نۆعەدیای کوڕی بەنوی کە هەردووکیان لێڤی بوون.
- 34بە ژمارە و کێش بۆ هەموویان، هەموو کێشەکەش لەو کاتەدا نووسران.
- 35نەوەی ڕاپێچکراوەکانیش ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە، قوربانی سووتاندنیان پێشکەشی خودای ئیسرائیل کرد، دوازدە گا لەبری هەموو ئیسرائیل، لەگەڵ نەوەد و شەش بەران، حەفتا و حەوت بەرخی نێر، هەروەها دوازدە گیسکی نێری بۆ قوربانی گوناه، هەموو کرانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان.
- 36هەروەها یاساکانی پاشایان دایە دەست میر و پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات، ئەوانیش یارمەتی گەل و ماڵی خودایان دا.