
Season 29 · Episode 11
زهبورهكان ١٧: ٣ - ١٨: ٥٠
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
August 15, 202420m 28s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
زهبورهكان ١٧: ٣ - ١٨: ٥٠
- 3ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،
- ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،
- پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
- 4سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،
- خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
- 5هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،
- پێم نەخلیسکاوە.
- 6ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،
- گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
- 7جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،
- ئەی ئەوەی بە دەستی ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت
- کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
- 8وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە،
- لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە،
- 9لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر،
- لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.
- 10دڵە بەردینەکانیان داخستووە،
- بە دەمیش لاف لێدەدەن.
- 11شوێن پێم دەکەون، وا دەوریان داوم،
- چاویان لەوەیە بە زەویم دا بدەن.
- 12وەک شێرێکن کە برسی پەلاماردانە،
- وەک بەچکە شێرێک خۆی لە بۆسە نابێت.
- 13ئەی یەزدان ڕاپەڕە، لە ڕوویان بوەستەوە، بەریان بدەوە!
- بە شمشێری خۆت گیانم لە بەدکار ڕزگار بکە!
- 14ئەی یەزدان، بە دەستی خۆت لەم جۆرە کەسانە ڕزگارم بکە،
- لە خەڵکی ئەم جیهانە کە بەشیان لەم ژیانەیە،
- ورگیانت پڕکردووە لەو شتەی هەڵتگرتووە بۆیان،
- کوڕەکانیان تێر دەخۆن،
- ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیان جێی دەهێڵن.
- 15بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،
- کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.
زهبورهكان ١٨
- 1ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی.
- 2یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
- خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
- قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە.
- 3لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
- لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم،
- 4چونکە پەتی مەرگ شەتەکی داوم،
- لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم،
- 5پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
- داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.
- 6لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
- هاوارم بردە بەر خودام،
- لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
- هاوارم گەیشتە بەرگوێی.
- 7ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،
- بناغەی چیاکانیش ڕاژەنین،
- لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
- 8دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،
- ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،
- وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
- 9ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە،
- هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
- 10سواری کەڕوب بوو و فڕی،
- بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
- 11بە تاریکی خۆی داپۆشی و کردییە خێوەت لە دەوری خۆی،
- هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمانی کردە چەتری خۆی.
- 12لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو هەورەکان بەرەو پێش چوون،
- تەرزە و پشکۆی ئاگریان لێ هاتە دەرەوە.
- 13یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،
- ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
- 14تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،
- بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
- 15ئەی یەزدان، بنی دەریا دەرکەوت،
- بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،
- لە سەرزەنشتی تۆ،
- لە گەرمی هەناسەی لووتی تۆ.
- 16لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،
- لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
- 17لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،
- لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
- 18لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،
- بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
- 19منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،
- ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.
- 20یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
- بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم،
- 21چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
- لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
- 22هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
- لە فەرزەکانی لام نەداوە.
- 23لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
- خۆم لە گوناه پاراستووە.
- 24یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
- بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.
- 25لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
- لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
- 26لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
- بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
- 27تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
- بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت.
- 28ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت،
- خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
- 29بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
- لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.
- 30ڕێبازی خودا تەواوە،
- بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
- ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
- 31لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟
- لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
- 32خودایە ئەوەی کەمەری منی توند بەستووە،
- بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
- 33پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،
- لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
- 34مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،
- تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
- 35قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،
- بە دەستی ڕاستت پشتم دەگریت،
- هاوکاریت گەورەم دەکات.
- 36جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،
- تاکو پێم نەخلیسکێت.
- 37دوژمنەکانم ڕاونا و پێشم لێ گرتن،
- هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
- 38وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،
- لەژێر پێم کەوتن.
- 39کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،
- وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
- 40دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،
- من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
- 41هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،
- هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
- 42وەک تۆزی بەر با منیان هاڕی،
- وەک قوڕی سەر ڕێگا پێشێلم کردن.
- 43لە هێرشی گەل ڕزگارت کردم،
- تۆ منت کرد بە سەرۆکی نەتەوەکان،
- گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن.
- 44هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن،
- بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن.
- 45بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
- بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.
- 46یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
- خودای ڕزگارکەرم پایەبەرزە!
- 47خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
- گەلان دەخاتە ژێر ڕکێفم،
- 48لە دوژمنەکانم ڕزگاری کردم.
- پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
- لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم.
- 49لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
- گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.
- 50سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
- خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
- بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.