PLAY PODCASTS
دووه‌م پاشایان ١٦: ١ - ١٧: ٤١
Season 18 · Episode 9

دووه‌م پاشایان ١٦: ١ - ١٧: ٤١

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

January 31, 202424m 38s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

دووه‌م پاشایان ١٦: ١ - ١٧: ٤١

  • 1لە ساڵی حەڤدەیەمی پاشایەتی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو، ئاحازی کوڕی یۆتام بوو بە پاشای یەهودا.
  • 2ئاحاز گەنجێکی بیست ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. بە پێچەوانەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری ڕاست بوو نەیکرد.
  • 3هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلی گرتەبەر، تەنانەت کوڕەکەشی کردە قوربانی سووتاندن، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردن.
  • 4هەروەها لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا قوربانی سەربڕی و بخووری سووتاند.
  • 5پاشان ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل بۆ جەنگ سەرکەوتنە ئۆرشەلیم و ئاحازیان گەمارۆ دا، بەڵام نەیانتوانی بەسەریدا زاڵ بن.
  • 6لەو کاتەدا ڕەچینی پاشای ئارام ئێلەتی بۆ ئارامییەکان گەڕاندەوە و پیاوانی یەهودای لە ئێلەت دەرکرد. ئەدۆمییەکانیش هاتنە ئێلەت و لەوێ نیشتەجێ بوون هەتا ئەمڕۆ.
  • 7ئاحاز نێردراوی ناردە لای تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور و گوتی، «من خزمەتکار و لەژێر فەرمانی تۆم، سەربکەوە و لە دەستی پاشای ئارام و پاشای ئیسرائیل ڕزگارم بکە کەوا لێم ڕاست بوونەتەوە.»
  • 8هەروەها ئاحاز ئەو زێڕ و زیوەی لەناو پەرستگای یەزدان و لەناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشادا بوو بردی و بە دیاری بۆ پاشای ئاشوری نارد.
  • 9پاشای ئاشوریش بە قسەی کرد و هێرشی کردە سەر دیمەشق و داگیری کرد. خەڵکەکەی ڕاپێچی قییر کرد، ڕەچینیشی کوشت.
  • 10پاشان ئاحاز پاشا چوو بۆ دیمەشق بۆ ئەوەی چاوی بە تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور بکەوێت. ئەو لە دیمەشق قوربانگایەکی بینی، ئیتر نەخشەی قوربانگاکە و بیناسازییەکەی بە هەموو وردەکاری دروستکردنەوە، بۆ ئوریای کاهینی نارد.
  • 11ئوریای کاهینیش قوربانگایەکی بنیاد نا هەروەک ئەوەی ئاحازی پاشا لە دیمەشقەوە ناردی، ئوریای کاهین ئەوەی کرد هەتا ئاحازی پاشا لە دیمەشق هاتەوە.
  • 12کاتێک پاشا لە دیمەشق هاتەوە و قوربانگاکەی بینی، لێی نزیک بووەوە و پێشکەشکراوەکانی لەسەر پێشکەش کرد.
  • 13قوربانی سووتاندنەکەی و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەسەر سووتاند، شەرابە پێشکەشکراوەکەی ڕشت، خوێنی قوربانی هاوبەشییەکەی خۆی بەسەر قوربانگاکە پرژاند.
  • 14قوربانگا بڕۆنزییەکەی بەردەم یەزدانیش، ئەوەی لەبەردەم پەرستگاکە بوو لەنێوان قوربانگاکە و پەرستگای یەزدان، بردی لەلای باکووری قوربانگا نوێیەکە داینا.
  • 15ئینجا ئاحاز پاشا فەرمانی بە ئوریای کاهین کرد و پێی گوت: «لەسەر قوربانگا نوێیە گەورەکە، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی ئێواران، قوربانی سووتاندنی پاشا، پێشکەشکراوی دانەوێڵەکانی، قوربانی سووتاندنی هەموو خەڵکی خاکەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکانیان لەسەری دەسووتێنیت. هەروەها شەرابە پێشکەشکراوەکەیان و خوێنی هەموو قوربانی سووتاندنێک و هەموو قوربانی سەربڕاوێکی لەسەر دەپرژێنیت. بەڵام من قوربانگا بڕۆنزییەکە بەکاردەهێنم بۆ داواکردنی ڕێنمایی لە خودا.»
  • 16ئوریای کاهینیش هەمان ئەوەی کرد کە ئاحازی پاشا فەرمانی پێ کرد.
  • 17پاشان ئاحاز پاشا تەختەداری عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوەشی بڕییەوە و دەستشۆرەکەی لەسەری لابرد، حەوزە بڕۆنزییەکەشی لەسەر گایە بڕۆنزییەکان هێنایە خوارەوە کە لە ژێری بوون و لەسەر جێگایەکی بەردڕێژکراو دانا.
  • 18بەڵام ئاحاز لە پێناو ڕەزامەندی پاشای ئاشور کەپری شەممەی لادا کە لەناو پەرستگای یەزدان دروستکرابوو، ئەو دەروازەیەشی داخست کە پاشا لێیەوە دەهاتە ژوورەوە.
  • 19ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاحاز و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
  • 20ئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود نێژرا. ئیتر حەزقیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

دووه‌م پاشایان ١٧

  • 1لە ساڵی دوازدەیەمی ئاحازی پاشای یەهودا، هۆشێیەعی کوڕی ئێلە لە سامیرە بوو بە پاشا، ماوەی نۆ ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
  • 2لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو پاشاکانی ئیسرائیل، ئەوانەی کە لەپێش خۆی بوون.
  • 3شەلمەنەسەری پاشای ئاشور هێرشی کردە سەری. پێشتر هۆشێیەع ملکەچی بوو و سەرانەی دەدایێ،
  • 4بەڵام پاشای ئاشور ناپاکی لە هۆشێیەع بینی، لەبەر ئەوەی چەند نێردراوێکی بۆ سۆی پاشای میسر ناردبوو، هەروەها ئەو سەرانەی کە ساڵانە دەیدایە پاشای ئاشور ڕایگرتبوو. ئیتر شەلمەنەسەر گرتی و زیندانی کرد.
  • 5پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو خاکەکە و سەر سامیرە، سێ ساڵ گەمارۆی دا.
  • 6لە ساڵی نۆی پاشایەتی هۆشێیەع، پاشای ئاشور سامیرەی داگیر کرد و خەڵکی ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد، لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی نیشتەجێی کردن.
  • 7هەموو ئەمانە ڕوویدا، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئیسرائیل گوناهیان کردبوو بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاریان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە لەژێر دەستی فیرعەونی پاشای میسر دەریهێنان. بەڵام خودای دیکەیان پەرست و
  • 8بەدوای بەجێهێنانی نەریتی ئەو گەلانە کەوتن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون، پەیڕەویان لە کار و کردەوەی پاشاکانی ئیسرائیل کرد.
  • 9نەوەی ئیسرائیل بە نهێنی چەند کارێکیان لە دژی یەزدانی پەروەردگاریان کرد کە ڕاست نەبوون. لە قوللەکانی چاودێرییەوە هەتا شارە قەڵابەندەکان لە هەموو شارۆچکەکان نزرگەی سەر بەرزاییان بنیاد نا.
  • 10لەسەر هەموو گردێکی بەرز و لەژێر هەموو دارێکی سەوز بەردی تەرخانکراو و ستوونە ئەشێراکانیان بۆ خۆیان دامەزراند.
  • 11لەوێ لەسەر هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی بخووریان سووتاند، وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەپێشیان ڕایماڵین، بە کارە خراپەکانیان یەزدانیان پەست کرد.
  • 12ئەو بتانەیان پەرست کە یەزدان پێی فەرمووبوون، «ئەم شتە نەکەن.»
  • 13یەزدانیش لە ڕێگەی هەموو پێغەمبەران و ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودا ئیسرائیل و یەهودای ئاگادار کردەوە، فەرمووی: «لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە و فەرمان و فەرزەکانم بەجێبهێنن، بەگوێرەی تەواوی ئەو تەوراتەی کە باوباپیرانی ئێوەم پێی ڕاسپارد، ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانمەوە بۆم ناردن.»
  • 14بەڵام گوێیان نەگرت و وەک باوباپیرانیان کەللەڕەقییان کرد، ئەوانەی بڕوایان بە یەزدانی پەروەردگاریان نەکرد.
  • 15فەرزەکانی ئەویان ڕەتکردەوە، هەروەها ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستبووی و ئەو ئاگادارکردنەوانەی کە پێیدان ڕەتیان کردەوە. دوای بتی پووچ کەوتن و پووچ بوون. بەدوای ئەو گەلانەی دەوروبەریان کەوتن، کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، «وەک ئەوان نەکەن.»
  • 16وازیان لە هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و بۆ خۆیان دوو گوێرەکەی لەقاڵبدراویان دروستکرد و ستوونە ئەشێرایەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان برد و بەعلیان پەرست.
  • 17کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی سووتاند. فاڵیان گرتەوە و جادووگەرییان کرد، خۆیان فرۆشت بۆ ئەنجامدانی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپ بوو، ئیتر پەستیان کرد.
  • 18لەبەر ئەوە یەزدان زۆر لە ئیسرائیل تووڕە بوو و لەبەردەمی خۆی دووری خستنەوە. تەنها هۆزی یەهودای هێشتەوە،
  • 19تەنانەت یەهوداش فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان بەجێنەگەیاند. نەریتەکانی ئیسرائیلیان پەیڕەو کرد کە دایانهێنابوو.
  • 20لەبەر ئەوە یەزدان هەموو وەچەی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە، زەلیلی کردن و ڕادەستی تاڵانکەرانی کردن، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆی دووری خستنەوە.
  • 21کاتێک خودا ئیسرائیلی لە بنەماڵەی داود جیا کردەوە، یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتیان کردە پاشای خۆیان. یارۆڤعام ئیسرائیلی لە شوێنکەوتنی یەزدان دوورخستەوە و بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان گوناهێکی گەورە بکەن.
  • 22نەوەی ئیسرائیلیش هەموو ئەو گوناهانەی یارۆڤعامیان پەیڕەو کرد کە کردنی و خۆیان لێی لانەدا،
  • 23هەتا ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لەبەردەم خۆی دوورخستەوە، هەروەک چۆن لە ڕێگەی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانییەوە فەرمووبووی. ئیتر ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆیانەوە ڕاپێچی ئاشور کران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێن.
  • 24ئینجا پاشای ئاشور خەڵکی لە بابل و کووتا و عەڤا و حەمات و سفەرڤەیمەوە هێنا و لە شارۆچکەکانی سامیرە لە جێی نەوەی ئیسرائیل نیشتەجێی کردن. سامیرە بووە موڵکیان و لە شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون.
  • 25لە سەرەتای حەوانەوەیان لەوێ، لە یەزدان نەترسان، ئیتر یەزدان شێری ناردە سەریان و لێی دەکوشتن.
  • 26هەواڵیان گەیاندە پاشای ئاشور و گوتیان: «ئەو گەلانەی ڕاپێچت کردوون و لە شارۆچکەکانی سامیرە نیشتەجێت کردوون، داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە نازانن، ئەویش شێری ناردووەتە سەریان و لێیان دەکوژێت، چونکە نازانن داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە چییە.»
  • 27پاشای ئاشور فەرمانی دا و گوتی: «یەکێک لەو کاهینانەی کە لەوێوە ڕاپێچتان کردوون بینێرنە ئەوێ، با بچێت و لەوێ نیشتەجێ بێت، یاساکانی خوداوەندی خاکەکەیان فێر بکات.»
  • 28ئیتر یەکێک لەو کاهینانەی کە لە سامیرەوە ڕاپێچیان کردبوون هات و لە بێت‌ئێل نیشتەجێ بوو، فێری کردن کە چۆن یەزدان بپەرستن.
  • 29لەگەڵ ئەوەش هەر گەلە لەو شارۆچکەیەی کە تێیدا نیشتەجێ ببوون بتیان بۆ خۆیان دروستکرد و لە نزرگەکانی سەر بەرزایی کە سامیرەییەکان دروستیان کردبوون دایاننان.
  • 30جا خەڵکی بابل سوکۆت بەنۆتیان دروستکرد، خەڵکی کووتا نێرگەلیان دروستکرد، خەڵکی حەمات ئەشیمایان دروستکرد؛
  • 31عەڤییەکان نیڤحەز و تەرتاقیان دروستکرد، سفەرڤییەکانیش کوڕەکانی خۆیان دەسووتاند وەک قوربانی بۆ ئەدرەمەلەخ و عەنەمەلەخ، دوو خوداوەندی شاری سفەرڤەیم بوون.
  • 32یەزدانیان دەپەرست و لەنێوان خۆشیاندا کاهینیان بۆ نزرگەی بەرزاییەکان دەستنیشان دەکرد، هەتا لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانییەکانیان بکەن.
  • 33یەزدانیان دەپەرست، بەڵام خوداوەندەکانی خۆشیان دەپەرست، وەک نەریتی ئەو گەلانەی کە لێیەوە ڕاپێچ کرابوون.
  • 34هەتا ئەمڕۆش لەسەر هەمان نەریتی پێشوویان دەڕۆن. نە یەزدان دەپەرستن، نە ئەو فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانانەی بەجێدەهێنن کە یەزدان دایە نەوەی یاقوب، کە ناوی لێنا ئیسرائیل.
  • 35کاتێک یەزدان پەیمانی لەگەڵ بەستن و فەرمانی پێ کردن و فەرمووی: «لە خودای دیکە مەترسن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن و قوربانییان بۆ سەر مەبڕن.
  • 36بەڵکو دەبێت یەزدان بپەرستن، ئەوەی بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە لە خاکی میسر دەریهێنان، کڕنۆش بۆ ئەو ببەن و قوربانی بۆ ئەو سەرببڕن.
  • 37بەردەوام فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانەکان کە بۆی نووسین بەجێی بهێنن. خودای دیکە مەپەرستن.
  • 38ئەو پەیمانەش کە لەگەڵتان بەستم لە یادی مەکەن، خودای دیکە مەپەرستن،
  • 39بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، ئەو لە دەست هەموو دوژمنەکانتان فریاتان دەکەوێت.»
  • 40بەڵام گوێیان نەگرت، بەڵکو وەک نەریتی پێشوویان کرد.
  • 41ئەو گەلانە یەزدانیان دەپەرست، لە هەمان کاتیشدا خزمەتی بتەکانی خۆیان دەکرد. هەروەها کوڕەکانیان و کوڕی کوڕەکانیشیان وەک باوباپیرانیان دەکەن، هەتا ئەمڕۆش.