
Season 15 · Episode 6
سامۆئێلی یهكهم ١١: ١ - ١٢: ٢٥
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
December 16, 202323m 30s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
سامۆئێلی یهكهم ١١: ١ - ١٢: ٢٥
- 1ئینجا ناحاشی عەمۆنی سەرکەوت و یاڤێش گلعادی گەمارۆ دا، هەموو پیاوانی یاڤێش بە ناحاشیان گوت: «پەیمانمان لەگەڵدا ببەستە و ئێمەش دەبین بە خزمەتکارت.»
- 2بەڵام ناحاشی عەمۆنی وەڵامی دانەوە: «بەمە پەیمانتان لەگەڵدا دەبەستم، بە هەڵکۆڵینی چاوی ڕاستی هەر هەمووتان تاکو ببنە مایەی سەرشۆڕی هەموو ئیسرائیل.»
- 3پیرانی یاڤێشیش پێیان گوت: «حەوت ڕۆژ مۆڵەتمان بدەرێ تاکو نێردراو بۆ هەموو خاکی ئیسرائیل بنێرین و ئەگەر کەس نەبوو ڕزگارمان بکات، ئەوا خۆمان دەدەینە دەست تۆ.»
- 4جا نێردراوەکان هاتن بۆ گیڤعای شاول و ئەو قسەیەیان بە گەل گوت و گەلیش دەنگیان بەرزکردەوە و گریان.
- 5لەو کاتەدا شاول لەدوای گاگەلەکەوە لە کێڵگەوە دەگەڕایەوە، شاول گوتی: «چی لە گەل ڕوویداوە، بۆچی دەگرین؟» ئەوانیش قسەکانی پیاوانی یاڤێشیان بۆ گێڕایەوە.
- 6کاتێک شاول گوێی لەم قسانە بوو، ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و زۆر تووڕە بوو.
- 7ئینجا دوو گای گرت و پارچەپارچەی کردن و بە دەستی نێردراوەکاندا بۆ هەموو خاکی ئیسرائیلی نارد و گوتی: «ئەوەی بەشوێن شاول و ساموئێل نەکەوێت، گایەکانی ئاوایان لێ دەکرێت.» جا ترسی یەزدان کەوتە سەر گەل و هەموویان وەک یەک پیاو هاتنە دەرەوە.
- 8کاتێک شاول لە بەزەقدا ژماردنی، نەوەی ئیسرائیل سێ سەد هەزار و پیاوانی یەهوداش سی هەزار بوون.
- 9بە نێردراوەکانیان گوت کە هاتبوون: «ئاوا دەڵێن بە پیاوانی یاڤێش گلعاد: ”سبەینێ کاتێک خۆر گەرم دادێت، ڕزگاریتان بۆ دەبێت.“» ئینجا نێردراوەکان چوون و بە پیاوانی یاڤێشیان ڕاگەیاند، ئەوانیش دڵخۆش بوون.
- 10پیاوانی یاڤێش بە عەمۆنییەکانیان گوت: «سبەینێ خۆمان دەدەینە دەست ئێوە و ئێوەش چی بە باش دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.»
- 11بۆ سبەینێ شاول سوپاکەی کردە سێ لەشکر، لە بەرەبەیاندا هاتنە ناوەڕاستی ئۆردوگای عەمۆنییەکان و هەتا ئەو کاتەی خۆر گەرم داهات لێیان کوشتن، ئەوانەش کە مانەوە پەرتەوازە بوون، هەتا وای لێهات دوو کەسیان بەیەکەوە نەمانەوە.
- 12ئینجا گەل بە ساموئێلیان گوت: «کێن ئەوانەی دەڵێن: ”ئایا شاول وەک پاشا پاشایەتیمان دەکات؟“ ئەو پیاوانەمان بدەنێ با بیانکوژین.»
- 13بەڵام شاول گوتی: «کەس لەم ڕۆژەدا ناکوژرێت، چونکە لەم ڕۆژەدا یەزدان فریای ئیسرائیل کەوت.»
- 14پاشان ساموئێل بە گەلی گوت: «وەرن، با بچینە گلگال و لەوێ پاشایەتییەکە دووپات بکەینەوە.»
- 15جا هەموو گەل چوونە گلگال و لەوێ لەبەردەم یەزدان پاشایەتی شاولیان دووپات کردەوە و لەوێ قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی و لەوێ شاول و هەموو پیاوانی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەیان گێڕا.
سامۆئێلی یهكهم ١٢
- 1ئینجا ساموئێل بە هەموو ئیسرائیلی گوت: «ئەوەتا من گوێم لە دەنگتان گرت، لە هەموو ئەو شتانەی کە پێتان گوتم، پاشایەکم بۆ دانان.
- 2ئێستاش تەماشا بکەن، پاشا لەپێشتان دەڕوات. بەڵام من پیر بووم و سەرم سپی بووە، کوڕەکانیشم لەگەڵتاندان. من هەر لە لاویێتیمەوە هەتا ئەمڕۆ لەپێشتانەوە ڕۆیشتووم.
- 3ئەوەتام و لەبەردەم یەزدان و دەستنیشانکراوەکەی شایەتیم لەسەر بدەن. ئایا گای کێم بردووە؟ یان گوێدرێژی کێم بردووە؟ ئایا کێم هەڵخەڵەتاندووە؟ یان کێم چەوساندووەتەوە؟ ئایا بەرتیلم لە دەستی کێ وەرگرتووە تاکو چاوەکانم لە ئاستیدا دابخەم؟ پێم بڵێن تاکو بیگەڕێنمەوە.»
- 4ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت هەڵنەخەڵەتاندووە و نەتچەوساندووینەتەوە و هیچت لە دەستی کەس وەرنەگرتووە.»
- 5ساموئێلیش پێی گوتن: «یەزدان شایەتە لەسەرتان و دەستنیشانکراوەکەی ئەمڕۆ شایەتە کە ئێوە هیچ شتێکتان لەسەرم نییە.»
- گوتیان: «شایەتە.»
- 6ئینجا ساموئێل بە گەلی گوت: «ئەمە یەزدانە، ئەوەی موسا و هارونی دانا، ئەوەی باوباپیرانی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.
- 7ئێستاش لێرە ڕابوەستن، بۆ ئەوەی لەبەردەمی یەزدان کارە ڕاستودروستەکانی ئەوتان بیربخەمەوە کە لەگەڵ ئێوە و باوباپیرانتان کردوویەتی.
- 8«کە یاقوب چووە ناو میسر و باوباپیرانتان هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش موسا و هارونی نارد و باوباپیرانی ئێوەی لە میسر هێنایە دەرەوە و لەم شوێنەدا نیشتەجێی کردن.
- 9«بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لە یاد کرد و ئەویش ڕادەستی سیسرای فەرماندەی گشتی سوپای حاچۆر و هەر یەک لە فەلەستییەکان و پاشای مۆئابی کردن کە لە دژیان جەنگان.
- 10ئینجا هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: ”گوناهمان کرد، چونکە وازمان لە یەزدان هێنا و بەعلەکان و عەشتۆرەتەکانمان پەرست بەڵام ئێستا لە دەست دوژمنەکانمان فریامان بکەوە و دەتپەرستین.“
- 11ئینجا یەزدان یەروبەعل و باراک و یەفتاح و ساموئێلی نارد و لە دەست دوژمنەکانی دەوروبەرتان فریاتان کەوت و بە ئاسوودەیی دانیشتن.
- 12«بەڵام کاتێک ناحاشی پاشای عەمۆنییەکانتان بینی دێتە سەرتان، پێتان گوتم: ”نەخێر پاشایەکمان دەوێت فەرمانڕەوایەتیمان بکات،“ هەرچەندە یەزدانی پەروەردگارتان پاشاتان بوو.
- 13ئێستاش ئەو پاشایەی کە هەڵتانبژارد و داواتان کرد، ئەوەتا یەزدان بۆی دانان.
- 14ئەگەر لە یەزدان بترسن و بیپەرستن، گوێڕایەڵی بن و لە فەرمانەکانی یاخی نەبن، ئەگەر خۆتان و پاشاکەشتان کە پاشایەتیتان دەکات بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان بکەون، ئەوا باشەتان بۆ دەبێت.
- 15بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و لە فەرمانەکانی یەزدانتان یاخی بوون، ئەوا یەزدان لە دژتان دەبێت هەروەک چۆن لە دژی باوباپیرانتان بوو.
- 16«هەروەها ئێستاش ڕابوەستن و ئەم کارە مەزنە ببینن کە یەزدان لەبەرچاوتاندا دەیکات.
- 17ئایا ئەمڕۆ دروێنەی گەنم نییە؟ من لە یەزدان دەپاڕێمەوە بۆ ئەوەی هەورەتریشقە و باران بنێرێت، جا دەزانن کە چ خراپەیەکی گەورەتان لەبەرچاوی یەزداندا کردووە کە داوای پاشایەکتان بۆ خۆتان کرد.»
- 18ئینجا ساموئێل لەبەردەم یەزدان نزای کرد و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا هەورەتریشقە و بارانی باراند و هەموو گەل زۆر لە یەزدان و لە ساموئێل ترسان.
- 19ئینجا هەموو گەل بە ساموئێلیان گوت: «لە پێناو خزمەتکارەکانت نزا بۆ یەزدانی پەروەردگارت بکە، با نەمرین، چونکە خراپەمان خستە پاڵ هەموو گوناهەکانمان کە بۆ خۆمان داوای پاشامان کرد.»
- 20ساموئێلیش بە گەلی گوت: «مەترسن! ئێوە هەموو ئەم خراپەیەتان کردووە، بەڵام لە ڕێگەی یەزدان لامەدەن و بە هەموو دڵتانەوە خزمەتی بکەن.
- 21لامەدەن تاکو بەدوای شتی پووچەوە بکەون کە سوودیان نییە و فریاتان ناکەون، چونکە پڕوپووچن.
- 22یەزدان لە پێناوی ناوە مەزنەکەی خۆی واز لە گەلی خۆی ناهێنێت، چونکە یەزدان خوازیاربوو بتانکاتە گەلی خۆی.
- 23هەروەها منیش، حاشا گوناه لە دژی یەزدان بکەم و دەست لە پاڕانەوە هەڵبگرم لە پێناوی ئێوە، بەڵکو ڕێگای چاک و ڕاستتان پیشان دەدەم.
- 24تەنها لە یەزدان بترسن، بە هەموو دڵتانەوە بە ڕاستی بیپەرستن، چونکە ببینن چ کارێکی مەزنی لەگەڵتاندا کردووە.
- 25بەڵام ئەگەر خراپە بکەن، خۆتان و پاشاکەتان ڕادەماڵرێن.»