
Season 9 · Episode 17
وتهكان ٢٩: ١ - ٣٠: ١٤
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
August 24, 202323m 15s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
وتهكان ٢٩: ١ - ٣٠: ١٤
- 1ئەمانە بەندەکانی ئەو پەیمانەن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا بیبەستێت، لە خاکی مۆئاب بێجگە لەو پەیمانەی لە حۆرێڤ لەگەڵی بەستن.
- 2ئینجا موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن:
- «ئێوە بینیتان یەزدان لە خاکی میسر لەبەرچاوتان چی بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی کرد،
- 3ئەو تاقیکردنەوە مەزنانەی چاوەکانتان بینییان و نیشانە و پەرجووە مەزنەکانی.
- 4بەڵام یەزدان هەتا ئەمڕۆش دڵێکی پێنەداون بۆ ئەوەی تێبگەن و چاوێک بۆ ئەوەی ببینن و گوێیەک بۆ ئەوەی ببیستن.
- 5بەڵام یەزدان دەفەرموێت: ”چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا ئێوەم بەڕێوە برد، جلەکانتان لەبەرتان کۆن نەبوون و پێڵاوەکانتان لە پێتان کۆن نەبوون،
- 6نە نانتان خوارد و نە شەرابتان خواردەوە و نە مەی، هەتا ئێوە بزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“
- 7«کاتێکیش هاتنە ئەم شوێنە سیحۆنی پاشای حەشبۆن و عۆگی پاشای باشان هاتن بۆ جەنگ لە دژی ئێمە، بەڵام ئەوانمان شکاند و
- 8دەستمان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و بە میرات دامانە ڕەئوبێن و گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە.
- 9«بەندەکانی ئەم پەیمانە بپارێزن و کاری پێ بکەن، هەتا لە هەموو ئەوەی دەیکەن سەرکەوتوو بن.
- 10ئێوە ئەمڕۆ هەمووتان بە سەرۆک هۆز و پیر و کوێخا و هەموو پیاوەکانی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان وەستاون،
- 11هەروەها ژن و منداڵ و ئەو نامۆیانەی کە لەناو ئۆردگاکانتانە، لەوەی کە دارتان بۆ دەبڕێتەوە و ئاوتان بۆ لە بیر هەڵدەکێشێت،
- 12بۆ ئەوەی بچنە ناو پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان و سوێندەکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان ئەمڕۆ لەگەڵتانی دەبەستێت،
- 13هەتا ئەمڕۆ بە گەلی خۆی داتانبنێت، ئەویش ببێتە خوداتان وەک پێی فەرموون و وەک سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد.
- 14ئەم پەیمان و سوێندەش تەنها لەگەڵ ئێوەی نابەستم،
- 15بەڵکو لەگەڵ ئەوەی کە لێرە ئەمڕۆ لەگەڵماندا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان وەستاوە و ئەوەش کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵماندا نییە.
- 16«ئێوە زانیتان چۆن لە خاکی میسر نیشتەجێ بووین و چۆن هەتا ئێرە بەناو ئەو گەلانەدا تێپەڕین.
- 17وێنە قێزەون و بتەکانی ئەوانتان بینی کە لە دار و بەرد و زێڕ و زیون.
- 18نەوەک لەنێوتاندا پیاوێک یان ئافرەتێک یان هۆزێک یان خێڵێک هەبێت کە ئەمڕۆ دڵی لەسەر یەزدانی پەروەردگارمان لاچووبێت، بۆ ئەوەی بچێت و خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە بپەرستێت، نەوەک لەنێوتان ڕەگێک هەبێت ژەهراوی و زەقنەبووت بگرێت.
- 19«کاتێک ئەم جۆرە کەسە گوێی لە سوێندی ئەم پەیمانە دەبێت، لە دڵیدا داوای بەرەکەت بۆ خۆی دەکات و دەڵێت: ”من سەلامەت دەبم، تەنانەت بە کەللەڕەقی خۆشم هەڵسوکەوت بکەم،“ ئەمە زەوی تەڕ و وشک لەناودەبات.
- 20یەزدان هەرگیز ڕازی نابێت لێی خۆشبێت، بەڵکو ئەو کاتە تووڕەیی و دڵگەرمی یەزدان بەسەر ئەو پیاوە هەڵدەچێت، هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراون دێنە سەری، یەزدان ناوی لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە.
- 21یەزدان لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل ئەو بۆ لێقەومان جیا دەکاتەوە، بەپێی هەموو نەفرەتەکانی پەیمانەکە کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون.
- 22«جا دوا نەوە لە منداڵەکانتان کە لەدوای ئێوە دێن و هەروەها ئەو بیانییانەی لە خاکێکی دوورەوە دێن، ئەو گورزوەشاندن و نەخۆشییانە دەبینن کە یەزدان تووشی کردوون.
- 23هەموو زەوییەکە بە گۆگرد و خوێ دەسووتێنێت، نە دەچێنرێت و نە دەڕوێت و نە هیچ گیایەکی لێ دەردەکەوێت، وەک سەرەوژێرکردنی سەدۆم و عەمۆرا و ئەدما و چەبۆئیم کە یەزدان بە تووڕەیی و هەڵچوونی خۆی سەرەوژێری کردن.
- 24جا هەموو نەتەوەکان دەڵێن: ”بۆچی یەزدان وای بەم خاکە کرد، جۆشانی ئەم تووڕەییە بەتینە بۆچی؟“
- 25«وەڵامەکەیان ئەمەیە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، کە لەگەڵی بەستن کاتێک لە خاکی میسر دەریهێنان.
- 26چوون خوداوەندی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ برد، کە نە ناسیبوویان و نە خوداش پێیدابوون.
- 27لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئەم خاکەدا جۆشا، هەتا هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکی فێرکردنەدا نووسراون بەسەریدا هێنای.
- 28یەزدان لە خاکەکەیاندا بە تووڕەیی و زەبر و ڕقێکی زۆرەوە ڕیشەکێشی کردن و وەک ئەمڕۆ فڕێیدانە خاکێکی دیکە.“
- 29«نهێنییەکان بۆ یەزدانی پەروەردگارمانە و ئەو شتانەی کە خودا بۆی ئاشکرا کردین بۆ ئێمە و نەوەکانمانە هەتاهەتایە، هەتا کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەین.
وتهكان ٣٠
- 1«کاتێک هەموو ئەم بەرەکەت و نەفرەتەی کە خستوومەتە بەردەمتان بەسەرتان دێت، یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەرتاندەکات، ئینجا بەخۆتاندا دەچنەوە،
- 2وە کاتێک خۆتان و منداڵەکانتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە دەگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان و گوێڕایەڵی دەبن، بەگوێرەی هەموو ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم،
- 3ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕاپێچکراوی دەتانگەڕێنێتەوە و بەزەیی پێتاندا دێتەوە، دووبارە کۆتان دەکاتەوە لەنێو هەموو ئەو گەلانەی یەزدانی پەروەردگارتان بەناویاندا پەرشوبڵاوی کردنەوە.
- 4ئەگەر بۆ ئەوپەڕی ئاسمان پەرشوبڵاو کرابنەوە، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لەوێوە کۆتان دەکاتەوە و لەوێوە دەتانگەڕێنێتەوە و
- 5یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە ئەو خاکەی کە باوباپیرانتان خاوەنی بوون، جا ئێوە دەستی بەسەردا دەگرن و سەرکەوتووتان دەکات و لە باوباپیرانتان زۆرترتان دەکات.
- 6یەزدانی پەروەردگارتان دڵی خۆتان و دڵی نەوەکەتان خەتەنە دەکات، تاکو یەزدانی پەروەردگارتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە خۆشبوێت بۆ ئەوەی بژین.
- 7هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان هەموو ئەم نەفرەتانە دەخاتە سەر دوژمنەکانتان و ئەوانەی ڕقیان لێتانە و دەتانچەوسێننەوە،
- 8بەڵام ئێوە دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی یەزدان دەبن و کار بە هەموو فەرمانەکانی دەکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.
- 9ئینجا یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کارەکانی دەستتان سەروەت و سامانتان زۆر دەکات، لە بەری سک و ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی خاک، چونکە یەزدان سەرلەنوێ پێتان دڵخۆش دەبێت و سەرکەوتووتان دەکات، وەک بە باوباپیرانتان دڵخۆش بوو،
- 10ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون، ئەگەر پڕ بە دڵتان و لە ناختانەوە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گەڕانەوە.
- 11«ئەم فەرمانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لەسەرتان قورس نییە و لێتانەوە دوور نییە.
- 12لە ئاسمان نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان سەردەکەوێتە ئاسمان و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“
- 13هەروەها لە پشتی دەریا نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان لە دەریا دەپەڕێتەوە و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“
- 14بەڵکو پەیامەکە زۆر لێتان نزیکە، لەسەر زمانتانە و لە دڵتاندایە، هەتا کاری پێ بکەن.