
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
عهزڕا ٥: ١ - ٦: ٢٢
- 1حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای پێغەمبەر لە نەوەی عیدۆ، بە ناوی خودای ئیسرائیل کە دەسەڵاتی بەسەریانەوە هەبوو پەیامی خودایان بۆ ئەو جولەکانە ڕاگەیاند کە لە یەهودا و ئۆرشەلیم بوون.
- 2ئیتر زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یۆچاداق هەستان و دەستیان بە بنیادنانەوەی ماڵەکەی خودا کرد لە ئۆرشەلیم، پێغەمبەرەکانی خوداش لەگەڵیان بوون و یارمەتییان دەدان.
- 3لەو کاتەدا تەتەنەیی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان چوونە لایان و لێیان پرسین: «کێ ڕێگای پێدان ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟»
- 4هەروەها لێیان پرسین: «ئەو پیاوانە ناویان چییە کە ئەم تەلارە بنیاد دەنێنەوە؟»
- 5بەڵام پیرانی جولەکەش خودای خۆیان چاودێری دەکردن، ئیتر لە کارەکە ڕایاننەگرتن هەتا هەواڵەکە بە داریوش گەیشتەوە، ئینجا بە نامەیەک دەربارەی ئەمە وەڵامیان دایەوە.
- 6ئەمەش وێنەیەکی ئەو نامەیەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان، ئەوانەی کە کاربەدەستەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات بوون، بۆ داریوشیان نارد.
- 7ئەو هەواڵەی کە بۆیان نارد بەم شێوەیە نووسرابوو:
- بۆ داریوشی پاشا:
- سڵاوێکی گەرم.
- 8با لەلای پاشا زانراو بێت کە ئێمە چووینە ناوچەی یەهودا، بۆ پەرستگای خودای گەورە، بینیمان بە بەردی گەورە بنیاد دەنرێتەوە و کاریتە لەناو دیوارەکانی دادەنرێت، ئەم کارەش بە وردی دەکرێت و لەژێر سەرپەرشتییان سەرکەوتووانەیە.
- 9پرسیارمان لەو پیرانە کرد و لێمان پرسین: «کێ ڕێگای پێداون ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟»
- 10هەروەها پرسیاری ناوەکانیانمان لێکردن تاوەکو بتوانین ناوی ڕابەرەکانیان بۆ زانیاریت بنووسین.
- 11بەم شێوەیە وەڵامیان داینەوە و گوتیان:
- «ئێمە خزمەتکارانی خودای ئاسمان و زەوین، ئەم پەرستگایە بنیاد دەنێینەوە کە پێش ساڵانێکی زۆر بنیاد نرابوو، پاشایەکی گەورەی ئیسرائیل بنیادی نا و تەواوی کرد.
- 12بەڵام دوای ئەوەی باوباپیرانمان خودای ئاسمانیان تووڕە کرد، ئەوانی دا بەدەست نەبوخودنەسری پاشای بابلی کلدانییەوە، ئەوەی کە ئەم پەرستگایەی وێران کرد و گەلەکەی بۆ بابل ڕاپێچ کرد.
- 13«بەڵام لە یەکەم ساڵی کۆرشی پاشای بابل، کۆرشی پاشا فەرمانی دەرکرد بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا.
- 14کۆرشی پاشا تەنانەت قاپوقاچاغەکانی ئەم پەرستگایەی خودای لە پەرستگای بابلەوە دەرهێنا، کە لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەم پەرستگایەی ئۆرشەلیمی دەرهێنابوو و بۆ ئەو پەرستگایەی بردبوو کە لە بابلە. ئینجا کۆرشی پاشا قاپوقاچاغەکانی دایە یەکێک کە ناوی شێشبەچەر بوو، ئەوەی کردییە پارێزگار.
- 15پێی گوت: ”ئەم قاپوقاچاغە ببە، بڕۆ و لە پەرستگاکەی ئۆرشەلیمی دابنێ، با پەرستگای خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنرێتەوە.“
- 16«لەبەر ئەوە ئەم شێشبەچەرە هات و بناغەکەی ماڵی خودای دانا ئەوەی لە ئۆرشەلیمە، لەو کاتەوە بنیاد دەنرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا تەواو نەکراوە.»
- 17ئێستاش ئەگەر پاشا پێی باشە، با لەنێو ئەرشیفی شاهانەدا بگەڕێن کە لە بابلە، بۆ ئەوەی بزانین بەڕاستی لە کۆرشی پاشاوە فەرمان دەرچووە بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە؟ با پاشا لەم کارەدا خواستی خۆیمان بۆ بنێرێت.
عهزڕا ٦
- 1ئینجا داریوشی پاشا فەرمانی دا و لەناو ئەرشیفی شاهانەدا گەڕان کە لەنێو گەنجینەی بابل دانرا بوو،
- 2ئەوە بوو لەناو کۆشکی هەمەدان لە هەرێمی میدیا، نووسراوێک دۆزرایەوە کە ئەمەی تێدابوو:
- یاداشت:
- 3کۆرشی پاشا لە یەکەم ساڵی پاشایەتییەکەیدا، سەبارەت بە پەرستگای خودا کە لە ئۆرشەلیمە ئەم فەرمانەی دەرکرد:
- با پەرستگاکە بنیاد بنرێتەوە، ئەو شوێنەی قوربانی تێدا سەردەبڕن، با بناغەکانی دابمەزرێنن، بەرزییەکەی شەست باڵ و پانییەکەی شەست باڵ بێت.
- 4بە سێ ڕیز لە بەردی گەورە و ڕیزێک لە تەختەدار، با خەرجییەکەشی لە گەنجینەی پاشاوە بدرێت.
- 5هەروەها قاپوقاچاغەکانی ماڵی خودا، ئەوەی لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنا و هێنایە بابل، با ببردرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو پەرستگایەی کە لە ئۆرشەلیمە، بۆ شوێنەکەی خۆی و لە ماڵی خودا دابنرێت.
- 6ئێستاش ئەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و ئەی شەتاربوزەنەی و یاوەرە کاربەدەستەکانی هەرێمەکە، لەوێ دوور بکەونەوە.
- 7دەست مەخەنە ناو کاری بنیادنانی پەرستگای خوداوە. با فەرمانڕەوا و پیرانی جولەکەکان ئەم ماڵەی خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنێنەوە.
- 8من فەرمان دەردەکەم کە دەبێت لە بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا لەگەڵ پیرانی جولەکەدا چی بکەن:
- لە پارەی پاشاوە، لە سەرانەی هەرێمی ئەوبەری فورات، بەبێ دواکەوتن خەرجی بەو پیاوانە دەدرێت تاوەکو دەست لە کارەکە هەڵنەگرن.
- 9هەرچیشیان پێویستە، لە جوانەگا، بەران، بەرخ وەک قوربانی سووتاندن بۆ خودای ئاسمان، لەگەڵ گەنم، خوێ، شەراب و زەیت، با ڕۆژانە بەپێی داواکاری ئەو کاهینانەی لە ئۆرشەلیمن بەبێ دواکەوتن پێیان بدرێت، تاکو خاو نەبنەوە
- 10لە پێشکەشکردنی بۆنی ڕەزامەندی بۆ خودای ئاسمان و لە نزاکردن لە پێناوی ژیانی پاشا و کوڕەکانی.
- 11هەروەها فەرمان لەلای منەوە دەرچووە کە هەر کەسێک ئەم فەرمانە بشکێنێت، کاریتەیەک لە ماڵەکەی ڕادەکێشرێت و دەکرێتە ستوونێک و دوای کوشتنی، پێوەی دەکرێت. لەبەر ئەم تاوانە ماڵەکەی دەبێتە کەلاوە.
- 12خوداش کە ناوی خۆی لەوێ نیشتەجێ کرد، هەر پاشا و گەلێک لەناودەبات ئەگەر دەستدرێژی بکات بۆ گۆڕینی ئەم فەرمانە یان ڕووخاندنی ئەم پەرستگایەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە.
- من داریوشم فەرمانم دا و با بە وردی جێبەجێ بکرێت.
- 13ئینجا تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی لەگەڵ یاوەرەکانیان بە وردی جێبەجێیان کرد، بەگوێرەی ئەوەی داریوشی پاشا ناردبووی.
- 14پیرانی جولەکەش بەهۆی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە لایەن حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای نەوەی عیدۆوە، بەردەوام بوون لە بنیادنان و سەرکەوتوو دەبوون. جا بەگوێرەی فەرمانی خودای ئیسرائیل و فەرمانی کۆرش و داریوش و ئەرتەحشەستەی پاشایانی فارس پەرستگاکەیان بنیاد ناوە و تەواویان کرد.
- 15ئیتر لە سیی مانگی ئادار، لە ساڵی شەشەمی پاشایەتی داریوش پاشا ئەم پەرستگایە تەواو بوو.
- 16نەوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان و پاشماوەی نەوەی ڕاپێچکراوەکان بە دڵخۆشییەوە ئەم ماڵەی خودایان تەرخان کرد.
- 17قوربانیشیان پێشکەش کرد بۆ تەرخانکردنی ئەم ماڵەی خودا، سەد گا و دوو سەد بەران و چوار سەد بەرخ و دوازدە گیسکی نێر، بۆ قوربانی گوناه لە جیاتی هەموو ئیسرائیل، بەگوێرەی هۆزەکانی ئیسرائیل.
- 18ئینجا کاهینەکانیان لە بەشەکانی خۆیان دانا و لێڤییەکانیش لە بەشەکانیان لەسەر خزمەتەکەی خودا لە ئۆرشەلیم، هەروەک ئەوەی لە پەڕتووکی موسا نووسراوە.
- 19ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە لە چواردەی مانگی یەکدا جەژنی پەسخەیان گێڕا،
- 20چونکە کاهین و لێڤییەکان هەموو خۆیان پاک کردبووەوە، هەموویان بەپێی ڕێوڕەسم پاک بوون و بەرخی پەسخەیان بۆ هەموو نەوەی ڕاپێچکراوەکان و بۆ برا کاهینەکانیان و بۆ خۆیان سەربڕی.
- 21نەوەی ئیسرائیلیش ئەوانەی کە لە ڕاپێچکراوییەکە گەڕابوونەوە لێیان خوارد، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆیان لە نەریتە گڵاوەکانی نەتەوەکانی خاکەکە جیا کردبووەوە و هاتبوونە پاڵیان، بۆ ئەوەی ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بکەن.
- 22هەروەها حەوت ڕۆژ بە خۆشییەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، چونکە یەزدان دڵی پڕکردن لە خۆشی و دڵی پاشای ئاشوری بەلایاندا ڕاکێشا بۆ بەهێزکردنی دەستیان لە کارەکەی پەرستگای خودا، خودای ئیسرائیل.