
Season 18 · Episode 7
دووهم پاشایان ١١: ١ - ١٢: ٢١
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
January 29, 202422m 10s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دووهم پاشایان ١١: ١ - ١٢: ٢١
- 1کاتێک عەتەلیای دایکی ئەحەزیاش کە بینی کوڕەکەی مردووە، هەستا و هەموو ڕەچەڵەکی شاهانەی لەناوبرد.
- 2بەڵام یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرام پاشا و خوشکی ئەحەزیا، یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای برد و ڕفاندی پێش کوشتنی شازادەکان. ئەو و دایەنەکەی لە ژووری نوستن دانا بۆ ئەوەی لە عەتەلیا بیشارێتەوە، جا یۆئاش نەکوژرا.
- 3ماوەی شەش ساڵ لەگەڵ دایەنەکە بە نهێنی لە پەرستگای یەزدان بوو، لە کاتێکدا عەتەلیا فەرمانڕەوای خاکەکە بوو.
- 4لە ساڵی حەوتەم یەهۆیاداع ناردی بەدوای فەرماندەی یەکەی سەدان، پاسەوانەکان و پاسەوانە تایبەتەکان، هێنانی بۆ لای خۆی لە پەرستگای یەزدان، پەیمانێکی لەگەڵدا بەستن، لە پەرستگای یەزدان سوێندی دان و کوڕەکەی پاشای پیشان دان.
- 5ئینجا فەرمانی پێ کردن و گوتی: «ئەمە ئەو کارەیە کە ئێوە دەیکەن، ئێوە کە بە سێ تیپ لە ڕۆژی شەممە دەست بە پاسەوانی دەکەن، سێیەکتان لە کۆشکی شاهانە،
- 6سێیەکیش لە دەروازەی سوڕ و سێیەکیش لە دەروازەکەی پشت پاسەوانە تایبەتەکان، کە بە نۆرە پاسەوانی پەرستگاکە دەکەن.
- 7ئێوەش کە لەناو ئەو دوو تیپەی دیکە کە بە ئاسایی لە ڕۆژی شەممە ئەرکی پاسەوانیێتییان لە ئەستۆ نییە، پێویستە هەر هەمووتان لە پێناوی پاشا پاسەوانیێتی پەرستگای یەزدان بکەن.
- 8چواردەوری پاشا بگرن، هەرکەسە و چەکەکەی لە دەست بێت، ئەوەی بێتە ناو ڕیزەکانتانەوە دەکوژرێت. لەگەڵ پاشا بن بۆ هەرکوێیەک بچێت.»
- 9فەرماندەکانی یەکەی سەدانیش ئەوەیان کرد کە یەهۆیاداعی کاهین فەرمانی پێ کردن. هەر یەکێک پیاوەکانی خۆی برد و هاتنە لای یەهۆیاداعی کاهین، ئەوانەی لە ڕۆژی شەممە لەسەر ئەرکەکانیانن و ئەوانەش کە لەسەر ئەرک نین.
- 10کاهینەکەش ڕم و قەڵغانەکانی داودی پاشا کە لە پەرستگای یەزدان بوون دایە فەرماندەی یەکەی سەدان.
- 11پاسەوانە تایبەتەکان هەریەکە چەک بە دەست لە دەوری پاشا ڕاوەستان، لە نزیک قوربانگا و پەرستگا، لەلای باشووری پەرستگاکەوە هەتا لای باکوور.
- 12ئینجا یەهۆیاداع کوڕەکەی پاشای هێنایە دەرەوە و تاجەکەی لەسەر سەری دانا، وێنەیەکی پەیمانەکەی دایێ و کردیانە پاشا. دەستنیشانیان کرد و چەپڵەیان بۆ لێدا و گوتیان: «بژی پاشا!»
- 13کاتێک عەتەلیا گوێی لە دەنگی پاسەوانە تایبەتەکان و خەڵکەکە بوو، هاتە لای ئەو خەڵکەی لە پەرستگای یەزدان بوون.
- 14تەماشای کرد وا پاشا هەروەک چۆن نەریتە، لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستاوە، سەرکردەکان و کەڕەنا لێدەرەکان لەلای پاشان، هەموو گەلی خاکەکە دڵخۆشن و کەڕەنا لێ دەدەن. ئینجا عەتەلیا جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و هاواری کرد: «ناپاکییە! ناپاکییە!»
- 15یەهۆیاداعی کاهینیش فەرمانی بە فەرماندەی یەکەی سەدان و ئەفسەرانی لەشکر کرد و پێی گوتن: «بیبەنە دەرەوەی ڕیزەکان و ئەوەش کە بەدوای کەوت بە شمشێر بیکوژن.» چونکە پێشتر کاهینەکە گوتبووی، «نابێت لەناو پەرستگای یەزدان بکوژرێت.»
- 16ئیتر گرتیان و لەسەر ڕێگای هاتنە ژوورەوەی ئەسپەکان بۆ کۆشکی پاشا کوژرا.
- 17یەهۆیاداعیش پەیمانی لەنێوان یەزدان لە لایەک و پاشا و گەل لە لایەکی دیکەوە بەست تاکو ببنە گەلی یەزدان. هەروەها پەیمانیشی لەنێوان پاشا و گەل بەست.
- 18ئینجا هەموو گەلی خاکەکە هاتنە ناو پەرستگای بەعل و تێکیاندا و قوربانگا و بتەکانیان بە تەواوەتی شکاند، مەتانی کاهینی بەعلیان لەبەردەم قوربانگاکان کوشت.
- یەهۆیاداعی کاهینیش چەند ئەفسەرێکی لەسەر پەرستگای یەزدان دانا.
- 19پاشان فەرماندەی سەدان و پاسەوان و پاسەوانە تایبەتەکان و هەموو گەلی خاکەکەی برد و پاشایان لە پەرستگای یەزدانەوە هێنایە خوارەوە، بە ڕێگای دەروازەی پاسەوانە تایبەتەکاندا چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی پاشا، پاشاش چووە شوێنی خۆی و لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشت.
- 20هەموو گەلی خاکەکەش دڵخۆش بوون و شارەکە حەوایەوە، لەبەر ئەوەی عەتەلیایان لە نزیک کۆشکی پاشا بە شمشێر کوشت.
- 21یۆئاش کە بوو بە پاشا، کوڕێکی حەوت ساڵان بوو.
دووهم پاشایان ١٢
- 1لە ساڵی حەوتەمی پاشایەتی یێهو، یۆئاش بوو بە پاشا و چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی چیڤیا بوو، خەڵکی بیری شابەع بوو.
- 2یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە هەموو ئەو ماوەیەی کە یەهۆیاداعی کاهین فێری دەکرد.
- 3بەڵام نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
- 4یۆئاش بە کاهینەکانی گوت: «هەموو زیوە پیرۆزکراوەکانی هاتووەتە ناو پەرستگای یەزدان، زیوی داهاتەکان و زیوە نەزرکراوەکان و زیوە بەخشراوەکان کۆبکەنەوە.
- 5با هەر کاهینێک لە یەکێک لە خەزنەدارەکان زیو وەربگرێت، هەر داڕووخاوییەکیان لە پەرستگا بینییەوە چاکی بکەنەوە.»
- 6بەڵام لە ساڵی بیست و سێیەمی یۆئاشی پاشا هێشتا کاهینەکان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکەیان چاک نەکردبووەوە.
- 7لەبەر ئەوە یۆئاشی پاشا یەهۆیاداعی کاهین و کاهینەکانی دیکەی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی داڕووخاوی پەرستگاکەتان چاک نەکردووەتەوە؟ ئێستاش بۆ پێداویستییەکانی خۆتان زیو لە خەزنەدارەکان وەرمەگرن، بەڵکو دایبنێن بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە.»
- 8ئینجا کاهینەکان ڕازی بوون لەسەر ئەوەی زیو لە گەل وەرنەگرن و خۆشیان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە چاکنەکەنەوە.
- 9ئینجا یەهۆیاداعی کاهین سندوقێکی هێنا و کونێکی لە سەرەکەی کرد و لە نزیک قوربانگاکە داینا، لەلای ڕاستی شوێنی هاتنە ژوورەوەی خەڵکەکە بۆ ناو پەرستگای یەزدان. کاهینەکانیش ئەوانەی چاودێری دەروازەکەیان دەکرد، هەموو ئەو زیوەی هاتبووە پەرستگای یەزدانەوە تێیدا دایاننا.
- 10ئەوە بوو کاتێک بینییان زیوەکە لە سندوقەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی پاشا و سەرۆک کاهین سەرکەوتن و ئەو زیوەی لە پەرستگای یەزدان بوو ژماردیان و لە کیسەیان کرد.
- 11ئینجا زیوە ژمێردراوەکەیان دایە دەست ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش خەرجیان کرد بۆ ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد: دارتاش، بیناساز،
- 12بەنا، نەقاڕەکان. هەروەها بۆ کڕینی دار و بەردی بڕاو بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوی پەرستگای یەزدان و بۆ هەموو ئەوەی خەرج دەکرێت لە نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە.
- 13بەڵام بۆ پەرستگای یەزدان تەشتی زیو، مەقەست، تاس و کەڕەنا دروستنەکران، نە هیچ کەلوپەلێکی زێڕ و زیو، لەو زیوەی هاتبووە ناو پەرستگای یەزدانەوە.
- 14بەڵکو درانە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان و پەرستگای یەزدانیان پێ چاک دەکردەوە.
- 15لەو پیاوانەشیان نەدەکۆڵییەوە کە زیوەکەیان دەدانە دەست هەتا بیدەنە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان، چونکە بە دەستپاکییەوە کاریان دەکرد.
- 16بەڵام زیوی قوربانی تاوان و زیوی قوربانی گوناه، نەخرایە ناو پەرستگای یەزدانەوە، بەڵکو بۆ کاهینەکان بوو.
- 17لەو کاتە حەزائێلی پاشای ئارام چوو هێرشی کردە سەر گەت و گرتی. ئینجا ڕووی لە ئۆرشەلیم کرد هەتا هێرشی بکاتە سەر.
- 18یۆئاشی پاشای یەهوداش هەموو شتە تەرخانکراوەکانی یەهۆشافات و یەهۆرام و ئەحەزیای باوباپیرانی، پاشایانی یەهودا، لەگەڵ شتە پیرۆزکراوەکانی خۆی و هەموو زێڕی ناو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای برد و ناردنی بۆ حەزائێلی پاشای ئارام، ئەویش لە ئۆرشەلیم کشایەوە.
- 19ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆئاش و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
- 20پاشان کاربەدەستەکانی هەستان و پیلانێکیان گێڕا، لە بێتمیلۆ کە لەسەر ڕێگای سیڵایە یۆئاشیان کوشت.
- 21هەردوو خزمەتکارەکەی، یۆزاڤادی کوڕی شیمەعات و یەهۆزاڤادی کوڕی شۆمێر لێیاندا. یۆئاش کوژرا و لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.