PLAY PODCASTS
سامۆئێلی یه‌كه‌م ٢٠: ٣ - ٢١: ١٥
Season 15 · Episode 11

سامۆئێلی یه‌كه‌م ٢٠: ٣ - ٢١: ١٥

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

December 21, 202321m 26s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

سامۆئێلی یه‌كه‌م ٢٠: ٣ - ٢١: ١٥

  • 3داودیش سوێندی خوارد: «باوکت باش دەزانێت کە تۆ منت خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە وا بیر دەکاتەوە و دەڵێت: ”با یۆناتان بەم کارە نەزانێت نەوەک خەفەت بخوات.“ بەڵام بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، نێوان من و مەرگ تەنها هەنگاوێکە.»
  • 4یۆناتانیش بە داودی گوت: «هەرچی دەڵێیت ئەوەت بۆ دەکەم.»
  • 5داود بە یۆناتانی گوت: «سەیر بکە، سبەینێ جەژنی سەرەمانگە، دەبێت منیش بۆ نانخواردن لەگەڵ پاشا دانیشم، بەڵام تۆ ڕێگام پێبدە بڕۆم و منیش هەتا ئێوارەی ڕۆژی سێیەم لەناو کێڵگەکەدا خۆم دەشارمەوە.
  • 6ئەگەر باوکت بەسەری کردمەوە، پێی بڵێ: ”داود بە پەرۆشەوە داوای لێکردم هەتا بە پەلە بچێتە بێت‌لەحمی شارەکەی خۆی، چونکە لەوێ قوربانی ساڵانە بۆ هەموو خێڵەکەی سەردەبڕدرێت.“
  • 7ئەگەر گوتی: ”باشە،“ ئەوا خزمەتکارەکەت سەلامەت دەبێت. بەڵام ئەگەر زۆر تووڕە بوو ئەوا بزانە نیازی خراپە.
  • 8کەواتە بە باشی هەڵسوکەوت لەگەڵ خزمەتکارەکەتدا بکە، چونکە تۆ لەبەردەم یەزدان منت خستووەتە ناو پەیمانێکەوە. ئەگەر تاوانێک لە مندا هەبێت، ئەوا خۆت بمکوژە، ئیتر بۆچی دەمدەیتە دەستی باوکت؟»
  • 9یۆناتانیش گوتی: «لە تۆ بەدوور بێت، چونکە ئەگەر بەڕاستی بمزانیایە باوکم بەرامبەر بە تۆ نیازی خراپە، ئایا پێم ڕانەدەگەیاندیت؟»
  • 10داودیش لە یۆناتانی پرسی: «ئەگەر باوکت بە ڕەقی وەڵامی دایتەوە، کێ پێم ڕادەگەیەنێت؟»
  • 11یۆناتانیش بە داودی گوت: «وەرە با بچینە دەرەوە بۆ کێڵگەکە.» جا هەردووکیان پێکەوە چوون.
  • 12ئینجا یۆناتان بە داودی گوت: «بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، سبەینێ یان دوو سبەی وەک ئەم کاتە دەمی باوکم تاقی دەکەمەوە، جا ئەگەر بۆ تۆ باش بوو، ئەوا هەواڵت بۆ دەنێرم و ئاگادارت دەکەمەوە.
  • 13بەڵام ئەگەر باوکم نیازی خراپەی لەگەڵ تۆ هەبوو، با یەزدان توندترین سزای یۆناتان بدات، ئەگەر بۆت ئاشکرا نەکەم و بە سەلامەتی بەڕێت نەکەم. با یەزدان لەگەڵتدا بێت وەک چۆن لەگەڵ باوکم بوو.
  • 14بە درێژایی ژیانم خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانم نیشان بدە بۆ ئەوەی نەمرم،
  • 15بەڵکو هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ بنەماڵەکەم مەبڕە، تەنانەت هەتا ئەو کاتەش کە یەزدان هەموو دوژمنەکانی داود لەسەر زەوی دەبڕێتەوە.»
  • 16جا یۆناتان پەیمانی لەگەڵ بنەماڵەی داود بەست و گوتی: «با یەزدان لێپرسینەوە لەگەڵ دوژمنەکانی داود بکات.»
  • 17یۆناتان سوێندەکەی بە داود دووپات کردەوە کە ئەوی خۆشدەوێت، چونکە وەک خۆی خۆشی دەویست.
  • 18پاشان یۆناتان بە داودی گوت: «سبەینێ جەژنی سەرەمانگە، دەربارەی تۆ پرسیار دەکەن، چونکە جێگات بەتاڵ دەبێت.
  • 19دوو سبەی بە خێرایی دابەزە و بڕۆ بۆ ئەو شوێنەی کە پێشتر لە ڕۆژی کارەکەدا خۆتت تێیدا شاردەوە، لەلای گابەردی ئەزەل دابنیشە.
  • 20منیش سێ تیر دەگرمە تەنیشتی بەردەکە وەک ئەوەی بیگرمە نیشانێک.
  • 21ئینجا کوڕێک دەنێرم و دەڵێم: ”بڕۆ ئەو تیرانە بدۆزەوە.“ ئەگەر بە کوڕەکەم گوت: ”ئەوەتا تیرەکان لەولاتەوەن، بیانهێنە،“ تۆ وەرە، بە یەزدانی زیندوو، سەلامەت دەبیت و هیچ مەترسییەک نییە.
  • 22بەڵام ئەگەر بە کوڕەکەم گوت: ”ئەوەتا تیرەکان لەو بەرتن،“ ئەوا بڕۆ، چونکە یەزدان بەڕێی کردوویت.
  • 23ئەو قسەیەش کە من و تۆ کردمان، ئەوەتا یەزدان هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆدا شایەتە.»
  • 24داود خۆی لە کێڵگەکەدا شاردەوە، کاتێک جەژنی سەرەمانگ هات، پاشا بۆ نانخواردن لەسەر خوان دانیشت.
  • 25پاشا وەک هەموو جارێک لە شوێنەکەی خۆی لەلای دیوارەکەوە لە بەرامبەر یۆناتان دانیشت، ئەبنێریش لەتەنیشت شاولەوە دانیشت، بەڵام جێگای داود بەتاڵ بوو.
  • 26لەو ڕۆژەدا شاول هیچی نەگوت، چونکە وا بیری کردەوە: «لەوانەیە شتێک بەسەر داود هاتبێت، لەشی پاک نەبێت، دیارە لەشی پاک نییە.»
  • 27ئەوە بوو بۆ سبەینێ لە دووی مانگیشدا جێگای داود هەر بەتاڵ بوو، شاولیش بە یۆناتانی کوڕی گوت: «بۆچی نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ، کوڕەکەی یەسا نەهاتووە بۆ نانخواردن؟»
  • 28یۆناتانیش وەڵامی شاولی دایەوە: «داود بە پەرۆشەوە داوای لێکردم بچێت بۆ بێت‌لەحم و
  • 29گوتی: ”تکایە ڕێم بدە، چونکە لە شارۆچکەکەدا قوربانی سەربڕاوی خێڵەکەمان هەیە و براکەم فەرمانی پێ کردووم، جا ئێستا ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، تکایە ڕێم بدە با براکانم ببینم،“ لەبەر ئەوە نەهاتووە بۆ خوانی پاشا.»
  • 30ئینجا شاول زۆر لە یۆناتان تووڕە بوو و پێی گوت: «هەی کوڕی ژنە خواروخێچ و یاخیبووەکە! ئایا من نازانم کە دۆستایەتیت لەگەڵ کوڕەکەی یەسا شەرمەزاری دێنێتە سەر خۆت و داوێنی دایکت؟
  • 31هەتا کوڕەکەی یەسا لەسەر زەوی زیندوو بێت، نە خۆت و نە پاشایەتییەکەت جێگیر نابن. ئێستاش بنێرە و با بۆ منی بهێنن، چونکە پێویستە بمرێت!»
  • 32یۆناتانیش وەڵامی شاولی باوکی دایەوە: «بۆچی دەبێت بکوژرێت؟ چی کردووە؟»
  • 33بەڵام شاول ڕمەکەی تێگرت بۆ ئەوەی بیکوژێت. بەم کارە یۆناتان زانی کە باوکی سوورە لەسەر کوشتنی داود.
  • 34جا یۆناتان زۆر بە تووڕەیی لەسەر خوانەکە هەستا و لە ڕۆژی دووەمی مانگدا هیچی نەخوارد، چونکە دڵتەنگ بوو بۆ داود، لەبەر ئەوەی باوکی شەرمەزاری کرد.
  • 35بۆ بەیانی یۆناتان بۆ دیدەنی داود بەرەو کێڵگە چوو، کوڕێکی بچووکیشی لەگەڵ بوو.
  • 36بە کوڕەکەی گوت: «ڕابکە ئەو تیرانە بدۆزەرەوە کە من دەیانهاوێژم.» لەو کاتەدا کە کوڕەکە ڕایدەکرد، تیرێکی هاویشت و لەوی تێپەڕاند.
  • 37کاتێک کوڕەکە گەیشتە شوێنی تیرەکە کە یۆناتان هاویشتبووی، جا یۆناتان هاواری لێکرد: «ئەوە تیرەکە نییە، لەوبەری تۆ، لە سەرەوە؟»
  • 38ئینجا یۆناتان هاواری لە کوڕەکە کرد: «خێرا بکە، پەلە بکە، مەوەستە!» کوڕەکەش تیرەکەی هەڵگرتەوە و بۆ لای گەورەکەی گەڕایەوە.
  • 39کوڕەکەش هیچی نەدەزانی، بەڵام یۆناتان و داود تێدەگەیشتن.
  • 40ئینجا یۆناتان چەکەکەی بە خزمەتکارەکەی خۆی دا و پێی گوت: «بڕۆ بیبەوە بۆ شار.»
  • 41کوڕەکە ڕۆیشت و داودیش لەلای باشووری گابەردەکەوە هەستا، سێ جار لەبەردەم یۆناتان کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت. ئینجا یەکتریان ماچکرد و پێکەوە گریان، بەڵام داود زیاتر گریا.
  • 42جا یۆناتان بە داودی گوت: «بە سەلامەتی بڕۆ، چونکە ئێمە هەردووکمان سوێندمان بە ناوی یەزدان خواردووە و گوتوومانە: ”یەزدان بۆ هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆ و نەوەکانمان شایەت بێت.“» ئینجا داود هەستا و ڕۆیشت، یۆناتانیش گەڕایەوە شار.

سامۆئێلی یه‌كه‌م ٢١

  • 1داود هاتە نۆڤ بۆ لای ئەحیمەلەخی کاهین، ئەحیمەلەخ کە داودی بینی شڵەژا و پێی گوت: «بۆ بە تەنهایت و کەست لەگەڵ نییە؟»
  • 2داودیش وەڵامی ئەحیمەلەخی کاهینی دایەوە: «پاشا فەرمانی ئەرکێکی پێکردووم، پێی گوتم: ”نابێت کەس هیچ شتێک لەبارەی ئەم ئەرکەوە بزانێت کە من تۆی بۆ دەنێرم و پێم سپاردوویت.“ سەبارەت بە پیاوەکانیشم، شوێنێکم بۆ دیاری کردوون بۆ ئەوەی لەوێ چاویان پێم بکەوێت.
  • 3ئێستاش چیت لەبەردەستە؟ پێنج نان یان ئەوەی هەیە بمدەرێ.»
  • 4کاهینەکەش وەڵامی داودی دایەوە: «نانی ئاساییم لەلا دەستناکەوێت، بەڵام نانی پیرۆز هەیە، بە مەرجێک پیاوەکان خۆیان پاراستبێت لە ژنان.»
  • 5داودیش وەڵامی کاهینەکەی دایەوە: «بێگومان ژنمان لێ قەدەغەکراوە، وەک هەموو جارێک کە بۆ ئەرکێک چووبم، قاپوقاچاغەکانی پیاوەکانم پیرۆزن، تەنانەت ئەگەر ئەرکەکەش ئاسایی بووبێت، ئایا دەبێت ئەمڕۆ قاپوقاچاغەکانیان چەند پیرۆز بن؟»
  • 6لەبەر ئەوە کاهینەکە نانە پیرۆزەکەی پێدا، چونکە هیچ نانێکی دیکە لەوێ نەبوو، جگە لە نانی تەرخانکراو، ئەوەی لەبەردەم یەزدان لابردرابوو، هەتا لە هەمان ڕۆژدا بە نانی گەرم جێی بگرێتەوە.
  • 7لەو ڕۆژەدا پیاوێک لە خزمەتکارەکانی شاول لەبەردەم یەزداندا دەستبەسەر بوو، ناوی دۆئێگی ئەدۆمی بوو، گەورەی شوانەکانی شاول بوو.
  • 8ئینجا داود بە ئەحیمەلەخی گوت: «ئایا لێرە ڕمێک یان شمشێرێکت لەبەردەستدا هەیە؟ نە شمشێرەکەم و نە هیچ چەکێکی دیکەم نەهێناوە، چونکە ئەرکەکەی پاشا زۆر بە پەلە بوو.»
  • 9کاهینەکەش گوتی: «شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستی، ئەوەی لە دۆڵی ئێلە کوشتت، ئەوەتا لە جلێکەوە پێچراوە لە پشت ئێفۆدەکە، ئەگەر ئەو بۆ خۆت دەبەیت، بیبە، چونکە جگە لەو هیچی دیکە لێرە نییە.»
  • داودیش گوتی: «لەوە باشتر نابێت، بمدەرێ.»
  • 10هەر لەو ڕۆژەدا داود هەستا و لەبەردەم شاول ڕایکرد، هات بۆ لای ئاخیشی پاشای گەت.
  • 11خزمەتکارەکانی ئاخیش بە پاشایان گوت: «ئەرێ ئەمە داودی پاشای خاکەکە نییە؟ ئەی بۆ ئەم نەبوو بەدەم گۆرانی و سەماوە دەیانگوت:
  • «”شاول هەزارانی کوشت و
  • داودیش دەیان هەزار“؟»
  • 12داود ئەم قسانەی خستە ناو دڵییەوە و زۆر لە ئاخیشی پاشای گەت ترسا،
  • 13لەبەرچاویاندا هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕی، لەبەردەستیان خۆی شێتکرد و دەستی بە ڕووشاندنی چوارچێوەی دەروازەکان کرد، لیک بە ڕیشیدا دەهاتە خوارەوە.
  • 14ئینجا ئاخیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئەوەتا دەبینن ئەم پیاوە شێتە؟ ئیتر بۆچی دەیهێننە لای من؟
  • 15ئایا من پێویستم بە شێت هەیە، هەتا ئەمەم بۆ بهێنن و لەبەردەمم شێتی بیگرێت؟ ئایا ئەمە بێتە ناو ماڵەکەمەوە؟»