
Season 21 · Episode 12
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٢٤: ١ - ٢٦: ٥
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
April 5, 202419m 44s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٢٤: ١ - ٢٦: ٥
- 1یۆئاش کوڕێکی حەوت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا و چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی چیڤیا بوو کە خەڵکی بیری شابەع بوو.
- 2یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە ماوەی کاهینیێتی یەهۆیاداع.
- 3یەهۆیاداع دوو ژنی بۆ یۆئاش هێنا و کوڕ و کچی بوو.
- 4دوای ماوەیەک یۆئاش بڕیاری دا کە پەرستگای یەزدان نۆژەن بکاتەوە.
- 5کاهینە لێڤییەکانی کۆکردەوە و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ شارۆچکەکانی یەهودا و لە هەموو ئیسرائیل ئەو زیوە کۆبکەنەوە کە ساڵانە بۆ چاککردنەوەی پەرستگای خوداتان دەدرێت. ئێوە لەم کارە بە پەلە بن.» بەڵام لێڤییەکان پەلەیان نەکرد.
- 6لەبەر ئەوە پاشا یەهۆیاداعی سەرۆکی کاهینی بانگکرد و پێی گوت: «بۆچی داوات لە لێڤییەکان نەکردووە هەتا لە یەهودا و ئۆرشەلیمەوە باجەکەی موسای بەندەی یەزدان و کۆمەڵی ئیسرائیل بۆ چادری پەیمان بهێنن؟»
- 7ئەوە بوو کوڕەکانی عەتەلیای خراپەکار پەرستگای خودایان تاڵان کردبوو، هەروەها هەموو شتە پیرۆزکراوەکانی پەرستگای یەزدانیان کردبووە هی بەعلەکان.
- 8پاشا فەرمانی دا و سندوقێکیان دروستکرد، لەلای دەروازەی پەرستگای یەزدان بۆ دەرەوە دایاننا.
- 9بەناو یەهودا و ئۆرشەلیمدا بانگەوازیان کرد کە باجەکەی موسای بەندەی خودا ئەوەی لە چۆڵەوانی لەسەر ئیسرائیل دانرابوو، بۆ یەزدانی بهێنن.
- 10هەموو سەرکردەکان و هەموو گەل بە خۆشی و شادمانییەوە باجەکانی خۆیان هێنا و خستیانە ناو سندوقەکە، هەتا پڕ بوو.
- 11کاتێک لێڤییەکان سندوقەکەیان دەهێنا بۆ لای کاربەدەستانی پاشا و ئەوانیش دەیانبینی زیوەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی پاشا و بریکاری سەرۆکی کاهینیش دەهاتن و سندوقەکەیان بەتاڵ دەکرد و دەیانبردەوە بۆ شوێنەکەی خۆی. بەردەوام بەو جۆرەیان دەکرد، تاکو زیوێکی زۆریان کۆکردەوە.
- 12پاشا و یەهۆیاداع دایانە ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، خزمەتکارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش نەقاڕ و دارتاش و ئاسنگەر و بڕۆنزگەریان بەکرێ دەگرت بۆ نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوەی پەرستگای یەزدان.
- 13ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، کارەکەیان کرد و تێیدا سەرکەوتوو بوون. پەرستگای خودایان لەسەر شێوەی یەکەم جاری بنیاد نایەوە و تۆکمەیان کرد.
- 14کاتێک تەواو بوون، ئەوەی لە زیوەکە مابووەوە هێنایانە بەردەم پاشا و یەهۆیاداع، جا قاپوقاچاغیان بۆ پەرستگای یەزدان دروستکرد، قاپوقاچاغی خزمەتکردن و پێشکەشکردن و کەوچک و جامی زێڕین و چەند کەلوپەلێکی دیکە لە زێڕ و زیو. بە درێژایی ژیانی یەهۆیاداع بەردەوام قوربانی سووتاندنیان لە پەرستگای یەزدان پێشکەش دەکرد.
- 15یەهۆیاداع پیر بوو و چووە ساڵەوە و لە تەمەنی سەد و سی ساڵیدا مرد.
- 16لە شاری داود لەگەڵ پاشاکان ناشتیان، چونکە لە ئیسرائیل چاکەی لەگەڵ خودا و پەرستگاکەی کرد.
- 17پاش مردنی یەهۆیاداع پیاوە گەورەکانی یەهودا هاتن و کڕنۆشیان بۆ پاشا برد، ئینجا پاشا گوێی لێ گرتن.
- 18ئیتر وازیان لە پەرستگای یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانیان پەرست، جا لەبەر ئەم تاوانەیان تووڕەیی خودا هاتە سەر خاکی یەهودا و ئۆرشەلیم.
- 19هەرچەندە یەزدان پێغەمبەری بۆ ناردن بۆ ئەوەی بۆ لای ئەویان بگێڕنەوە و شایەتییان لەسەر بدەن، بەڵام گوێیان نەگرت.
- 20ئینجا ڕۆحی خودا هاتە سەر زەکەریای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین. بەرامبەر گەل ڕاوەستا و پێی گوتن: «خودا ئەمە دەفەرموێت: ”بۆچی سەرپێچی فەرمانەکانی یەزدان دەکەن؟ لەبەر ئەوە سەرکەوتوو نابن، چونکە وازتان لە یەزدان هێنا، ئەویش وازی لێ هێنان.“»
- 21بەڵام پیلانیان لێی گێڕا و بە فەرمانی پاشا لە حەوشەی پەرستگای یەزدان بەردبارانیان کرد.
- 22یۆئاشی پاشا ئەو دڵسۆزییەی لەبیر چوو کە یەهۆیاداعی باوکی زەکەریا لەگەڵی کردی و کوڕەکەی ئەوی کوشت، ئەویش لەسەرەمەرگیدا گوتی: «با یەزدان ئەمە ببینێت و سزاتان بدات.»
- 23ئەوە بوو لە بەهاری ساڵ، سوپای ئارامییەکان هێرشیان کردە سەر یۆئاش، پەلاماری یەهودا و ئۆرشەلیمیان دا و هەموو ڕابەرەکانی گەلیان کوشت، ئیتر هەموو تاڵانی و دەستکەوتەکانیان بۆ پاشای دیمەشق نارد.
- 24هەرچەندە سوپای ئارامییەکان بە کۆمەڵێکی کەمەوە هاتبوون، بەڵام یەزدان بەسەر سوپایەکی گەورەتردا زاڵی کردن. لەبەر ئەوەی گەلی یەهودا وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێنا، سەبارەت بە یۆئاشیش دادوەریان بەجێگەیاند.
- 25کاتێک ئارامییەکان کشانەوە، ئەویان بە برینێکی سەختەوە بەجێهێشت. کاربەدەستەکانی پیلانیان لێی گێڕا لەبەر خوێنی کوڕەکانی یەهۆیاداعی کاهین، جا لەسەر قەرەوێڵەکەی لێیاندا و کوشتیان. لە شاری داود ناشتیان، بەڵام لە گۆڕستانی پاشاکان نەیانناشت.
- 26ئەو دوو کەسە بوون کە پیلانیان لێی گێڕا: زاڤاد کە کوڕی ژنێکی عەمۆنی بوو بە ناوی شیمەعات، یەهۆزاڤاد کە کوڕی ژنێکی مۆئابی بوو بە ناوی شیمریت.
- 27بەڵام سەرگوزەشتەی کوڕەکانی و زۆری پێشبینییەکان سەبارەت بە ئەو و نۆژەنکرنەوەی پەرستگای خودا، وا لە لێکدانەوەی پەڕتووکی پاشایان نووسراونەتەوە. ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٢٥
- 1کاتێک ئەمەسیا بوو بە پاشا، تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو. بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
- 2ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک بە دڵێکی تەواوەوە.
- 3کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو.
- 4بەڵام کوڕەکانی ئەوانی نەکوشت، بەڵکو بەو شێوەیەی کرد کە لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»
- 5ئەمەسیا یەهودای کۆکردەوە و بەپێی بنەماڵەکان داینان بە فەرماندەی هەزاران و سەدان لە هەموو یەهودا و بنیامیندا. پاشان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوەی سەرژمێری کرد و بینی سێ سەد هەزار پیاو کە ئامادە بوون بۆ جەنگ، پڕچەککراو بە ڕم و قەڵغان بوون.
- 6هەروەها سەد هەزار پاڵەوانی بەهێزی لە ئیسرائیل بە سەد تالنت زیو بەکرێ گرت.
- 7بەڵام پیاوێکی خودا هات بۆ لای و گوتی: «ئەی پاشا، با سوپای ئیسرائیل لەگەڵتدا نەیێت، چونکە یەزدان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، واتا لەگەڵ هیچ کەسێکی نەوەی ئەفرایمدا نییە.
- 8تەنانەت ئەگەر تۆش بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆیت و شەڕ بکەیت، ئەوا خودا لەبەردەم دوژمن دەتخات، چونکە لەلای خودا هێز هەیە بۆ یارمەتیدان و بۆ خستنیش.»
- 9ئەمەسیا لە پیاوەکەی خودای پرسی: «ئەی چی بکرێت بۆ ئەو سەد تالنتەی کە داومەتە چەتەکانی ئیسرائیل؟»
- پیاوەکەی خوداش گوتی «یەزدان دەتوانێت لەوە زیاترت پێبدات.»
- 10ئیتر ئەمەسیا ئەو بەکرێگیراوانەی جیا کردەوە کە لە ئەفرایمەوە هاتبوون هەتا بۆ شوێنەکەی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەوانیش لە یەهودا زۆر تووڕە بوون و بە گڕی تووڕەییەوە گەڕانەوە بۆ شوێنەکەی خۆیان.
- 11بەڵام ئەمەسیا ورەی دایە بەرخۆی و ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد بۆ دۆڵی خوێ و دە هەزار کەسی لە نەوەی سێعیر کوشت،
- 12نەوەی یەهوداش دە هەزاریان بە زیندوویی لێ بە دیل گرتن و هێنایانن بۆ سەر خەرەندێک و لەسەر هەڵدێرەکەوە فڕێیان دانە خوارەوە و هەموویان پارچەپارچە بوون.
- 13بەڵام ئەو چەتانەی کە ئەمەسیا نەیهێشت لەگەڵیدا بچنە جەنگەکە، هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکانی یەهودا، لە سامیرەوە هەتا بێتحۆرۆن و سێ هەزاریان لێ کوشتن و تاڵانێکی زۆریشیان برد.
- 14پاش ئەوەی ئەمەسیا لە لێدانی ئەدۆمییەکان گەڕایەوە، بتەکانی نەوەی سێعیری هێنا و کردنی بە خوداوەندی خۆی و کڕنۆشی بۆ بردن و بخووری بۆ سووتاندن.
- 15جا تووڕەیی یەزدان لە ئەمەسیا جۆشا و پێغەمبەرێکی بۆ نارد و پێی گوت: «بۆچی داوای خوداوەندەکانی ئەو گەلەت کرد کە نەیانتوانی گەلەکەی خۆیان لە دەستت دەرباز بکەن؟»
- 16کاتێک هێشتا قسەی لەگەڵ دەکرد، پێی گوت: «ئایا تۆیان کردووە بە ڕاوێژکاری پاشا؟ بێدەنگ بە با نەتکوژن!»
- ئەو کاتە پێغەمبەرەکە وەستا، بەڵام گوتی: «زانیم کە خودا بڕیاری داوە بە لەناوبردنت، چونکە ئەمەت کرد و گوێت لە ڕاوێژم نەگرت.»
- 17پاش ئەوەی ئەمەسیای پاشای یەهودا ڕاوێژی کرد، ناردی بەدوای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیلدا و گوتی: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»
- 18یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «دڕکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم تاکو ببێتە ژنی،“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر دڕکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە.
- 19تۆ گوتت ئەدۆمم شکاندووە، ئێستا لەخۆبایی بوویت، شانازیت کرد هەتا ڕێزداربیت، لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»
- 20بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، ئەمەش لەلایەن خوداوە بوو، چونکە خودا ویستی بیانداتە دەستی یەهۆئاش، لەبەر ئەوەی ڕوویان لە خوداوەندەکانی ئەدۆم کرد.
- 21لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێتشەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
- 22لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات.
- 23ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێتشەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش هێنای بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ بوو.
- 24هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای خودا کە لەلای عوبێد ئەدۆم بوو، هەروەها گەنجینەکانی کۆشکی پاشا و بارمتەکانی برد و گەڕایەوە سامیرە.
- 25ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا.
- 26ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
- 27لەو کاتەوەی کە ئەمەسیا لە یەزدان هەڵگەڕایەوە، لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان.
- 28بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری یەهودا لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٢٦
- 1ئینجا هەموو گەلی یەهودا عوزیای گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا.
- 2ئەو ئێلەتی بنیاد نایەوە و بۆ یەهودای گەڕاندەوە، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
- 3عوزیا گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
- 4بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.
- 5عوزیا لە سەردەمی زەکەریای پێغەمبەر ڕووی لە خودا دەکرد کە فێری لەخواترسی دەکرد. هەموو ئەو ڕۆژانەی ڕووی لە یەزدان دەکرد، خودا سەرکەوتووی کرد.