
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
لۆقا ٧: ٣٦ - ٨: ٥٦
- 36یەکێک لە فەریسییەکان داوای لە عیسا کرد نانی لەگەڵ بخوات، ئەویش چووە ماڵی فەریسییەکە و لەسەر خوان دانیشت.
- 37لە شارەکە ئافرەتێکی گوناهبار هەبوو، زانی عیسا لە ماڵی فەریسییەکە دانیشتووە، بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی هێنا،
- 38لە دواوە بە گریانەوە لەلای پێی ڕاوەستا، پێیەکانی بە فرمێسک تەڕ کرد و بە قژی بۆی سڕییەوە، پێیەکانی ماچکرد و بە بۆنەکە چەوری کردن.
- 39ئەو فەریسییەی کە عیسای داوەت کردبوو، کاتێک ئەمەی بینی، لە دڵیدا گوتی: «ئەگەر ئەمە پێغەمبەر بووایە، دەیزانی ئەم ئافرەتەی دەستی لێدەدات کێیە و چییە، چونکە گوناهبارە.»
- 40عیسا وەڵامی دایەوە: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.»
- گوتی: «بفەرموو مامۆستا.»
- 41«کابرایەک قەرزی دابوو بە دوو کەس، بە یەکێکیان پێنج سەد دینار، ئەوەی دیکەیان پەنجا.
- 42هیچ کامیان نەیانبوو بیدەنەوە، کابرا لە هەردووکیان خۆشبوو. کامیان زیاتر کابرای خۆشدەوێت؟»
- 43شیمۆن وەڵامی دایەوە: «لەو باوەڕەدام ئەوەی پارە زۆرەکەی لەلابوو.»
- پێی فەرموو: «حوکمەکەت ڕاستە.»
- 44ئینجا ڕووی کردە ئافرەتەکە و بە شیمۆنی فەرموو: «ئەم ئافرەتە دەبینیت؟ هاتمە ماڵەکەت و ئاوت نەدامێ بۆ ئەوەی پێیەکانم بشۆم، بەڵام ئەم بە فرمێسک پێی تەڕ کردم و بە قژی سڕییەوە.
- 45تۆ ماچت نەکردم، بەڵام ئەم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە لە ماچکردنی پێیەکانم نەوەستاوە.
- 46تۆ زەیتت لە سەرم نەدا، بەڵام ئەم بە بۆن پێیەکانمی چەورکرد.
- 47لەبەر ئەم هۆیە پێت دەڵێم، گوناهە زۆرەکانی بەخشران و ئاوا خۆشەویستییە زۆرەکەی دەردەبڕێت. بەڵام ئەوەی کەم بەخشراوە، کەم خۆشەویستی دەردەبڕێت.»
- 48ئینجا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «گوناهەکانت بەخشران.»
- 49ئەوانەی لەگەڵی دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کێیە تەنانەت گوناهیش دەبەخشێت؟»
- 50عیسا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. بڕۆ بە سەلامەت.»
لۆقا ٨
- 1دوای ئەمە عیسا بە هەموو شار و گوندێکدا دەگەڕا و مزگێنی پاشایەتی خودای ڕادەگەیاند، دوازدە قوتابییەکەشی لەگەڵ بوو.
- 2چەند ئافرەتێکیش کە لە ڕۆحی پیس و نەخۆشی چاکببوونەوە: مریەم کە بە مەجدەلی ناودەبردرا و حەوت ڕۆحی پیسی لێ دەرکردبوو،
- 3یوەنای ژنی خوزای بریکاری هێرۆدس، سەوسەن و زۆری دیکەش، بە ماڵی خۆیان یارمەتییان دەدان.
- 4کاتێک خەڵکێکی ئێجگار زۆر لە هەموو شارەکانەوە هاتن بۆ لای عیسا و کۆبوونەوە، بە نموونە قسەی بۆ کردن:
- 5«جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا و پێشێل بوون، باڵندەی ئاسمان خواردیانن.
- 6هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان، سەریان دەرکرد و وشک بوون، چونکە خاکەکە شێی نەبوو.
- 7هەندێکیش کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان لەگەڵیان گەشەیان کرد و خنکاندیانن.
- 8هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان و سەد ئەوەندە بەرهەمیان دا.»
- ئەمانەی فەرموو و هاواری کرد: «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!»
- 9قوتابییەکانی لێیان پرسی کە مەبەست لەم نموونەیە چی بوو؟
- 10ئەویش فەرمووی: «بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن، بەڵام بە نموونە قسە بۆ خەڵک دەکەم بۆ ئەوەی
- «﴿سەیر بکەن، بەڵام نەبینن و
- گوێ بگرن، بەڵام تێنەگەن.﴾
- 11«ئەمە مەبەستی نموونەکەیە: تۆوەکە پەیامی خودایە.
- 12ئەوانەی سەر ڕێگاکە ئەوانەن کە گوێیان لێبوو، ئینجا ئیبلیس دێت و پەیامەکە لە دڵیان دەبات، نەوەک باوەڕ بهێنن و ڕزگاریان بێت.
- 13ئەوانەش کە کەوتنە سەر زەوییە بەردەڵانەکە، ئەوانەن کە پەیامەکە بە خۆشییەوە وەردەگرن کاتێک دەیبیستن، بەڵام ڕەگیان نییە و تاکو ماوەیەک باوەڕ دەهێنن، بەڵام کاتێک تاقی دەکرێنەوە، دەکەون.
- 14ئەوانەی کەوتنە ناو دڕکەکان، ئەوانەن کە دەیبیستن، بە خەفەت و سامان و خۆشییەکانی ژیان دەخنکێن، بەرهەمی پێگەیشتوو نادەن.
- 15بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە چاکەکە، ئەوانەن کە بە دڵێکی چاک و باشەوە دەبیستن، پەیامەکە لە دڵیاندا دەپارێزن و بە خۆڕاگرییەوە بەرهەم دەدەن.
- 16«کەس چرا هەڵناکات و بە تەشت دایپۆشێت، یان لەژێر نوێن دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادانی دادەنێت، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن،
- 17چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە نەزانرێت و دەرنەکەوێت.
- 18کەواتە ئاگاداربن چۆن گوێ دەگرن، چونکە ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەشی کە ئەو بە هی خۆی دەزانێت لێی دەسەنرێتەوە.»
- 19ئینجا دایک و براکانی عیسا هاتنە لای، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیانتوانی بگەنە لای.
- 20پێی گوترا: «دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ بتبینن.»
- 21وەڵامی دانەوە: «دایک و براکانم ئەوانەن کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.»
- 22ڕۆژێکیان عیسا لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەمێک بوو، پێی فەرموون: «با بپەڕینەوە ئەوبەری دەریاچەکە.» جا بەڕێ کەوتن.
- 23کاتێک دەڕۆیشتن ئەو نوست. ڕەشەبایەکیش هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، بەلەمەکە خەریک بوو پڕدەبوو لە ئاو و کەوتنە مەترسییەوە.
- 24جا هاتنە لای، خەبەریان کردەوە و گوتیان: «گەورەم، گەورەم، وا لەناودەچین!»
- ئەویش هەستا، لە ڕەشەبا و شەپۆلەکانی ڕاخوڕی، کۆتاییان هات و هێمن بوونەوە.
- 25ئینجا پێی فەرموون: «کوا باوەڕتان؟»
- ئەوانیش سەرسام بوون و ترسان، بە یەکتریان دەگوت: «باشە ئەمە کێیە؟ فەرمان بە با و ئاویش دەکات و گوێڕایەڵی دەبن.»
- 26ئینجا بەرەو هەرێمی گەراسین ڕۆیشتن، کە بەرامبەر جەلیلە.
- 27کاتێک عیسا دابەزیە سەر وشکانی، پیاوێکی ئەو شارەی تووش بوو کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، دەمێک بوو جلی لەبەر نەدەکرد و لە ماڵدا نەدەژیا، بەڵکو لە گۆڕستان دەژیا.
- 28کە عیسای بینی، هاواری کرد و لەبەردەمی کەوت، بە دەنگی بەرز گوتی: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ لێت دەپاڕێمەوە ئەشکەنجەم نەدەی!»
- 29چونکە عیسا فەرمانی بە ڕۆحە پیسەکە دابوو لە پیاوەکە بێتە دەرەوە. زۆر جار ڕۆحە پیسەکە دەیگرت، هەرچەندە بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە و چاودێری دەکرا، بەڵام کۆتەکانی دەشکاند و ڕۆحی پیس بەرەو چۆڵەوانی دەیبرد.
- 30عیسا لێی پرسی: «ناوت چییە؟»
- گوتی: «لێگیۆن،» چونکە زۆر ڕۆحی پیسی تێچووبوو.
- 31لێی دەپاڕانەوە نەوەک فەرمانیان پێ بکات بەرەو بیری بێ بن بڕۆن.
- 32لەوێ ڕانە بەرازێکی زۆر لە شاخ دەلەوەڕان، لێی پاڕانەوە کە ڕێیان بدات بچنە ناویانەوە، ئەویش ڕێی پێدان.
- 33ڕۆحە پیسەکان لە پیاوەکە هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکانەوە، ڕانەکەش لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.
- 34کاتێک شوانەکان ئەم ڕووداوەیان بینی، ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و کێڵگەکان.
- 35ئینجا خەڵکەکە چوون تاکو ئەوەی ڕوویداوە بیبینن. کاتێک هاتنە لای عیسا و بینییان ئەو پیاوەی ڕۆحە پیسەکانی لێ دەرچووبوو پۆشتەیە و ئاقڵە و لەبەرپێی عیسا دانیشتووە، ئیتر ترسان.
- 36ئەوانەی بینیبوویان بۆ خەڵکەکەیان گێڕایەوە، چۆن ئەوەی ڕۆحی پیسی تێدابوو چاک بووەتەوە.
- 37هەموو کۆمەڵانی هەرێمی گەراسین داوایان لە عیسا کرد لەلایان بڕوات، چونکە ترسێکی زۆریان لێ نیشتبوو. ئەویش سواری بەلەمەکە بوو و گەڕایەوە.
- 38ئەو پیاوەی ڕۆحە پیسەکانی لێ دەرکرابوو، لێی دەپاڕایەوە کە لەگەڵی بێت، بەڵام عیسا ڕەوانەی کرد و فەرمووی:
- 39«بۆ ماڵی خۆت بگەڕێوە و ئەوەی خودا بۆی کردی، بیگێڕەوە.» ئەویش ڕۆیشت و بە هەموو شارەکەی ڕاگەیاند کە عیسا چی بۆ کردبوو.
- 40کاتێک عیسا گەڕایەوە خەڵکەکە پێشوازییان لێکرد، چونکە هەموو چاوەڕێیان دەکرد.
- 41پیاوێک کە ناوی یایرۆس و پێشەوای کەنیشت بوو، هات و لەبەرپێی عیسادا کەوت، لێی پاڕایەوە تاکو بچێتە ماڵەکەی،
- 42چونکە کچە تاقانەکەی کە تەمەنی نزیکەی دوازدە ساڵ بوو لە سەرەمەرگدا بوو.
- کاتێک عیسا دەڕۆیشت خەڵکەکە پاڵەپەستۆیان دەخستە سەری.
- 43ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو، هەموو ئەوەی هەیبوو دابووی بە پزیشک، کەسیش نەیتوانیبوو چاکی بکاتەوە.
- 44جا لە دواوە هات و دەستی لە چمکی کراسەکەی عیسا دا، دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی وەستا.
- 45عیسا فەرمووی: «کێ بوو دەستی لێدام؟»
- کە هەموو نکۆڵییان کرد، پەترۆس گوتی: «گەورەم، خەڵکەکە لە دەوروپشتتن و پاڵەپەستۆ دەکەن.»
- 46بەڵام عیسا فەرمووی: «یەکێک دەستی لێدام، چونکە هەستم بە هێزێک کرد لێم چووە دەرەوە.»
- 47ژنەکە بینی ئەوەی کردی ناشاردرێتەوە، بە لەرزەوە هات و کەوتە بەرپێی، لەبەرچاوی هەمووان ڕایگەیاند کە بۆچی دەستی لێداوە و چۆن دەستبەجێ چاک بووەتەوە.
- 48عیساش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت.»
- 49هێشتا عیسا قسەی دەکرد، یەکێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هات و گوتی: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»
- 50عیساش ئەمەی بیست و وەڵامی دایەوە: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت ئەو چاکدەبێتەوە.»
- 51کاتێک گەیشتە ماڵەکە، نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێتە ژوورەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب و دایک و باوکی منداڵەکە نەبێت.
- 52هەموو دەگریان و شینیان بۆ دەگێڕا، ئەویش فەرمووی: «مەگریێن نەمردووە، بەڵکو نوستووە.»
- 53خەڵکەکە پێی پێکەنین، چونکە دەیانزانی مردووە.
- 54بەڵام عیسا دەستی کچەکەی گرت، بانگی کرد و فەرمووی: «کیژۆڵە، هەستە!»
- 55ئیتر ڕۆحی هاتەوە بەر و دەستبەجێ هەستا، ئەوسا فەرمانی دا نانی بدەنێ.
- 56دایک و باوکی سەریان سوڕما، بەڵام ڕایسپاردن ئەوەی ڕوویداوە بە کەسی نەڵێن.