PLAY PODCASTS
سامۆئێلی دووه‌م ١٣: ١ - ١٤: ٣٣
Season 16 · Episode 8

سامۆئێلی دووه‌م ١٣: ١ - ١٤: ٣٣

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

January 4, 202423m 53s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

سامۆئێلی دووه‌م ١٣: ١ - ١٤: ٣٣

  • 1ئەوە بوو پاش ئەمانە ئەمنۆنی کوڕی داود کەوتە خۆشەویستی تاماری خوشکە جوانەکەی ئەبشالۆمی کوڕی داود.
  • 2ئەمنۆن لە تاو تاماری زڕخوشکی نەخۆش کەوت، لەبەر ئەوەی تامار پاکیزە بوو، ئەمنۆن پێی وابوو کە نەیدەتوانی بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ ببات.
  • 3ئەمنۆن هاوڕێیەتی ئامۆزایەکی دەکرد بە ناوی یۆنادابی کوڕی شیمەعا کە برای داود بوو، یۆناداب پیاوێکی تەڵەکەباز بوو.
  • 4لە ئەمنۆنی پرسی: «شازادە، بۆچی تۆ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لاوازتر دەبیت؟ ئایا پێم ناڵێیت؟»
  • ئەمنۆنیش پێی گوت: «من تاماری خوشکی ئەبشالۆمی برام خۆشدەوێت.»
  • 5یۆنادابیش پێی گوت: «لەناو جێگا پاڵبکەوە و خۆت نەخۆش بخە، ئەگەر باوکت بۆ بینینت هات پێی بڵێ: ”با تاماری خوشکم بێتە لام و نانم پێبدات، با خواردنەکە لەبەرچاوم سازبکات، بۆ ئەوەی بیبینم و بە دەستی ئەو نان بخۆم.“»
  • 6ئینجا ئەمنۆن پاڵکەوت و خۆی نەخۆش خست، پاشا هات بۆ بینینی، ئەمنۆن بە پاشای گوت: «تکایە با تاماری خوشکم بێتە لام و لەبەرچاوم دوو ناسکەنان دروستبکات، بە دەستی ئەو دەیخۆم.»
  • 7داود بەدوای تاماردا ناردییە ماڵەوە و گوتی: «تکایە بڕۆ ماڵی ئەمنۆنی برات و خواردنێکی بۆ دروستبکە.»
  • 8تاماریش چووە ماڵی ئەمنۆنی برای، ئەو پاڵکەوتبوو. ئینجا هەویری برد و شێلای و لەبەرچاوی ناسکەنانی کرد و برژاندی.
  • 9ئینجا تاوەکەی بۆ بەردەمی برد، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو بیخوات.
  • ئەمنۆن گوتی: «هەمووتان بڕۆنە دەرەوە.» ئەوانیش هەموویان چوونە دەرەوە.
  • 10ئینجا ئەمنۆن بە تاماری گوت: «خواردنەکە بهێنە شوێنی نوستنەکەم بۆ ئەوەی بە دەستی تۆ بیخۆم.» تاماریش ناسکەنانەکەی کە دروستی کردبوو هەڵیگرت و بۆ ئەمنۆنی برای بردییە ژوورەوە بۆ شوێنی نوستنەکەی.
  • 11بۆی بردە پێشەوە تاوەکو بیخوات، ئەویش تاماری گرت و پێی گوت: «خوشکەکەم، وەرە لەگەڵم پاڵبکەوە.»
  • 12ئەویش پێی گوت: «نا، برام نا! سەرم شۆڕ مەکە! لە ئیسرائیلدا شتی وا ناکرێت! ئەم بێ ئابڕووییە مەکە.
  • 13من بەم ئابڕووچوونەوە ڕوو لەکوێ بکەم؟ ئەی تۆ؟ تۆش لەناو ئیسرائیلدا وەک نەفامێکی بەدڕەوشتت لێدێت. ئێستاش تکایە لەگەڵ پاشا قسە بکە بۆ ئەوەی بمدا بە تۆ، چونکە ئەو پێی ناخۆش نییە.»
  • 14بەڵام ئەمنۆن نەیویست گوێی لێ بگرێت و بەسەریدا زاڵ بوو، سەری شۆڕکرد و لاقەی کرد.
  • 15پاشان ئەمنۆن زۆر ڕقی لێی بووەوە، تەنانەت ڕقەکەی زۆر زیاتر بوو لەو خۆشەویستییەی کە بۆی هەبوو. ئینجا ئەمنۆن پێی گوت: «هەستە و بڕۆ!»
  • 16ئەویش پێی گوت: «نەخێر! ئەگەر دەرمبکەیت خراپەیەکی گەورەترە لەوەی کە پێت کردم.»
  • بەڵام ئەمنۆن نەیویست گوێی لێ بگرێت.
  • 17خزمەتکارە تایبەتەکەی بانگکرد و گوتی: «ئەمە دەربکە و دەرگاکە لەدوایەوە دابخە.»
  • 18خزمەتکارەکەش دەریکرد و دەرگاکەی لەدوایەوە داخست. تاماریش کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگی لەبەردا بوو، چونکە کچە پاکیزەکانی پاشا جلی ئاوایان لەبەر دەکرد.
  • 19تامار خۆڵەمێشی بەسەر سەری خۆیدا کرد، جلە ڕەنگاوڕەنگەکەی لەبەرخۆی دادڕی. دەستی بەسەرییەوە گرت و بە ڕێگادا دەڕۆیشت، بە دەنگی بەرز دەگریا.
  • 20ئەبشالۆمی برای پێی گوت: «ئەمنۆنی زڕبرات لەگەڵت بوو؟ خوشکم، ئێستاش بێدەنگ بە، ئەو زڕبراتە و ئەم کارە لە دڵ مەگرە.» ئیتر تامار بە پەرێشانی لە ماڵی ئەبشالۆمی برای مایەوە و ژیا.
  • 21کاتێک داودی پاشا ئەم هەموو شتانەی بیستەوە، زۆر تووڕە بوو.
  • 22ئەبشالۆمیش نە بە چاک و نە بە خراپ قسەی لەگەڵ ئەمنۆنی زڕبرای نەکرد، لەبەر ئەوەی سەری تاماری خوشکی شۆڕکرد، زۆر ڕقی لە ئەمنۆن بووەوە.
  • 23دوو ساڵ دوای ئەوە، ئەبشالۆم هەموو کوڕەکانی پاشای بانگهێشت کرد، کاتێک خزمەتکارەکانی لە بەعل‌حاچۆر ئەوەی نزیک ئەفرایمە مەڕەکانی ئەویان دەبڕییەوە.
  • 24ئینجا ئەبشالۆم چوو بۆ لای پاشا و گوتی: «ئێستا بەندەکەت مەڕەکانی دەبڕێتەوە، تکایە پاشا و کاربەدەستەکانی با لەگەڵ بەندەکەت بێن.»
  • 25پاشاش بە ئەبشالۆمی گوت: «نەخێر کوڕم، با هەموومان نەبین و بارگرانی نەخەینە سەرت.» جا ئەبشالۆم زۆری لێکرد، بەڵام ئەو نەیویست بچێت، بەڵکو داوای بەرەکەتی بۆ کرد.
  • 26ئەبشالۆمیش گوتی: «ئەگەر نا، تکایە با ئەمنۆنی برام لەگەڵمان بێت.»
  • پاشاش لێی پرسی: «بۆچی لەگەڵت بێت؟»
  • 27بەڵام ئەبشالۆم زۆری لێکرد و ئەویش ئەمنۆن و هەموو کوڕەکانی پاشای لەگەڵ نارد.
  • 28ئەبشالۆمیش فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد و گوتی: «ئاگاداربن! کاتێک کە ئەمنۆن بە شەراب مەست بوو، پێتان دەڵێم: ”لە ئەمنۆن بدەن،“ بیکوژن و مەترسن. ئەی من خۆم فەرمانم پێ نەکردوون؟ لەبەر ئەوە بەهێزبن و ئازابن.»
  • 29ئیتر خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئەوەیان بە ئەمنۆن کرد کە ئەبشالۆم فەرمانی پێ کردبوون، هەموو کوڕەکانی پاشا هەستان، هەریەکە و سواری هێسترەکەی خۆی بوو و هەڵات.
  • 30لە کاتێکدا ئەوان بەڕێوە بوون، هەواڵ گەیشتە داود و گوترا: «ئەبشالۆم هەموو کوڕەکانی پاشای کوشتووە و کەسیانی نەهێشتووەتەوە.»
  • 31پاشا هەستا و جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و لەسەر زەوی پاڵکەوت، هەموو خزمەتکارەکانیشی بە جلی دڕاوەوە لەلای پاشا ڕاوەستا بوون.
  • 32بەڵام یۆنادابی کوڕی شیمەعای برای داود گوتی: «با گەورەم وانەزانێت کە هەموو شازادە لاوەکانیان کوشتووە، بەڵکو تەنها ئەمنۆن کوژراوە، چونکە لەو ڕۆژەوەی کە لاقەی تاماری خوشکی کرد، ئەبشالۆم ئەو بڕیارەی دا.
  • 33ئێستاش با پاشای گەورەم شتێکی وا نەخاتە دڵییەوە و بڵێت هەموو کوڕەکانی پاشا کوژراون. بەڵکو بە تەنها ئەمنۆن کوژراوە.»
  • 34ئەبشالۆم پێشتر هەڵاتبوو.
  • خزمەتکارە ئێشکگرەکە چاوی هەڵبڕی و بینی خەڵکێکی زۆر لە لاشانی کێوەکە بە ڕێگاوە بوون. ئێشکگرەکە چوو بۆ لای پاشا و پێی گوت: «خەڵکێک دەبینم لە حۆرۆنەیمەوە بە لاشانی کێوەکەدا دێن.»
  • 35ئینجا یۆناداب بە پاشای گوت: «ئەوەتا شازادەکان هاتن و خزمەتکارەکەت چی گوت، بەو جۆرە بوو.»
  • 36هەر دوای ئەوەی لە قسەکردن بووەوە شازادەکان هاتن و بە گریانەوە دەنگیان هەڵبڕی، هەروەها پاشا و هەموو خزمەتکارەکانیش گریانێکی زۆر بەکوڵ گریان.
  • 37ئەبشالۆمیش هەڵات و چوو بۆ لای تەلمەی کوڕی عەمیهودی پاشای گەشوور، داودیش هەموو ئەو ڕۆژانە بۆ کوڕەکەی لاواندییەوە.
  • 38دوای ئەوەی ئەبشالۆم هەڵات و چوو بۆ گەشوور سێ ساڵ لەوێدا مایەوە.
  • 39داودی پاشا خەمی کوژرانی ئەمنۆنی لە دڵ دامرکایەوە، ئارەزووی کرد بچێتە لای ئەبشالۆم.

سامۆئێلی دووه‌م ١٤

  • 1یۆئابی کوڕی چەرویا زانی کە دڵی پاشا ئارەزووی بینینی ئەبشالۆمی دەکرد.
  • 2لەبەر ئەوە یۆئاب کەسێکی ناردە تەقۆعە و لەوێوە ژنێکی دانای هێنا و پێی گوت: «تکایە خۆت وەک ماتەمدار نیشان بدە، جلی ماتەم لەبەر بکە و بۆن لە خۆت مەدە، بەڵکو وەک ژنێک دەربکەوە کە ماوەیەکی درێژە ماتەمدارە،
  • 3بڕۆ ژوورەوە بۆ لای پاشا و ئەم قسەیەی پێ بڵێ.» جا یۆئاب قسەکەی خستە سەر زاری.
  • 4کاتێک ژنە تەقۆعییەکە چوو بۆ لای پاشا، خۆی خستە سەر زەوی و کڕنۆشی برد و گوتی: «ئەی پاشا، ڕزگارم بکە!»
  • 5پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟»
  • ئەویش گوتی: «من بێوەژنم و پیاوەکەم مردووە،
  • 6کارەکەرەکەت دوو کوڕی هەبوو کە لە کێڵگەدا بە شەڕ هاتن و کەس نەبوو لێکیان بکاتەوە، یەکێکیان لەوی دیکەیانی دا و کوشتی.
  • 7ئەوەتا هەموو خێڵەکە لە کارەکەرەکەت هەستاون و دەڵێن: ”ئەوەمان ڕادەست بکە کە براکەی خۆی کوشتووە، بۆ ئەوەی لە جیاتی گیانی براکەی کە کوشتوویەتی بیکوژینەوە، هەروەها میراتگرەکە لەناو ببەین.“ ئەو پشکۆیەم دەکوژێننەوە کە ماوەتەوە، ناو و پاشماوەی پیاوەکەم لەسەر ڕووی زەوی ناهێڵنەوە.»
  • 8پاشاش بە ژنەکەی گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و من بڕیارێک لەبارەی تۆوە دەردەکەم.»
  • 9ژنە تەقۆعییەکەش بە پاشای گوت: «ئەی پاشای گەورەم، با تاوانەکە لە ئەستۆی خۆم و ماڵی باوکم بێت، پاشا و تەختەکەی پاک و بێتاوان بن.»
  • 10پاشاش گوتی: «ئەگەر کەسێک قسەی لەگەڵ کردیت، بیهێنە لام بۆ ئەوەی دیسان بێزارت نەکات.»
  • 11ژنەکەش گوتی: «ئەی پاشا، تکایە ناوی یەزدانی پەروەردگارت بهێنە، هەتا خوێنگری تۆڵەسێنەر زۆر نەبن بۆ کوشتنەوە و کوڕەکەم نەفەوتێت.»
  • ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، تاڵە مووێکی کوڕەکەت ناکەوێتە سەر زەوی.»
  • 12ئینجا ژنەکەش گوتی: «تکایە با کارەکەرەکەت قسەیەکی دیکە بۆ پاشای گەورەی بکات.»
  • ئەویش گوتی: «قسە بکە.»
  • 13ژنەکەش گوتی: «ئەی بۆچی بیرت لە کارێکی وا کردووەتەوە لە دژی گەلی خودا؟ کە پاشا ئەمە دەڵێت خۆی تاوانبار دەکات، لەبەر ئەوەی پاشا کوڕە دوورخراوەکەی خۆی نەگەڕاندووەتەوە!
  • 14وەک ئاوێکی ڕژاو لەسەر زەوی کە کۆناکرێنەوە، بێگومان دەمرین. بەڵام خودا گیان ناکێشێت، بەڵکو چەند ڕێگایەک دادەڕژێت هەتا ئەوەی لێی دوورخراوەتەوە بە دوورخراوەیی نەمێنێتەوە.
  • 15«ئێستاش من هاتم هەتا لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ پاشای گەورەم بکەم، چونکە گەل منیان ترساند. کارەکەرەکەت گوتی: ”قسە لەگەڵ پاشا دەکەم، بەڵکو پاشا بە گوێی کارەکەرەکەی بکات.
  • 16لەوانەیە پاشا گوێ بگرێت بۆ ئەوەی کارەکەرەکەی لە دەست ئەو پیاوە دەرباز بکات کە دەیەوێت خۆم و کوڕەکەم پێکەوە لە میراتی خودا بسڕێتەوە.“
  • 17«هەروەها کارەکەرەکەت دەڵێت: ”بەڵکو وتەی پاشای گەورەم دڵنەوایی بێت بۆم، چونکە پاشای گەورەم وەک فریشتەی خودایە لە تێگەیشتنی چاکە و خراپە، با یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵت بێت.“»
  • 18پاشا وەڵامی دایەوە و بە ژنەکەی گوت: «شتێکت لێ دەپرسم، لێم مەشارەوە.»
  • ژنەکەش گوتی: «تکایە، با پاشای گەورەم بفەرموێت.»
  • 19ئەوسا پاشا گوتی: «ئایا لە هەموو ئەمانەدا دەستی یۆئاب لەگەڵتدایە؟»
  • ژنەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پاشای گەورەم، بە گیانی تۆ هیچ کەس ناتوانێت نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لابدات لە هەموو ئەو شتانەی کە پاشای گەورەم فەرموویەتی، چونکە یۆئابی خزمەتکارت فەرمانی پێ کردم و هەر ئەو هەموو ئەم قسانەی خستە سەر زاری کارەکەرەکەتەوە.
  • 20یۆئابی خزمەتکارت ئەم کارەی کرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بگۆڕێت. دانایی گەورەم وەک دانایی فریشتەی خودایە هەتا هەموو ئەو شتانەش بزانێت کە لە خاکەکە هەیە.»
  • 21ئیتر پاشا بە یۆئابی گوت: «ئێستا من بڕیارم دا و بڕۆ ئەو کوڕە گەنجە، ئەبشالۆم بهێنەرەوە.»
  • 22یۆئابیش کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد و داوای بەرەکەتی بۆ پاشای کرد، یۆئاب گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت دەزانێت کە لەلای تۆ پەسەندە، چونکە پاشا بە قسەی خزمەتکاری خۆی کرد.»
  • 23ئینجا یۆئاب هەستا و چوو بۆ گەشوور و ئەبشالۆمی هێنایەوە ئۆرشەلیم.
  • 24بەڵام پاشاش گوتی: «با بچێتە ماڵەکەی خۆی و ڕووم نەبینێت.» لەبەر ئەوە ئەبشالۆم چووە ماڵەکەی خۆی و ڕووی پاشای نەبینی.
  • 25لە هەموو ئیسرائیلدا لە قۆزی کەس نەبوو وەک ئەبشالۆم بە شانوباڵیدا هەڵبدرێت، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری بێ کەموکوڕی بوو.
  • 26لە کۆتایی هەموو ساڵێک سەری دەتاشی، چونکە سەری قورس دەبوو، کێشی مووی سەری بەپێی کێشی پاشایەتی دوو سەد شاقل دەبوو.
  • 27هەروەها ئەبشالۆم سێ کوڕ و کچێکی بوو، ناوی کچەکەش تامار بوو، بووە ئافرەتێکی زۆر جوان.
  • 28ئەبشالۆم دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە، بەبێ ئەوەی ڕووی پاشا ببینێت.
  • 29لەبەر ئەوە ئەبشالۆم بەدوای یۆئابدا ناردی تاکو بینێرێتە لای پاشا، بەڵام ئەو نەیویست بێتە لای. دووبارە بەدوایدا ناردییەوە، بەڵام ئەو نەیویست بێت.
  • 30لەبەر ئەوە بە خزمەتکارەکانی گوت: «تەماشا بکەن، کێڵگەکەی یۆئاب لەتەنیشت ئەوەی منەوەیە و جۆ لەوێ هەیە. بڕۆن و ئاگری تێبەردەن.» ئینجا خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئاگریان لە کێڵگەکە بەردا.
  • 31ئیتر یۆئاب هەستا و چوو بۆ لای ئەبشالۆم بۆ ماڵەوە و پێی گوت: «بۆچی خزمەتکارەکانت ئاگریان لە کێڵگەکەی من بەردا؟»
  • 32ئەبشالۆمیش بە یۆئابی گوت: «من بەدوای تۆدا ناردم و گوتم: ”وەرە ئێرە، هەتا بتنێرمە لای پاشا و بڵێیت، ’من بۆچی لە گەشوورەوە هاتمەوە؟ بۆ من چاکتر بوو لەوێ بمێنمەوە!‘ “ ئێستاش دەمەوێت چاوم بە پاشا بکەوێت، ئەگەر تاوانێکی تێمدا بەدیی کرد، با بمکوژێت.»
  • 33ئیتر یۆئاب چوو بۆ لای پاشا و پێی ڕاگەیاند. ئەویش ئەبشالۆمی بانگکرد و هاتە لای پاشا، لەبەردەم ئەودا کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، پاشاش ئەبشالۆمی ماچکرد.