
Season 12 · Episode 10
دادوهران ١٤: ١ - ١٦: ٣١
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
October 28, 202323m 45s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دادوهران ١٤: ١ - ١٦: ٣١
- 1ئینجا شەمشون بەرەو خوار چوو بۆ تیمنا و لە تیمنادا ئافرەتێکی لە کچانی فەلەستییەکان بینی.
- 2جا هاتەوە و بە دایک و باوکی گوت: «ئافرەتێکم لە تیمنا لە کچانی فەلەستییەکان بینی و ئێستاش بۆم داوا بکەن وەک ژنم.»
- 3دایک و باوکیشی وەڵامیان دایەوە: «ئایا لەناو کچانی خزمەکانت و لەناو هەموو گەلەکەتدا ئافرەتێکی تێدا نییە، هەتا بچیت و ژنێک لە فەلەستییە خەتەنەنەکراوەکان بهێنیت؟»
- شەمشونیش بە باوکی گوت: «ئەوم بۆ بهێنە، چونکە ئەوم بەدڵە.»
- 4دایک و باوکیشی نەیانزانی ئەوە لەلایەن یەزدانەوەیە، کە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕا لە دژی فەلەستییەکان، چونکە لەو کاتەدا فەلەستییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوون.
- 5ئینجا شەمشون و دایک و باوکی بەرەو خوار چوون بۆ تیمنا و هاتن بۆ ڕەزەمێوەکانی تیمنا و لەو کاتەدا جوانە شێرێک لێی هاتە پێش و دەینەڕاند.
- 6جا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و وەک کارەبزن پارچەپارچەی کرد، ئەگەر چی هیچیشی بەدەستەوە نەبوو. کەچی دایک و باوکیشی ئاگادار نەکردەوە لەوەی کە کردی.
- 7ئینجا چوو و قسەی لەگەڵ ئافرەتەکەدا کرد و شەمشون بە دڵی بوو.
- 8پاش چەند ڕۆژێک، کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەوەی بیهێنێت، لایدا هەتا لاشەی شێرەکە ببینێت، تەماشای کرد شارە هەنگێک لەناو هەناوی شێرەکە هەیە لەگەڵ هەنگوین.
- 9جا هەردوو چنگی لێ پڕکرد و بە ڕۆیشتنەوە دەیخوارد. ئەوسا چوو بۆ لای دایک و باوکی، بەشی دان و خواردیان، پێی نەگوتن کە هەنگوینەکەی لە هەناوی شێرەکەوە دەرهێناوە.
- 10ئینجا باوکی چووە خوارەوە بۆ لای ئافرەتەکە و شەمشونیش لەوێ زەماوەندێکی ساز کرد، چونکە ئەمە نەریتی زاوا بوو.
- 11جا کاتێک بینییان سی هاوڕێیان هێنا و لەگەڵیدا بوون.
- 12ئینجا شەمشون پێی گوتن: «مەتەڵێکتان پێ دەڵێم ئەگەر لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا هەڵتانهێنا و دۆزیتانەوە سی کراسی کەتان و سی قات جلتان پێدەدەم،
- 13بەڵام ئەگەر بۆتان هەڵنەهێنام ئەوا ئێوە سی کراسی کەتان و سی قات جل بە من دەدەن.»
- ئەوانیش گوتیان: «مەتەڵەکەت بڵێ با گوێمان لێی بێت.»
- 14ئەویش وەڵامی دانەوە:
- «لە بخۆر، خواردن هاتە دەرەوە،
- لە بەهێزیش، شیرینی.»
- ئەوانیش لە سێ ڕۆژدا نەیانتوانی مەتەڵەکە هەڵبهێنن.
- 15لە ڕۆژی چوارەمدا بە ژنەکەی شەمشونیان گوت: «مێردەکەت فریو بدە بۆ ئەوەی مەتەڵەکەمان پێ بڵێت، ئەگینا خۆت و ماڵی باوکت بە ئاگر دەسووتێنین. داوەتتان کردووین بۆ ئەوەی ڕووتمان بکەنەوە؟»
- 16ئینجا ژنەکەی شەمشون لەلای گریا و گوتی: «تۆ ڕقت لێمە و منت خۆشناوێت. مەتەڵێکت بە نەوەی گەلەکەم گوتووە و وەڵامەکەت بە من نەگوتووە.»
- ئەویش پێی گوت: «تەنانەت بۆ دایک و باوکمم ڕوون نەکردووەتەوە، ئیتر چۆن بۆ تۆی ڕوون بکەمەوە؟»
- 17بەو شێوەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا لەلای گریا و ئینجا ئەویش لە ڕۆژی حەوتەم پێی گوت، چونکە تەنگی پێهەڵچنی و ئەویش مەتەڵەکەی بۆ نەوەی گەلەکەی ئاشکرا کرد.
- 18جا پیاوانی شارۆچکەکە لە ڕۆژی حەوتەم بەر لە ئاوابوونی خۆر پێیان گوت:
- «چ شتێک لە هەنگوین شیرینترە و
- لە شێر بەهێزترە؟»
- ئەویش پێی گوتن:
- «ئەگەر بە گوێرەکەکەم نەتاندەکێڵا،
- مەتەڵەکەمتان هەڵنەدەهێنا.»
- 19ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و بەرەو خوار چوو بۆ ئەسقەلان و سی پیاوی لێ کوشتن و تاڵانییەکەیانی برد و جلەکانی ئەوانی دایە ئاشکراکەرانی مەتەڵەکە. پاشان زۆر تووڕە بوو و چووەوە ماڵی باوکی.
- 20ژنەکەی شەمشونیش بوو بە ژنی ئەو هاوڕێیەی کە لە زەماوەندەکەیدا لەگەڵی بوو.
دادوهران ١٥
- 1ئینجا پاش ماوەیەک لە کاتی دروێنەی گەنمدا شەمشون ژنەکەی بە کارەبزنێک بەسەرکردەوە و گوتی: «دەچمە ژوورەوە بۆ لای ژنەکەم لە ژوورەکەی خۆی.» بەڵام باوکی ژنەکەی نەیهێشت بچێتە ژوورەوە.
- 2باوکی گوتی: «لە ڕاستیدا من وا بیرم کردەوە کە تۆ ڕقت لێی بووەتەوە، بۆیە دام بە هاوڕێکەت. ئایا خوشکە بچووکەکەی لەو جوانتر نییە؟ با لە جیاتی ئەو بۆ تۆ بێت.»
- 3شەمشونیش پێی گوتن: «ئێستا من بێتاوانم ئەگەر خراپە بەسەر فەلەستییەکان بهێنم.»
- 4ئینجا شەمشون چووە ڕاو و سێ سەد ڕێوی ڕاوکرد، کلکی هەردوو ڕێوی پێکەوە بەستەوە و مەشخەڵێکی لە ناوەڕاستی هەردوو کلکەکان دانا.
- 5ئینجا ئاگری لە مەشخەڵەکان بەردا و ڕێویەکانی بەڕەڵا کردە ناو کێڵگەکانی فەلەستییەکانەوە، جا ئەوەی کۆکرابووەوە و ئەوەی چێنرابوو تەنانەت ڕەزەمێوەکان و ڕەزە زەیتوونەکانیشی سووتاند.
- 6فەلەستییەکانیش گوتیان: «کێ ئەمەی کرد؟» وەڵامیان دایەوە: «شەمشونی زاوای تیمنی، چونکە ژنەکەی لێسەندەوە و دایە هاوڕێکەی.»
- ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و ژنەکە و باوکیان سووتاند.
- 7شەمشونیش پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی ئەم کارەتان کرد، وازتان لێ ناهێنم هەتا تۆڵەتان لێ نەکەمەوە.»
- 8ئینجا بە توندی لێیدان و زۆر کەسی لێیان کوشت، پاشان بەرەو خوار چوو و لەناو ئەشکەوتێک لە تاشەبەردی عێتام نیشتەجێ بوو.
- 9ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و لە یەهودا چادریان هەڵدا و لە لەحی بڵاو بوونەوە.
- 10جا پیاوانی یەهودا گوتیان: «بۆچی هاتوونەتە سەرمان؟»
- ئەوانیش گوتیان: «بۆ ئەوەی شەمشون ببەستینەوە و ئەوەی پێ بکەین کە پێی کردین.»
- 11ئینجا سێ هەزار پیاو لە یەهودا بەرەو خوار چوون بۆ ئەشکەوتەکە لە تاشەبەردی عێتام و بە شەمشونیان گوت: «ئایا نازانیت فەلەستییەکان بەسەرماندا زاڵن؟ تۆ چیت پێکردین؟»
- ئەویش پێی گوتن: «چییان پێکردم، ئەوەم پێکردوون.»
- 12ئینجا پێیان گوت: «هاتووینە خوارەوە بۆ ئەوەی بتبەستینەوە و بتدەینە دەست فەلەستییەکان.»
- شەمشونیش پێی گوتن: «سوێندم بۆ بخۆن کە ئێوە نامکوژن.»
- 13ئەوانیش گوتیان: «نەخێر ناتکوژین، بەڵام دەتبەستینەوە و دەتدەینە دەستیان.» ئینجا بە دوو گوریسی نوێ بەستیانەوە و لە تاشەبەردەکەوە سەریان خست.
- 14کاتێک هات بۆ لەحی، فەلەستییەکان بە هاوارەوە بەرەو ڕووی چوون. ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و ئەو دوو گوریسەی بە بازوویەوە بوو وەک کەتانی سووتێنراویان لێهات و دەستی ئازاد بوو.
- 15ئینجا شەمشون شەویلاکێکی کەری دۆزییەوە کە هێشتا وشک نەببووەوە، هەڵیگرت و هەزار پیاوی بەوە کوشت.
- 16ئینجا شەمشون گوتی:
- «بە شەویلاکی کەرێک
- ئێوەم کردە کەرگەل،
- بە شەویلاکی کەرێک
- هەزار پیاوم کوشت.»
- 17کە لە قسەکردن بووەوە شەویلاکەکەی دەستی فڕێدا و ئەو شوێنەی بە ڕامەت لەحی ناو برد.
- 18پاشان زۆر تینووی بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «تۆ ئەم ڕزگارییە گەورەیەت دا بەدەست خزمەتکارەکەت و ئایا ئێستاش لە تینووێتیدا دەمرم و دەکەومە دەست خەتەنەنەکراوەکان؟»
- 19ئینجا خودا چاڵەکەی لەحییەی کردە دوو کەرت و ئاوی لێ هاتە دەرەوە. کاتێک شەمشون خواردیەوە ڕۆحی هاتەوە بەر و بووژایەوە، بۆیە بە کانی هەقۆرێ ناوبرا کە هەتا ئەمڕۆ لە لەحیدایە.
- 20جا شەمشون لە ڕۆژگاری فەلەستییەکاندا بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
دادوهران ١٦
- 1پاشان شەمشون چوو بۆ غەزە و لەوێ لەشفرۆشێکی بینی و چووە ژوورەوە بۆ لای.
- 2ئینجا بە غەزەییەکان گوترا: «شەمشون هاتووە بۆ ئێرە!» جا چواردەوری شوێنەکەیان گرت و بە درێژایی شەو لە نزیک دەروازەی شارەکەدا خۆیان بۆ مات کرد و گوتیان: «بەرەبەیان دەیکوژین.»
- 3شەمشونیش هەتا نیوەشەو پاڵکەوت و پاشان لە نیوەی شەودا هەستا و هەردوو لای دەروازەی شارەکە بە تەواوی لەگەڵ دوو کۆڵەکەکە و شمشیرەکەی دەرهێنا و خستنییە سەر شانی و بردنییە سەرەوە بۆ سەر چیاکەی بەرامبەر حەبرۆن.
- 4پاش ئەوە ئافرەتێکی لە دۆڵی سۆرێقدا خۆشویست کە ناوی دەلیلا بوو.
- 5ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان چوونە لای دەلیلا و پێیان گوت: «بزانە دەتوانیت فریوی بدەیت تاوەکو نهێنی هێزە مەزنەکەیت بۆ ئاشکرا بکات و چۆنیش دەتوانین بەسەریدا زاڵ بین بۆ ئەوەی پەلبەست و ملکەچی بکەین. دواتر هەریەک لە ئێمە هەزار و سەد شاقل زیوت پێدەدەین.»
- 6جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «پێم بڵێ نهێنی هێزە گەورەکەت چییە و بە چی دەبەسترێیتەوە هەتا ملکەچ بکرێیت؟»
- 7شەمشونیش پێی گوت: «ئەگەر بە حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوە بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»
- 8ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوەیان بۆ دەلیلا سەرخست و پێی بەستییەوە.
- 9کەسانی بۆسەکە لە ژوورەکە لەلای مابوونەوە، دەلیلا پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» شەمشونیش ژێیەکانی بڕی، وەک پچرانی پەت کاتێک لە ئاگر نزیک دەبێتەوە، جا نەزانرا نهێنی هێزەکەی چییە.
- 10جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «ئەوەتا گاڵتەت پێکردم و درۆت لەگەڵ کردم، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟»
- 11ئەویش پێی گوت: «ئەگەر بە گوریسی نوێی بەکارنەهاتوو بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»
- 12ئینجا دەلیلا چەند گوریسێکی نوێی هێنا و پێی بەستییەوە و پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» بۆسەکەش لە ژوورەکەدا لەلای مابووەوە، جا گوریسەکەی وەک دەزوو لە قۆڵی کردەوە.
- 13دەلیلاش بە شەمشونی گوت: «هەتا ئێستا گاڵتەم پێ دەکەیت و درۆم لەگەڵ دەکەیت، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟»
- ئەویش پێی گوت: «ئەگەر حەوت تیسک لە پرچم بە ڕایەڵی تەونێکەوە بچنیتەوە و لە تەختە دارێک گرێی بدەیت، ئەو کاتە بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» جا کاتێک خەوتبوو، دەلیلا حەوت تیسک لە پرچی بە ڕایەڵی تەونەکە چنییەوە و
- 14لە تەختە دارێک گرێی دا.
- جارێکی دیکە پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا لە خەوەکەی بەئاگا هات و تەختە دار و تەونەکە و ڕایەڵەکەی هەڵتەکاند.
- 15ئینجا پێی گوت: «چۆن دەڵێیت، ”تۆم خۆشدەوێ،“ و دڵیشت لەگەڵمدا نییە؟ ئەوەتا ئەمە سێ جارە گاڵتەم پێ دەکەیت و پێم ناڵێیت نهێنی هێزە گەورەکەت چییە.»
- 16جا لەبەر ئەوەی تەنگی پێهەڵچنی بوو و هەموو ڕۆژێک لێی دووبارە دەکردەوە، هەتا وەڕسی کردبوو.
- 17بۆیە هەموو دڵی خۆی بۆ کردەوە و پێی گوت: «گوێزان بەسەر سەرمدا نەهاتووە، چونکە لە سکی دایکمەوە بۆ خودا تەرخانکراوم. جا ئەگەر سەرم بتاشرێت هێزەکەم لێم دەڕوات و لاواز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»
- 18جا دەلیلا کە بینی هەموو ئەوەی لە دڵیدایە پێی گوت، حوکمڕانە فەلەستییەکانی بانگکرد و گوتی: «ئەم جارە سەربکەون، چونکە هەموو ئەوەی کە لە دڵیدا بوو پێی گوتم.» ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتنە سەرەوە بۆ لای و زیوەکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد.
- 19ئینجا لەسەر ڕانی خەواندی و پیاوێکی بانگکرد و هەر حەوت تیسکەکەی سەری تاشی و دەستی بە زەلیلی کرد و هێزەکەی لە دەست دا.
- 20ئینجا گوتی: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!»
- جا ئەویش لە خەو خەبەری بووەوە و گوتی: «وەک هەموو جارێک دەچمە دەرەوە و خۆم ڕادەتەکێنم و ئازاد دەبم.» بەڵام نەیزانی یەزدان بەجێی هێشتووە.
- 21جا فەلەستییەکان گرتیان و چاویان هەڵکۆڵی و بردیانە خوارەوە بۆ غەزە و بە زنجیری بڕۆنز بەستیانەوە و لە زینداندا ئیشی دەستاڕی دەکرد.
- 22بەڵام مووی سەری دەستی بە هاتنەوە کرد پاش ئەوەی تاشرابوو.
- 23حوکمڕانە فەلەستییەکانیش کۆبوونەوە بۆ ئەوەی قوربانییەکی گەورە بۆ داگۆنی خوداوەندیان سەر ببڕن و ئاهەنگ بگێڕن و گوتیان: «خوداوەندەکەمان شەمشونی دوژمنمانی داوەتە دەستمان.»
- 24جا گەل کە شەمشونیان بینی ستایشی خوداوەندەکەیان کرد، چونکە گوتیان:
- «خوداوەندەکەمان ئەو دوژمنەمانی
- دایە دەستمان
- کە خاکەکەی ئێمەی وێران کرد و
- زۆری لێ کوشتین.»
- 25پاش ئەوەی دڵیان خۆش بوو، گوتیان: «شەمشون بانگ بکەن هەتا جۆش و خرۆشمان پێبدات.» ئینجا شەمشونیان لە زیندانەوە بانگکرد و لەبەردەمیاندا نواندنی بۆ دەکردن.
- کاتێک لەنێوان کۆڵەکەکان ڕایانوەستاند،
- 26شەمشون بەو مێردمنداڵەی گوت کە دەستی گرتبوو: «لێمگەڕێ با دەست بدەمە کۆڵەکەکان کە پەرستگاکەی لەسەر ڕاوەستاوە هەتا خۆمیان پێوە بگرم.»
- 27پەرستگاکەش پڕ بوو لە پیاو و ئافرەت و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیش لەوێ بوون، لە سەربانەکەش سێ هەزار پیاو و ئافرەتی لێبوو، تەماشای شەمشونیان دەکرد نواندنی بۆ دەکردن.
- 28جا شەمشون هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە بە بیری خۆتم بهێنەرەوە، تکایە بەهێزم بکە، تەنها ئەم جارە ئەی خودایە، بۆ ئەوەی بە یەک جار تۆڵەی چاوم لە فەلەستییەکان بکەمەوە.»
- 29ئینجا شەمشون دوو کۆڵەکەکەی ناوەندی گرت کە پەرستگاکە لەسەریان ڕاوەستابوو و خۆی پێیانەوە گرت، یەکێکیان لەلای دەستە ڕاستی و ئەوی دیکەیان لەلای دەستە چەپی.
- 30ئینجا شەمشون گوتی: «با لەگەڵ فەلەستییەکاندا بمرم!» جا بە هەموو هێزی چەمایەوە و پەرستگاکە بەسەر حوکمڕانەکان و هەموو ئەو خەڵکەی تێیدا بوون ڕووخا، جا ئەوانەی لە کاتی مردنیدا کوشتنی زیاتر بوون لەوانەی لە ژیانیدا کوشتنی.
- 31ئینجا براکانی و هەموو ماڵی باوکی دابەزین و هەڵیانگرت و بردیانە سەرەوە، لەنێوان چۆرعا و ئەشتائۆل لەناو گۆڕی مانۆوەحی باوکی ناشتیان. ئەویش بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.