
Season 36 · Episode 26
ئیشایا ٢٩: ٦ - ٣١: ٩
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
February 16, 202518m 43s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئیشایا ٢٩: ٦ - ٣١: ٩
- 6لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت
- بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی بەرزەوە،
- بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە.
- 7وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت،
- ئاپۆرەی هەموو نەتەوە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل،
- هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی
- لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی،
- 8وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات،
- بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە،
- وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە،
- بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات،
- ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی
- لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن.
- 9بحەپەسێن و سەرسام بن!
- خۆتان کوێر بکەن و کوێربن!
- بەبێ شەراب ئێوە مەستن،
- بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن.
- 10یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە،
- بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن،
- هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە.
- 11جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.»
- 12یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.»
- 13جا پەروەردگار دەفەرموێت:
- «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە هەر بە دەم نزیک دەبنەوە و
- بە لێوەکانیان ڕێزم لێ دەگرن،
- بەڵام دڵیان لێم دوورە،
- پەرستنیان بۆ من
- تەنها فێرکردن و ڕاسپاردەی خەڵکە.
- 14لەبەر ئەوە ئەوەتا من جارێکی دیکە
- کاری سەیر و سەمەرە بەم گەلە دەکەم،
- دانایی داناکانی لەناودەبەم و
- تێگەیشتنی تێگەیشتووانی ون دەبێت.»
- 15قوڕبەسەر ئەوانەی دەچنە قووڵاییەوە
- بۆ ئەوەی پیلانەکانیان لە یەزدان بشارنەوە،
- کارەکانیان لە تاریکی دەبێت و
- دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟ کێ دەمانناسێت؟»
- 16ئای لە هاڵاوگێڕیتان،
- ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک
- تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت:
- «تۆ دروستت نەکردم»؟
- یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت:
- «تێناگەیت»؟
- 17ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و
- باخیش بە دارستان دانانرێت؟
- 18جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و
- لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا
- چاوی نابیناکان دەبینن.
- 19زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت،
- نەدارانیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن.
- 20زۆردار لەناودەچێت و
- گاڵتەجاڕ نەمێنێت و
- هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری دەبڕێنەوە.
- 21ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و
- لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و
- بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن.
- 22لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت:
- «ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و
- ئێستا ڕوو زەرد نابێت.
- 23کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم
- لەنێویاندا دەبینن،
- وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن،
- دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا دەنێن،
- لە خودای ئیسرائیل دەترسن.
- 24ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و
- بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.»
ئیشایا ٣٠
- 1یەزدان دەفەرموێت:
- «قوڕبەسەر کوڕانی کەللەڕەق،
- پلانێک جێبەجێ دەکەن کە هی من نییە،
- داڕێژراوێک دادەڕێژن کە لە ڕۆحی منەوە نییە
- بۆ ئەوەی گوناه لەسەر گوناه زیاد بکەن.
- 2دەڕۆن هەتا بەرەو میسر شۆڕ بنەوە
- بێ ئەوەی پرس بە من بکەن،
- هەتا پەنا بدەنە پاڵ قەڵای فیرعەون،
- لە سایەی میسر پەناگیر بن.
- 3بەڵام قەڵای فیرعەون بۆتان دەبێت بە ڕیسوایی و
- پەناگیریشتان لە سایەی میسر بە شەرمەزاری.
- 4هەرچەندە میرەکانی وا لە چۆعەنن،
- نێردراوەکانی گەیشتنە شاری حانێس،
- 5بەڵام هەموو شەرمەزار دەبن
- لە گەلێک کە بێ سوودە بۆیان،
- بۆ یارمەتیدان نییە و بۆ سوود بەخشین نییە،
- چونکە بۆ ڕیسوایی و بۆ شورەییە.»
- 6سروشێک سەبارەت بە ئاژەڵەکانی نەقەب:
- لە خاکی تەنگانە و ناخۆشیدا،
- ئەوەی شێرە مێ و شێری لێوە دێت،
- مار و ماری ژەهراوی باڵدار،
- سامانەکانیان لەسەر شانی گوێدرێژ بار دەکەن،
- لەسەر پشتی وشتریش گەنجینەکانیان
- بۆ لای گەلێک کە سوود نابەخشن،
- 7چونکە پووچ و بەفیڕۆدانە یارمەتییەکەی میسر.
- لەبەر ئەوە ناوم لەمە نا:
- «ڕەهەڤ ئەوەی هیچ ناکات».
- 8ئێستا وەرە لەلایان لەسەر تەختەیەک بینووسە و
- لە تۆمارێک نەخشی بکە،
- هەتا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت بە
- شایەتێک بۆ هەتاهەتایە.
- 9ئەوان گەلێکی یاخین، کوڕانی درۆزنن،
- ئەو کوڕانەی نەیانویست گوێ لە فێرکردنی یەزدان بگرن.
- 10بە پێشبینیکەر دەڵێن:
- «پێشبینی مەکە!»
- بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن:
- «پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە!
- قسەی لووسمان بۆ بکە،
- خەونی تەفرەدەر ببینە!
- 11لە ڕێگا لابدەن،
- ڕێچکە بەر بدەن،
- چیتر ڕووبەڕوومان مەکەنەوە
- لەگەڵ داواکارییەکانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!»
- 12لەبەر ئەوە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:
- «ئەم پەیامەتان ڕەتکردەوە و
- متمانەتان بە زۆرداری و خواروخێچی کرد و
- پشتتان پێیان بەست،
- 13لەبەر ئەوە ئەم تاوانەتان وەک
- دیوارێکی ناڕێک و بەرز درزی تێکەوتبێت،
- ئەوەی لەناکاو و دەستبەجێ دادەڕووخێت.
- 14وەک شکانی گۆزەی گۆزەکەران دەشکێت
- بێ بەزەییانە وردوخاش دەکرێت،
- لەناو پارچە وردوخاشکراوەکانی
- پارچەیەک نابێت بۆ هەڵگرتنی ئاگر لە ئاگردانەوە
- یان بۆ ئاو دەرهێنان لە ئەمباراوەوە.»
- 15یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:
- «بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت،
- پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت،
- بەڵام نەتانویست،
- 16گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“
- لەبەر ئەوە هەڵدێن!
- گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“
- لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن!
- 17لە ڕووی نەڕەی یەک کەس
- هەزار کەس هەڵدێت،
- لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس
- هەمووتان هەڵدێن،
- هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و
- وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.»
- 18بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت،
- لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە،
- چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە.
- خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن!
- 19ئەی گەلی سییۆن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت.
- 20هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن.
- 21کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە، پێیدا بڕۆن.»
- 22پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!»
- 23ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن.
- 24گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت.
- 25جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون.
- 26جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات.
- 27ئەوەتا ناوی یەزدان لە دوورەوە هات،
- تووڕەییەکەی گڕی گرتووە و بارەکەی قورسە.
- لێوەکانی پڕن لە هەڵچوون و
- زمانی وەک ئاگرێکی لووشدەرە.
- 28هەناسەی وەک ڕووبارێکی هەستاوە
- دەگات بە گەردن،
- بۆ لەبێژنگدانی نەتەوەکان
- بە بێژنگی لەناوچوون و
- لغاوی گومڕابوونیش لەدەم گەلانە.
- 29گۆرانییەکتان بۆ دەبێت
- وەک شەوی تەرخانکردنی جەژن،
- خۆشی دڵیش
- وەک ئەوەی بەدەم بلوێرەوە بڕوات
- هەتا بێت بۆ کێوی یەزدان،
- بۆ تاشەبەردەکەی ئیسرائیل.
- 30یەزدان وا دەکات دەنگی مەزنی ببیسترێت و
- دابەزینی بازووی ببینرێت
- بە هەڵچوونی تووڕەیی و گڕی ئاگری لووشدەر،
- بە ڕەشەبا و لێزمەی باران و تەرزەوە.
- 31ئاشور لە دەنگی یەزدان لەرز دەیگرێت،
- بە داردەست لێدەدات.
- 32جا هەموو لێدانێکی گۆچانی دادوەری،
- ئەوەی یەزدان بەسەریدا دەهێنێت،
- بە دەف و قیسارەوە دەبێت و
- بە ڕاوەشاندنی دەستی کە دەجەنگێت.
- 33چاڵی تۆفەت لەمێژە ڕێکخراوە،
- بۆ پاشا ئامادە کراوە،
- قووڵە، بەرینە،
- کەڵەکە کراوەکەی ئاگرە و داری زۆرە.
- هەناسەی یەزدان
- وەک ڕووباری گۆگردە
- گڕی تێبەردەدات.
ئیشایا ٣١
- 1قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی،
- پشت بە ئەسپ دەبەستن،
- متمانە بە زۆری گالیسکە و
- هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن،
- بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و
- داوای یارمەتییان لە یەزدان نەکرد.
- 2ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت،
- لە وشەی خۆی با ناداتەوە.
- هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و
- بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران.
- 3بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا،
- ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح.
- کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات،
- یارمەتیدەر ساتمە دەکات و
- یارمەتیدراو دەکەوێت،
- هەموو پێکەوە لەناودەچن.
- 4ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:
- «وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت
- بەسەر نێچیرەکەیەوە،
- ئەوەی کۆمەڵە شوان
- هاواری لێ دەکەن،
- لە دەنگیان ناترسێت و
- لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت،
- ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت
- بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی.
- 5وەک باڵندە فڕیوەکان،
- ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات،
- پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت،
- بەسەریدا تێدەپەڕێت و دەربازی دەکات.»
- 6ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە بۆ لای ئەوەی کە بە توندی لێی هەڵگەڕانەوە،
- 7چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.
- 8«ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا،
- شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات.
- جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و
- گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن.
- 9قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت،
- میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،»
- یەزدان دەفەرموێت،
- ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و
- تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم.