PLAY PODCASTS
ئه‌یوب ١:٩-٢٢:١٠
Season 27 · Episode 8

ئه‌یوب ١:٩-٢٢:١٠

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

June 30, 202420m 16s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئه‌یوب ١:٩-٢٢:١٠

  • 1ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
  • 2«ڕاستە، دەزانم کە وایە.
  • جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟
  • 3ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات،
  • ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە.
  • 4خودا داناییەکی فراوان و توانایەکی زۆری هەیە.
  • کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟
  • 5هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن،
  • ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات.
  • 6زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات،
  • جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە.
  • 7فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت،
  • بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە.
  • 8خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە،
  • بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە.
  • 9دروستکەری کەلووەکانی ورچ و ڕاوچی و
  • حەوتەوانە و ئەو کەلووانەیە کە لە باشووری زەوی دەبینرێن.
  • 10کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن،
  • هێندە پەرجوو کە لە ژماردن نایەن.
  • 11کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم،
  • کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم!
  • 12ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟
  • کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
  • 13خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە،
  • یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ لە ژێریدا دەچەمێنەوە.
  • 14«ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و
  • چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟
  • 15ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە،
  • بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم.
  • 16ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە،
  • باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات،
  • 17بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و
  • بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات.
  • 18ناهێڵێت هەناسە بدەم،
  • بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات.
  • 19ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە!
  • ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟
  • 20ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات،
  • ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم.
  • 21«هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم،
  • بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛
  • ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە.
  • 22”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“
  • لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن،
  • 23ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت،
  • بە نائومێدیی بێتاوان پێدەکەنێت.
  • 24کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە،
  • ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دەدات،
  • ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟
  • 25«ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات،
  • گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم.
  • 26وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت
  • هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی.
  • 27ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و
  • واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“
  • 28لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم،
  • چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت.
  • 29من تاوانبار دەکرێم،
  • ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟
  • 30ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و
  • دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە،
  • 31لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت،
  • تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە.
  • 32«ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و
  • لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە.
  • 33خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو،
  • دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا،
  • 34تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و
  • ترسەکەی نەمتۆقێنێت.
  • 35ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام،
  • چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.»

ئه‌یوب ١٠

  • 1«لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە،
  • بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم،
  • بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.
  • 2بە خودا دەڵێم: بڕیاری تاوانباریم بەسەردا مەسەپێنە!
  • تێمبگەیەنە بۆچی دادگاییم دەکەیت.
  • 3ئایا بەلاتەوە باشە ستەم بکەیت،
  • ئەوەی بە دەستی خۆت دروستت کرد، زەلیلی بکەیت؟
  • بە پیلانی بەدکاران پێبکەنیت؟
  • 4ئایا چاوی گۆشتیت هەیە؟
  • ئایا وەک چاوی مرۆڤ دەبینیت؟
  • 5ئایا ڕۆژگارت وەک ڕۆژگاری مرۆڤە،
  • یان تەمەنت وەک تەمەنی ئێمە دیاریکراوە؟
  • 6بۆچی بەدوای تاوانمدا دەگەڕێیت و
  • چاو بۆ گوناهم دەگێڕیت؟
  • 7هەرچەندە تۆ دەزانیت کە من تاوانبار نیم و
  • کەسیش نییە لە دەستی تۆ فریام بکەوێت.
  • 8«دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم،
  • ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟
  • 9لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا،
  • ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟
  • 10ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند و
  • وەک پەنیر منت نەمەیاند؟
  • 11بە پێست و گۆشت منت پۆشی و
  • بە ئێسک و ماسوولکە منت چنی.
  • 12ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم،
  • چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.
  • 13«بەڵام ئەمەت لە دڵی خۆتدا شاردەوە،
  • من زانیم کە چیت لە دڵدایە.
  • 14ئەگەر گوناه بکەم، چاودێریم دەکەیت و
  • لە تاوانەکەم بێبەریم ناکەیت.
  • 15ئەگەر تاوانبار بم، قوڕبەسەرم!
  • ئەگەر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوە بکەم،
  • چونکە من تێرم لە شەرمەزاری و
  • زەلیلی خۆم بینی.
  • 16ئەگەر سەرم بەرز بکەمەوە وەک شێر ڕاوم دەکەیت،
  • دەگەڕێیتەوە و سامی خۆتم نیشان دەدەیت.
  • 17شایەتەکانت لە دژم نوێ دەکەیتەوە و
  • تووڕەیی خۆتم لەسەر زیاد دەکەیت و
  • یەک لەدوای یەک هێزەکانت دەنێریتە سەرم.
  • 18«ئیتر بۆچی لە سکی دایکمەوە دەرتهێنام؟
  • خۆزگە بفەوتامایە و ئەو کاتە هیچ چاوێکیش نەیدەبینیم.
  • 19وەک ئەوەی نەبووبم، وا دەبوو،
  • لە سکی دایکمەوە بۆ گۆڕ دەبردرام.
  • 20ئایا ڕۆژگارم کەم نییە؟
  • بەرمدە! وازم لێ بهێنە! با تاوێک زەردەخەنە بێتە سەر لێوم،
  • 21پێش ئەوەی بڕۆم و ئیتر نەگەڕێمەوە،
  • بۆ خاکی تەمومژ و سێبەری مەرگ،
  • 22خاکی تاریکی، وەک شەوەزەنگ،
  • سێبەری مەرگ و ناڕێکی،
  • خۆرهەڵاتنیشی وەک شەوەزەنگە.»