
Season 21 · Episode 5
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٧: ١٥ - ٩: ٣١
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
March 29, 202421m 44s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٧: ١٥ - ٩: ٣١
- 15ئێستاش چاوەکانم کراوە دەبن و گوێیەکانیشم شل دەبن بۆ نوێژکردن لەم شوێنەدا.
- 16ئێستاش ئەم پەرستگایەم هەڵبژاردووە و پیرۆزم کردووە بۆ ئەوەی هەتاهەتایە ناوی منی تێدابێت و دڵ و چاوم هەمیشە لەوێ دەبن.
- 17«تۆش ئەگەر بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەیت وەک ئەوەی داودی باوکت کردی، هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت،
- 18ئەوا تەختی پاشایەتییەکەت جێگیر دەکەم، هەروەک چۆن پەیمانم لەگەڵ داودی باوکت بەست و فەرمووم: ”پیاو لە تۆ نابڕێت بۆ فەرمانڕەوایەتیکردنی ئیسرائیل.“
- 19«بەڵام ئەگەر لاتان دا و وازتان لە فەرز و فەرمانەکانم هێنا کە پێم داون، چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن،
- 20ئەوا لە خاکەکەم ڕیشەکێشتان دەکەم کە پێم داون و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم و دەیکەمە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی لەنێو هەموو گەلان.
- 21ئەم پەرستگا پایەبەرزەش، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و دەڵێت: ”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“
- 22ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێناوە، ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە و کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە، لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“»
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٨
- 1لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بنیاد دەنا،
- 2سلێمان ئەو گوندانەی بنیاد نایەوە کە حیرامی پاشا پێیدا و نەوەی ئیسرائیلی تێیاندا نیشتەجێ کرد.
- 3ئینجا سلێمان چوو بۆ حەمات چۆڤا و گرتی.
- 4هەروەها تەدمۆری لە چۆڵەوانیدا ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو ئەو کۆگایانەی کە لە حەماتدا بنیادی نابوون.
- 5ئینجا بێتحۆرۆنی سەروو و بێتحۆرۆنی خوارووی بنیاد نایەوە و کردنی بە شاری قەڵابەند بە شوورا و دەروازە و شمشیرە.
- 6شارۆچکەی بەعەلاتیشی ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو کۆگاکانی سلێمان، هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لە لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت.
- 7هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی حیتی و ئەمۆری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون، کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون،
- 8پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل لەناویان نەبردبوون سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن، هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە.
- 9بەڵام سلێمان بۆ کارەکەی کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە، چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و ئەفسەری باڵا، ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون.
- 10ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانەی سلێمان پاشا بوون، دوو سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد.
- 11سلێمان کچەکەی فیرعەونی لە شاری داودەوە بردە ئەو کۆشکەی کە بۆی بنیاد نا، چونکە گوتی: «ژنی من لە کۆشکی داودی پاشای ئیسرائیل دانانیشێت، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانەی سندوقی یەزدانی چووەتە ناو شوێنی پیرۆزن.»
- 12ئینجا سلێمان قوربانی سووتاندنی بۆ یەزدان سەرخستە سەر ئەو قوربانگایەی یەزدان کە لەبەردەم هەیوانەکە بنیادی نا.
- 13قوربانی سووتاندنەکان هەریەکە و لە ڕۆژی خۆی، بەپێی فەرمانەکەی موسا، لە شەممەکان و سەرەمانگەکان و جەژنە دیاریکراوەکان، ساڵانە سێ جار، لە جەژنی فەتیرە و لە جەژنی هەفتەکان و لە جەژنی کەپرەشینە.
- 14ئینجا بەپێی بڕیاری داودی باوکی، سلێمان بەشی کاهینەکانی بەگوێرەی خزمەتەکانیان دیاری کرد، هەروەها لێڤییەکانی لەسەر ئەرکی خۆیان دانا بۆ ستایشکردن و یارمەتیدانی کاهینەکان، هەریەکە بەگوێرەی پێداویستییەکانی ڕۆژەکەی خۆی. دەرگاوانەکانیشی لە بەشەکانی خۆیان دانا لەسەر هەموو دەرگاکان، چونکە ئەمە فەرمانەکەی داودی پیاوی خودا بوو.
- 15لە فەرمانەکانی پاشا لایان نەدا کە سەبارەت بە کاری کاهین و لێڤییەکان درابوو، هەروەها بە کاری گەنجینەکانیش.
- 16بەم شێوەیە هەموو کارەکانی سلێمان ئامادە کرا، لە ڕۆژی بناغەدانانییەوە هەتا تەواوبوونی، ئیتر پەرستگای یەزدان تەواو بوو.
- 17ئینجا سلێمان چوو بۆ عەچیۆن گەڤەر و ئێلەت لەسەر کەناری دەریا لە خاکی ئەدۆم.
- 18حیرام بەدەستی ئەفسەرە کەشتیوانە شارەزاکانی لە دەریا چەند کەشتییەکی نارد، ئەوانیش لەگەڵ خزمەتکارەکانی سلێماندا چوونە ئۆفیر و لەوێوە چوار سەد و پەنجا تالنت زێڕیان هەڵگرت و بۆ سلێمانی پاشایان هێنا.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٩
- 1کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمانی بیست، هاتە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە. بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد.
- 2سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ سلێمان قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە.
- 3کاتێک شاژنی شەبا دانایی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو،
- 4هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکان و جلوبەرگەکانیان و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە سەرسام بوو.
- 5بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە.
- 6بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەی داناییە زۆرەکەی تۆم پێ ڕانەگەیەنراوە، زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم.
- 7خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن.
- 8ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەخت دایناویت ببیتە پاشا بۆ یەزدانی پەروەردگارت. خوداکەت لەبەر ئەوەی ئیسرائیلی خۆشویستووە و ویستی هەتاهەتایە جێگیری بکات، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.»
- 9ئینجا سەد و بیست تالنت زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد.
- 10هەروەها خزمەتکارەکانی حیرام و خزمەتکارەکانی سلێمان، ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هێنابوو، دار ئەلگوم و بەردی گرانبەهاشیان هێنابوو.
- 11پاشا لەو دار ئەلگومانە پێپلیکانەی بۆ پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان، وەک ئەو دارانە پێشتر لە خاکی یەهودا نەبینرابوون.
- 12سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەوەی پاشا پێیدا لە بەرامبەر ئەوەی بۆی هێنابوو. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.
- 13کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت زێڕ بوو،
- 14جگە لەو باجەی لە بازرگان و فرۆشیارەکانەوە وەردەگیرا. هەروەها هەموو پاشایانی عەرەبستان و فەرمانڕەوایانی خاکەکە زێڕ و زیویان بۆ سلێمان دەهێنا.
- 15سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل زێڕی کوتراو بۆ هەر قەڵغانێک.
- 16سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ سەد شاقل زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان.
- 17هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد.
- 18تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو لەگەڵ تەختەپێیەک، هەموویان پێکەوە بەسترابوون، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون.
- 19دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو.
- 20هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو.
- 21کەشتیگەلی پاشا لەگەڵ خزمەتکارەکانی حیرام دەڕۆیشتن و هەر سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا.
- 22سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی.
- 23هەموو پاشایانی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو.
- 24هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر.
- 25سلێمان چوار هەزار تەویلەی ئەسپ و گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپی هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان داینان، هەروەها هەندێکیان لەلای خۆی لە ئۆرشەلیم جێگیر کردن.
- 26بەسەر هەموو پاشاکاندا فەرمانڕەوایی دەکرد، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر.
- 27هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.
- 28ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و هەموو وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکران.
- 29ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر و لە پەیامەکەی ئاحییای شیلۆنی نووسراون، هەروەها لەو بینینانەش کە عیدۆ سەبارەت بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ڕایدەگەیاند.
- 30سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
- 31پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.