PLAY PODCASTS
ئیشایا ٤١: ٢١ - ٤٣: ٢٨
Season 36 · Episode 33

ئیشایا ٤١: ٢١ - ٤٣: ٢٨

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

February 23, 202520m 29s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئیشایا ٤١: ٢١ - ٤٣: ٢٨

  • 21یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.»
  • پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم.
  • 22بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن
  • ئەوەی ڕوودەدات.
  • ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن،
  • با مێشکمان بخەینە سەری و
  • بزانین کۆتاییەکەیان چییە.
  • یان داهاتوومان پێ بڵێن،
  • 23ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن
  • بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن،
  • هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە،
  • هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین.
  • 24بەڵام ئێوە هیچن و
  • کارەکانتان لە هیچ کەمترن،
  • قێزەونە ئەوەی ئێوە هەڵدەبژێرێت.
  • 25«لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات.
  • لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات،
  • بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا،
  • وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت.
  • 26کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین،
  • پێشوەخت، هەتا بڵێین: ”ڕاستودروستە؟“
  • بێگومان ڕاگەیەنەر نییە،
  • بێگومان بەگوێدادەر نییە،
  • بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە.
  • 27سەرەتا بە سییۆن: ”ئەوەتا ئەوان!“
  • بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا.
  • 28بینیم کەس نییە،
  • ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە
  • هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە.
  • 29تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن!
  • کارەکانیان هیچ نین،
  • بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن.

ئیشایا ٤٢

  • 1«ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم،
  • هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم،
  • ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
  • دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات.
  • 2هاوار ناکات و بانگ ناکات و
  • دەنگی لە شەقامەکان نابیسترێت.
  • 3قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت،
  • پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە.
  • بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات.
  • 4نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت
  • هەتا ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات.
  • دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.»
  • 5خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی،
  • ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت،
  • هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی،
  • ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن،
  • ئەمە دەفەرموێت:
  • 6«من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت،
  • جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم،
  • دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.
  • 7بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە،
  • بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت،
  • لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.
  • 8«من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و
  • شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و
  • ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.
  • 9ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی،
  • ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم،
  • پێش ئەوەی سەر دەربێنێت
  • من پێتانی دەڵێم.»
  • 10ئەی ئەوانەی دادەبەزنە ناو دەریا و هەموو ئەوانەی تێیدان،
  • دوورگەکان و دانیشتووانەکانیان،
  • گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
  • ستایشیشی لەوپەڕی زەوییەوە.
  • 11با چۆڵەوانی و شارۆچکەکانی دەنگ بەرز بکەنەوە،
  • گوندەکانی نشینگەی قێدار.
  • با دانیشتووانی سەلەع هاواری خۆشی بکەن،
  • لە ترۆپکی چیاکانەوە هاوار بکەن.
  • 12با شکۆمەندی بە یەزدان بدەن،
  • لە دوورگەکان ستایشی ڕابگەیەنن.
  • 13یەزدان وەک پاڵەوان دێتە دەرەوە،
  • وەک جەنگاوەر دڵگەرمی دەهەژێت،
  • هاوار دەکات و نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت،
  • بەسەر دوژمنانیدا سەردەکەوێت.
  • 14«زۆر دەمێکە کپ بووم،
  • بێدەنگ بووم و دانم بە خۆمدا گرت.
  • بەڵام ئێستا وەک ژنێک کە منداڵی ببێت دەقیژێنم،
  • هەناسە دەدەم و هەناسە هەڵدەکێشم پێکەوە.
  • 15چیا و گردەکان تێکدەدەم،
  • هەموو گیاوگوڵیان وشک دەکەم.
  • ڕووبار دەکەمە دوورگە و
  • گۆلاوەکان وشک دەکەم.
  • 16نابیناکان بە ڕێگایەکدا دەبەم شارەزای نەبن،
  • بە ڕێچکەیەکدا هاتوچۆیان پێ دەکەم کە نایزانن،
  • تاریکی لەبەردەمیاندا دەکەم بە ڕووناکی،
  • ڕێگا خوارەکانیش بە ڕاستە ڕێ.
  • ئەم شتانە دەکەم و
  • بەجێیان ناهێڵم.
  • 17بەڵام ئەوانەی پشت بە بتی داڕێژراو دەبەستن،
  • ئەوانەی بە پەیکەری داتاشراو دەڵێن، ”ئێوە خوداوەندی ئێمەن،“
  • بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و بە تەواوی شەرمەزار دەبن.
  • 18«ئەی کەڕەکان گوێ بگرن!
  • ئەی کوێرەکان سەیر بکەن بۆ ئەوەی ببینن!
  • 19کێ کوێرە تەنها بەندەکەم نەبێت،
  • یان کەڕە وەک نێردراوەکەم کە دەینێرم؟
  • کێ کوێرە وەک ئەوەی تەواوە و
  • کوێرە وەک بەندەی یەزدان؟
  • 20زۆرت بینیوە و سەرنجت نەداوە،
  • گوێیەکانت کراونەتەوە و نەتبیستووە.»
  • 21یەزدان دڵخۆشە لە پێناوی ڕاستودروستی خۆی،
  • فێرکردنەکانی خۆی بە گەورە دادەنێت و ڕێزی لێ دەگرێت.
  • 22بەڵام ئەو گەلێکی تاڵانکراو و ڕووتکراوەیە
  • هەموو کەوتوونەتە چاڵەوە،
  • لە بەندیخانەکان خۆیان شاردووەتەوە،
  • بوون بە تاڵانی و کەس فریایان نەکەوت،
  • ڕووتکرانەوە و کەس نەبوو بڵێت، «دەست بگێڕەوە!»
  • 23کێ لە ئێوە گوێ لەمە دەگرێت،
  • گوێ شل دەکات و هەتا کۆتایی دەبیستێت؟
  • 24کێ یاقوبی دایە دەست ڕووتکردنەوە و
  • ئیسرائیلیش بۆ تاڵانکاران؟
  • ئایا یەزدان نییە
  • کە گوناهمان دەرهەقی کرد و
  • نەیانویست ڕێگاکانی بگرنەبەر و
  • گوێیان لە فێرکردنەکانی نەگرت؟
  • 25ئیتر گڕی تووڕەیی خۆی بەسەردا ڕشتن،
  • بە جەنگێکی سەخت،
  • لە هەموو لایەکەوە گڕی تێبەردان، بەڵام پێیان نەزانی،
  • سووتاندنی، بەڵام نەچووە مێشکیانەوە.

ئیشایا ٤٣

  • 1ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
  • بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب،
  • شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل:
  • «مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە،
  • بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت.
  • 2کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام،
  • بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن.
  • بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت،
  • بڵێسەش ناتسووتێنێت،
  • 3چونکە من یەزدانم، خودای تۆم،
  • پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ.
  • میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ،
  • کوش و سەبا لە جێی تۆ.
  • 4لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام،
  • سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت،
  • لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم،
  • لە جیاتی گیانت نەتەوەکان.
  • 5مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام.
  • لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و
  • لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە.
  • 6بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و
  • بە باشووریش: ”مەیانگرە!“
  • کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و
  • کچانم لەوپەڕی زەوییەوە.
  • 7هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن،
  • بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون،
  • شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»
  • 8دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە،
  • کەڕە، بەڵام گوێی هەیە.
  • 9با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە،
  • با نەتەوەکان خڕ ببنەوە.
  • کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و
  • سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟
  • با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن،
  • یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.»
  • 10یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن،
  • بەندەی هەڵبژاردەم،
  • بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و
  • تێبگەن کە من ئەوم،
  • پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و
  • پاش منیش نابێت.
  • 11منم، منم یەزدان،
  • لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە.
  • 12من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند،
  • منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت.
  • ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 13«لەو ڕۆژەوە من ئەوم،
  • کەس لە دەستم دەرباز نابێت.
  • هەرچی بکەم، کێ ڕەتی دەکاتەوە؟»
  • بەزەیی خودا و بێوەفایی ئیسرائیل
  • 14یەزدان ئەوەی دەتانکڕێتەوە،
  • پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت:
  • «لە پێناوی ئێوە دەنێرم بۆ بابل و
  • هەموو هەڵاتووەکانی بەدەردەنێم،
  • بابلییەکانیش بەو کەشتییانەی کە هاواری شادییان تێدا کردبوون.
  • 15منم یەزدان، پیرۆزەکەتان،
  • بەدیهێنەری ئیسرائیل، پاشاکەتان.»
  • 16یەزدان، ئەوەی لەناو دەریا ڕێگای داناوە،
  • لەناو ئاوە بەهێزەکان ڕێچکە،
  • 17ئەوەی گالیسکە و ئەسپی دەرکرد،
  • سوپا و هێزی پێکەوە ڕاکێشا و هەڵنەستانەوە،
  • کپ بوون، وەک پڵیتەیەک کوژانەوە،
  • ئەو ئەمە دەفەرموێت:
  • 18«باسی سەرەتاکان مەکەن،
  • لە دێرینەکان ڕامەمێنن.
  • 19ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم!
  • ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟
  • لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و
  • لە بیابان ڕووبارەکان.
  • 20ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن،
  • چەقەڵ و کوندەپەپوو،
  • چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە،
  • ڕووبارەکان لە بیاباندا
  • بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم،
  • 21ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە
  • باسی ستایشم دەکەن.
  • 22«بەڵام نزاتان بۆ نەکردم، ئەی یاقوب،
  • لە پێناوی من کۆششتان نەکرد، ئەی ئیسرائیل.
  • 23بەرخی قوربانی سووتاندنەکەی خۆتت بۆ من نەهێنا،
  • بە قوربانییە سەربڕدراوەکانت ڕێزت لێ نەگرتم.
  • بە پێشکەشکراوی دانەوێڵە بارگرانم نەکردیت،
  • بە قوربانی بخوور ماندووم نەکردیت.
  • 24بە زیوەکەت قامیشی بۆنخۆشت بۆ نەکڕیم،
  • بە پیوی قوربانییە سەربڕدراوەکانت تێرت نەکردم،
  • بەڵکو بە گوناهەکانت بارگرانت کردم،
  • بە تاوانەکانت ماندووت کردم.
  • 25«منم، منم کە یاخیبوونەکانت دەسڕمەوە،
  • لە پێناو خۆم،
  • گوناهەکانیشت بەبیری خۆم ناهێنمەوە.
  • 26بەبیرم بخەرەوە،
  • با پێکەوە بکەوینە دادگاییکردن،
  • بە بەڵگە بێتاوانییەکەت بسەلمێنە.
  • 27باوکی یەکەمت گوناهی کرد و
  • پەیوەندی ڕێکخەرانت لێم یاخی بوون.
  • 28لەبەر ئەوە میرانی پیرۆزگا گڵاو دەکەم و
  • یاقوب دەدەمە قڕکردن و
  • ئیسرائیلیش بۆ جنێوپێدان.