
Season 39 · Episode 6
ئیرمیا ٧: ١ - ٩: ٢٦
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
April 6, 202517m 54s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئیرمیا ٧: ١ - ٩: ٢٦
- 1ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
- 2«لەناو دەروازەی ماڵی یەزدان بوەستە و لەوێ ئەم پەیامە ڕابگەیەنە و بڵێ:
- «”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی هەموو گەلی یەهودا، ئەوانەی لەم دەرگایە بۆ کڕنۆش بردن بۆ یەزدان دێنە ژوورەوە.
- 3یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ڕێگا و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و منیش لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم.
- 4پشت بەم قسە هەڵخەڵەتێنەرە مەبەستن، بڵێن: ’ئەمە پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە!‘
- 5چونکە ئەگەر بە تەواوی ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاککردەوە، ئەگەر لەنێو خۆتان بە تەواوی دادپەروەری پەیڕەو بکەن،
- 6ئەگەر ستەم لە نامۆ و هەتیو و بێوەژن نەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان نەڕێژن، ئەگەر دوای خوداکانی دیکە نەکەون کە بۆ خراپەی خۆتانە،
- 7ئەوا من لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم، لەو خاکەی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە بە باوباپیرانتانم داوە.
- 8بەڵام ئێوە پشتتان بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر بەستووە کە بێ سوودە.
- 9«”ئایا وا دەزانن دەتوانن بدزن، بکوژن، داوێنپیسی بکەن، سوێند بە درۆ بخۆن، بخوور بۆ بەعل بسووتێنن و دوای خوداکانی دیکە بکەون کە نایانناسن،
- 10ئینجا بێن و لەبەردەمم لەم ماڵە بوەستن کە ناوی منی هەڵگرتووە و بڵێن: ’ئێمە پارێزراوین.‘ ئایا پارێزراون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەم هەموو کارە قێزەونانە؟
- 11ئایا ئەم ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە، لەبەرچاوی ئێوە بووە بە ئەشکەوتی دزان؟ ئەوەتا خۆم بینیومە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 12«یەزدان دەفەرموێت: ”ئێستا بڕۆنە شوێنەکەم کە لە شیلۆیە، ئەوەی سەرەتا ناوی خۆمم لەوێ نیشتەجێ کرد، ببینن لەبەر خراپەی ئیسرائیلی گەلی خۆم چیم لێکردووە.
- 13ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێوە ئەم کردەوانەتان کردووە، من پێشوەخت چەند جارێک قسەم لەگەڵتان کرد، بەڵام گوێتان نەگرت. بانگم کردن، بەڵام وەڵامتان نەدایەوە.
- 14لەبەر ئەوە، چیم بە شیلۆم کرد، ئاوا بەو پەرستگایە دەکەم کە ناوی منی هەڵگرتووە کە ئێوە پشتتان پێی بەستووە، ئەو شوێنەی دامە ئێوە و باوباپیرانتان.
- 15لەبەردەمم دەرتاندەکەم، وەک چۆن براکانتانم دەرکرد، هەموو نەوەی ئەفرایم.“
- 16«تۆش نزا بۆ ئەم گەلە مەکە، لەبەر ئەوان نوێژ و نزا بەرز مەکەوە و لێم مەپاڕێوە، چونکە گوێت لێ ناگرم.
- 17ئایا نابینیت لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم چی دەکەن؟
- 18منداڵان دار کۆدەکەنەوە، باوکان ئاگر دەکەنەوە و ژنان هەویر دەشێلن، بۆ ئەوەی کولێرە بۆ شاژنی ئاسمان دروست بکەن. شەرابی پێشکەشکراو بۆ خوداکانی دیکە دەڕێژن بۆ ئەوەی پەستم بکەن.
- 19بەڵام ئایا ئەم پەستکردنە لە دژی منە؟ ئایا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بۆ شەرمەزاری ڕووی خۆیان؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 20«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا تووڕەیی و هەڵچوونی من بەسەر ئەم شوێنەدا هەڵدەڕژێت، بەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و درەختی کێڵگە و بەروبوومی زەوی، گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.
- 21«”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: قوربانی سووتاندنەکانتان بخەنە سەر قوربانییە سەربڕدراوەکانتان و فەرموون گۆشت بخۆن،
- 22چونکە کاتێک لە خاکی میسرەوە باوباپیرانی ئێوەم دەرهێنا لەگەڵیان دوام، تەنها سەبارەت بە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو فەرمانم پێ نەکردن،
- 23بەڵکو فەرمانی ئەم شتەم پێ کردن و فەرمووم: ’گوێم لێ بگرن، من دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من، بە هەموو ئەو ڕێگایەدا دەڕۆن کە فەرمانتان پێ دەکەم بۆ ئەوەی بۆتان چاک بێت.‘
- 24بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان شل نەکرد، بەڵکو بە ڕاوێژ و کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆیان ڕێگایان گرتەبەر، جا دواکەوتن و پێش نەکەوتن.
- 25لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانتان خاکی میسریان بەجێهێشت هەتا ئەمڕۆ، من بەردەوام یەک لەدوای یەک بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردوون.
- 26بەڵام گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد و کەللەڕەقییان کرد، لە باوباپیرانیان زیاتر خراپەیان کرد.“
- 27«جا تۆش بە هەموو ئەم پەیامە لەگەڵیان دەدوێیت، گوێت لێ ناگرن، بانگیان دەکەیت، وەڵامت نادەنەوە.
- 28لەبەر ئەوە پێیان دەڵێیت: ”ئەمە ئەو نەتەوەیەیە کە گوێیان لە یەزدانی پەروەردگاریان نەگرت و تەمبێ نەبوون، ڕاستی نەماوە، لە دەمیان بڕاوەتەوە.
- 29قژت ببڕە و فڕێیبدە، لەسەر گردۆڵکەکان شیوەن بگێڕە، چونکە یەزدان ڕەتی کردووەتەوە و وازی لەم نەوەیە هێناوە کە تووڕەییەکەی لەسەریەتی.“
- 30«یەزدان دەفەرموێت: ”نەوەی یەهودا لەبەرچاوم خراپەیان کردووە، بتە قێزەونەکانیان لەناو ئەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە، بەمە گڵاوییان کرد.
- 31هەروەها نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکانی تۆفەت بنیاد ناوە، ئەوەی لە دۆڵی بەنهینۆمە بۆ سووتاندنی کوڕەکانیان و کچەکانیان بە ئاگر کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو.
- 32یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە، ئاگاداربن! سەردەمێک دێت ئیتر پێی ناگوترێ تۆفەت یان دۆڵی بەنهینۆم، بەڵکو دۆڵی کوشتن، چونکە لە تۆفەت دەنێژرێن هەتا شوێنی نامێنێت.
- 33تەرمی ئەم گەلە دەبێتە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی، کەسیش نییە بیانڕەوێنێتەوە.
- 34دەنگی شادی و دەنگی خۆشی، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ناهێڵم، چونکە خاکەکە وێران دەبێت.“
ئیرمیا ٨
- 1«یەزدان دەفەرموێت: ”لەو کاتەدا، ئێسکی پاشا و پیاوە گەورەکانی یەهودا، ئێسکی کاهین و پێغەمبەران، ئێسکی دانیشتووانی ئۆرشەلیم لە گۆڕەکانیان دەردەهێنن.
- 2بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە.
- 3هەموو ئەوانەی لەم نەتەوە بەدکارە ماونەتەوە، لە هەر شوێنێک کە دەرمکردن بۆی، مردنیان پێ لە ژیان چاکتر دەبێت. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.“
- 4«پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟
- یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟
- 5بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟
- بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟
- دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە،
- ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە.
- 6بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد،
- بەڵام ڕاستی ناڵێن.
- کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و
- بڵێت: ’چیم کرد؟‘
- هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی،
- وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ.
- 7تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان
- کاتی خۆی دەزانێت،
- کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش
- کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن،
- بەڵام گەلەکەی من نازانن
- یەزدان داوای چییان لێ دەکات.
- 8«”ئێوە چۆن دەڵێن: ’ئێمە داناین،
- چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘
- لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات
- بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟
- 9داناکان ڕیسوا دەبن،
- دەتۆقن و پێوە دەبن.
- ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە،
- ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟
- 10لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە،
- کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن،
- چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە
- هەموو پەرۆشی قازانجن،
- لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین
- هەموو ساختە دەکەن.
- 11برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
- دەڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘
- بەڵام ئاشتی نییە.
- 12ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
- نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
- هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
- لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
- لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 13یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم،
- نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت،
- نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە،
- گەڵاکانیش سیس دەبن.
- ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“»
- 14«ئێمە بۆچی دانیشتووین؟
- با کۆببینەوە!
- با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان و
- لەوێ لەناوبچین!
- یەزدانی پەروەردگارمان بڕیاری لەناوچوونی ئێمەی داوە،
- ئاوی ژەهراویمان دەرخوارد دەدات،
- لەبەر ئەوەی لە دژی یەزدان گوناهمان کرد.
- 15چاوەڕێی ئاشتی بووین،
- بەڵام چاکە نەبوو.
- چاوەڕێی کاتی چاکبوونەوە بووین،
- بەڵام ئەوەتا تۆقین.
- 16پڕمەی ئەسپەکانی ئەو
- لە دانەوە دەبیسترێت،
- لە دەنگی حیلەی ئەسپە بەهێزەکانی
- هەموو زەوی دەلەرزێت،
- جا هاتن بۆ ئەوەی بخۆن،
- زەوی و هەرچی تێیدایە،
- شار و دانیشتووانەکەی.»
- 17«ئاگاداربن، ماری ژەهراوی دەنێرمە سەرتان،
- کە نوشتەیان لێ ناکرێت،
- ئینجا پێتانەوە دەدەن.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 18ئەی خودایە، تۆ دڵنەوایی خەمی منیت،
- دڵم دەردەدارە.
- 19ئەوەتا دەنگی هانای گەلەکەم
- لە خاکێکی دوورەوە دێت:
- «ئایا یەزدان لە سییۆن نییە؟
- یان پاشاکەی تێیدا نییە؟»
- «بۆچی بە پەیکەرە داتاشراوەکانیان پەستیان کردم،
- بە بتە هیچوپووچە بێگانەکان؟»
- 20«دروێنە تێپەڕی،
- هاوین تەواو بوو،
- ئێمەش ڕزگارمان نەبوو.»
- 21لەبەر وردوخاشبوونی گەلەکەم وردوخاش بووم،
- خەمبارم، تۆقین دەستی بەسەردا گرتووم.
- 22ئایا لە گلعاد هەتووان نییە؟
- ئایا پزیشک لەوێ نییە؟
- ئیتر بۆچی برینی گەلەکەم
- ساڕێژ نابێت؟
ئیرمیا ٩
- 1خۆزگە سەرم گۆمی ئاو بووایە و
- چاوەکانم جۆگەی فرمێسک،
- جا شەو و ڕۆژ دەگریام
- بۆ کوژراوەکانی گەلەکەم.
- 2خۆزگە دیوەخانێکم لە چۆڵەوانی هەبووایە،
- جا وازم لە گەلەکەم دەهێنا و لەلای دەڕۆیشتم،
- چونکە ئەوان هەموو داوێنپیسن و
- کۆمەڵی ناپاکانن.
- 3«زمانیان ئامادە دەکەن
- وەک کەوانێک بۆ هاویشتنی درۆ،
- بەسەر خاکەکەدا زاڵ بوون،
- بەڵام بە ڕێگای ڕاستی نەبوو،
- چونکە لە خراپەیەکەوە دەچنە خراپەیەکی دیکە،
- بەڵام دان بە مندا نانێن.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 4«با هەریەکە وریای خۆی بێت لە برادەرەکەی،
- پشت بە هیچ برایەک مەبەستن،
- چونکە هەموو برایەک وەک یاقوب هەڵخەڵەتێنەرە و
- هەموو برادەرێک بوختانکەرە.
- 5هەرکەسە و برادەری خۆی فریودەدات،
- کەس بە ڕاستی نادوێت.
- زمانی خۆیان بە درۆ ڕاهێناوە،
- خۆیان لە خراپە ماندوو بوون.
- 6تۆ لەناو فرتوفێڵ دادەنیشیت،
- بە فرتوفێڵ ڕەتیان کردەوە دان بە مندا بنێن.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 7لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
- «ئەوەتا من دەیانپاڵێوم و تاقییان دەکەمەوە،
- لەبەر گوناهەکانیان چارەسەرێکی دیکە نییە بۆ گەلەکەی من.
- 8زمانیان تیری کوشندەیە و
- بە دەمیان فێڵ دەکەن.
- هەرکەسە بە هاوڕێکەی دەڵێت، ”ئاشتی“،
- بەڵام لە ناخییەوە بۆسەی بۆ دەنێتەوە.
- 9ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
- ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 10بۆ چیاکان گریان و شیوەن دەگێڕم،
- بەسەر لەوەڕگاکانی چۆڵەوانیدا دەلاوێنمەوە،
- چونکە ئەوان وێران بوون و کەس پێیدا تێناپەڕێت،
- دەنگی مێگەل نابیسترێت،
- باڵندەکانی ئاسمان ڕایانکرد،
- ئاژەڵەکان ڕۆیشتن.
- 11«ئۆرشەلیم وێران دەکەم،
- دەیکەمە داڵدەی چەقەڵ،
- شارۆچکەکانی یەهودا دەکەمە کاولگە
- بەبێ دانیشتووان.»
- 12کێ کەسێکی دانایە و ئەمە تێدەگات؟ کێ ئەوەی یەزدان فێری کرد دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە؟ بۆچی زەوی لەناوچوو، چۆڵەوانی وێران بوو، کەس ناتوانێت لێی بپەڕێتەوە؟
- 13یەزدان فەرمووی: «لەبەر ئەوەی وازیان لە فێرکردنەکەم هێنا، ئەوەی خستمە پێشیان پەیڕەویان نەکرد، گوێڕایەڵی من نەبوون.
- 14لەبری ئەوە، بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتن، بەدوای بەعلەکان کەوتن، کە باوباپیرانیان فێریان کردن.»
- 15لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من زەقنەبووت دەرخواردی ئەم گەلە دەدەم و ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم.
- 16بەناو چەندین نەتەوەدا پەرتیان دەکەم کە نە خۆیان و نە باوباپیرانیان نەیانناسیون، بە شمشێریش ڕاویان دەنێم هەتا لەناویان دەبەم.»
- 17یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
- «سەرنج بدەن! بانگی ژنە ماتەمگێڕەکان بکەن هەتا بێن،
- بنێرن بەدوای ژنە شارەزاکان.
- 18با خێرا بێن و دەنگی شیوەن بەسەرماندا هەڵبڕن،
- چاوەکانمان فرمێسک بڕێژێت و
- پێڵووەکانمان ئاویان لێ هەڵبقوڵێت.
- 19دەنگی شیوەن لە سییۆنەوە بیسترا،
- ”چۆن تێکدراین!
- چەند شەرمەزار بووین!
- چونکە زەوییەکەمان بەجێهێشت،
- چونکە ماڵەکانمان کاول کران.“»
- 20ئەی ژنان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
- گوێ لە فەرمایشتی دەمی ئەو بگرن.
- کچەکانتان فێری شیوەن بکەن،
- هەر ژنێکیش دەستەخوشکەکەی فێری ماتەم گێڕان بکات.
- 21مردن بە پەنجەرەکانمان هەڵگەڕا،
- هاتە ناو قەڵاکانمانەوە،
- بۆ قڕکردنی منداڵان لە کۆڵان و
- لاوان لە گۆڕەپانەکان.
- 22بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «”تەرمی مرۆڤ دەکەوێت،
- وەک زبڵ بەسەر ڕووی کێڵگەوە،
- وەک چەپکی دوای دروێنەکەر،
- کەس نییە کۆی بکاتەوە.“»
- 23یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «با دانا شانازی بە دانایی خۆی نەکات،
- با پاڵەوان شانازی بە پاڵەوانیێتی خۆی نەکات،
- با دەوڵەمەند شانازی بە دەوڵەمەندیێتی خۆی نەکات،
- 24بەڵکو ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بەمە بکات:
- کە لە من تێدەگات و دەمناسێت،
- کە من یەزدانم، ئەوەی خۆشەویستی نەگۆڕ و
- دادوەری و ڕاستودروستی لەسەر زەوی دەهێنمە دی،
- چونکە خۆشی لەمانە دەبینم.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 25یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە تەنها بە لەش خەتەنە کراون،
- 26خەڵکی میسر و یەهودا و ئەدۆم و عەمۆن و مۆئاب و قژبڕاوەکانی دانیشتووی چۆڵەوانی. هەموو نەتەوەکان خەتەنە نەکراون و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش دڵیان خەتەنە نەکراوە.»