PLAY PODCASTS
ئیرمیا ١٢: ٣ - ١٣: ٢٧
Season 39 · Episode 8

ئیرمیا ١٢: ٣ - ١٣: ٢٧

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

April 8, 202520m 44s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئیرمیا ١٢: ٣ - ١٣: ٢٧

  • 3بەڵام ئەی یەزدان، تۆ دەمناسیت،
  • دەمبینیت و لەلای خۆت دڵی من تاقی دەکەیتەوە.
  • وەک مەڕ بۆ سەربڕین جیایان بکەوە!
  • بۆ ڕۆژی کوشتن تەرخانیان بکە!
  • 4هەتا کەی زەوی بگریێ و
  • گیای هەموو کێڵگەکان وشک بێت؟
  • لەبەر خراپەی دانیشتووانەکەی
  • ئاژەڵ و باڵندە لەناوچوون،
  • چونکە گوتیان: «خودا کۆتایی ئێمە نابینێت.»
  • 5«ئەگەر لە ڕاکردن لەگەڵ پیادەکان ماندوو بیت،
  • ئەی چۆن پێشبڕکێ لەگەڵ ئەسپەکان دەکەیت؟
  • ئەگەر لەسەر خاکێکی سەلامەت ساتمە دەکەیت و دەکەویت،
  • ئەی لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون چی دەکەیت؟
  • 6براکانت و بنەماڵەکەشت،
  • ئەوانیش ناپاکییان لەگەڵ کردیت،
  • ئەوانیش پڕ بەدەم بەدواتدا هاواریان کرد.
  • لێیان دڵنیا مەبە، هەرچەندە باسی چاکەشیان بۆ کردیت.
  • 7«واز لە ماڵی خۆم دەهێنم،
  • میراتی خۆم ڕەت دەکەمەوە،
  • ئەویندارەکەی خۆم
  • دەخەمە چنگی دوژمەنەکانیەوە.
  • 8میراتەکەم لێم دەبێتە
  • شێرێک لە دارستان،
  • بەسەرمدا دەنەڕێنێت،
  • لەبەر ئەوە دژایەتی دەکەم.
  • 9ئایا میراتەکەم مەلی گۆشتخۆری خاڵدارە،
  • کە مەلە گۆشتخۆرەکانی دیکە چواردەوریان داوە و هێرشیان کردووەتە سەری؟
  • بڕۆن هەموو ئاژەڵە کێوییەکان کۆبکەنەوە،
  • بیانهێنن بۆ خواردن.
  • 10زۆر شوان ڕەزەمێوەکەی من تێکدەدەن،
  • کێڵگەکەی من پێپەست دەکەن.
  • کێڵگە ئارەزووبەخشەکەی من
  • دەکەنە چۆڵەوانییەکی کاول.
  • 11دەیکەنە کاولگە،
  • کاولگە شیوەن بۆ من دەگێڕێت.
  • هەموو زەوی کاول دەبێت،
  • چونکە کەس نییە گرنگی پێبدات.
  • 12لەسەر هەموو گردۆڵکەکانی چۆڵەوانی
  • تاڵانکەران دێن،
  • چونکە شمشێری یەزدان
  • لەوپەڕی زەوییەوە هەتا ئەم پەڕی دەخوات،
  • ئاشتی بۆ هیچ کەسێک نابێت.
  • 13گەنم دەچێنن و دڕک دەدورنەوە،
  • ماندوو دەبن و قازانج ناکەن.
  • ئیتر شەرمەزار دەبن لە بەروبوومەکەتان،
  • لە گڕی تووڕەیی یەزدان.»
  • 14یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو نەتەوە بەدکارانەی دراوسێم کە دەستیان لە میراتەکەم دا کە دامە ئیسرائیلی گەلەکەم، ئەوەتا لە خاکەکەدا ڕیشەکێشیان دەکەم و بنەماڵەی یەهوداش لە ناوەڕاستیان ڕیشەکێش دەکەم.
  • 15لەدوای ئەوەی ڕیشەکێشیان دەکەم، دەگەڕێمەوە بەزەییم پێیاندا دێتەوە، هەریەکە بۆ میراتەکەی خۆی و بۆ خاکەکەی خۆی دەگەڕێنمەوە.
  • 16لە ڕابردوو گەلەکەی منیان فێرکرد سوێند بە ناوی بەعل بخۆن، بەڵام ئەگەر ئێستا بە تەواوی فێری نەریتی گەلەکەی من ببن، ئەگەر سوێندیان بە ناوی من خوارد و گوتیان: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوا لەنێو گەلەکەم بنیاد دەنرێن.
  • 17بەڵام هەر نەتەوەیەک ئەگەر گوێ نەگرێت، من لە ڕەگەوە ڕیشەکێشی دەکەم و لەناوی دەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئیرمیا ١٣

  • 1یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم: «بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە، بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.»
  • 2منیش پشتێنم کڕی، بەپێی فەرمانی یەزدان، لە ناوقەدی خۆمم بەست.
  • 3ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
  • 4«ئەو پشتێنەی کە کڕیت، کە لە ناوقەدت بەستووە، هەستە و بڕۆ بیبە پەرات و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.»
  • 5منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە.
  • 6دوای ماوەیەکی درێژ، یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە، بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.»
  • 7منیش چووم بۆ پەرات، هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە، ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت.
  • 8ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
  • 9«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم.
  • 10ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت.
  • 11وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت، ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست، هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی، بەڵام گوێیان نەگرت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 12«جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە: ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“ جا پێت دەڵێن: ”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“
  • 13تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان دەفەرموێت: ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی، ئەو پاشایانەی لە داودن، لەسەر تەختەکەی دانیشتوون، کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم.
  • 14بە یەکتری وردوخاش دەکەم، باوک و کوڕ پێکەوە، دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 15گوێ بگرن و گوێ شل بکەن،
  • لووتبەرز مەبن،
  • چونکە یەزدان فەرموویەتی.
  • 16شکۆ بدەنە یەزدانی پەروەردگارتان
  • بەر لەوەی تاریکی دابێنێت،
  • بەر لەوەی پەل بکوتن
  • لەسەر چیا بەر لە تاریکایی شەو.
  • ئێوە خوازیاری ڕووناکین
  • بەڵام ئەو دەیکاتە سێبەری مەرگ،
  • دەیکاتە ئەنگوستەچاو.
  • 17بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن،
  • بە نهێنی دەگریێم
  • لەبەر لووتبەرزیتان،
  • چاوەکانم بەکوڵ دەگریێن و
  • فرمێسک دەڕێژێت،
  • چونکە مێگەلی یەزدان ڕاپێچ کرا.
  • 18بە پاشا و بە شاژنی دایک بڵێ:
  • «لەسەر تەختەکان وەرنە خوارەوە،
  • چونکە تاجی شکۆمەندیتان
  • لەسەرتان دێتە خوارەوە.»
  • 19شارەکانی نەقەب دادەخرێن و
  • کەس نییە بیانکاتەوە.
  • هەموو یەهودا ڕاپێچ دەکرێ،
  • سەراپای ڕاپێچ دەکرێن.
  • 20چاوت هەڵبڕە و
  • ئەوانە ببینە کە لە باکوورەوە دێن!
  • کوا ئەو مێگەلەی پێت درا،
  • ئەو مەڕانەی شانازیت پێوە دەکردن؟
  • 21چی دەڵێی کاتێک یەزدان ئەوانەت لەسەر دادەنێت
  • کە فێری هاوپەیمانیت کردن؟
  • ئایا ژان ناتگرێت
  • وەک ئەو ژنەی منداڵی دەبێت؟
  • 22ئەگەر لە دڵی خۆتدا بڵێی،
  • «بۆچی ئەمانەم بەسەرهات؟»
  • لەبەر زۆری تاوانت، دامێنت هەڵکرا
  • دەستدرێژییان کردە سەرت.
  • 23ئایا حەبەشی دەتوانێت پێستی خۆی بگۆڕێت،
  • یان پڵنگ بەڵەکەکانی؟
  • ئێوەش ناتوانن چاکە بکەن،
  • کە لە خراپە ڕاهاتوون!
  • 24«وەک پووش پەرتیان دەکەم
  • کە بای چۆڵەوانی هەڵیدەگرێت.»
  • 25یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە بەختی تۆیە،
  • ئەو بەشەی لەلایەن منەوە پێتدراوە،
  • لەبەر ئەوەی منت لەبیر کرد و
  • پشتت بە خوداوەندی درۆیین بەست.
  • 26منیش دامێنت بەسەر ڕووتدا هەڵدەدەمەوە،
  • ئینجا دەستدریژیت دەکرێتە سەر!
  • 27داوێنپیسی و حیلاندنت،
  • بێڕوویی لەشفرۆشیت!
  • لەسەر گردەکان و کێڵگەکان
  • قێزەونییەکانی تۆم بینی.
  • ئەی ئۆرشەلیم، قوڕبەسەرت!
  • هەتا کەی پاک نابیتەوە؟»