PLAY PODCASTS
یه‌كه‌م پاشایان پێشەكى، ١: ١ - ٥٣
Season 17 · Episode 1

یه‌كه‌م پاشایان پێشەكى، ١: ١ - ٥٣

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

January 10, 202421m 36s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

یه‌كه‌م پاشایان پێشەكى، ١: ١ - ٥٣

  • 1داودی پاشا پیر بوو و تەمەنی گەورە بوو، هەرچەندە بە جلوبەرگ دایاندەپۆشی گەرم نەدەبووەوە.
  • 2ئینجا خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «با بەدوای کچێکی پاکیزەدا بگەڕێین و بیهێنین بۆ پاشای گەورەمان، تاکو خزمەتی پاشا بکات و بایەخی پێبدات، لە باوەشیدا پاڵ بکەوێت، هەتا پاشای گەورەمان گەرم بێتەوە.»
  • 3ئینجا لە هەموو ناوچەکانی ئیسرائیل بەدوای کچێکی جواندا گەڕان، ئەبیشەگی شونێمییان دۆزییەوە و بۆ پاشایان هێنا.
  • 4کچەکە زۆر جوان بوو، چاودێری پاشای دەکرد و خزمەتی دەکرد، بەڵام پاشا لەگەڵی جووت نەبوو.
  • 5ئەدۆنیای کوڕی داود کە لە حەگیسی ژنی بوو، ڕاست بووەوە و گوتی: «من دەبمە پاشا.» گالیسکە و ئەسپ سواری بۆ خۆی ئامادە کرد، لەگەڵ پەنجا پیاو کە لەپێشیەوە ڕایاندەکرد.
  • 6باوکی هیچ کاتێک سەرزەنشتی نەکردبوو و پێی بڵێت: «بۆچی وات کردووە؟» هەروەها زۆر قۆز بوو. لەدوای ئەبشالۆم لەدایک ببوو.
  • 7ئەدۆنیا لەگەڵ یۆئابی کوڕی چەرویا و ئەبیاتاری کاهین قسەی کرد، ئەوانیش پشتگیرییان کرد.
  • 8بەڵام سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و ناتانی پێغەمبەر و شیمعی و ڕێعی و پاڵەوانەکانی داود، لەگەڵ ئەدۆنیا نەبوون.
  • 9ئیتر ئەدۆنیا لەلای بەردی زۆحەلەت ئەوەی لەتەنیشتی کانی ڕۆگێلە، مەڕ و مانگا و گوێرەکەی قەڵەوی سەربڕی. هەموو براکانی، واتا کوڕەکانی پاشا، لەگەڵ هەموو پیاوانی یەهودا کە خزمەتکاری پاشا بوون بانگهێشتی کردن.
  • 10بەڵام ناتانی پێغەمبەر و بەنایا و پاڵەوانەکان و سلێمانی برای بانگهێشت نەکرد.
  • 11پاشان ناتان بە بەتشەبەعی دایکی سلێمانی گوت: «نەتبیستووە کە ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بووەتە پاشا و داودی گەورەشمان بەمە نازانێت؟
  • 12ئێستاش وەرە ئامۆژگارییەکی باشت بکەم، تاکو گیانی خۆت و گیانی سلێمانی کوڕت بپارێزیت.
  • 13بڕۆ ژوورەوە بۆ لای داودی پاشا و پێی بڵێ: ”ئەی پاشای گەورەم، ئایا تۆ سوێندت بۆ کەنیزەکەت نەخوارد و گوتت، کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟ ئیتر بۆچی ئەدۆنیا بووەتە پاشا؟“
  • 14لەو کاتەدا کە تۆ هێشتا لەوێ قسە لەگەڵ پاشا دەکەیت، من لەدوای تۆوە دێمە ژوورە و پشتگیری لە قسەکەت دەکەم.»
  • 15پاش ئەوە بەتشەبەع چوو بۆ لای پاشا لە ژووری نوستنەکەی، پاشا زۆر پیر ببوو، ئەبیشەگی شونێمیش خزمەتی پاشای دەکرد.
  • 16بەتشەبەع بەچۆکدا هات و کڕنۆشی بۆ پاشا برد.
  • پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟»
  • 17ئەویش پێی گوت: «گەورەم تۆ سوێندت بە یەزدانی پەروەردگارت خوارد بۆ کەنیزەکەت و گوتت کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت.
  • 18ئەی پاشای گەورەم، بەڵام وا ئەدۆنیا بووەتە پاشا، تۆش لەوە بێئاگای.
  • 19ئەو گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە، هەموو کوڕەکانی پاشا و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپای بانگهێشت کردووە، بەڵام سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە.
  • 20ئەی پاشای گەورەم، هەموو ئیسرائیل چاوەڕێی تۆ دەکەن بۆ ئەوەی پێیان ڕابگەیەنیت کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت.
  • 21ئەگینا کاتێک پاشای گەورەم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، من و سلێمانی کوڕم بە تاوانبار هەژمارد دەکرێین.»
  • 22هێشتا ئەو قسەی لەگەڵ پاشا دەکرد، ناتانی پێغەمبەر هات.
  • 23بە پاشایان ڕاگەیاند و گوتیان: «ناتانی پێغەمبەر لێرەیە.» ئینجا چووە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی.
  • 24ناتان گوتی: «پاشای گەورەم، ئایا تۆ ڕاتگەیاندووە کە ئەدۆنیا لەپاش تۆ دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟
  • 25ئەو ئەمڕۆ چووە خوارەوە، گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە. هەموو کوڕانی پاشا و سەرکردەکانی سوپا و ئەبیاتاری کاهینی بانگهێشت کردووە. ئێستا لەبەردەمی ئەو دەخۆن و دەخۆنەوە و دەڵێن: ”بژی ئەدۆنیای پاشا!“
  • 26بەڵام منی خزمەتکارت و سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە.
  • 27ئایا ئەم کارە لەلای پاشای گەورەمەوەیە؟ ئەی بە خزمەتکارانی خۆتت نەفەرمووە کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت؟»
  • 28داودی پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «بەتشەبەعم بۆ بانگ بکەن.» ئەویش هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، لەبەردەم پاشا ڕاوەستا.
  • 29ئینجا پاشا سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی گیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک دەرباز کرد،
  • 30ئەمڕۆ هەروەک ئەوە دەکەم کە چۆن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندم بۆ خواردی و گوتم، کە سلێمانی کوڕت لەپاش من دەبێتە پاشا، ئەو لە شوێنی من لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت.»
  • 31بەتشەبەع سەری دانەواند و کڕنۆشی بۆ پاشا برد و گوتی: «بژی داودی پاشای گەورەم، بۆ هەتاهەتایە!»
  • 32داودی پاشا گوتی: «سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداعم بۆ بانگ بکەن.» ئەوانیش هاتنە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا.
  • 33پاشا پێی گوتن: «خزمەتکارەکانی گەورەتان لەگەڵ خۆتان ببەن، سلێمانی کوڕم سواری هێسترەکەی خۆم بکەن و بیبەنە خوارەوە بۆ گیحۆن.
  • 34با سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر لەوێ وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانی بکەن، فوو بە کەڕەنادا بکەن و بڵێن: ”بژی سلێمانی پاشا!“
  • 35ئینجا لەدوای ئەوەوە سەربکەون، ئەویش دێت و لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت، لە شوێنی من دەبێتە پاشا. من فەرمانم داوە ئەو ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل و یەهودا.»
  • 36بەنایای کوڕی یەهۆیاداع وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «ئامین! با یەزدان، خودای پاشای گەورەم ئەمە بکات.
  • 37هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ پاشای گەورەم بوو، بەو شێوەیەش لەگەڵ سلێمانیش بێت، تەختەکەشی لە تەختی داودی پاشای گەورەم مەزنتر بکات!»
  • 38ئیتر سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکان چوونە خوارەوە، سلێمانیان سواری هێسترەکەی داودی پاشا کرد و بردیانە گیحۆن.
  • 39سادۆقی کاهین قۆچە زەیتەکەی لە چادرەکەوە برد و سلێمانی پێ دەستنیشان کرد، ئینجا فوویان بە کەڕەنادا کرد، هەموو گەل گوتیان: «بژی سلێمانی پاشا!»
  • 40هەموو گەل لەدوای ئەو سەرکەوتن. گەل شمشاڵیان لێدەدا و زۆر دڵخۆش بوون، زەوی لەبەر دەنگیان دەلەرزی.
  • 41ئەدۆنیا و هەموو بانگهێشتکراوان، ئەوانەی لەگەڵی بوون، پاش ئەوەی لە خواردن بوونەوە گوێیان لە دەنگی ئەوان بوو. یۆئاب گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و گوتی: «ئەو دەنگە دەنگە چییە لە شارەوە دێت؟»
  • 42کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاری کاهین هات، ئەدۆنیاش گوتی: «وەرە، چونکە تۆ پیاوێکی چاکیت، دیارە مژدەی خۆشیت هێناوە.»
  • 43یۆناتانیش وەڵامی دایەوە و بە ئەدۆنیای گوت: «بە پێچەوانەوە! داودی پاشای گەورەمان، سلێمانی کردە پاشا.
  • 44پاشاش سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکانی لەگەڵ ناردووە، سواری هێسترەکەی پاشایان کردووە.
  • 45سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەریش لە گیحۆن بە پاشا دەستنیشانیان کردووە، لەوێشەوە بە خۆشییەوە سەرکەوتوون و شار خرۆشاوە، ئەمە ئەو دەنگەیە کە گوێتان لێی دەبێت.
  • 46هەروەها سلێمان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانیشتووە.
  • 47خزمەتکارانی پاشاش بۆ پیرۆزبایی لە داودی پاشای گەورەمان هاتن و گوتیان: ”با خوداکەت ناوی سلێمان لە ناوی تۆ ناودارتر بکات، تەختەکەشی لە تەختەکەی تۆ مەزنتر بکات!“ پاشا لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد.
  • 48پاشا گوتی: ”ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ کەسێکی پێداوم کە لەسەر تەختەکەم دانیشێت و چاوەکانیشم دەیبینێت.“»
  • 49لێرەدا هەموو ئەوانەی ئەدۆنیا بانگی کردبوون تۆقین و هەستان، هەریەکە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
  • 50ئەدۆنیاش لە سلێمان ترسا، هەستا و چوو دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت.
  • 51ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا: «ئەوەتا ئەدۆنیا لە سلێمانی پاشا دەترسێت، دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرتووە و دەڵێت: ”با ئەمڕۆ سلێمانی پاشا سوێندم بۆ بخوات کە خزمەتکارەکەی بە شمشێر ناکوژێت.“»
  • 52سلێمانیش گوتی: «ئەگەر پیاوێکی چاک بێت، تاڵە مووێکی قژی ناکەوێتە سەر زەوی، بەڵام ئەگەر خراپەی تێدا بینرا، ئەوا دەکوژرێت.»
  • 53ئینجا سلێمانی پاشا ناردی و ئەدۆنیایان لە قوربانگاکەوە هێنایە خوارەوە، ئەویش هات و کڕنۆشی بۆ سلێمانی پاشا برد، سلێمانیش پێی گوت: «بڕۆوە ماڵەکەی خۆت.»