
Season 10 · Episode 4
یهشوع ٤: ١٩ - ٦: ١١
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
August 30, 202325m 41s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
یهشوع ٤: ١٩ - ٦: ١١
- 19گەلیش لە دەیەم ڕۆژی مانگی یەکدا لە ڕووباری ئوردونەوە سەرکەوتن و لە گلگال لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەریحا چادریان هەڵدا.
- 20ئەو دوازدە بەردەش کە لە ڕووباری ئوردونەوە هێنابوویان، یەشوع لە گلگال کەڵەکەی کردن و
- 21بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر سبەینێ نەوەکانتان لە باوباپیرانی خۆیانیان پرسی: ”ئەم بەردانە چین؟“
- 22پێیان بناسێنن و پێیان بڵێن: ”نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانی لەم ڕووباری ئوردونە پەڕینەوە.“
- 23لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەمیاندا وشک کرد هەتا پەڕینەوە، هەروەک ئەوەی بە دەریای سووری کرد کە لەبەردەمماندا وشکی کرد هەتا ئێمە پەڕینەوە.
- 24ئەمەی کرد هەتا هەموو گەلانی خاکەکە بزانن کە دەستی یەزدان بەهێزە، تاوەکو هەتاهەتایە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن.»
یهشوع ٥
- 1کاتێک هەموو پاشاکانی ئەمۆرییەکان، ئەوانەی لەبەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون بوون و هەموو پاشاکانی کەنعانییەکان، ئەوانەی لەسەر کەناری دەریا بوون، بیستیان کە یەزدان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وشک کردووە هەتا دوای پەڕیونەتەوە، ئیتر دڵیان تۆقی و ورەیان تێدا نەما بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەوەی ئیسرائیل.
- 2لەو کاتەدا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «چەند چەقۆیەک لە بەردەئەستێ بۆ خۆت دروستبکە و جارێکی دیکە نەوەی ئیسرائیل خەتەنە بکەرەوە.»
- 3جا یەشوع چەند چەقۆیەکی لە بەردەئەستێ دروستکرد و نەوەی ئیسرائیلی لە گردی هاعەرالۆت خەتەنە کرد.
- 4ئەمەش هۆی خەتەنەکردنەکەیان بوو لەلایەن یەشوعەوە، هەموو ئەو گەلەی کە لە میسر هاتبوونە دەرەوە، ئەو نێرینانەی کە پیاوی جەنگ بوون، ماوەیەک لەدوای ڕۆیشتنیان لە میسر لە ڕێگا لە چۆڵەوانی مردن.
- 5هەموو ئەو گەلەی کە لە میسرەوە کۆچیان کرد خەتەنە کرابوون، بەڵام هەموو ئەو گەلەی لە کاتی کۆچیان لە میسرەوە لە ڕێگا لە چۆڵەوانیدا لەدایک بوون خەتەنە نەکرابوون.
- 6نەوەی ئیسرائیل چل ساڵ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن، هەتا هەموو ئەو گەلە، هەموو پیاوانی جەنگ، ئەوانەی لە میسر هاتبوونە دەرەوە کۆتاییان پێهات، چونکە گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون. یەزدان سوێندی بۆ خواردن کە ئەو خاکەیان پیشان نەدات کە سوێندی بۆ باوباپیرانیان خوارد کە دەیداتە ئێمە، ئەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
- 7بۆیە کوڕەکانیانی لە جێی ئەوان پێگەیاند، هەروەها یەشوع ئەوانی خەتەنە کرد، چونکە خەتەنە نەکرابوون، لەبەر ئەوەی لە ڕێگادا خەتەنەیان نەکردبوون.
- 8پاش ئەوەی هەموو گەل لە خەتەنەکردن بوونەوە، لە جێی خۆیان لە ئۆردوگاکە مانەوە هەتا برینەکەیان ساڕێژ بوو.
- 9ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕیسوایی میسرم لێتان گلۆرکردەوە.» بۆیە ئەو شوێنە هەتا ئەمڕۆش بە گلگال ناودەبردرێت.
- 10نەوەی ئیسرائیل لە گلگال چادریان هەڵدا و لە ئێوارەی ڕۆژی چواردەی مانگ لە دەشتی ئەریحا جەژنی پەسخەیان گێڕا.
- 11بۆ ڕۆژی پاش جەژنی پەسخە، هەر هەمان ڕۆژ، لە بەروبوومی خاک نانی فەتیرە و دانەوێڵەی برژاویان خوارد.
- 12هەروەها لەو ڕۆژەدا مەن بڕایەوە کاتێک لە بەری خاکەکەیان خوارد، ئیتر لەدوای ئەوە مەن بۆ نەوەی ئیسرائیل نەبوو، بەڵام ئەو ساڵە لە بەری زەوی کەنعانیان خوارد.
- 13ئەوە بوو کاتێک یەشوع لە نزیک ئەریحا بوو، سەری هەڵبڕی و بینی وا پیاوێک بەرامبەری ڕاوەستاوە و شمشێرەکەشی هەڵکێشاوە. یەشوعیش چووە لای و پێی گوت: «ئایا تۆ لەگەڵ ئێمە دایت یان لەگەڵ دوژمنەکانمان؟»
- 14ئەویش گوتی: «هیچیان، چونکە ئێستا من وەک فەرماندەی گشتی سوپای یەزدان هاتووم.» جا یەشوع بە ڕوودا بەسەر زەوی کەوت و کڕنۆشی برد و گوتی: «پەیامی گەورەکەم چییە بۆ خزمەتکاری خۆی؟»
- 15فەرماندەی گشتی سوپای یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت پیرۆزە.» یەشوعیش بەم جۆرەی کرد.
یهشوع ٦
- 1ئەریحاش بەهۆی نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی داخرابوو، نە کەس دەچووە دەرەوە و نە کەسیش دەهاتە ژوورەوە.
- 2جا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «بڕوانە من ئەریحا و پاشاکەی و پاڵەوانە شەڕکەرەکانی ئەوم داوەتە دەست تۆ.
- 3ئێوەش هەموو جەنگاوەرەکان بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، ڕۆژی جارێک بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە.
- 4حەوت کاهین حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەبەردەم سندوقەکەدا هەڵدەگرن و لە ڕۆژی حەوتەم حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە و کاهینەکان کەڕەناکان لێدەدەن.
- 5کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەناکان دەبێت، لەگەڵ درێژبوونەوەی فووکردن بە قۆچە بەرانەکاندا، هەموو گەل بە یەک دەنگ هاوارێکی بەرز دەکەن؛ ئیتر شوورای شارەکە دەڕمێت و هەموو گەل هەریەکە و لەلای خۆیەوە بەسەریدا دەدەن.»
- 6جا یەشوعی کوڕی نون کاهینەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و با حەوت کاهینیش حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەپێش سندوقی یەزدان هەڵبگرن.»
- 7ئینجا بە گەلی گوت: «پێش بکەون و بە چواردەوری شارەکەدا بسووڕێنەوە، با ئەوەی چەک بە دەستە لەپێش سندوقی یەزدانەوە بڕوات.»
- 8هەروەک چۆن یەشوع فەرمانی بە گەل کرد، حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەنا قۆچە بەرانەکان، لەبەردەم یەزدانەوە بە کەڕەنا لێدانەوە بەرەو پێش چوون و سندوقی پەیمانیش لە دوایانەوە دەڕۆیشت.
- 9هەموو چەک بەدەستەکانیش لەپێش کاهینە کەڕەنا لێدەرەکان دەڕۆیشتن، لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقەکەوە دەڕۆیشتن. بەردەوام کەڕەنا دەنگی دەهات.
- 10بەڵام یەشوع فەرمانی بە گەل کردبوو و پێی گوتبوون: «هاوار مەکەن و دەنگتان نەبیسترێت و یەک وشە لە دەمتان نەیەتە دەرەوە، هەتا ئەو ڕۆژەی پێتان دەڵێم هاوار بکەن، جا هاوار دەکەن!»
- 11لەبەر ئەمە سندوقی یەزدان یەک جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕایەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە و لە ئۆردوگاکە مانەوە.