
Season 14 · Episode 25
كرداری نێردراوان ٢٠: ١ - ٣٨
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
November 30, 202319m 38s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
كرداری نێردراوان ٢٠: ١ - ٣٨
- 1دوای نەمانی ئاژاوەکە، پۆڵس قوتابییەکانی بانگکرد و ورەی بەرزکردنەوە، ماڵئاوایی لێکردن و بەرەو مەکدۆنیا بەڕێکەوت.
- 2کاتێک بەو ناوچانەدا تێپەڕی، بە زۆر وشە ورەی باوەڕدارانی بەرز کردەوە. لە کۆتاییدا گەیشتە یۆنان
- 3و سێ مانگی لەوێ بەسەربرد. کاتێک بەتەمابوو بە دەریادا بچێتە سوریا، جولەکە پیلانیان بۆی گێڕا، بۆیە بڕیاری دا بە مەکدۆنیادا بگەڕێتەوە.
- 4ئەم کەسانەی لەگەڵ بوو: لە بیریە سوپاترۆسی کوڕی پیڕۆس، لە سالۆنیکییان ئەریستارخۆس و سەکوندۆس، گایۆس لە دەربە و تیمۆساوس، لە ئاسیاش تیخیکۆس و تروفیمۆس.
- 5ئەمانە پێشمان کەوتن و لە ترۆئاس چاوەڕێیان دەکردین.
- 6بەڵام ئێمە دوای جەژنی فەتیرە، سواری کەشتی بووین و فیلیپیمان بەجێهێشت، پاش گەشتی پێنج ڕۆژ گەیشتینە بەندەری ترۆئاس، لەوێ بەوانەی دیکە شاد بووینەوە و حەوت ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
- 7لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا بۆ نانلەتکردن کۆبووینەوە. پۆڵس گفتوگۆی لەگەڵ خەڵک دەکرد، چونکە بەتەمابوو ڕۆژی دواتر بڕوات، بۆیە هەتا نیوە شەو قسەی بۆ کردن.
- 8ئەو ژوورەی سەرەوە کە لێی کۆببووینەوە چرای زۆری لێبوو.
- 9گەنجێک ناوی یوتیخۆس بوو لەناو پەنجەرەدا دانیشتبوو، خەوەکوتکێیەکی قورس دەیبردەوە، پۆڵس وتارێکی درێژی دەدا، جا خەوی لێ کەوت و لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە، بە مردوویی هەڵگیرایەوە.
- 10پۆڵس هاتە خوارەوە خۆی بەسەریدا دا و لە باوەشی گرت و گوتی: «مەشێوێن، ژیانی تێدایە!»
- 11دوایی پۆڵس چووە سەرەوە، نانی لەتکرد و خواردی، هەتا بەرەبەیان قسەی کرد، پاشان لەوێ ڕۆیشت.
- 12گەنجەکەشیان بە زیندووێتی برد و زۆر دڵنەوایی کران.
- 13پۆڵس بە ڕێگای وشکانی چوو بۆ ئەسۆس، ئێمەش بە سواری کەشتی بەرەو ئەوێ بەڕێکەوتین، چونکە بڕیاری دابوو کە لەوێ چاومان پێی بکەوێت.
- 14کاتێک لە ئەسۆس تووشمان بوو، هەڵمانگرت و هاتینە میتیلینی.
- 15لەوێش بە دەریادا ڕۆیشتین و بۆ بەیانی گەیشتینە بەرامبەر خیۆس، بۆ ڕۆژی دواتر گەیشتینە سامۆس، ڕۆژی دوای ئەوەش هاتینە میلیتۆس.
- 16جا پۆڵس بڕیاری دابوو کە ئەفەسۆس بەجێبهێڵێت نەوەک ماوەیەک لە ئاسیادا بمێنێتەوە، چونکە پەلەی دەکرد، بەڵکو بتوانێت لە ڕۆژی پەنجایەمین بگاتە ئۆرشەلیم.
- 17پۆڵس لە میلیتۆسەوە ناردی بۆ ئەفەسۆس، بانگی پیرانی کڵێسای کرد.
- 18کاتێک هاتنە لای، پێی گوتن: «ئێوە دەزانن لە یەکەم ڕۆژەوە کە پێم خستە ناو ئاسیا، بە درێژایی ئەو کاتەی کە لەگەڵتان بووم، چۆن ژیام.
- 19لە کاتێکدا کە بە پیلانی جولەکە بەرهەڵستکارەکان تووشی تاقیکردنەوەی سەخت بووم، بەوپەڕی بێفیزی و فرمێسکەوە خزمەتی عیسای خاوەن شکۆم دەکرد.
- 20هیچم لەو شتانە دوانەخستووە کە سوودبەخشن و بۆم ڕاگەیاندوون، بە ئاشکرا و ماڵەوماڵ فێرم کردوون.
- 21شایەتی ئەوەم داوە لای جولەکە و یۆنانییەکان کە دەبێت تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و باوەڕ بە عیسای خاوەن شکۆمان بهێنن.
- 22«ئەوەتا ئێستا وا بە ڕۆحی پیرۆز بەستراوم، دەچمە ئۆرشەلیم و نازانم چیم بەسەردێت.
- 23تەنها ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شارێک شایەتیم بۆ دەدات کە گرتن و ناخۆشی چاوەڕێم دەکات.
- 24بەڵام هیچ بەهایەکم بۆ ژیانی خۆم دانەناوە، تەنها ئامانجم ئەوەیە، ئەو پێشبرکێیە تەواو بکەم و ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنم کە عیسای خاوەن شکۆ بە منی سپارد، ئەویش ئەرکی شایەتیدانە بۆ مزگێنیی نیعمەتی خودا.
- 25«ئێستا دەزانم هیچکام لە ئێوە ئیتر ڕووم نابیننەوە کە بە ناوتاندا دەگەڕام و پاشایەتی خودام ڕادەگەیاند.
- 26هەر بۆیە ئەمڕۆ شایەتیتان بۆ دەدەم، کە لە خوێنی هەمووان بێتاوانم،
- 27چونکە لە ڕاگەیاندنی تەواوی خواستی خودا بۆتان دوانەکەوتم.
- 28ئاگاتان لە خۆتان و لە هەموو مێگەلەکە بێت، کە ڕۆحی پیرۆز ئێوەی کردووە بە چاودێر بەسەریانەوە. شوانایەتی کڵێسای خودا بکەن، کە بە خوێنی خۆی کڕیویەتی.
- 29دەزانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنەر دێنە ناوتان، بەزەییان بە مێگەلەکە نایەتەوە.
- 30هەروەها لەنێو خۆتاندا خەڵکانێک پەیدا دەبن کە ڕاستیی دەشێوێنن، تاکو قوتابییەکان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.
- 31بۆیە ئێشک بگرن، لە بیرتان بێت بۆ ماوەی سێ ساڵ شەو و ڕۆژ بە فرمێسکەوە نەوەستاوم لە ئاگادارکردنەوەی هەر یەکێکتان.
- 32«ئێستاش بە خودا و وشەی نیعمەتەکەیتان دەسپێرم، کە توانای هەیە بنیادتان بنێت و لەگەڵ هەموو ئەوانەی پیرۆزکراون میراتتان پێ ببەخشێت.
- 33چاوم لە زێڕ و زیو و جلی کەس نەبوو.
- 34خۆتان دەزانن پێویستی خۆم و یاوەرانم، ئەم دەستانە دابینیان کردووە.
- 35هەموو شتێکم پیشانتاندا کە پێویستە چۆن ڕەنج بدەن بۆ یارمەتیدانی لاوازان، وشەکانی عیسای خاوەن شکۆتان لەیاد بێت کە خۆی فەرمووی: ”بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە.“»
- 36کاتێک پۆڵس قسەکانی تەواو کرد، لەگەڵ هەموویان چۆکی دادا و نوێژی کرد.
- 37هەمووان زۆر گریان، باوەشیان کردبوو بە پۆڵسدا و ماچیان دەکرد،
- 38بەو قسەی کردی خەمبار بوون کە گوتی جارێکی دیکە ڕووی نابیننەوە. ئینجا تاکو لای کەشتییەکە لەگەڵی ڕۆیشتن.