PLAY PODCASTS
لۆقا ٦: ١ - ٤٩
Season 8 · Episode 9

لۆقا ٦: ١ - ٤٩

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

July 17, 202329m 45s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

لۆقا ٦: ١ - ٤٩

  • 1لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی گوڵەگەنمیان لێدەکردەوە، لەناو دەستیان دەیانپرواند و دەیانخوارد.
  • 2هەندێک فەریسی لێیان پرسین: «بۆچی ئەوەی لە ڕۆژی شەممەدا دروست نییە دەیکەن؟»
  • 3عیسا وەڵامی دایەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟
  • 4چۆن چووە ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی برد و خواردی، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت؟»
  • 5ئینجا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
  • 6لە ڕۆژی شەممەیەکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و خەڵکی فێردەکرد. پیاوێک لەوێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو.
  • 7مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان سەیری عیسایان دەکرد، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکی چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و تاوانباری بکەن.
  • 8بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لە ناوەڕاستدا ڕابوەستە.» ئەویش هەستا و ڕاوەستا.
  • 9عیسا پێی فەرموون: «لێتان دەپرسم، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا چی دروستە، کردنی کاری چاک یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک یان لەناوبردنی؟»
  • 10چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی و دەستی چاک بووەوە.
  • 11بەڵام ئەوان زۆر تووڕە بوون و لەگەڵ یەکتری گفتوگۆیان دەکرد چی لە عیسا بکەن.
  • 12لەو ڕۆژانەدا عیسا چووە سەر شاخێک تاکو نوێژ بکات، شەوەکەی هەموو بە نوێژکردن بۆ خودا بەسەربرد.
  • 13کە ڕۆژ بووەوە، قوتابییەکانی بانگکرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان:
  • 14شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، لەگەڵ ئەندراوسی برای،
  • یاقوب،
  • یۆحەنا،
  • فیلیپۆس،
  • بەرتۆلماوس،
  • 15مەتا،
  • تۆماس،
  • یاقوبی کوڕی حەلفی،
  • شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم،
  • 16یەهوزای کوڕی یاقوب و
  • یەهوزای ئەسخەریوتی کە ناپاک دەرچوو.
  • 17ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەخت ڕاوەستا. زۆرێک لە قوتابییەکانی لەوێ بوون، هەروەها خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون،
  • 18هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە. ئەوانەی کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە.
  • 19هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاک دەکردەوە.
  • 20ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی:
  • «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران،
  • چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە.
  • 21خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین،
  • چونکە تێر دەبن.
  • خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن،
  • چونکە پێدەکەنن.
  • 22خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی لەبەر کوڕی مرۆڤ ڕقیان لێتان دەبێتەوە و
  • جیاتان دەکەنەوە و جنێوتان پێدەدەن و
  • بە بەدکار ناوتان دەبەن.
  • 23«لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە.
  • 24«بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی دەوڵەمەندان،
  • چونکە خۆشگوزەرانی خۆتان لێرە وەرگرتووە.
  • 25قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن،
  • چونکە ئێوە برسی دەبن.
  • قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن،
  • چونکە ئێوە ماتەم دەگێڕن و دەگریێن.
  • 26قوڕبەسەرتان کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات،
  • چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە.
  • 27«بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە،
  • 28ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن.
  • 29ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک چاکەتەکەت ببات، لاریت نەبێت بۆ کراسەکەشت.
  • 30هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەش کە شتێکت لێ دەبات لێی داوا مەکەوە.
  • 31چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن.
  • 32«ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن.
  • 33ئەگەر باش بن لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵتان باشن، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن.
  • 34ئەگەر قەرز بدەنە ئەوانەی کە بەو هیوایەن لێیان وەربگرنەوە، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو ئەوەندە وەربگرنەوە.
  • 35بەڵام ئێوە دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن و قەرز بدەن، چاوەڕێی وەرگرتنەوەش مەکەن، بەمە پاداشتتان گەورە دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو لەگەڵ بەدنمەک و بەدکاران نەرم و نیانە.
  • 36بە بەزەیی بن، هەروەک چۆن باوکتان بە بەزەییە.
  • 37«حوکم مەدەن، بۆ ئەوەی خودا حوکمتان نەدات. خەڵکی تاوانبار مەکەن، بۆ ئەوەی خودا تاوانبارتان نەکات. لە خەڵکی خۆش بن، خودا لێتان خۆش دەبێت.
  • 38ببەخشن، پێتان دەبەخشرێت، پێوانەیەکی چاکی پەستێنراوی هەژێنراوی لێڕژاوتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.»
  • 39نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «ئایا کوێر دەتوانێت ڕێنمایی کوێر بکات؟ هەردووکیان ناکەونە چاڵەوە؟
  • 40قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە، بەڵام هەرکەسێک تەواو فێربێت، وەک مامۆستاکەی لێ دێت.
  • 41«بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟
  • 42چۆن دەتوانی بە براکەت بڵێی: ”برام با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم“ لەکاتێکدا کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نابینیت؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار کاریتەکەی ناو چاوت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت.
  • 43«هیچ دارێکی باش بەری خراپ نادات و داری خراپیش بەری باش نادات.
  • 44هەر دارێک بە بەرەکەی دەناسرێتەوە. هەنجیر لە دڕک لێ ناکرێتەوە، لە تووتڕکیش ترێ ناڕنرێتەوە.
  • 45مرۆڤی چاک لە گەنجینە چاکەکەی دڵ، چاکە دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە خراپەوە خراپە دەردەهێنێت، چونکە ئەوەی لە دڵ هەڵدەقوڵێت دەم پێی دەدوێت.
  • 46«بۆچی بە ”پەروەردگارم، پەروەردگارم!“ ناوم دەبەیت، کەچی ئەوەی دەیفەرمووم کاری پێ ناکەیت؟
  • 47ئەوەی بۆ لام دێت و گوێ لە فەرمایشتەکانم دەگرێت و کاری پێ دەکات، نیشانتان دەدەم لە کێ دەچێت.
  • 48لە مرۆڤێک دەچێت خانووێک دروستدەکات، جا زەوییەکەی هەڵکەند و قووڵی کرد و بناغەکەی لەسەر بەرد دانا، لافاو هەستا و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەیتوانی بیجوڵێنێت، چونکە لەسەر بەرد بنیاد نرابوو.
  • 49بەڵام ئەوەی گوێی لێ بێت و پەیڕەوی نەکات، لە مرۆڤێک دەچێت کە خانووێکی بێ بناغەی لەسەر زەوی دروستکردبێت. کاتێک لافاو هات و لە خانووەکەی دا، دەستبەجێ بە تەواوی ڕووخا.»