
Season 29 · Episode 42
زهبورهكان ١٠٣: ١ - ١٠٦: ٤٨
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
September 15, 202419m 42s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
زهبورهكان ١٠٣: ١ - ١٠٦: ٤٨
- 1ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
- هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە.
- 2ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
- هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە:
- 3ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت،
- لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە،
- 4ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە،
- خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،
- 5ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە،
- تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە.
- 6یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات،
- دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان.
- 7ڕێگای خۆی بە موسا ناساند،
- کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل:
- 8یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
- پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.
- 9تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە،
- تووڕەیی هەتاهەتایە نییە.
- 10بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و
- بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە.
- 11وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە،
- خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.
- 12وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە،
- یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.
- 13وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە،
- یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن،
- 14چونکە دەزانێت ئێمە چۆن پێکهێنراوین،
- لەبیریەتی کە ئێمە خۆڵین.
- 15مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وەک گیا وایە،
- وەک گوڵی ناو کێڵگە گوڵ دەکات،
- 16بایەک بەسەریدا هەڵبکات، ئیتر نامێنێت،
- ئاسەواریشی دیار نابێت.
- 17بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و
- هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
- ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە،
- 18بۆ ئەوانەی پەیمانی بەجێدەگەیەنن،
- ئەوانەی ڕێنماییەکانی ئەویان لەبیرە بۆ ئەوەی پەیڕەوی بکەن.
- 19یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمان چەسپاندووە و
- پاشایەتییەکەشی بەسەر هەمووانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات.
- 20ئەی فریشتەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
- ئەی ئەو بەهێزانەی وتەکانی بەجێدەهێنن،
- ئەی ئەوانەی گوێڕایەڵی وتەی ئەو دەبن.
- 21ئەی هەموو سوپاکانی، ستایشی یەزدان بکەن،
- ئەی خزمەتکارانی کە بە ڕەزامەندی ئەو کار دەکەن.
- 22ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن
- لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی.
- ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
زهبورهكان ١٠٤
- 1ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
- ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت!
- شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.
- 2وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە،
- وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
- 3وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە.
- هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت،
- بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
- 4بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت،
- بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.
- 5زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە،
- هەتاهەتایە نالەقێت.
- 6تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی،
- لەسەر چیاکان ئاوەکان ڕادەوەستن.
- 7بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ ئاوەکان هەڵاتن،
- لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
- 8بەسەر چیاکان کەوتن و
- شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان،
- بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
- 9سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن،
- نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.
- 10کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە،
- بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن.
- 11هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن،
- کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن.
- 12باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات،
- لەناو چڵەکان دەخوێنێت.
- 13لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت،
- زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت.
- 14گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت،
- سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ،
- بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە.
- 15مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی،
- ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی،
- نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ.
- 16درەختەکانی یەزدان تێر دەبن،
- ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی،
- 17ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات،
- لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی،
- 18چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی،
- تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە.
- 19مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان،
- خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت.
- 20تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو،
- هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ.
- 21بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن،
- بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا.
- 22کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە،
- لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن.
- 23مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری،
- بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە.
- 24ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
- هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
- زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
- 25ئەم دەریا گەورە و فراوانە،
- کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
- 26لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،
- لیڤیاتان، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.
- 27ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،
- بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
- 28پێیان دەدەیت و وەریدەگرن،
- دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
- 29ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،
- هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،
- دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
- 30کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،
- ئەوان بەدیدەهێنرێن،
- ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.
- 31با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،
- با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
- 32ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،
- دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.
- 33بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،
- تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
- 34با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،
- منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
- 35بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
- با بەدکاران ئیتر نەمێنن.
- ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
- هەلیلویا!
زهبورهكان ١٠٥
- 1ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
- کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
- 2گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
- هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
- 3شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
- با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
- 4پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
- بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
- 5باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
- پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
- 6ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
- ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
- 7ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
- حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
- 8بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
- ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
- 9ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
- ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
- 10وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
- وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
- 11فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ،
- بەشە میراتی خۆتانە.»
- 12ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،
- کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
- 13لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،
- لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
- 14لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،
- بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
- 15«دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن،
- خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
- 16قاتوقڕی ناردە سەر زەوی،
- هەموو نانێکی لە زەوی بڕی.
- 17کەسێکی لەپێشیانەوە نارد،
- یوسف بە کۆیلایەتی فرۆشرا،
- 18بە کۆت ئازاری پێیان دا،
- زنجیری ئاسنیان لە ملی کرد،
- 19هەتا کاتی هاتنەدی قسەکەی،
- پەیامی یەزدان ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند.
- 20پاشا ناردی کۆتەکەیان کردەوە،
- فەرمانڕەوای گەلان ئازادی کرد.
- 21کردی بە گەورەی ماڵی خۆی،
- کردی بە دەسەڵاتدار لەسەر هەموو موڵکی خۆی،
- 22بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی میرەکانی ڕێنمایی بکات،
- پیرەکانی فێری دانایی بکات.
- 23جا ئیسرائیل هاتە میسر،
- یاقوب لە خاکی حام بوو بە لانەواز.
- 24بەم جۆرەی کرد گەلەکەی زۆر بە بەروبووم بن،
- لە هەموو دوژمنەکانی بەهێزتری کردن،
- 25ئەو دڵی گۆڕین بۆ ئەوەی ڕقیان لە گەلەکەی بێتەوە،
- هەتا فێڵ لە خزمەتکارەکانی بکەن.
- 26موسای بەندەی خۆی نارد و
- هارون ئەوەی هەڵیبژارد.
- 27لەنێو خۆیان ئەو پەرجوو و نیشانانەی فەرمانی پێکرابوو،
- لە خاکی حام هێنایانە دی.
- 28تاریکی نارد و تاریک داهات،
- میسرییەکان لە دژی فەرمانەکانی یاخی بوون.
- 29ئاوەکانی گۆڕین بۆ خوێن،
- ماسییەکانیانی کوشت.
- 30زەوی پڕبوو لە بۆق،
- کە چوونە نێو نوێنی پاشاکانیشیان.
- 31بە فەرمانی ئەو مێشومەگەز هات،
- مێشوولە بۆ هەموو سنوورەکانیان.
- 32بارانی کردن بە تەرزە،
- ئاگری بە گڕ لە زەوییەکانیان.
- 33لە هەنجیر و دار مێوەکانی دان،
- درەختی سنوورەکانیانی شکاند.
- 34بە فەرمانی ئەو کوللە هات،
- کوللەحاجی بێشومار،
- 35هەموو سەوزایی زەوییەکەیانی خوارد،
- بەروبوومی خاکەکەیانی خوارد.
- 36لە هەموو نۆبەرەیەکی دا لە خاکەکەیان،
- یەکەمین بەرهەمی پیاوەتییان.
- 37بە زێڕ و زیوەوە دەریهێنان،
- لەنێو هۆزەکانیان کەس پەکی نەکەوت.
- 38میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو،
- چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.
- 39هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین،
- ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
- 40داوایان کرد، سوێسکەی هێنا،
- نانی ئاسمانی تێری کردن.
- 41بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا،
- وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.
- 42لەبەر ئەوەی بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە،
- بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
- 43گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە،
- هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.
- 44خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین،
- بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،
- 45بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
- فێرکردنی جێبەجێ بکەن.
زهبورهكان ١٠٦
- 1هەلیلویا!
- ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
- خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
- 2کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟
- کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟
- 3خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن،
- ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن.
- 4ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە،
- لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە،
- 5بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم،
- بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم،
- بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم.
- 6ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد،
- خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد.
- 7کاتێک باوکانمان لە میسر بوون،
- لە پەرجووەکانی تۆ تێنەگەیشتن،
- یادی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی تۆیان نەکردەوە،
- بەڵکو یاخی بوون لەلای دەریا، لەلای دەریای سوور،
- 8بەڵام لەبەر ناوی خۆی ڕزگاری کردن،
- بۆ ئەوەی پاڵەوانیێتی بزانرێت.
- 9لە دەریای سووری ڕاخوڕی، وشک بوو،
- بە ناو قووڵاییەکەیدا بردنی، وەک لە بیابان.
- 10لە دەست ناحەز ڕزگاری کردن،
- لە دەست دوژمن کڕینیەوە.
- 11ئاو دوژمنانی ئەوانەی داپۆشی،
- کەسیان دەرباز نەبوون.
- 12ئەوسا بڕوایان بە بەڵێنەکانی کرد،
- گۆرانییان بۆ ستایشی گوت.
- 13بەڵام هەر زوو کردارەکانی ئەویان لەیادچوو،
- چاوەڕێی ڕاوێژی ئەویان نەکرد.
- 14بەڵکو لە چۆڵەوانی نەوسیان هەستا،
- لە بیابان خودایان تاقی کردەوە،
- 15ئەوەی داوایان کرد، پێیدان،
- بەڵام نەخۆشی لەڕی بۆ ناردن.
- 16لە ئۆردوگا بەغیلییان برد بە موسا و
- بە هارونی تەرخانکراوی یەزدان.
- 17زەوی لێک بووەوە و داتانی قووت دا،
- بەسەر تاقمەکەی ئەبیرامدا هاتەوەیەک.
- 18ئاگر بەربووە تاقمەکەیان،
- گڕ بەدکارانی هەڵلووشی.
- 19لە حۆرێڤ گوێرەکەیەکیان دروستکرد،
- کڕنۆشیان بۆ پەیکەرێکی داڕێژراو برد.
- 20شکۆیان گۆڕییەوە
- بە پەیکەری گای گیاخۆر.
- 21خودای ڕزگارکەری خۆیان لەبیر کرد،
- کە لە میسر کاری مەزنی کردبوو،
- 22پەرجووەکان لە وڵاتی حام،
- کارە سامناکەکان لەلای دەریای سوور.
- 23ئینجا فەرمووی لەناودەچن،
- ئەگەر موسای هەڵبژاردەی خۆی،
- لە کەلێنی شووراکە لە بەرامبەری ڕانەوەستابایە،
- بۆ ئەوەی نەهێڵێ تووڕەیی ئەو دایانبڕزێنێ.
- 24خاکی خۆشییان بە سووک زانی،
- باوەڕیان بە بەڵێنی ئەو نەکرد.
- 25لەناو خێوەتەکانیاندا کەوتنە بۆڵەبۆڵ،
- گوێیان لە قسەی یەزدان نەگرت.
- 26ئەویش سوێندی بۆ خواردن،
- کە لە بیابان بە مردوویی بکەون،
- 27نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکان بخات و
- لە خاکەکان پەرتیان بکات.
- 28پەیوەست بوون بە بەعلی پەعۆرەوە،
- ئەو قوربانییانەیان خوارد کە بۆ بتی مردوو کرابوون.
- 29بە کردەوەکانیان یەزدانیان پەست کرد،
- دەرد بەناویاندا بڵاو بووەوە.
- 30بەڵام فینەحاس هەستا و
- کەوتە نێوانەوە و دەرد ڕاگیرا.
- 31بە ڕاستودروستی بۆی دانرا،
- نەوە دوای نەوە هەتاهەتایە.
- 32لەلای مێرگی مەریبا یەزدانیان تووڕە کرد و
- موسا بەهۆی ئەوانە کەوتە ناخۆشی،
- 33چونکە کاتێک ئەوان لە ڕۆحی خودا یاخیبوون،
- قسەی ناشایستەش لە دەمی موسا دەرچوو.
- 34گەلەکانیان لەناونەبرد،
- وەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون،
- 35بەڵکو لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵاو بوون،
- فێری نەریتەکانیان بوون.
- 36بتەکانی ئەوانیان پەرست و
- بوو بە داو بۆیان.
- 37کوڕ و کچانی خۆیان
- بۆ بتەکان سەربڕی.
- 38خوێنێکی بێتاوانیان ڕشت،
- خوێنی کوڕ و کچەکانیان،
- ئەوانەی بۆ بتەکانی کەنعان سەریان بڕین،
- زەوی پیس بوو بە خوێن.
- 39گڵاو بوون بە کردەوەکانیان،
- داوێنپیس بوون بە کارەکانیان.
- 40لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا،
- قێزی لە میراتەکەی بووەوە.
- 41ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن،
- ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون،
- 42دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین،
- زەلیلی ژێر دەستیان بوون.
- 43زۆر جار دەربازی کردن،
- بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون،
- داڕووخان بە گوناهەکانیان.
- 44بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە،
- کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو.
- 45لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد،
- بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە.
- 46وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن،
- سکیان پێیان بسووتێت.
- 47ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە،
- لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە،
- بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
- شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.
- 48ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
- لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
- با هەموو گەل بڵێن: «ئامین!»
- هەلیلویا!