PLAY PODCASTS
حزقیال ٣٣: ١ - ٣١
Season 43 · Episode 19

حزقیال ٣٣: ١ - ٣١

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

June 1, 202525m 53s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

حزقیال ٣٣: ١ - ٣١

  • 1ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
  • 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ هاونیشتیمانیانت بکە و پێیان بڵێ: ”ئەگەر شمشێر بۆ سەر خاکێک بهێنم و ئەگەر گەلی خاکەکە پیاوێک لەنێو خۆیان ببەن و بیکەن بە چاودێر،
  • 3کاتێک ببینێت شمشێرەکە بۆ سەر خاکەکە دێت، فوو بە کەڕەنادا دەکات و گەلەکە ئاگادار دەکاتەوە.
  • 4ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، ئینجا شمشێرەکە هات و ژیانی برد، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت.
  • 5لەبەر ئەوەی گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت، ئەگەر وریای خۆی بووایە خۆی دەرباز دەکرد.
  • 6بەڵام ئەگەر چاودێرەکە ببینێت وا شمشێرەکە دێت، فووی بە کەڕەنادا نەکرد و گەلەکەی ئاگادار نەکردەوە، شمشێرەکەش هات و کەسێکی لەوان کوشت، ئەو کەسە بەهۆی تاوانەکانی کە کردوویەتی گیان دەسپێرێت، بەڵام من خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی چاودێرەکە.“
  • 7«ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کردووە بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، ئیتر وشەکە لە دەمی منەوە ببیستە و بە ناوی من ئاگاداریان بکەرەوە.
  • 8کاتێک بە بەدکار دەڵێم: ”ئەی بەدکار، سزاکەت مردنە!“ و تۆش بەدکارەکە ئاگادار نەکەیتەوە کە لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە، ئەوا ئەو بەدکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ.
  • 9بەڵام ئەگەر تۆ بەدکارەکە ئاگادار بکەیتەوە و ئەویش واز لە بەدکاری و لە ڕێگا خراپەکەی نەهێنێت، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆتت ڕزگار کردووە.
  • 10«ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”ئێوە بەم جۆرە دەدوێن: ’یاخیبوون و گوناهەکانمان لەسەر خۆمانن و بەوانە لەناودەچین. ئیتر ئێمە چۆن بژین؟‘ “
  • 11پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش نابم، بەڵکو بەوەی خراپەکار لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە و بژیێت. بگەڕێنەوە! لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە! ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟“
  • 12«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە بە هاونیشتیمانیانت بڵێ: ”ڕاستودروستی کەسی ڕاستودروست لە کاتی یاخیبوونی فریای ناکەوێت، خراپەکاریش لە کاتی گەڕانەوەی لە خراپەکەی، بەهۆی خراپەکەی لەناو ناچێت. کەسی ڕاستودروست لە کاتی گوناهەکەی ناتوانێت بە ڕاستودروستییەکەی بژیێت.“
  • 13ئەگەر بە کەسی ڕاستودروستم فەرموو: ”بێگومان تۆ دەژیت،“ جا ئەگەر پشتی بە ڕاستودروستییەکەی بەست و خراپەی کرد، هەموو ڕاستودروستییەکەی لەیاد دەکرێت، بەڵکو خراپەکەی دەبێتە هۆی مردنی.
  • 14ئەگەر بە خراپەکارم فەرموو: ”سزاکەت مردنە!“ جا ئەگەر لە گوناهەکەی گەڕایەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کرد،
  • 15ئەگەر خراپەکارەکە بارمتە یان هەر شتێکی دزیوە گەڕاندییەوە و ڕێگای فەرزەکانی ژیانی گرتەبەر، بەبێ ئەوەی خراپە بکات، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت.
  • 16هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێن. بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کردووە، بێگومان دەژیێت.
  • 17«هاونیشتیمانیانت دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە.“ بەڵکو ئەوان ڕێگای خۆیان ڕاست نییە.
  • 18کاتێک کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی بگەڕێتەوە و خراپە بکات، ئەوا پێی دەمرێت.
  • 19کاتێکیش خراپەکار لە خراپەکەی بگەڕێتەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کار بکات، ئەوا پێیان دەژیێت.
  • 20ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە!“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من هەریەکەتان بەپێی ڕێگاکانی خۆی حوکمی دەدەم.»
  • 21لە ساڵی دوازدەمینی ڕاپێچکردنمان، لە پێنجی مانگی دە، لە ئۆرشەلیمەوە دەربازبووێک بۆ لام هات و گوتی: «شارەکە کەوت.»
  • 22ئێوارەی پێش گەیشتنی دەربازبووەکە، ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، دەمی کردمەوە، جا کە بەیانی هات بۆ لام دەمم کرابووەوە و چیتر لاڵ نەبووم.
  • 23ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
  • 24«ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی کەلاوەکانی خاکی ئیسرائیل قسە دەکەن و دەڵێن: ”ئیبراهیم تەنها کەسێک بوو، بەڵام دەستی بەسەر خاکەکەدا گرت. ئێمە زۆرین و خاکەکە بە ئێمە دراوە کە دەستی بەسەردا بگرین.“
  • 25لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن، چاوتان بۆ بتەکانتان هەڵدەبڕن و خوێن دەڕێژن، ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟
  • 26پشت بە شمشێری خۆتان دەبەستن، شتی قێزەون دەکەن، هەریەکەتان بە ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بوو. ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟“
  • 27«پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئەوانەی لە کەلاوەکانن بە شمشێر دەکوژرێن، ئەوانەی لەسەر ڕووی دەشتودەرن دەیانکەمە خۆراکی گیانلەبەران، ئەوانەی لە قەڵا و لە ئەشکەوتەکانن بە دەرد دەمرن.
  • 28خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، کۆتایی بە شانازی هێزی دێت، چیاکانی ئیسرائیل دەبن بە وێرانەی بێ ڕێبوار.
  • 29جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، لەسەر هەموو کارە قێزەونەکانیان کە کردوویانە.“
  • 30«ئەی کوڕی مرۆڤ، هاونیشتیمانیانت لەپاڵ دیوارەکان و لە بەردەرگای ماڵەکان لەبارەی تۆوە دەدوێن، هەریەکە لەگەڵ براکەی، بە یەکتر دەڵێن: ”وەرن با گوێ لەو قسەیە بگرین کە لەلایەن یەزدانەوە هاتووە.“
  • 31هەروەک هەموو کات، گەلەکەم بۆ لات دێن، لەبەردەمت دادەنیشن و گوێ لە قسەکانت دەگرن، بەڵام کاری پێ ناکەن، چونکە تەنها بە دەم پەرۆشی خۆیان بۆ خودا دەردەبڕن، بەڵام بە دڵ بەدوای قازانجی ناڕەوایی خۆیان کەوتوون.