PLAY PODCASTS
سامۆئێلی دووه‌م ٢١: ١ - ٢٢: ٥١
Season 16 · Episode 12

سامۆئێلی دووه‌م ٢١: ١ - ٢٢: ٥١

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

January 8, 202425m 16s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

سامۆئێلی دووه‌م ٢١: ١ - ٢٢: ٥١

  • 1لە سەردەمی پاشایەتی داود سێ ساڵ لەدوای یەک قاتوقڕی هەبوو، داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و یەزدانیش فەرمووی: «بەهۆی شاول و ماڵە خوێنڕێژەکەیەتی، لەبەر ئەوەی گبعۆنییەکانی کوشت.»
  • 2پاشا گبعۆنییەکانی بانگکرد و لەگەڵیاندا دوا. گبعۆنییەکان لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون، بەڵکو لە پاشماوەی ئەمۆرییەکان بوون و نەوەی ئیسرائیل سوێندیان بۆ پەیمانی ئاشتی خواردبوو، بەڵام شاول بەهۆی دڵگەرمی بۆ ئیسرائیل و یەهودا هەوڵی لەناوبردنی دان.
  • 3جا داود بە گبعۆنییەکانی گوت: «چیتان بۆ بکەم و بە چی کەفارەت بکەم تاوەکو داوای بەرەکەت بۆ میراتی یەزدان بکەن؟»
  • 4گبعۆنییەکانیش وەڵامیان دایەوە: «بۆمان نییە داوای زێڕ و زیو لە شاول و ماڵەکەی بکەین، هەروەها بۆشمان نییە کەس لە ئیسرائیلدا بکوژین.»
  • داودیش گوتی: «هەرچی بڵێن بۆتان دەکەم.»
  • 5ئەوانیش بە پاشایان گوت: «ئەو پیاوەی کە قڕی کردین و پیلانی لە دژمان گێڕا بۆ ئەوەی لەناومان ببات و لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا نەمێنینەوە،
  • 6با حەوت پیاومان لە کوڕەکانی پێبدرێت، تاوەکو بۆ یەزدان هەڵیانواسین، لە گیڤعای شاولی هەڵبژێردراوی یەزدان.»
  • پاشاش گوتی: «من پێتان دەدەم.»
  • 7پاشا دەستی لە مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول پاراست، لەبەر ئەو سوێندەی یەزدان کە لەنێوان داود و یۆناتانی کوڕی شاول هەبوو.
  • 8بەڵام پاشا ئەمانەی برد: ئەرمۆنی و مەفیبۆشەت، هەردوو کوڕەکەی ڕیچپای کچی ئەییا کە لە شاول ببووی، لەگەڵ هەر پێنج کوڕەکەی مێرەڤی کچی شاول کە لە عەدرئێلی کوڕی بەرزیلەیی مەحۆلاتی ببووی.
  • 9کوڕەکانی دایە دەست گبعۆنییەکان، ئەوانیش لەسەر چیا لەبەردەم یەزداندا بە کوژراوی هەڵیانواسین، هەر حەوتیان پێکەوە کەوتن، لە ڕۆژانی دروێنە لە سەرەتای دەستپێکردنی دروێنەی جۆ کوژران.
  • 10ڕیچپای کچی ئەییا گوشێکی برد و لەسەر بەردێک بۆ خۆی ڕایخست. هەر لە سەرەتای دروێنەدا هەتا ئەو کاتەی باران لە ئاسمان باری نەیهێشت نە باڵندەی ئاسمان لە ڕۆژ و نە ئاژەڵی کێوی لە شەو دابەزنە سەر تەرمەکانیان.
  • 11ئیتر ئەوەی ڕیچپای کچی ئەییا کەنیزەکەی شاول کردی بە داود ڕاگەیەنرا،
  • 12داودیش چوو و ئێسکەکانی شاول و ئێسکەکانی یۆناتانی کوڕی لەلای دانیشتووانی یاڤێش گلعاد هێنا، ئەوانەی لە گۆڕەپانی بێت‌شانەوە دزیبوویان، لەو شوێنەدا کە فەلەستییەکان ئەو ڕۆژەی کە لە شاولیان دا لە گلبۆع هەڵیانواسیبوون.
  • 13داود لەوێوە ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕی هێنا و ئێسکی هەڵواسراوەکانیشی کۆکردەوە.
  • 14ئینجا ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕیان لە زەوی بنیامین لە چێلاع لەناو گۆڕەکەی قیشی باوکی ناشت و هەموو ئەو شتانەی پاشا فەرمانی پێدابوو کردیان. پاش ئەوە خودا وەڵامی ئەو پاڕانەوەی دایەوە کە لە پێناوی زەوییەکە کرا.
  • 15جارێکی دیکە جەنگ لەنێوان فەلەستییەکان و ئیسرائیلدا بەرپابوو، داود لەگەڵ خزمەتکارەکانی دابەزین و لە دژی فەلەستییەکان جەنگان، داود شەکەت بوو.
  • 16جا یەشبی بەنۆڤ کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا و کێشی ڕمەکەی سێ سەد شاقل بڕۆنز بوو، شمشێرێکی نوێی لە کەمەری بەستبوو، گوتی کە داود دەکوژێت.
  • 17بەڵام ئەبیشەی کوڕی چەرویا بە هانایەوە هات و لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی. ئینجا پیاوەکانی داود سوێندیان بۆ خوارد و گوتیان: «نابێت جارێکی دیکە بۆ جەنگ لەگەڵمان بێیتە دەرەوە، نەوەک چرای ئیسرائیل بکوژێنرێتەوە.»
  • 18پاش ئەمانە جەنگێکی دیکە لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ هەڵگیرسا، لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی سەفی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا.
  • 19جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ جەنگ هەڵگیرسایەوە، ئێلحانانی کوڕی یاعیری بێت‌لەحمی برای گۆلیاتی گەتی کوشت، دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.
  • 20دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، واتا بیست و چوار پەنجەی هەبوو. ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو.
  • 21کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعای برای داود کوشتی.
  • 22ئەو چوارە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.

سامۆئێلی دووه‌م ٢٢

  • 1داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد.
  • 2گوتی:
  • «یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
  • 3خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
  • قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە،
  • پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە،
  • لە ستەم ڕزگارم دەکات.
  • 4«لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
  • لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم،
  • 5چونکە شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە،
  • لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم،
  • 6پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
  • داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.
  • 7«لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
  • هاوارم بردە بەر خودام،
  • لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
  • گوێی لە هاوارم بوو.
  • 8ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،
  • بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین،
  • لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
  • 9دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،
  • ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،
  • وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
  • 10ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە،
  • هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
  • 11سواری کەڕوب بوو و فڕی،
  • بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
  • 12تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی،
  • هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان.
  • 13لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو
  • پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان.
  • 14یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،
  • ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
  • 15تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،
  • بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
  • 16بنی دەریا دەرکەوت،
  • بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،
  • لە سەرزەنشتی یەزدان،
  • لە گەرمی هەناسەی لووتی.
  • 17«لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،
  • لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
  • 18لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،
  • لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
  • 19لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،
  • بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
  • 20منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،
  • ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.
  • 21«یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
  • بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم،
  • 22چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
  • لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
  • 23هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
  • لە فەرزەکانی لام نەداوە.
  • 24لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
  • خۆم لە گوناه پاراستووە.
  • 25یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
  • بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.
  • 26«لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
  • لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
  • 27لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
  • بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
  • 28تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
  • بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت.
  • 29ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت،
  • یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
  • 30بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
  • لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.
  • 31«ڕێبازی خودا تەواوە،
  • بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
  • ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
  • 32لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟
  • لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
  • 33خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات،
  • بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
  • 34پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،
  • لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
  • 35مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،
  • تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
  • 36تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،
  • هاوکاریت گەورەم دەکات.
  • 37جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،
  • تاکو پێم نەخلیسکێت.
  • 38«دوژمنەکانم ڕاونا و وردوخاشم کردن،
  • هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
  • 39لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،
  • لەژێر پێم کەوتن.
  • 40کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،
  • وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
  • 41دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،
  • من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
  • 42هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،
  • هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
  • 43وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی،
  • وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن.
  • 44«لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم،
  • تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە.
  • گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن،
  • 45بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن،
  • هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن.
  • 46بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
  • بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.
  • 47«یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
  • خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە!
  • 48خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
  • گەلان ملکەچی من دەکات،
  • 49لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت.
  • پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
  • لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم.
  • 50لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
  • گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.
  • 51«سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
  • خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
  • بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»