PLAY PODCASTS
عه‌زڕا ٣: ١ - ٤: ٢٤
Season 23 · Episode 3

عه‌زڕا ٣: ١ - ٤: ٢٤

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

May 7, 202418m 46s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

عه‌زڕا ٣: ١ - ٤: ٢٤

  • 1کاتێک مانگی حەوت هات، نەوەی ئیسرائیل لە شارۆچکەکانی خۆیان جێگیر بوون، ئینجا گەل وەک یەک کەس لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە.
  • 2یەشوعی کوڕی یۆچاداق و برا کاهینەکانی، لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و هاوکارەکانی، دەستیان بە بنیادنانەوەی قوربانگاکەی خودای ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندنی لەسەر پێشکەش بکەن، هەروەک لە تەوراتی موسای پیاوی خودا نووسراوە.
  • 3لەگەڵ ئەوەی ترسی گەلانی دەوروبەری لە دڵدا بوو، قوربانگاکەیان لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد نایەوە و قوربانی سووتاندنیان لەسەری بۆ یەزدان پێشکەش کرد، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و ئێواران.
  • 4بەپێی ئەوەی کە نووسرابوو جەژنی کەپرەشینەیان گێڕا، بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی کە دیاری کرابوو قوربانی سووتاندنی ڕۆژانەیان پێشکەش دەکرد، کاری هەر ڕۆژێک لە ڕۆژی خۆیدا.
  • 5پاشان قوربانی سووتاندنی بەردەوام و قوربانی سەرەمانگ و قوربانی هەموو جەژنە پیرۆزەکانی یەزدانیشیان پێشکەش کرد، بێجگە لە بەخشینە ئازادەکان کە هەر یەکێک بە خواستی دڵی خۆی پێشکەشی یەزدانی دەکرد.
  • 6لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوتەوە دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن بە یەزدان، هەرچەندە بناغەی پەرستگای یەزدانیش هێشتا دانەمەزرابوو.
  • 7زیویان دایە نەقاڕ و دارتاشەکان، هەروەها خواردن و خواردنەوە و زەیتیان دایە سەیدائی و سورییەکان بۆ ئەوەی داری ئورز بە ڕێی دەریادا لە لوبنانەوە بهێننە یافا، بەپێی ئەو موڵەتەی کۆرشی پاشای فارس پێیدابوون.
  • 8لە ساڵی دووەمی هاتنیان بۆ ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم، لە مانگی دوو، زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل، لەگەڵ یەشوعی کوڕی یۆچاداق و پاشماوەی برا کاهین و لێڤییەکانیان و هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە ئۆرشەلیم، دەستیان بە کار کرد. ئەو لێڤییانەی کە بیست ساڵ و بەرەو سەرەوە بوون، دایاننان بۆ چاودێریکردنی کارەکەی ماڵی یەزدان.
  • 9هەروەها یەشوع و کوڕ و براکانی، قەدمیێل و کوڕەکانی لە نەوەی هۆدەڤیا، هەروەها نەوەی حێناداد و کوڕ و براکانی کە هەموویان لێڤی بوون، پێکەوە ڕاوەستان بۆ چاودێریکردنی ئەو کرێکارانەی کارەکەی ماڵی خودایان دەکرد.
  • 10کە بیناسازەکان بناغەی پەرستگاکەی یەزدانیان دامەزراند، بەپێی ڕێکخستنەکەی داودی پاشای ئیسرائیل کاهینەکان بە جلوبەرگ و کەڕەناوە چوونە شوێنی خۆیان، هەروەها لێڤییەکانی نەوەی ئاسافیش بە سەنجەوە چوونە شوێنی خۆیان تاکو ستایشی یەزدان بکەن.
  • 11بە ستایش و سوپاسەوە گۆرانییان بۆ یەزدان گوت:
  • «بێگومان خودا چاکە،
  • بۆ هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.»
  • هەموو گەلیش بە دەنگی بەرز بە ستایشەوە هاواریان بۆ یەزدان دەکرد، لەبەر دامەزراندنی بناغەی ماڵی یەزدان.
  • 12بەڵام زۆربەی کاهین و لێڤی و گەورەی بنەماڵەکان کە پیر بوون، ئەوانەی پەرستگاکەی یەکەمیان بینیبوو، لە کاتی دامەزراندنی بناغەی ئەم پەرستگایە لەپێش چاویاندا بە دەنگێکی بەرز گریان، زۆریش هەبوو بە دەنگی بەرز هاواری خۆشییان دەکرد.
  • 13کەس نەیدەتوانی هاواری خۆشی لە دەنگی گریان جیا بکاتەوە، چونکە گەل بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد، تەنانەت لە دووریشەوە دەنگەکە دەبیسترا.

عه‌زڕا ٤

  • 1کاتێک دوژمنەکانی یەهودا و بنیامین بیستیانەوە ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە پەرستگایەکیان بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد دەنایەوە،
  • 2هاتن بۆ لای زروبابل و گەورەی بنەماڵەکان و پێیان گوتن: «با لەگەڵتان بنیاد بنێین، چونکە ئێمەش وەک ئێوەین و داوا لە خوداکەتان دەکەین، لە ماوەی پاشایەتی ئێسەرحەدۆنی پاشای ئاشورەوە ئێمەی بۆ ئێرە هێناوە، قوربانیمان سەربڕیوە.»
  • 3بەڵام زروبابل و یەشوع و پاشماوەی گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل وەڵامیان دانەوە: «بۆتان نییە لەگەڵ ئێمە پەرستگای خودامان بنیاد بنێنەوە، بەڵکو ئێمە بە تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی بنیادی دەنێین، بەو شێوەیەی کۆرشی پاشا، پاشای فارس فەرمانی پێ کردووین.»
  • 4جا گەلانی خاکەکە دەستی گەلی یەهودایان شل دەکردەوە و لە بیناکردنەکە دەیانترساندن،
  • 5چەند ڕاوێژکارێکیان بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکەیان بە کرێ گرت، بە درێژایی سەردەمی کۆرشی پاشای فارس هەتا پاشایەتی داریوشی پاشای فارس.
  • 6لە سەرەتای پاشایەتی ئەحەشوێرۆش، سکاڵانامەیەکیان لە دژی دانیشتووانی یەهودا و ئۆرشەلیم نووسی.
  • 7هەروەها لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، بیشلام و میترەدات و تاڤئێل و سەرجەم یاوەرەکانیان نامەیەکیان بۆ ئەرتەحشەستەی نووسی، نامەکەش بە پیت و زمانی ئارامی نووسرا.
  • 8ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی نامەیەکیان لە دژی ئۆرشەلیم بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا بەم شێوە نووسی:
  • 9ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان، کە لە دادوەر و کاربەدەست و بەرپرسانی گەلی فارس و ئەرەک و بابل و ئیلامییەکانی شوش
  • 10و سەرجەم ئەو نەتەوانە پێکهاتبوون کە ئەشوربەنیپەلی گەورە و بەڕێز ڕاپێچی کردن، لە شاری سامیرە و چەند شوێنێکی دیکە لە هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێی کردن.
  • 11ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە بۆیان نارد.
  • بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا،
  • خزمەتکارانت، پیاوانی هەرێمی ئەوبەری فورات:
  • 12با پاشا بزانێت کە ئەو جولەکانەی لەلای تۆوە سەرکەوتن بۆ لامان، هاتوون بۆ ئۆرشەلیم و ئەو شارە یاخی و خراپە بنیاد دەنێنەوە، شووراکانیش تەواو دەکەن و بناغەکان چاک دەکەنەوە.
  • 13با ئێستا لەلای پاشا زانراو بێت کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێتەوە و شووراکانی تەواو بکرێن، چیتر سەرانە و گومرگ و باج نادرێت، لە کۆتاییشدا زیان لە پاشاکان دەکەوێت.
  • 14ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێمە نمەکی کۆشکی پاشا دەکەین و شیاویش نییە زیانی پاشا ببینین، لەبەر ئەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی پاشا ئەم نامەیە دەنێرین،
  • 15بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەک لە ئەرشیفی شاهانەی باوباپیرانتدا بکرێت. ئینجا لە ئەرشیفی شاهانە دەبینیتەوە و دەزانیت کە ئەم شارە شارێکی یاخییە و زیانبەخشە بە پاشاکان و هەرێمەکان، لە دێرزەمانەوە یاخیبوونیان لەناویدا بەرپا کردووە، لەبەر ئەوە ئەم شارە کاول کرا.
  • 16ئێمەش پاشا ئاگادار دەکەینەوە کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێت و شووراکانی تەواو بکرێن، ئیتر لە هەرێمی ئەوبەری فوراتەوە بەشت نابێت.
  • 17پاشا ئەم وەڵامەی نارد:
  • بۆ ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان کە لە سامیرە و شوێنەکانی دیکەی هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێن:
  • پاش سڵاو.
  • 18ئەو نامەیەی بۆتان ناردین بە ڕوونی لەبەردەممدا خوێنرایەوە و وەرگێڕدرا.
  • 19فەرمانێکم دەرکرد و لێکۆڵینەوەیەک کرا، دەرکەوت کە ئەم شارە لە دێرزەمانەوە لە دژی پاشایان وەستاوەتەوە و یاخیبوون و سەرپێچیکردنی تێدا بەرپا کراوە.
  • 20ئۆرشەلیم پاشای بە توانای هەبووە و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو هەرێمی ئەوبەری فوراتدا ڕۆیشتووە، سەرانە و گومرگ و باجیان پێدراوە.
  • 21ئێستاش فەرمانێک بۆ دەست لە کار هەڵگرتنی ئەم پیاوانە دەربکەن، ئیتر هەتا فەرمان لە منەوە دەرنەچێت ئەو شارە بنیاد نانرێتەوە.
  • 22وریابن لەم کارە کەمتەرخەمی نەکەن، نەوەک زیان بە بەرژەوەندی پاشاکان بگات.
  • 23کاتێک نامەکەی ئەرتەحشەستەی پاشا لەبەردەم ڕەحوم و شیمشەیی خامەی نهێنی و یاوەرەکانیاندا خوێنرایەوە، بە پەلە چوون بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای جولەکەکان و بە زەبری هێز لە کارەکە ڕایانگرتن.
  • 24کارەکەی ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم ڕاگیرابوو، هەتا دووەم ساڵی پاشایەتی داریوشی پاشای فارس.