
Season 17 · Episode 12
یهكهم پاشایان ١٩: ١ - ٢٠: ٤٣
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
January 21, 202422m 45s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
یهكهم پاشایان ١٩: ١ - ٢٠: ٤٣
- 1ئەحاڤ هەموو ئەوەی بە ئیزابێل ڕاگەیاند کە ئەلیاس کردی، هەروەها کە چۆن هەموو پێغەمبەرەکانی بە شمشێر کوشتووە.
- 2ئینجا ئیزابێل نێردراوێکی بۆ لای ئەلیاس نارد و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدەن، ئەگەر سبەینێ لەم کاتەدا گیانت وەک گیانی یەکێک لەوانە لێ نەکەم.»
- 3کاتێک ئەلیاس ئەوەی بینی، هەڵات بۆ ئەوەی گیانی خۆی دەرباز بکات. کاتێک گەیشتە بیری شابەع، ئەوەی کە سەر بە یەهودایە، خزمەتکارەکەی لەوێ بەجێهێشت.
- 4خۆشی ڕۆژە ڕێیەک بە دەشتودەردا ڕۆیشت هەتا هات و لەژێر دار گەزێک دانیشت و داوای مەرگی بۆ گیانی خۆی کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، ئیتر بەسە، گیانم بکێشە، چونکە من لە باوباپیرانم باشتر نیم.»
- 5ئینجا لەژێر دار گەزەکە پاڵکەوت و نوست.
- لەناکاو فریشتەیەک دەستی لێدا و فەرمووی: «هەستە، بخۆ.»
- 6ئەویش تەماشای کرد ئەوەتا لەلای سەرییەوە کولێرەیەکی بە بەردی داغ برژاو و گۆزەیەک ئاوی لێیە، ئیتر خواردی و خواردیەوە، دیسان پاڵکەوتەوە.
- 7دووبارە فریشتەکەی یەزدان گەڕایەوە و دەستی لێدایەوە و فەرمووی: «هەستە بخۆ، چونکە ڕێگاکە لە توانای تۆ زیاترە.»
- 8ئەویش هەستا و خواردی و خواردیەوە، بە هێزی ئەو خواردنە چل شەو و چل ڕۆژ هەتا حۆرێڤی کێوی خودا ڕۆیشت.
- 9لەوێ چووە ناو ئەشکەوتێک و شەوی تێدا بەسەربرد.
- لەناکاو فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟»
- 10ئەویش وەڵامی دایەوە: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە، پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.»
- 11یەزدانیش فەرمووی: «وەرە دەرەوە و لەسەر چیاکە لەبەردەم یەزدان ڕابوەستە، چونکە وا یەزدان تێدەپەڕێت.»
- ئینجا بایەکی مەزن و بەهێز چیاکانی شەقکرد و تاشەبەردەکانی لەبەردەم یەزدان شکاند، بەڵام یەزدان لەناو بایەکەدا نەبوو. لەدوای بایەکە بوومەلەرزەیەک هات، یەزدان لە بوومەلەرزەکەشدا نەبوو.
- 12لەدوای بوومەلەرزەکە ئاگرێک هات، یەزدان لە ئاگرەکەشدا نەبوو. لەدوای ئاگرەکە چرپەی دەنگێک هات.
- 13ئەوە بوو کە ئەلیاس گوێی لە چرپەکە بوو، دەموچاوی بە کەواکەی داپۆشی، چووە دەرەوە و لەبەردەمی ئەشکەوتەکەدا ڕاوەستا.
- پاشان دەنگێک هاتە بەرگوێی و پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟»
- 14ئەویش گوتی: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە و پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.»
- 15ئینجا یەزدان پێی فەرموو: «بڕۆ و بە ڕێگاکەتدا بگەڕێوە بۆ دەشتودەری دیمەشق، کاتێک گەیشتییە ئەوێ حەزائێل وەک پاشای ئارام دەستنیشان بکە.
- 16هەروەها یێهوی کوڕی نیمشی وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشان بکە و ئەلیشەعی کوڕی شافاتیش کە خەڵکی ئابێلی مەحۆلایە لە جێی خۆت وەک پێغەمبەر دەستنیشانی بکە.
- 17جا ئەوە ڕوودەدات، هەرکەس لە شمشێری حەزائێل دەرباز بێت، یێهو دەیکوژێت و هەرکەسیش لە شمشێری یێهو دەرباز بێت، ئەلیشەع دەیکوژێت.
- 18لەگەڵ ئەوەشدا حەوت هەزار کەس لە ئیسرائیل دەهێڵمەوە، هەموو ئەوانەی کە چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە، بە دەم ماچیان نەکردووە.»
- 19ئیتر ئەلیاس لەوێ ڕۆیشت و ئەلیشەعی کوڕی شافاتی دۆزییەوە زەوی دەکێڵا، دوازدە جووت گا لەپێشییەوە بوون، ئەو لەگەڵ جووتی دوازدەیەمین بوو. ئینجا ئەلیاس بەلایدا تێپەڕی و کەواکەی فڕێدایە سەری.
- 20ئەلیشەعیش گایەکانی بەجێهێشت و لەدوای ئەلیاس ڕایکرد و گوتی: «دایک و باوکم ماچ دەکەم و دوات دەکەوم.»
- ئەلیاسیش پێی گوت: «بڕۆ و بگەڕێوە، چونکە من چ ڕێگرییەکم لێکردوویت؟»
- 21ئەلیشەعیش لەدوای گەڕایەوە و جووتە گایەکەی برد و سەری بڕین، گاسنەکەی سووتاند بۆ ئەوەی گۆشتەکە بکوڵێنێت، دایە خەڵکەکە و خواردیان. ئینجا هەستا و دوای ئەلیاس کەوت و بووە خزمەتکاری.
یهكهم پاشایان ٢٠
- 1ئەوە بوو بەنهەدەدی پاشای ئارام هەموو هێزەکەی کۆکردەوە و سی و دوو پاشاش بە ئەسپ و گالیسکەوە لەگەڵی بوون، سوپای جوڵاند و سامیرەی گەمارۆ دا و لە دژی جەنگا.
- 2چەند نێردراوێکی ناردە شارەکە بۆ لای ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل. پێی گوت: «بەنهەدەد ئاوا دەڵێت:
- 3”زێڕ و زیوەکەت هی منە، ژن و کوڕە چاکەکانت هی منن.“»
- 4پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە: «پاشای گەورەم، ئەوەی گوتت وا دەبێت، خۆم و هەموو ئەوانەشی کە هەمە هی تۆن.»
- 5نێردراوەکان هاتنەوە و گوتیان: «بەنهەدەد ئەمە دەڵێت: ”من چەند نێردراوێکم بۆ لات نارد و گوتم، زێڕ و زیو و ژن و کوڕە چاکەکانت دەدەیتە من،
- 6بەڵام سبەینێ لەم کاتەدا کاربەدەستەکانم دەنێرمە لات، کۆشکەکەت و ماڵی کاربەدەستەکانت دەپشکنن. جا هەموو ئەوەی پەسەندە لەبەرچاوی تۆ دەستی بەسەردا دەگرن و دەیبەن.“»
- 7پاشای ئیسرائیل هەموو پیرانی خاکەکەی بانگکرد و گوتی: «بزانن و ببینن، ئەمە داوای شەڕ دەکات، چونکە ناردی بۆ داواکردنی ژن و کوڕ و زێڕ و زیوەکەم، ڕەتم نەکردەوە.»
- 8هەموو پیران و هەموو گەل وەڵامیان دایەوە: «گوێی لێ مەگرە و ڕازی مەبە.»
- 9ئەویش بە نێردراوەکانی بەنهەدەدی گوت: «بە پاشای گەورەم بڵێن: ”منی خزمەتکارت هەموو ئەوە جێبەجێ دەکەم کە لە سەرەتادا داوات کردووە، بەڵام ناتوانم ئەم کارە بکەم.“» ئینجا نێردراوەکان گەڕانەوە و وەڵامەکەیان بۆ بەنهەدەد گێڕایەوە.
- 10ئینجا بەنهەدەد ناردی بۆ لای ئەحاڤ و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدەن، ئەگەر خۆڵی سامیرە بەشی مشتی هەموو ئەو گەلە بکات کە دوام کەوتوون.»
- 11پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پێی بڵێن: ”شەڕکردن شانازی نییە، بەڵکو سەرکەوتن.“»
- 12کاتێک بەنهەدەد لەگەڵ پاشاکان لەنێو چادرەکان دەیخواردەوە گوێی لەم قسەیە بوو، بە خزمەتکارەکانی گوت: «ڕیز ببەستن.» ئەوانیش ڕیزیان بەست و بەریان لە شارەکە گرت.
- 13ئەوە بوو پێغەمبەرێک لە ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو سوپا گەورەیەت بینی؟ ئەوەتا من ئەمڕۆ دەیدەمە دەستی تۆ، تاوەکو بزانیت کە من یەزدانم!“»
- 14ئەحاڤیش گوتی: «بە کێ؟»
- پێغەمبەرەکەش گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەو ئەفسەرە گەنجانەی کە لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەکانی هەرێمەکانن.“»
- ئەویش گوتی: «کێ دەست بە جەنگەکە دەکات؟»
- پێغەمبەرەکەش گوتی: «تۆ.»
- 15لەبەر ئەوە ئەحاڤ ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکانی بانگکرد، دوو سەد و سی و دوو پیاو بوون، پاش ئەوانیش پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیشی کۆکردەوە، کە حەوت هەزار پیاو بوون.
- 16لە نیوەڕۆدا بەڕێکەوتن و بەنهەدەدیش لە چادرەکانەوە لەگەڵ سی و دوو پاشاکەی دیکەی هاوپەیمانی دەیانخواردەوە و سەرخۆش بوون.
- 17یەکەم جار ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان بەڕێکەوتن.
- ئەوە بوو بەنهەدەد چەند سووسەکەرێکی ناردبوو، ئەوانیش پێیان ڕاگەیاند: «چەند پیاوێک لە سامیرەوە بە ڕێگاوەن.»
- 18ئەویش گوتی: «ئەگەر بۆ ئاشتی هاتوونەتە دەرەوە بە زیندووێتی بیانگرن، ئەگەر بۆ شەڕیش هاتوونەتە دەرەوە، هەر بە زیندووێتی بیانگرن.»
- 19ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان و ئەو هێزەی لە دوایان بوون لە شارەکە هاتنە دەرەوە،
- 20هەریەکەیان ئەو پیاوە ئارامییەیان دەکوشت کە دەهاتە بەرامبەریان، ئارامییەکانیش هەڵاتن و ئیسرائیلیش ڕاویان نان، بەنهەدەدی پاشای ئارامیش بە ئەسپ لەگەڵ سوارەکان دەرباز بوو.
- 21پاشای ئیسرائیلیش هاتە دەرەوە و لە ئەسپ و گالیسکەکانی دا، زیانێکی گەورەی بە ئارامییەکان گەیاند.
- 22پاشان پێغەمبەرەکە لە پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و پێی گوت: «بڕۆ خۆت بەهێز بکە و بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە لە بەهاری ساڵدا پاشای ئارام پەلامارت دەداتەوە.»
- 23هەر لەو ماوەیەدا کاربەدەستەکانی پاشای ئارام بەم جۆرە ئامۆژگاری پاشایان کرد و گوتیان: «خوداوەندەکانیان خوداوەندی شاخن، لەبەر ئەوە لە ئێمە بەهێزتر بوون. بەڵام با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین!
- 24بۆ ئەم کارەش ئەمە بکە، هەریەک لە پاشاکان لە شوێنەکانیان لاببە و سەرکردەکان لە جێیاندا دابنێ.
- 25ئیتر بۆ خۆت سوپایەک وەک ئەو سوپایەی کە لە دەستت دا، پێکدەهێنیتەوە، ئەسپ لە جێی ئەسپ و گالیسکە لە جێی گالیسکە. با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین!» ئەویش گوێی لە قسەکەیان گرت و بەم جۆرەی کرد.
- 26ئەوە بوو لە بەهاری ساڵدا، بەنهەدەد ئارامییەکانی کۆکردەوە و سەرکەوت بۆ ئەفێق بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل.
- 27نەوەی ئیسرائیلیش کۆکرانەوە و پێداویستییان پێدرا و چوون بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، نەوەی ئیسرائیل وەک دوو مێگەلی بچووکی بزن وابوون بەرامبەریان، ئارامییەکانیش دەشتەکەیان پڕکردبوو.
- 28ئینجا پیاوەکەی خودا هاتە پێشەوە و بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئارامییەکان گوتیان، یەزدان خوداوەندێکی شاخەکانە و خوداوەندی دۆڵەکان نییە، ئەم هەموو کۆمەڵە گەورەیە دەدەمە دەستی تۆ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
- 29حەوت ڕۆژ بەرامبەر بە یەکتر دامەزران، لە ڕۆژی حەوتەم جەنگەکە هەڵگیرسا، نەوەی ئیسرائیل لە ئارامییەکانیان دا، سەد هەزار پیادەیان لە یەک ڕۆژدا لێ کوشتن.
- 30پاشماوەکەیان بۆ شاری ئەفێق هەڵاتن، لەوێش شوورای شارەکە بەسەر بیست و حەوت هەزار پیاویان داڕما، بەنهەدەدیش هەڵات و چووە ناو شارەکە، لە ژووری دواوەی ماڵێک خۆی شاردەوە.
- 31کاربەدەستەکانی پێیان گوت: «تەماشا بکە، بیستوومانە کە پاشاکانی بنەماڵەی ئیسرائیل پاشای بەخشندەن، با گوش بە کەمەرمانەوە ببەستین و گوریس لەسەر سەرمان دابنێین و بچینە دەرەوە بۆ لای پاشای ئیسرائیل، لەوانەیە دەستت لێ بپارێزێت.»
- 32ئینجا جلوبەرگی گوشیان پۆشی و بەستیان بە کەمەریانەوە و گوریسیش بەسەریانەوە، هاتنە لای پاشای ئیسرائیل و گوتیان: «بەنهەدەدی خزمەتکارت دەڵێت: ”با گیانم بپارێزێت.“»
- ئەویش گوتی: «هێشتا زیندووە؟ ئەو برامە!»
- 33پیاوەکانیش گەشبین بوون و بە پەلە دەستیان بەم وشەیەوە گرت و گوتیان: «بەڵێ، بەنهەدەد براتە!»
- پاشاکەش گوتی: «بڕۆنە ژوورەوە و بیهێنن.» کە بەنهەدەد هاتە دەرەوە بۆ لای، ئەحاڤ سەری خستە سەر گالیسکەکەی.
- 34بەنهەدەدیش پێی گوت: «ئەو شارانەی باوکم لە باوکتی سەندبوو دەیگەڕێنمەوە، بۆ خۆت لە دیمەشق بازاڕیش دابنێ، وەک ئەوەی باوکم لە سامیرە داینا.»
- ئەحاڤیش گوتی: «منیش بەم پەیمانە ئازادت دەکەم.» ئەویش پەیمانی لەگەڵ بەست و ئازادی کرد.
- 35ئەندامێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران بە هاوڕێکەی گوت: «بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، لێم بدە.» هاوڕێکەش ڕازی نەبوو لێی بدات.
- 36پێغەمبەرەکەش گوتی: «لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت، کاتێک لەلای من دەڕۆیت، شێرێک پەلامارت دەدات.» ئەویش لەلای ڕۆیشت و شێرێکی لێ پەیدابوو و پەلاماری دا.
- 37پاشان پیاوێکی دیکەی بینییەوە و پێی گوت: «لێم بدە!» پیاوەکەش لێیدا و برینداری کرد.
- 38ئینجا پێغەمبەرەکە ڕۆیشت و لەسەر ڕێگاکە بۆ پاشا ڕاوەستا، بە دەمامکێک ڕوخساری خۆی شاردەوە.
- 39کاتێک پاشا تێپەڕی هاواری بۆ پاشا کرد و گوتی: «خزمەتکارەکەت چووە ناو جەرگەی شەڕەکە، جەنگاوەرێک لەناکاو دیلێکی بۆ هێنام و گوتی: ”ئاگات لەم پیاوە بێت! ئەگەر بزر بێت، ئەوا گیانت لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت یان تالنتێک زیو دەدەیت.“
- 40ئەوە بوو خزمەتکارەکەت لەم لا و ئەو لاوە سەرقاڵ بوو، پیاوەکە دیار نەما.»
- پاشای ئیسرائیلیش پێی گوت: «حوکمت وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، چونکە خۆت بڕیارت داوە.»
- 41پێغەمبەرەکەش خێرا پەڕۆکەی لەسەر چاوی لابرد، پاشای ئیسرائیلیش ناسییەوە کە لە پێغەمبەرەکانە.
- 42ئەویش بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی هێشتت پیاوێک لە دەستت بڕوات کە من بۆ قڕبوونم دانا، گیانت لە جیاتی گیانی دەبێت و گەلەکەشت لە جیاتی گەلەکەی.“»
- 43ئینجا پاشای ئیسرائیل بە دڵتەنگی و پەستییەوە چوو بۆ کۆشکەکەی لە سامیرە.