
Season 43 · Episode 14
حزقیال ٢٣: ٥ - ٢٥: ١
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
May 27, 202522m 17s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ٢٣: ٥ - ٢٥: ١
- 5«ئۆهۆلا لەگەڵ ئەوەی هی من بوو لەشفرۆشی کرد و هەوەسبازی لەگەڵ دۆستانی کرد، لەگەڵ پاڵەوانەکانی ئاشور،
- 6ئەوانەی جلی مۆریان پۆشیوە، فەرمانڕەوا و پارێزگارەکان، هەموویان گەنجی هەوەسدار و ئەسپ سوارن.
- 7لەشی خۆی بە هەموو هەڵبژاردەکانی نەوەی ئاشور فرۆشت، بە هەموو ئەوانەی هەوەسبازی لەگەڵ کردن گڵاو بوو، بە هەموو بتەکانیان.
- 8وازی لە لەشفرۆشییەکەی میسریش نەهێنا، چونکە بە هەرزەکاری لەگەڵی جووت بوون و دەستبازییان بە گۆی مەمکی پاکیزەیی کرد و هەوەسی خۆیان بەسەریدا ڕشت.
- 9«لەبەر ئەوە دامە دەست دۆستەکانی، دەست نەوەی ئاشور کە بە عەشقی بۆیان سووتا بوو.
- 10ئەوان ڕووتییەکەیان دەرخست، کوڕ و کچەکانیان برد و ئەویشیان بە شمشێر کوشت. جا بۆ ژنان بوو بە پەند، حوکمی بەسەردا درا و جێبەجێ کرا.
- 11«ئۆهۆلیڤای خوشکی ئەمەی بینی، لەگەڵ ئەوەشدا گەندەڵی و هەوەسبازییەکەی و لەشفرۆشییەکەی زیاتر بوو لە لەشفرۆشی خوشکەکەی.
- 12هەوەسی چووە سەر نەوەی ئاشور، فەرمانڕەوا و پارێزگارەکان، پاڵەوانەکان، کە نایابترین جلیان لەبەردایە، ئەسپ سوارن و هەموو گەنجی هەوەسدارن.
- 13بینیم ئەویش گڵاو بوو، هەردووکیان یەک ڕێگایان گرتبووە بەر.
- 14«بەڵام ئۆهۆلیڤا لەشفرۆشییەکەی زیاتر کرد، کاتێک لەسەر دیوارێک وێنەی پیاوە بابلییەکانی بینی کە بە سووری ئاڵ وێنەیان کێشرابوو،
- 15پشتێن بە ناوقەدیانەوە و مێزەرەکانیان بەسەر سەریانەوە شۆڕ بووەتەوە. هەموویان بە ڕوخسار لە فەرماندە دەچن، لە شێوەی بابلییەکان کە کلدان خاکی لەدایکبوونیانە.
- 16هەرکە چاوی پێیان کەوت، هەوەسی چووە سەریان، نێردراوی بۆ لایان نارد بۆ خاکی کلدانییەکان.
- 17نەوەکانی بابلیش بۆ ناو نوێنی خۆشەویستی بۆی هاتن و بە هەوەسبازی خۆیان گڵاویان کرد. پاش ئەوەی پێیان گڵاو بوو پشتی لێکردن.
- 18لەشفرۆشی و ڕووتی خۆی بەدەرخست، جا پشتم لێکرد، وەک چۆن پشتم لە خوشکەکەشی کردبوو.
- 19کاتێک ڕۆژانی هەرزەکاری بەبیر هاتەوە کە تێیدا لە خاکی میسر لەشی خۆی فرۆشت لەشفرۆشی خۆی زیاتر کرد.
- 20هەوەسی چووە سەر هەوەسبازەکانیان، ئەوانەی ئەندامی نێرینەیان وەک هی نێرەکەرە و پەڕینیان وەک پەڕینی ئەسپە.
- 21بیری بەدڕەوشتی سەردەمی هەرزەکاریت کرد کە میسرییەکان دەستبازییان بە گۆی مەمکت دەکرد لەبەر مەمکی هەرزەکاریت.
- 22«ئەی ئۆهۆلیڤا، لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من دۆستەکانی خۆت لێ هاندەدەم، ئەوانەی پشتت لێکردن، لە هەموو لایەکەوە دەیانهێنمە سەرت،
- 23نەوەکانی بابل و هەموو کلدانییەکان، پەقۆد و شوەع و قوەع، هەموو نەوەی ئاشوریش لەگەڵیان، گەنجە هەوەسدارەکان، هەموویان فەرمانڕەوا و پارێزگارن، فەرماندە و پاڵەوانن، هەموو ئەسپ سوارن.
- 24جا بە کۆمەڵی نەتەوەکانەوە دێنە سەرت، بە چەک و گالیسکە و عەرەبانەوە، بە قەڵغانی گەورە و بچووک و بە کڵاوی ئاسنینەوە دەورەت دەگرن. منیش سزاکەت دەدەمە دەست ئەوان و بە حوکمەکانی خۆیان سزات دەدەن.
- 25ئیرەییەکەم لە دژی تۆ دەبێت، بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەن، لووت و گوێت دەبڕن و پاشماوەکەت بە شمشێر دەکوژرێت. کوڕ و کچەکانت دەبەن و پاشماوەکەت بە ئاگر هەڵدەلووشرێت.
- 26هەروەها جلت لەبەر دادەماڵن و کەرەستەی ڕازاندنەوەکەت دەبەن.
- 27کۆتایی بە بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت دەهێنم کە لە خاکی میسرەوە دەستت پێکرد. ئینجا چاوت بەرز ناکەیتەوە بۆیان و ئیتر میسرت لەبیر نابێت.
- 28«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئۆهۆلیڤا من خەریکم دەتدەمە دەست ئەوانەی ڕقت لێیان بووەوە، بە دەست ئەوانەی پشتت لێکردن،
- 29جا بە قینەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەن، هەموو بەری ڕەنجت دەبەن و بە ڕووتوقووتی بەجێت دەهێڵن، بێ شەرمی لەشفرۆشیت و بەدڕەوشتی و هەوەسبازییەکەت ئاشکرا دەکرێت.
- 30ئەمەیان بەسەرت هێناوە، چونکە بەدوای نەتەوەکانەوە هەوەسبازیت کرد و بە بتەکانیان خۆتت گڵاوکرد.
- 31ڕێگای خوشکت گرتەبەر، لەبەر ئەوە جامەکەی ئەو دەدەمە دەستی تۆ.
- 32«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «تۆ لە جامی خوشکت دەخۆیتەوە،
- کە قووڵ و بەرینە،
- جامەکەش دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن،
- چونکە زۆر دەگرێت.
- 33پڕ دەبیت لە مەستی و خەم،
- چونکە جامی سامیرەی خوشکتە،
- جامی واقوڕمان و وێرانییە.
- 34جا دەیخۆیتەوە هەتا چۆڕبڕی دەکەیت،
- پاشان پارچەپارچەی دەکەیت و
- مەمکی خۆت لەتوکوت دەکەیت،
- چونکە من قسەم کرد، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 35«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە منت لەبیر کرد و پشت گوێت خستم، لەبەر ئەوە بەرگەی بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت بگرە.»
- 36هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم بەسەر ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا دەدەیت؟ بەڵکو ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆیان بکەرەوە،
- 37چونکە لەشی خۆیان فرۆشت و دەستیان بە خوێنە، لەگەڵ بتەکانیان داوێنپیسییان کرد، هەروەها ئەو کوڕانەی کە بۆ منیان بوو وەک خۆراک بۆ بتەکانیان بە ئاگر سووتاندیانن.
- 38هەروەها ئەمەشیان بە من کرد: لەو ڕۆژەدا پیرۆزگاکەی منیان گڵاوکرد و شەممەکانی منیان پیس کرد.
- 39کە ڕۆڵەکانی خۆیان بۆ بتەکانیان سەربڕی، ئەو ڕۆژە بۆ پیرۆزگاکەم هاتن تاوەکو گڵاوی بکەن. لەوێ لە ناوەڕاستی ماڵەکەمدا ئەوەیان ئەنجام دا.
- 40«تەنانەت نێردراویان نارد بۆ ئەوەی چەند پیاوێک لە دوورەوە بێن، کاتێک هاتن، ئۆهۆلیڤا، تۆ خۆتت بۆیان شوشت و کلت لە چاوان کرد و بە خشڵ خۆتت ڕازاندەوە.
- 41لەسەر سەکۆیەکی نایاب لەبەردەم مێزێکی ئامادەکراو دادەنیشتیت و بخوور و زەیتی منت لەسەر دادەنا.
- 42«دەنگی کۆمەڵێک بیسترا کە لە دەوروبەری ڕایاندەبوارد، لەگەڵ خەڵکێکی زۆروبۆر. سەبئییەکان لە چۆڵەوانییەوە هێنرابوون، ئەوانەی بازنیان کردە دەستی ئەو دووانە و تاجی جوانیان خستە سەر سەریان.
- 43ئینجا سەبارەت بەوەی لە داوێنپیسی ماندوو بوو، فەرمووم: ”ئێستا با بۆ لەشفرۆشی بەکاریبهێنن، چونکە ئەو تەنها لەشفرۆشێکە.“
- 44جا لەگەڵی جووت بوون، وەک ئەوەی لەگەڵ لەشفرۆشێک جووت ببن. ئاوا لەگەڵی جووت بوون، لەگەڵ ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا، دوو ژنە لەشفرۆشەکە.
- 45لەبەر ئەوەی داوێنپیسن و دەست بە خوێنن، دادوەرانی ڕاستودروست حوکمیان دەدەن، حوکمی داوێنپیس و حوکمی خوێنڕێژ، چونکە داوێنپیسن و دەست بە خوێنن.
- 46«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چەتە دەهێنمە سەریان و دەیاندەمە دەست تۆقین و تاڵان.
- 47چەتەکان بەردبارانیان دەکەن، بە شمشێرەکانیان لەتوپەتیان دەکەن، کوڕ و کچەکانیان سەردەبڕن، خانووەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن.
- 48«جا کۆتایی بە بەدڕەوشتی دەهێنم لە خاکەکە، هەموو ژنان پەندی لێ وەردەگرن و وەک بەدڕەوشتییەکەی ئێوە ناکەن.
- 49بەدڕەوشتییەکەی خۆتان بەسەر خۆتان دەگێڕنەوە، گوناهی بتەکانتان هەڵدەگرن. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.»
حزقیال ٢٤
- 1لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا.
- 3پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ،
- دایبنێ و ئاوی تێ بکە.
- 4پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە،
- هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان،
- پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە.
- 5باشترین مەڕی مێگەل ببە و
- دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە،
- بە تەواوی بیکوڵێنە،
- با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن.
- 6«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە،
- ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە،
- ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو!
- پارچەپارچە دەریبهێنن،
- تیروپشکی لەسەر مەکەن.
- 7«”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لە ناوەڕاستیدایە،
- چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە،
- نەیڕشتە سەر زەوی،
- تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت.
- 8بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە
- خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا،
- تاکو دانەپۆشرێت.
- 9«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە!
- هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم.
- 10دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە،
- گۆشتەکە پێ بگەیەنە،
- بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە،
- لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت.
- 11دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ،
- با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت،
- جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و
- ژەنگەکەی نامێنێت.
- 12ڕەنجیان بە خەسار چوو،
- ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا،
- تەنانەت بە ئاگریش.
- 13«”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە.
- 14«”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
- 15فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 16«ئەی کوڕی مرۆڤ، من خەریکم بە لێدانی گورزێک ئەوەی چاوت ئارەزووی دەکات لێتی دەستێنم، جا مەلاوێوە و مەگریێ و فرمێسک مەڕێژە.
- 17بە کپی ئاخ هەڵکێشە، شیوەن مەگێڕە بۆ مردوو. مێزەر لە خۆت بپێچە، با پێڵاوەکانت لە پێتدا بن و سمێڵت دامەپۆشە و نانی ماتەم مەخۆ.»
- 18بۆ بەیانی قسەم لەگەڵ گەل کرد و بۆ ئێوارە ژنەکەم مرد، ڕۆژی دواتریش چۆن فەرمانم پێ کرابوو وام کرد.
- 19ئینجا گەل لێیان پرسیم: «ئایا پێمان ناڵێیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت پەیوەندی چییە بە ئێمەوە؟»
- 20منیش وەڵامم دانەوە: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 21لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم پیرۆزگای خۆم گڵاو دەکەم، ئەو قەڵایەی شانازی پێوە دەکەن، ئارەزووی چاوتان و خۆشی گیانتانە. کوڕ و کچەکانتان، ئەوانەی بەجێتان هێشتن بە شمشێر دەکوژرێن.
- 22من چیم کرد ئێوەش بە هەمان شێوە دەکەن، سمێڵتان داناپۆشن و نانی ماتەم ناخۆن.
- 23مێزەرەکانتان بە سەرتانەوە و پێڵاوەکانتان لە پێتان دەبێت، شیوەن ناگێڕن و ناگریێن، بەڵکو بە تاوانەکانتانەوە دەفەوتێن و بۆ یەکتری دەنوزێنەوە.
- 24حزقیێل بۆ ئێوە دەبێتە نیشانە. هەموو ئەوەی کردی ئێوەش دەیکەن. کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“
- 25«تۆش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەی کە قەڵاکەیان لێ دەستێنمەوە، کە شادی و شانازییانە، ئارەزووبەخشی چاوانیانە و خۆشی دڵیانە، هەروەها کوڕ و کچیشیان لێ دەستێنمەوە،
- 26هەر لەو ڕۆژەدا، دەربازبووێک دێت بۆ لات وەک هەواڵدەرێک.
- 27لەو ڕۆژەدا زمانت بۆ دەربازبووەکە دەکرێتەوە قسە دەکەیت و چیتر لاڵ نابیت. بۆیان دەبیت بە نیشانە، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
حزقیال ٢٥
- 1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: