PLAY PODCASTS
ئیشایا ٦٥: ٨ - ٦٦: ٢٤
Season 36 · Episode 49

ئیشایا ٦٥: ٨ - ٦٦: ٢٤

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

March 11, 202518m 45s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئیشایا ٦٥: ٨ - ٦٦: ٢٤

  • 8یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «وەک ئەوەی لە هێشوودا شەرابی نوێ هەیە،
  • جا دەگوترێت: ”مەیفەوتێنە،
  • چونکە خێروبێری تێدایە،“
  • ئاوا دەکەم لە پێناوی بەندەکانم
  • بۆ ئەوەی هەمووان نەفەوتێنم.
  • 9بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم،
  • لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم.
  • جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و
  • بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن.
  • 10جا شارۆن دەبێت بە لەوەڕگای مێگەل و
  • دۆڵی عاخۆریش بە مۆڵگای مانگا،
  • بۆ گەلەکەم کە داوای منیان کردووە.
  • 11«بەڵام ئێوە کە وازتان لە یەزدان هێناوە و
  • کێوی پیرۆزی منتان لەیاد کردووە،
  • خوانتان بۆ بتێک بە ناوی ”گەد“ خوداوەندی بەخت ئامادە کردووە و
  • بۆ ”مەنی“ خوداوەندی چارەنووس شەرابی تێکەڵاوتان پڕکردووە،
  • 12چارەنووستان دەخەمە بەر شمشێر و
  • هەمووتان بۆ سەربڕین بە چۆکدا دێن،
  • لەبەر ئەوەی بانگم کرد و وەڵامتان نەدایەوە،
  • قسەم کرد و گوێتان نەگرت
  • بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکاریتان کرد،
  • ئەوەی من پێم ناخۆش بوو هەڵتانبژارد.»
  • 13لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
  • «ئەوەتا بەندەکانم دەخۆن،
  • بەڵام ئێوە برسی دەبن،
  • ئەوەتا بەندەکانم دەخۆنەوە،
  • بەڵام ئێوە تینوو دەبن،
  • ئەوەتا بەندەکانم دڵخۆش دەبن،
  • بەڵام ئێوە شەرمەزار دەبن.
  • 14ئەوەتا لە دڵخۆشیدا
  • بەندەکانم گۆرانی دەڵێن،
  • بەڵام ئێوە لە دڵتەنگیدا دەقیژێنن و
  • لەبەر دڵشکاندن شین دەگێڕن.
  • 15لە داهاتوودا هەڵبژێردراوانم ناوتان
  • وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و
  • یەزدانی باڵادەست دەتانکوژێت،
  • بەڵام ناوێکی دیکە لە خزمەتکارەکانی خۆی دەنێت.
  • 16ئەوەی لە خاکەکەدا بۆ خۆی داوای بەرەکەت بکات،
  • بە خودای ڕاستەقینەوە داوای بەرەکەت دەکات و
  • ئەوەی لە خاکەکەدا سوێند بخوات
  • بە خودای ڕاستەقینە سوێند دەخوات،
  • چونکە تەنگانەکانی پێشوو لەبیر چوون و
  • لەبەرچاوم شاردرانەوە.
  • 17«بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و
  • زەوی نوێ بەدی دەهێنم و
  • ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و
  • نە بە مێشکدا دێنەوە.
  • 18بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن
  • لەوەی من بەدی دەهێنم،
  • چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و
  • دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.
  • 19بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و
  • بە گەلی خۆم شاد دەبم،
  • چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.
  • 20«چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و
  • نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو،
  • چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت
  • بە گەنج دادەنرێت و
  • ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی
  • وەک نەفرەت لێکراو دەبینرێت.
  • 21خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن،
  • ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
  • 22خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت،
  • ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات،
  • چونکە ڕۆژانی گەلەکەم
  • وەک ڕۆژانی دار دەبێت و
  • هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن
  • لە کردارەکانی دەستیان.
  • 23بەخۆڕایی ماندوو نابن و
  • بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت،
  • چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و
  • وەچەکانیان لەگەڵیاندان.
  • 24جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و
  • هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.
  • 25گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن،
  • شێریش وەک مانگا گیا دەخوات،
  • بەڵام نانی مار خۆڵە.
  • لە هەموو کێوی پیرۆزم
  • نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،»
  • یەزدان دەفەرموێت.

ئیشایا ٦٦

  • 1یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «ئاسمان تەختی منە و
  • زەویش تەختەپێمە.
  • کوا ئەو ماڵەی کە ئێوە بۆم بنیاد دەنێن و
  • لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
  • 2ئایا هەموو ئەمانەش دەستی من دروستی نەکردن؟
  • جا هەموو ئەمانە نەهاتنە دی؟»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • «من ڕوو لەمە دەکەم:
  • لەوەی بێفیز و دڵشکێنراوە و
  • لەبەر ڕێزی فەرمایشتەکەم دەلەرزێت.
  • 3بەڵام ئەوەی گا سەردەبڕێت
  • وەک ئەوەیە مرۆڤ بکوژێت،
  • ئەوەی بەرخ دەکاتە قوربانی سەربڕاو،
  • وەک ئەوەیە ملی سەگ بشکێنێت،
  • ئەوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش دەکات،
  • وەک ئەوەیە خوێنی بەراز پێشکەش بکات و
  • ئەوەی بخوور دەسووتێنێت،
  • وەک ئەوەیە بت بەرەکەتدار بکات.
  • ئەوان ڕێگاکانی خۆیان هەڵبژارد و
  • دڵیان بە قێزەونەکانیان خۆش بوو،
  • 4هەروەها منیش کارەساتەکانیان هەڵدەبژێرم و
  • ترسەکانیان بەسەریاندا دەهێنم،
  • لەبەر ئەوەی بانگم کرد و کەس نەبوو وەڵام بداتەوە،
  • قسەم کرد و گوێیان نەگرت،
  • بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکارییان کرد،
  • ئەوەی پێی دڵخۆش نەبووم هەڵیانبژارد.»
  • 5ئەی ئەوانەی لە ڕێزی وشەی یەزدان دەلەرزن،
  • گوێ لە فەرمایشتی ئەو بگرن:
  • «براکانتان ئەوانەی ڕقیان لێتانە و
  • لەبەر ناوی من دەریانکردن،
  • بە تەوسەوە گوتیان: ”با یەزدان شکۆمەند بێت و
  • دڵخۆشی ئێوە ببینین!“
  • بەڵام ئەوان شەرمەزار دەبن.
  • 6دەنگی هاتوهەرایە لە شارەوە،
  • دەنگە لە پەرستگاوە!
  • ئەمە دەنگی یەزدانە
  • سزای شایستەی دوژمنانی دەدات.
  • 7«پێش ئەوەی ژان بگرێت، منداڵی بوو،
  • پێش ئەوەی ژانی بۆ بێت، کوڕێکی بوو.
  • 8کێ شتی وەک ئەمەی بیستووە؟
  • کێ وەک ئەمەی بینیوە؟
  • ئایا وڵاتێک لە یەک ڕۆژدا ژان دەیگرێت
  • یان نەتەوەیەک بە یەک جار لە دایک دەبێت؟
  • بەڵام ئەو ساتەی کە سییۆن ژان دەیگرێت
  • چەندین منداڵی دەبێت.»
  • 9یەزدان دەفەرموێت: «ئایا من کە ژانی منداڵبوون دەهێنم،
  • وا ناکەم منداڵ لەدایک ببێت؟
  • یان ئەگەر من وا دەکەم منداڵ ببێت،
  • سکی دایک دادەخەم؟» خودای تۆ دەفەرموێت.
  • 10«ئەی هەموو خۆشەویستانی ئۆرشەلیم،
  • لەگەڵی دڵخۆش بن و تێیدا شاد بن،
  • ئەی هەموو ئەوانەی شیوەنی بۆ دەگێڕن،
  • بە تەواوی لەگەڵی دڵخۆش بن.
  • 11بۆ ئەوەی شیری مەمکی بمژن و
  • تێر و ئارام بن
  • هەتا لە پڕی شکۆمەندییەکەی بخۆنەوە و
  • چێژ ببینن.»
  • 12سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
  • «ئەوەتا من ئاشتی بەسەردا دەشکێنمەوە وەک ڕووبار و
  • شکۆمەندی نەتەوەکان وەک جۆگەیەکی ڕاماڵ،
  • جا ئێوە شیر دەدرێن و لە ئامێز دەگیرێن و
  • لەسەر ئەژنۆکان ڕادەژەنرێن.
  • 13وەک کەسێک دایکی دڵنەوایی بکات،
  • منیش ئاوا دڵنەواییتان دەکەم،
  • بە ئۆرشەلیم دڵنەوایی دەکرێن.»
  • 14جا دەبینن و دڵتان خۆش دەبێت و
  • جەستەتان وەک گیا نەشونما دەکات.
  • جا دەزانرێت کە یەزدان لەگەڵ خزمەتکارەکانی دەبێت،
  • بەڵام لە دوژمنەکانی تووڕە دەبێت.
  • 15ئەوەتا یەزدان بە ئاگرەوە دێت،
  • گالیسکەکانی وەک گەردەلوولن،
  • تاکو تووڕەییەکەی بە گڕەوە بگەڕێنێتەوە،
  • سەرزەنشتەکەی بە بڵێسەی ئاگرەوە.
  • 16لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگر و شمشێرەکەی
  • حوکم بەسەر هەموو مرۆڤدا دەدات،
  • ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن زۆر دەبن.
  • 17«پێکەوە دەفەوتێن، ئەوانەی خۆیان تەرخان و پاک دەکەن بۆ چوونە ناو باخچەکان، شوێنی ئەو کەسە دەکەون کە لە ناوەڕاستی ئەوانە کە جرج و گۆشتی بەراز و شتی قێزەون دەخۆن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 18«من کردەوەکانیان و بیروڕایان دەزانم، لەبەر ئەوە خەریکە دێم و هەموو نەتەوەکان و زمانەکان کۆدەکەمەوە، جا دێن و شکۆمەندی من دەبینن.»
  • 19یەزدان دەفەرموێت: «نیشانەیەکیان لەنێو دادەنێم و دەربازبووانیان لێ دەنێرم بۆ نەتەوەکان، بۆ تەرشیش و بۆ لای لیبییەکان و لوودییەکان، ئەوانەی تیرئەندازن، بۆ توبال، یۆنان و دوورگە دوورەکان، ئەوانەی هەواڵی منیان نەبیستووە و شکۆمەندی منیان نەبینیوە، جا شکۆمەندی من لەنێو نەتەوەکاندا ڕادەگەیەنن.
  • 20هەموو براکانتان لە هەموو نەتەوەکانەوە وەک پێشکەشکراو بۆ یەزدان لەسەر ئەسپ و بە گالیسکە و بە عەرەبانە و بە هێستر و وشتر بۆ کێوی پیرۆزم بۆ ئۆرشەلیم دەهێننەوە، وەک ئەوەی نەوەی ئیسرائیل پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان لەناو دەفرێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن.
  • 21هەروەها هەندێک لەوان هەڵدەبژێرم بە کاهین و بە لێڤی.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 22یەزدان دەفەرموێت: «بێگومان وەک ئەو ئاسمانە نوێیە و ئەو زەوییە نوێیە کە من دروستیان دەکەم لەبەردەممدا دەمێننەوە، ئاواش ناو و نەوەی ئێوە دەمێنێت.
  • 23لە سەرەمانگێکەوە بۆ سەرەمانگێک و لە شەممەیەکەوە بۆ شەممەیەک هەموو مرۆڤێک دێت بۆ ئەوەی لەبەردەمم کڕنۆش ببات،» یەزدان دەفەرموێت.
  • 24«دەچنە دەرەوە و لاشەی ئەو خەڵکانە دەبینن کە لە من یاخی بوون، چونکە کرمەکانیان نامرن و ئاگریان ناکوژێتەوە و بۆ هەمووان دەبن بە قێزەون.»