
Season 39 · Episode 17
ئیرمیا ٣٧: ١ - ٣٩: ١٨
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
April 17, 202521m 4s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئیرمیا ٣٧: ١ - ٣٩: ١٨
- 1ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل سدقیا کوڕی یۆشیای لە خاکی یەهودا کردە پاشا، لە جێی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیم.
- 2بەڵام نە خۆی و نە خزمەتکارەکانی و نە گەلی خاکەکە گوێیان لە پەیامەکەی یەزدان نەگرت کە لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی.
- 3جا سدقیای پاشا یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی بۆ لای یەرمیای پێغەمبەر نارد و گوتی: «تکایە لە پێناوی ئێمە لە یەزدانی پەروەردگارمان بپاڕێوە.»
- 4لەو کاتەدا یەرمیا بە ئازادی هاتوچۆی ناو خەڵکی دەکرد، چونکە هێشتا نەیانخسبووە بەندیخانەوە.
- 5سوپاکەی فیرعەونیش لە میسرەوە بەڕێکەوتبوون، کاتێک ئەو بابلییانەی کە گەمارۆی ئۆرشەلیمیان دابوو هەواڵی ئەوانیان بیست، لە ئۆرشەلیم کشانەوە.
- 6ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، پێی فەرموو:
- 7«یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: پاشای یەهودا کە ئێوەی ناردووە بۆ لام تاکو لێم بپرسێت، پێی بڵێن: ”ئەوەتا سوپاکەی فیرعەون کە بۆ یارمەتیتان بەڕێکەوتوون، دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، میسر.
- 8بابلییەکانیش دەگەڕێنەوە و شەڕ لەگەڵ ئەم شارە دەکەن، دەیگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن.“
- 9«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خۆتان مەخەڵەتێنن و بڵێن: ”بابلییەکان بە تەواوی لە کۆڵمان دەبنەوە.“ لە کۆڵتان نابنەوە!
- 10تەنانەت ئەگەر هەموو سوپای بابلییەکانیش ببەزێنن کە لە دژتان دەجەنگن، تەنها چەند پیاوێکی برینداریان لێ بمێنێتەوە، ئەوا هەریەکە لە چادرەکەی خۆیانەوە هەڵدەستنەوە و ئەم شارە بە ئاگر دەسووتێنن.»
- 11دوای ئەوەی سوپای بابلییەکان لە ئۆرشەلیم بەرامبەر بە سوپاکەی فیرعەون کشانەوە،
- 12یەرمیاش دەستبەجێ ئۆرشەلیمی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچێتە خاکی بنیامین، تاکو لەوێ لەنێو گەل بەشی خۆی لە زەوی وەربگرێت.
- 13بەڵام کە گەیشتە ناو دەروازەی بنیامین، سەرکارێکی پاسەوانان لەوێ هەبوو، ناوی یرئیا ی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی حەنەنیا بوو، یەرمیای پێغەمبەری گرت و پێی گوت: «تۆ دەچیتە پاڵ بابلییەکان!»
- 14یەرمیاش گوتی: «درۆیە! من ناچمە پاڵ بابلییەکان.» بەڵام یرئیا گوێی لێ نەگرت، ئینجا یەرمیای گرت و هێنایە لای پیاوە گەورەکان.
- 15پیاوە گەورەکانیش لە یەرمیا تووڕە بوون، لێیاندا و لە ماڵی یۆناتانی خامەی نهێنی بەندیان کرد، چونکە ئەوێیان کردبووە بەندیخانە.
- 16یەرمیایان خستە کونجی زیندانەوە لە بەندیخانەکە، ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە.
- 17ئینجا سدقیا پاشا ناردی و لەوێ دەریانهێنا، پاشا لە ماڵەکەی خۆی بەدزییەوە پرسیاری لێکرد و گوتی: «ئایا هیچ پەیامێک لەلایەن یەزدانەوە هەیە؟»
- یەرمیاش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، هەیە. تۆ دەکەویتە دەست پاشای بابلەوە.»
- 18ئینجا یەرمیا بە سدقیا پاشای گوت: «تاوانی من دەرهەق بە تۆ و خزمەتکارەکانت و ئەم گەلە چییە، هەتا بمخەنە بەندیخانەوە؟
- 19ئەی کوا پێغەمبەرەکانتان، ئەوانەی پێشبینییان بۆ کردیت و گوتیان: ”پاشای بابل نایەتە سەر ئێوە و ئەم خاکە“؟
- 20ئێستاش، ئەی پاشای گەورەم، تکایە گوێ بگرە. تکایە با لەبەردەمت بپاڕێمەوە: مەمگەڕێنەوە بۆ ماڵەکەی یۆناتانی خامەی نهێنی، با لەوێ نەمرم.»
- 21سدقیای پاشاش فەرمانی دا کە یەرمیا بخرێتە حەوشەی پاسەوانەکان، ڕۆژانە یەک نانی لە بازاڕی نانەوایانەوە پێبدرێت، هەتا بە تەواوی نان لە شارەکە دەبڕدرێتەوە. یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.
ئیرمیا ٣٨
- 1ئینجا شەفەتیای کوڕی مەتان، گەدەلیاهوی کوڕی پەشحور، یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و پەشحوری کوڕی مەلکیا گوێیان لەو قسانە بوو کە یەرمیا لەگەڵ گەل دەیکرد و دەیگوت:
- 2«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، بەڵام ئەوەی بچێتە دەرەوە بۆ ناو بابلییەکان دەژیێت. ژیانی خۆی دەرباز دەکات و دەژیێت.“
- 3یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە دڵنیاییەوە ئەم شارە دەدرێتە دەست سوپاکەی پاشای بابل، دەستی بەسەردا دەگرێت.“»
- 4جا پیاوە گەورەکان بە پاشایان گوت: «دەبێت ئەم پیاوە بکوژرێت. لەبەر ئەوەی بەو قسانەی ورەی ئەو سەربازانە دەڕووخێنێ کە لە شارەکەدا ماونەتەوە، هەروەها ورەی هەموو خەڵکیش دەرووخێنێ. ئەم پیاوە داوای چاکە بۆ ئەم گەلە ناکات، بەڵکو خراپە.»
- 5سدقیای پاشا گوتی: «ئەوەتا لەبەردەستتانە، پاشا توانای هیچی نییە بەرامبەر بە ئێوە.»
- 6ئەوانیش یەرمیایان برد و فڕێیان دایە ناو ئەمباراوەکەی مەلکیای کوڕی پاشا، ئەوەی لە حەوشەی پاسەوانەکانە. یەرمیایان بە گوریس شۆڕکردە خوارەوە، ئەمباراوەکەش ئاوی تێدا نەبوو، بەڵکو قوڕ. جا یەرمیا لەناو قوڕەکە چەقی.
- 7بەڵام عەبەدمەلەخ، کە کاربەدەستێکی کوشی بوو لە کۆشکی پاشا، بیستی کە یەرمیایان فڕێداوەتە ناو ئەمباراوەکە. پاشاش لە دەروازەی بنیامین دانیشتبوو،
- 8عەبەدمەلەخ لە کۆشکی پاشاوە چوو و بە پاشای گوت:
- 9«پاشای گەورەم، ئەم پیاوانە خراپیان کرد لە هەموو ئەوەی بە یەرمیای پێغەمبەریان کرد. ئەوان فڕێیان داوەتە ناو ئەمباراوەکەوە، ئەو لە شوێنەکەی خۆی لە برسان دەمرێت، چونکە نان لە شار نەماوە.»
- 10پاشاش فەرمانی بە عەبەدمەلەخی کوشی کرد و گوتی: «لێرەوە سی پیاو لەگەڵ خۆت ببە، یەرمیای پێغەمبەر لە ئەمباراوەکەوە دەربێنە، هەتا نەمردووە.»
- 11عەبەدمەلەخیش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد، چووە ژوورێک لەژێر گەنجینەی کۆشکی پاشا. لەوێ هەندێک پەڕۆوپاتاڵ و جلی کۆنی هەڵگرت و بە گوریس بۆ یەرمیای شۆڕی کردەوە ناو ئەمباراوەکە.
- 12عەبەدمەلەخی کوشی بە یەرمیای گوت: «پەڕۆوپاتاڵ و جلە کۆنەکان لەبن هەنگڵت لەژێر گوریسەکەوە دابنێ.» یەرمیاش ئاوای کرد.
- 13ئینجا بە گوریس یەرمیایان هەڵکێشا، لە ئەمباراوەکە دەریانهێنا. جا یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.
- 14پاشان سدقیا پاشا بەدوای یەرمیای پێغەمبەردا ناردی، لە دەروازەی سێیەمی پەرستگای یەزدان هێنایە لای خۆی. ئینجا پاشا بە یەرمیای گوت: «دەمەوێت شتێکت لێ بپرسم، هیچم لێ مەشارەوە.»
- 15یەرمیاش بە سدقیای گوت: «ئەگەر پێت بڵێم، ئایا نامکوژیت؟ تەنانەت ئەگەر ئامۆژگاریشت بکەم، گوێم لێ ناگریت.»
- 16سدقیای پاشاش بەدزییەوە سوێندی بۆ یەرمیا خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو کە ژیانی بە ئێمە بەخشیوە، نە دەتکوژم و نە دەتدەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێ بتکوژن.»
- 17ئینجا یەرمیا بە سدقیای گوت: «یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر خۆت ڕادەستی سەرکردەکانی پاشای بابل بکەیت، ئەوا گیانت بە زیندووێتی دەمێنێتەوە و ئەم شارەش بە ئاگر ناسووتێت، خۆت و خێزانەکەشت بە زیندووێتی دەمێننەوە.
- 18بەڵام ئەگەر خۆت ڕادەستی سەرکردەکانی پاشای بابل نەکەیت، ئەوا ئەم شارە دەکەوێتە دەست بابلییەکان و بە ئاگر دەیسووتێنن، تۆش لە دەستیان دەرباز نابیت.“»
- 19سدقیای پاشا بە یەرمیای گوت: «من لەو جولەکانە دەترسم کە چوونەتە پاڵ بابلییەکانەوە، نەوەک بابلییەکان بمدەنە دەست ئەوان، ئەوانیش سووکایەتیم پێ بکەن.»
- 20یەرمیاش گوتی: «ناتدەنە دەست ئەوان. گوێڕایەڵی فەرموودەی یەزدان بە کە من پێت ڕادەگەیەنم. ئینجا چاکەت بۆ دەبێت و ژیانت دەرباز دەبێت.
- 21ئەگەر ڕازیش نیت خۆت ڕادەست بکەیت، ئەوا ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەزدان پیشانی دام.
- 22ئەوەتا هەموو ئەو ژنانەی لە کۆشکی پاشای یەهودا ماونەتەوە، بۆ سەرکردەکانی پاشای بابل دەبردرێن. ئەو ژنانە پێت دەڵێن:
- «”ئەوانەی دۆستی تۆ بوون
- فریویان دایت و زاڵ بوون بەسەرت.
- کاتێک پێیەکانت لەناو زەلکاو چەقین
- بەجێیان هێشتیت.“
- 23«هەموو ژنەکانت و منداڵەکانیشت بۆ بابلییەکان دەبردرێن. تۆش لە دەستیان دەرباز نابیت، بەڵکو بە دەستی پاشای بابل دەگیرێیت، ئەم شارەش بە ئاگر دەسووتێت.»
- 24سدقیاش بە یەرمیای گوت: «با کەس ئەم قسانە نەزانێت، نەوەک بمریت.
- 25ئەگەر پیاوە گەورەکان بیستیان من قسەم لەگەڵ تۆ کردووە، هاتنە لات و گوتیان: ”پێمان بڵێ چیت بە پاشا گوت و پاشا چی بە تۆ گوت، لێمان مەشارەوە، ئەگەر نا دەتکوژین،“
- 26تۆش پێیان بڵێ: ”لە پاشا پاڕامەوە تاوەکو نەمگەڕێنێتەوە بۆ ماڵی یۆناتان و لەوێ نەمرم.“»
- 27جا هەموو پیاوە گەورەکان بۆ لای یەرمیا هاتن و لێیان پرسی، ئەویش بەگوێرەی هەموو ئەو قسانەی پاشا فەرمانی پێی کرد، وەڵامی دانەوە. ئیتر ئەوانیش لێی بێدەنگ بوون، چونکە کەس قسەکردنی ئەوی لەگەڵ پاشا نەبیست.
- 28ئیتر یەرمیا هەتا ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم گیرا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.
ئیرمیا ٣٩
- 1لە مانگی دەی ساڵی نۆیەمی سدقیای پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و گەمارۆی دا.
- 2لە نۆی مانگی چواری ساڵی یازدەیەمی سدقیا شوورای شارەکە شکێنرا.
- 3جا هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل هاتن و لە دەروازەکەی ناوەڕاست دانیشتن: نێرگەلسەرئەچەری سمەگەری، نەبۆسەرسەخیم کە سەرۆکی دیوان بوو، نێرگەلسەرئەچەر کە سەرۆکی مۆغەکان بوو، لەگەڵ پاشماوەی سەرکردەکانی پاشای بابل.
- 4کاتێک کە سدقیای پاشای یەهودا و هەموو جەنگاوەرەکان ئەوانیان بینی، هەڵاتن و بە شەو بە ڕێگای باخچەی پاشادا بە دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەدا شارەکەیان بەجێهێشت، بەرەو دەشتایی عەراڤا ڕۆیشتن.
- 5بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوایان کەوتن، لە دەشتی ئەریحا گەیشتنە سدقیا. گرتیان و هێنایان بۆ لای نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد.
- 6هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد.
- 7پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد بۆ ئەوەی بیباتە بابل.
- 8هەروەها بابلییەکان کۆشکی پاشا و ماڵەکانی خەڵکیان سووتاند، شووراکانی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند.
- 9ئەو پاشماوەیەی خەڵکی کە لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵی و پەنایان بردبووە بەر پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن بۆ بابل.
- 10بەڵام هەندێک لەو خەڵکە هەژارەی هیچیان نەبوو، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە خاکی یەهودا بەجێی هێشتن، هەر لەو کاتەدا ڕەز و کێڵگەی پێدان.
- 11نەبوخودنەسری پاشای بابل لەبارەی یەرمیاوە فەرمانی بە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا کرد:
- 12«بیبە و با چاوت لەسەری بێت، زیانی پێ مەگەیەنە، بەڵکو ئەوەی داوای دەکات بۆی بکە.»
- 13نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، نەبوشەزبانی سەرۆکی دیوان، نێرگەلسەرئەچەری سەرۆکی مۆغەکان، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل
- 14ناردیان و یەرمیایان لە حەوشەی پاسەوانەکان دەرهێنا، دایانە دەست گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، بۆ ئەوەی بیباتە ماڵەوە، ئیتر لەنێو خەڵکەکەی مایەوە.
- 15کاتێک یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان گیرابوو، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو:
- 16«بڕۆ و بە عەبەدمەلەخی کوشی بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: هەموو ئەوەی سەبارەت بەو شارە فەرمووم خەریکم پەیڕەوی دەکەم، بۆ خراپە نەک چاکەی، لەو کاتەدا لەبەرچاوت جێبەجێ دەکرێت.
- 17بەڵام لەو ڕۆژەدا تۆ ڕزگار دەکەم و نادرێیتە دەست ئەوانەی لێیان دەترسیت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 18بێگومان دەربازت دەکەم، بە شمشێر ناکوژرێیت و ژیانت ڕزگار دەبێت، چونکە پشتت بە من بەست. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»