
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
نهحمیا ٨: ١ - ١٨
- 1ئینجا هەموو گەل وەک یەک کەس لە گۆڕەپانەکەی بەردەم دەروازەی ئاودا کۆبوونەوە و بە عەزرای مامۆستای تەوراتیان گوت، پەڕتووکی تەوراتی موسا بهێنێت کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو بۆ ئیسرائیل.
- 2ئیتر لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوت عەزرای کاهینیش پەڕتووکی تەوراتی هێنایە بەردەم کۆمەڵەکە، ژن و پیاو و هەموو ئەوانەی بە تێگەیشتنەوە گوێ دەگرن.
- 3لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ، لەبەردەم گۆڕەپانەکەی پێش دەروازەی ئاو، بۆ ژن و پیاو و تێگەیشتووان خوێندییەوە، هەموو گەلیش گوێیان بۆ پەڕتووکی تەورات شل کردبوو.
- 4عەزرای مامۆستای تەورات لەسەر ئەو دووانگەیە ڕاوەستا کە بۆ ئەو کارە لە دار دروستکرابوو، مەتیسیا و شەمەع و عەنایا و ئوریا و حیلقیا و مەعسێیاهو لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستان و لەلای چەپیشییەوە پەدایا و میشائیل و مەلکیا و حاشوم و حەشبەدانا و زەکەریا و مەشولام ڕاوەستان.
- 5عەزرا پەڕتووکەکەی لەبەرچاوی هەموو گەل کردەوە، چونکە لە سەرووی هەموو گەلەوە بوو، کە پەڕتووکەکەی کردەوە هەموو گەل هەستانە سەرپێ.
- 6عەزرا ستایشی یەزدانی پەروەردگاری گەورەی کرد، هەموو گەلیش دەستیان بەرزکردەوە و وەڵامیان دایەوە: «ئامین! ئامین!» کڕنۆشیان بۆ یەزدان برد و سەریان خستە سەر زەوی.
- 7لێڤییەکان کە لە یێشوع، بانی، شێرێڤیا، یامین، عەقوڤ، شەبەتەی، هۆدیا، مەعسێیاهو، قەلیتا، عەزەریا، یۆزاڤاد، حانان و پەلایا پێکهاتبوون، تەوراتیان بۆ گەل ڕوون دەکردەوە و گەلیش لەوێ ڕاوەستابوون.
- 8بە ڕوونی پەڕتووکی تەوراتی خودایان خوێندەوە، واتاکەیان لێکدایەوە بۆ ئەوەی گەل لەوە تێبگات کە دەخوێنرایەوە.
- 9پاشان نەحەمیا کە پارێزگار بوو لەگەڵ عەزرای کاهین و مامۆستای تەورات و ئەو لێڤییانەی گەلیان تێدەگەیاند بە هەموو گەلی گوت: «ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، لەبەر ئەوە شیوەن مەگێڕن و مەگریێن.» لەبەر ئەوەی هەموو گەل کاتێک گوێیان لە وشەکانی تەورات بوو، گریابوون.
- 10ئینجا نەحەمیا پێی گوتن: «بڕۆن و خواردنی چەور بخۆن و خواردنەوەی شیرین بخۆنەوە و بەشی ئەوانەش بنێرن کە بۆیان ئامادە نەکراوە. ئەمڕۆ پیرۆزە بۆ یەزدانمان، دڵتەنگ مەبن، چونکە خۆشی لە یەزدانەوە هێزتانە.»
- 11لێڤییەکانیش هەموو گەلیان هێور دەکردەوە و دەیانگوت: «بێدەنگ بن، چونکە ئەمڕۆ پیرۆزە، دڵتەنگ مەبن.»
- 12پاشان هەموو گەل چوون بۆ ئەوەی بخۆن و بخۆنەوە، بەشە خواردن بنێرن و ئاهەنگێکی گەورە بگێڕن، چونکە لەو وشانە تێگەیشتن کە فێر کران.
- 13لە دووەم ڕۆژی مانگەکە گەورەی بنەماڵەکانی هەموو گەل و کاهین و لێڤییەکان لەلای عەزرای مامۆستای تەورات کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پەیامی تەوراتیان تێبگەیەنێت.
- 14جا بینییان لەو تەوراتەی کە یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردووە، نووسراوە کە نەوەی ئیسرائیل لە کاتی جەژندا کەپرنشین دەبن، لە مانگی حەوت،
- 15پێویستە لەناو هەموو شارۆچکەکانیان و لە ئۆرشەلیمدا بانگەواز بکەن و بڵێن: «بچنە دەرەوە بۆ چیاکان و چڵی زەیتوون و زەیتوونی کێوی و مۆرد و دار خورما و داری گەڵادار بهێنن بۆ دروستکردنی کەپر،» هەروەک نووسراوە.
- 16جا گەل ڕۆیشتن و هێنایان و کەپریان بۆ خۆیان دروستکرد، هەریەکە و لەسەر بانی ماڵەکەی و لەناو حەوشەکانیان و حەوشەکانی ماڵی خودا و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئاو و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئەفرایم.
- 17هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە کەپریان دروستکرد و لەناو کەپردا دانیشتن. لە سەردەمی یەشوعی کوڕی نونەوە هەتا ئەو ڕۆژە نەوەی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورە و شکۆداری لەو جۆرەیان نەگێڕابوو.
- 18ڕۆژ لەدوای ڕۆژ عەزرا لە پەڕتووکی تەوراتی خودای دەخوێندەوە، لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی کۆتایی. حەوت ڕۆژ جەژنیان گێڕا و لە ڕۆژی هەشتەمدا بەپێی ڕێوڕەسم ئاهەنگی کۆتاییپێهێنان بوو.