
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دانیال ٦: ٤ - ١٧
- 4لەبەر ئەوە وەزیر و میرەکان هەوڵیان دا هۆیەک ببیننەوە بۆ سکاڵاکردن لە دژی دانیال سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری پاشایەتییەکە، بەڵام نەیانتوانی هیچ گەندەڵییەک لە دانیال ببیننەوە، چونکە دەستپاک بوو و گەندەڵی و کەمتەرخەمی تێدا نەبوو.
- 5ئینجا ئەو پیاوانە گوتیان: «هیچ هەڵەیەک لەم دانیالەدا نابینینەوە، تەنها ئەگەر لەبارەی شەریعەتی خوداکەیەوە نەبێت.»
- 6جا ئەو وەزیر و میرانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و پێیان گوت: «ئەی داریوش پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی!
- 7هەموو وەزیرەکانی پاشایەتییەکە و فەرمانڕەوا و میر و ڕاوێژکار و پارێزگارەکان ڕاوێژیان کرد وابکەن پاشا فەرمانێک دەربکات و بڕیارەکە جێبەجێ بکات کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ هەر داوایەک لە خوداوەندێک یان مرۆڤێک بکات، جگە لە تۆ، ئەی پاشا، با فڕێبدرێتە ناو چاڵی شێرەکان.
- 8ئێستاش ئەی پاشا فەرمانەکە دەربکە و ئیمزای لەسەر بکە، بۆ ئەوەی هەروەک یاساکانی ماد و فارس نەگۆڕ بێت کە پووچەڵ نابێتەوە.»
- 9ئیتر داریوشی پاشا فەرمانەکەی نووسی و ئیمزای کرد.
- 10کە دانیال بە ئیمزاکردنی فەرمانەکەی زانی، گەڕایەوە ماڵەوە، چووە ژوورەکەی سەرەوە کە پەنجەرەکەی ڕووەو ئۆرشەلیم دەکرایەوە. سێ جار لە ڕۆژێکدا چووە سەر چۆک و لەبەردەم خوداکەی نوێژی کرد و سوپاسی کرد، هەروەک پێش ئەوە دەیکرد.
- 11ئینجا ئەو پیاوانە پێکەوە کۆبوونەوە، بینییان دانیال لەبەردەم خوداکەیدا نوێژ دەکات و دەپاڕێتەوە.
- 12دەستبەجێ چوونە لای پاشا و سەبارەت بە فەرمانە پاشایەتییەکەی قسەیان کرد: «ئەی پاشا، ئایا تۆ فەرمانێکت ئیمزا نەکرد کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ لە هەر خوداوەندێک یان مرۆڤێک داوایەک بکات جگە لە تۆ ئەی پاشا، فڕێدەدرێتە ناو چاڵی شێرەکانەوە؟»
- پاشا گوتی: «فەرمانەکە ڕاستە و هەروەک یاساکانی ماد و فارس وایە کە پووچەڵ نابێتەوە.»
- 13ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و لەبەردەم پاشا گوتیان: «ئەو دانیالەی لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایە، ئەی پاشا، هیچ گوێی نە بە تۆ و نە بەو فەرمانەی کە ئیمزات کردووە نەداوە، بەڵکو ڕۆژانە سێ جار نوێژ دەکات.»
- 14کە پاشا گوێی لەم قسەیە بوو زۆر دڵتەنگ بوو، مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی دانیال دەرباز بکات و هەتا خۆر ئاوابوون هەوڵی دا ڕزگاری بکات.
- 15بەڵام ئەو پیاوانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، لە یادت نەچێت کە یاساکانی ماد و فارس ئەوەیە کە هەر فەرمان و بڕیارێک پاشا دەریبکات، ناگۆڕدرێت.»
- 16ئینجا پاشا فەرمانی دا، دانیالیان هێنا و فڕێیان دایە ناو چاڵی شێرەکان. پاشا بە دانیالی گوت: «با خوداکەت کە تۆ بە بەردەوامی خزمەتی دەکەیت، ئەو ڕزگارت بکات.»
- 17بەردێک هێنرا و لەسەر دەمی چاڵەکە دانرا، پاشا بە مۆری خۆی و مۆری گەورە پیاوانی مۆری کرد، بۆ ئەوەی کەس هەوڵ نەدات دانیال ڕزگار بکات.