
Season 21 · Episode 3
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٥: ٦ - ٦: ٤٢
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
March 27, 202423m 13s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٥: ٦ - ٦: ٤٢
- 6سلێمانی پاشاش لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کە لەگەڵی کۆببوونەوە لەبەردەم سندوقەکە بوون، مەڕ و مانگایان سەردەبڕی کە لە زۆریدا نە تۆمار دەکرا و نە دەژمێردرا.
- 7ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە.
- 8کەڕوبەکان باڵەکانیان بەسەر سندوقەکەدا کردبووەوە، سندوقەکە و هەردوو داردەستەکەشیان دادەپۆشی کە بۆ هەڵگرتنیەتی.
- 9ئەم داردەستانەش ئەوەندە درێژ بوون کە لە ئەمسەر و ئەوسەری سندوقەکەوە دەرچووبوون، هەروەها سەری داردەستەکان لەو دیوی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز دەبینران، بەڵام لە دەرەوەی شوێنە پیرۆزەکەوە نەدەبینران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێدان.
- 10ناو سندوقەکەش هیچی تێدا نەبوو، جگە لەو دوو تەختە بەردەی کە موسا لە حۆرێڤ تێیدا داینابوون کاتێک یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر پەیمانی لەگەڵ بەستن.
- 11ئینجا کاهینەکان لە شوێنی پیرۆز کشانەوە. هەموو کاهینە ئامادەبووەکان خۆیان پیرۆز کردبوو بێ ڕەچاوکردنی بەشەکانیان.
- 12هەروەها لێڤییە گۆرانیبێژەکانیش کە بریتی بوون لە ئاساف و هێیمان و یەدوتون و کوڕەکانیان و براکانیان، هەموویان کەتانی ناسکیان لەبەرکردبوو بە سەنج و بە قیسارە و بە سازەوە ڕاوەستابوون و لەلای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکەوە، سەد و بیست کاهینیشیان لەگەڵدا بوو کە کەڕەنایان لێدەدا.
- 13کەڕەنا لێدەر و گۆرانیبێژەکان بە یەک دەنگ ستایش و سوپاسی یەزدانیان کرد، دەنگیان بەرزکردەوە و بە کەڕەنا، سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە ستایشی یەزدانیان کرد و گوتیان:
- «بێگومان خودا چاکە،
- خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
- ئینجا پەرستگای یەزدان پڕبوو لە هەور و
- 14کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پەرستگای خودای پڕکرد.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٦
- 1ئینجا سلێمان گوتی: «یەزدان فەرموویەتی، کە لەناو هەوری تاردا نیشتەجێ دەبێت.
- 2من پەرستگایەکی شکۆدارم بۆ بنیاد نایت، شوێنێک هەتاهەتایە بۆ نیشتەجێبوونت.»
- 3کاتێک هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا بوون، پاشا ڕووی خۆی وەرگێڕا و داوای بەرەکەتی بۆ هەموویان کرد.
- 4ئینجا گوتی:
- «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی بە دەمی خۆی بەڵێنی بە داودی باوکم دا و بە دەستی خۆی بەجێی هێنا، هەروەک فەرمووی:
- 5”لەو ڕۆژەوەی ئیسرائیلی گەلی خۆمم لە میسرەوە هێناوەتە دەرەوە، هیچ شارێکم لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بنیاد بنێن هەتا ناوەکەم لەوێ بێت و هیچ کەسێکیشم هەڵنەبژاردووە ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی من،
- 6بەڵکو ئۆرشەلیمم هەڵبژاردووە هەتا ناوەکەم لەوێ بێت و داودم هەڵبژاردووە تاکو فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی گەلی من بکات.“
- 7«لە دڵی داودی باوکیشمدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.
- 8بەڵام یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”بێگومان باشت کرد کە لە دڵی خۆتدا نیازت هەبووە پەرستگایەک بۆ ناوەکەم بنیاد بنێیت.
- 9لەگەڵ ئەوەشدا تۆ پەرستگاکە بنیاد نانێیت، بەڵکو کوڕەکەت ئەوەی لە خوێنی خۆتە، ئەو پەرستگاکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“
- 10«یەزدان بەڵێنی خۆی بردەسەر، ئەوەی کە فەرمووی. منیش شوێنی داودی باوکمم گرتەوە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دانیشتم، هەروەک یەزدان فەرمووی. پەرستگاکەشم بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد نا.
- 11لەوێشدا سندوقەکەم دانا، ئەوەی ئەو پەیمانەی یەزدانی تێیدایە کە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستی.»
- 12ئینجا سلێمان لەبەردەم قوربانگای یەزدان بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا و دەستی بەرز کردەوە.
- 13سلێمان سەکۆیەکی لە بڕۆنز دروستکردبوو و لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا داینابوو، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەشی پێنج باڵ بوو، بەرزییەکەشی سێ باڵ، جا لەسەری ڕاوەستا بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل چۆکی دادا و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە و
- 14گوتی:
- «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، هیچ خودایەک لە ئاسمان و لەسەر زەوی لە وێنەی تۆ نییە، پەیمانی خۆشەویستییەکەت بۆ خزمەتکارەکانت دەبەیتەسەر، ئەوانەی لەبەردەمی تۆ بە دڵسۆزییەوە ڕەفتار دەکەن.
- 15تۆ بەڵێنی خۆتت بۆ بەندەکەت، بۆ داودی باوکم هێنایە دی. ئەوەی بە دەمت بەڵێنت پێدا، ئەمڕۆ بە دەستی خۆتت هێنایە دی.
- 16«ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەو بەڵێنەی کە تۆ بە بەندەکەی خۆت، بە داودی باوکی منت دا، بۆی بهێنە دی، کە فەرمووت: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەبەردەمم بۆ دانیشتن لەسەر تەختی ئیسرائیل، تەنها ئەگەر کوڕانت ئاگاداری ئەوە بن کە بەگوێرەی فێرکردنەکەم لەبەردەمم ڕەفتار بکەن، هەروەک چۆن تۆ ڕەفتارت کرد.“
- 17ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، با ئەو بەڵێنەت بێتە دی کە بەڵێنت بە داودی بەندەت دا.
- 18«بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەگەڵ مرۆڤ لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە!
- 19بەڵام ئەی یەزدان، خودای من، ئاوڕ لە نوێژ و لە داواکارییەکانی بەندەکەت بدەوە و گوێ لە هاوار و ئەو نوێژە بگرە کە بەندەکەت لەبەردەمت دەیکات.
- 20با شەو و ڕۆژ چاوەکانت کراوە بن لەسەر ئەم پەرستگایە، لەسەر ئەو شوێنەی کە فەرمووت: ”ناوی من لەوێ دەبێت،“ هەتا گوێت لەو نوێژە بێت کە بەندەکەت بەرەو ئەم شوێنە دەیکات.
- 21هەروەها گوێ لە پاڕانەوەی بەندەکەت و ئیسرائیلی گەلت بگرە ئەوانەی بەرەو ئەم شوێنە نوێژ دەکەن، تۆش لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە بیبیستە، جا کە لە ئاسمانەوە بیستت لێمان خۆشبە.
- 22«ئەگەر یەکێک گوناهی دەرهەق بە هاوڕێکەی کرد و سوێندخواردنی بەسەردا سەپێنرا و هات بۆ ئەوەی لەبەردەم قوربانگاکەت لەم پەرستگایە سوێندەکەی بخوات،
- 23تۆ لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و دەستبەکار بە. دادوەری لەنێوان خزمەتکارەکانت بکە، حوکم بدە بەسەر تاوانباردا بەوەی ڕێگای خۆی بەسەر خۆیدا بهێنەرەوە، ئەستۆپاکی کەسی بێتاوان دەربخە و بەگوێرەی بێتاوانییەکەی پێی ببەخشە.
- 24«کاتێک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت بەهۆی ئەو گوناهەی بەرامبەرت دەیکەن، لەبەردەم دوژمنەکانیان تێکدەشکێن، ئەگەر گەڕانەوە بۆ لات و دانیان نایەوە بە ناوی تۆ، لەبەردەمت لەم پەرستگایەدا نزا و نوێژیان کرد و پاڕانەوە،
- 25تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی ئیسرائیلی گەلت خۆشبە و بیانگەڕێنەوە ئەو خاکەی کە بە خۆیان و باوباپیرانیانت داوە.
- 26«ئەگەر ئاسمان داخرا و باران نەباری بەهۆی ئەوەی گەلەکەت گوناهیان دەرهەق بە تۆ کرد، پاشان نوێژیان ڕووەو ئەم شوێنە کرد و دانیان بە ناوەکەتدا نا و لە گوناهەکەیان پاشگەز بوونەوە، چونکە گرفتارت کردن،
- 27تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی خزمەتکارەکانت و ئیسرائیلی گەلی خۆت خۆشبە، فێری ئەو ڕێگا باشەیان بکە کە دەبێت پێیدا بڕۆن و باران بەسەر خاکەکەتدا ببارێنە، ئەوەی بە میرات داوتە بە گەلەکەت.
- 28«هەر کاتێک قاتوقڕی، پەتا، بای گەرمەسێر، کوللە یان سن لە خاکەکە دەدات؛ یان هەر کاتێک دوژمن لە شارەکانیان گەمارۆیان دەدەن؛ یان هەر بەڵا و دەردێک دێت؛
- 29ئیتر کاتێک هەرکەسێکی ئیسرائیلی گەلی خۆت نوێژ یان داواکارییەک لە تۆ بکات، لەلایەن ئەوەی کە دەرد و ئازاری خۆی دەزانێت و دەستی بەرامبەر بەم پەرستگایە بەرز دەکاتەوە،
- 30ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ بگرە. لێی خۆشبە، لەبەر ئەوەی تەنها تۆ دڵی ئادەمیزاد دەناسیت، بۆ هەرکەسێک بەگوێرەی هەڵسوکەوتەکانی کاردانەوەت هەبێت،
- 31بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژانی ژیانیان لەم خاکەی بە باوباپیرانی ئێمەت داوە لێت بترسن و ڕێگاکانت بگرنەبەر.
- 32«هەروەها ئەو بیانییەی کە لە ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت نییە و لە پێناوی ناوی مەزنت و دەستی پۆڵایین و بازووی بەهێزت لە خاکێکی دوورەوە هاتووە، جا کە هات و بەرەو ئەم پەرستگایە نوێژی کرد،
- 33تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە و بەپێی هەموو ئەوەی ئەم بیانییە لێت دەپاڕێتەوە بۆی بەجێبهێنە، تاکو هەموو گەلانی زەوی بە ناوی تۆ ئاشنا بن و وەک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت لێت بترسن، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن ئەم ماڵەی کە بنیادم ناوە هەڵگری ناوی تۆیە.
- 34«کاتێک گەلەکەت لە دژی دوژمنەکەی بۆ جەنگ دەچێت، بۆ هەرکوێ کە دەیاننێریت، کە نوێژیان بۆت کرد ڕووەو ئەو شارەی کە هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوەکەت بنیادم ناوە،
- 35تۆ لە ئاسمانەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییەکانیان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە.
- 36«کەس نییە گوناه نەکات، بەڵام کاتێک گوناهت بەرامبەر دەکەن و تۆش لێیان تووڕە دەبیت و دەیاندەیتە دەست دوژمن کە بە دیلیان دەگرن و بۆ خاکێک ڕاپێچیان دەکەن، جا دوور بێت یان نزیک،
- 37لەدوای ئەمە ئەگەر لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ دەکرێن هاتنەوە هۆش خۆیان، لە خاکی ڕاپێچکەرانیان تۆبەیان کرد و لێت پاڕانەوە و گوتیان: ”گوناه و تاوان و خراپەمان کرد“؛
- 38ئیتر بە هەموو دڵ و گیانیانەوە گەڕانەوە لات، لە خاکی دیلیێتییان کە بۆی ڕاپێچ کراون، هەروەها نوێژیان کرد ڕووەو ئەو خاکەی داوتە بە باوباپیرانیان و ئەو شارەی هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوی تۆ بنیادم ناوە؛
- 39ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە. هەروەها لە گەلەکەت خۆشبە، لەو گوناهانەی بەرامبەرت کردوویانە.
- 40«ئێستاش ئەی خودایە، تکایە با چاوەکانت کراوە و گوێیەکانت شل بن بۆ نوێژەکانی ئەم شوێنە.
- 41ئێستا ئەی یەزدانی پەروەردگار، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت،
- خۆت و سندوقی هێزت.
- ئەی خودای پەروەردگار، با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن و
- خۆشەویستانت بە چاکە شاد بن.
- 42ئەی یەزدانی پەروەردگار، دەستنیشانکراوەکەت ڕەت مەکەرەوە،
- خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ داودی بەندەت لەیاد بێت.»