PLAY PODCASTS
یه‌كه‌م پاشایان ٧: ١ - ٨: ٦٦
Season 17 · Episode 5

یه‌كه‌م پاشایان ٧: ١ - ٨: ٦٦

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

January 14, 202422m 23s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

یه‌كه‌م پاشایان ٧: ١ - ٨: ٦٦

  • 1سلێمان کۆشکەکەی خۆی بە سێزدە ساڵ بنیاد نا و هەمووی تەواو کرد.
  • 2کۆشکی دارستانەکەی لوبنانیشی بە درێژی سەد باڵ و پانی پەنجا باڵ و بەرزی سی باڵ بنیاد نا، لەسەر چوار ڕیز کۆڵەکەی ئورز و کاریتەی ئورزیشی لەسەر کۆڵەکەکان دانا.
  • 3سەری ئەو دارانەشی لە سەرەوە بە ئورز گرت، ئەوانەی لەسەر چل و پێنج کۆڵەکە بوون، هەر ڕیزە و پازدە.
  • 4پەنجەرەکانیشی بە سێ ڕیز دانرابوون، پەنجەرە بەرامبەر پەنجەرە.
  • 5هەموو دەروازەکان چوارگۆشە بوون، لە هەر ڕیزێک سێ دەرگا و بەرامبەر بە یەکتری.
  • 6ڕێڕەوێکی سەر داپۆشراوی دروستکرد کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو، درێژییەکەی پەنجا باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەیوانێک لەبەردەم ڕێڕەوەکە هەبوو، لەبەردەم ئەویش چەند کۆڵەکەیەک و تارمەیەک هەبوو.
  • 7هۆڵی تەختی پاشایەتییەکەش ئەوەی تێیدا دادوەری دەکرد، واتا هۆڵی دادوەری ئەویشی دروستکرد و تەواوی دیوارەکەی بە ئورز ڕووپۆش کرد.
  • 8کۆشکی نیشتەجێبوونی خۆشی بە هەمان شێوەی ئەم هۆڵە لە پشتی ئەو بنیاد نا. هەروەها ماڵێکیشی وەک ئەم هۆڵە بۆ کچەکەی فیرعەون دروستکرد، ئەوەی کە هێنابووی.
  • 9هەموو تەلارەکانی کۆشکی پاشایەتی، لە دەرەوە بۆ ژوورەوە، لە بناغەوە هەتا سەرەوە، لە بەردی نایابی نەقاڕکراو بوون.
  • 10لە بناغەشەوە بەردی نایاب بوو، بەردی گەورە، هەندێکی دە باڵ و هەندێکی هەشت باڵ.
  • 11لە سەریشەوە بە بەردی نایابی بە ئەندازە داتاشراو و بە داری ئورز بوو.
  • 12دیواری سنووری کۆشکەکە وەک دیواری حەوشەی پیرۆزگای یەزدان بە سێ ڕیز بەردی داتاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز دروستکرابوو.
  • 13سلێمانی پاشا ناردی و حورامی لە شاری سورەوە هێنا.
  • 14ئەو کوڕی بێوەژنێک بوو لە هۆزی نەفتالی، باوکیشی پیاوێکی خەڵکی سور بوو، پیشەوەری بڕۆنز بوو. حورام پڕ بوو لە دانایی و تێگەیشتن، شارەزایی لە دروستکردنی هەموو کارێکی بڕۆنز هەبوو. هاتە لای سلێمانی پاشا و هەموو کارەکانی بۆ ئەنجام دا.
  • 15دوو کۆڵەکەی بڕۆنزی داڕشت کە بەرزی هەر یەکێکیان هەژدە باڵ و چێوەکەی دوازدە باڵ بوو.
  • 16هەروەها دوو تاجی بڕۆنزی لەقاڵبدراوی دروستکرد هەتا لەسەر سەری هەردوو کۆڵەکەکە دابنرێن، بەرزی هەر یەکێکیان پێنج باڵ بوو.
  • 17تۆڕێکی لە زنجیری چنراو بە تاجەکان هەڵواسیبوو، کە لەسەر کۆڵەکەکان بوون، بۆ هەر تاجێک حەوت تۆڕ.
  • 18دوو ڕیز هەناری لە دەوری هەر تۆڕێک دروستکرد بۆ ڕازاندنەوەی ئەو تاجانەی کە لەسەر کۆڵەکەکان بوون. بۆ هەر تاجێک هەمان شتی کرد.
  • 19ئەو تاجانەش کە لە هەیوانەکە لەسەر کۆڵەکەکان بوون لە شێوەی گوڵی سەوسەن بوون، بەرزییان چوار باڵ بوو.
  • 20لەسەر تاجەکانی سەر هەردوو کۆڵەکەکە، لە سەرووی ئەو بەشەی تاجەکە کە لە شێوەی قاپ بوو، لەتەنیشتی تۆڕەکە، دوو سەد هەنار بە ڕیز لە دەوری هەبوو.
  • 21دوو کۆڵەکەشی لە هەیوانی پیرۆزگاکە ڕاگرت، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناو نا یاکین و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناو نا بۆعەز.
  • 22سەری کۆڵەکەکانیش لەسەر شێوەی گوڵی سەوسەن بوون، بەم شێوەیە کاری کۆڵەکەکان تەواو بوو.
  • 23حەوزە بڕۆنزییەکەشی بە بازنەیی بە قاڵب دروستکرد، لە لێوارەوە هەتا لێوار دە باڵ بوو، پێنج باڵ بەرزی، چێوەکەشی گوریسێکی سی باڵ بوو.
  • 24لەژێر لێوارەکەی لە هەر چواردەورەی وێنەی سەوزەوات نەخشێنرابوو، دە وێنە بۆ هەر باڵێک، بەدەوری حەوزە بڕۆنزییەکە بە دوو ڕیز، وێنەی سەوزەواتەکان لەگەڵ حەوزە بڕۆنزییەکە لەقاڵبدرابوون.
  • 25حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەر دوازدە گا ڕاوەستابوو، سێیان ڕوویان لە باکوور، سێ ڕوویان لە ڕۆژئاوا، سێ ڕوویان لە باشوور، سێش ڕوویان لە ڕۆژهەڵات بوو. حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەریان دانرابوو، هەمووشیان پاشەڵیان ڕوو لەناوەوە بوو.
  • 26ئەستووراییەکەی چوار پەنجە بوو، لێوارەکەی وەک لێواری جام دروستکرابوو، لە شێوەی گوڵی سەوسەن. جێی دوو هەزار بەتی تێدا دەبووەوە.
  • 27دە عەرەبانەی ئاو گواستنەوەشی لە بڕۆنز دروستکرد، درێژی هەر عەرەبانەیەک چوار باڵ و پانییەکەی چوار باڵ، بەرزییەکەشی سێ باڵ بوو.
  • 28ئەمەش شێوەی عەرەبانەکان بوو، لە چەند تەختەدارێکی چوارگۆشە دروستکرا بوون، تەختەکانیش لەنێوان دوو ستوون بوون.
  • 29هەروەها وێنەی شێر و گا و کەڕوب هەبوون لەسەر ستوونەکان و لەسەر ئەو تەختانەی کە لەنێوان دوو ستوونەکە بوون. لە سەرەوە و لە خوارەوەی شێر و گایەکان تاجەگوڵینە شۆڕببوونەوە.
  • 30چوار چەرخی بڕۆنزیش بۆ هەر عەرەبانەیەک، تەوەرەکانیش بڕۆنز بوون. گۆشەکانیش کە چوار بوون، شانیان هەبوو لەژێر دەستشۆرەکە، شانەکانیش لەقاڵبدرابوون لەتەنیشت هەر تاجەگوڵینەیەکەوە.
  • 31لێواری حەوزەکەی ناو عەرەبانەکە بازنەیی بوو کە یەک باڵ لە عەرەبانەکە بەرزتر بوو، لێوارەکەی بازنەیی بوو، لەگەڵ بەشی خوارەوە قووڵاییەکەی باڵ و نیوێک بوو، لێوارەکە نەخشێنرابوو، تەختەدارەکانی عەرەبانەکەش چوارگۆشەیی بوون، نەک بازنەیی.
  • 32چوار چەرخەکانیش لەژێر تەختەکانەوە بوون، بە تەوەر چەرخەکان بە عەرەبانەکەوە بەسترابوون، چێوەی هەر چەرخێک باڵ و نیوێک بوو.
  • 33چەرخەکانیشی لەسەر شێوەی چەرخی گالیسکە دروستکرابوو، تەوەر و چێوە و ڕاگر و ناوکی چەرخەکان هەموو لەقاڵبدرابوون.
  • 34هەر عەرەبانەیەک چوار دەسکی هەبوو، هەر دەسکێک لە گۆشەیەک، دەسکەکان بەشێک بوون لە عەرەبانەکە.
  • 35لە بەشی سەرەوەی عەرەبانەکە بە بەرزی نیو باڵ قەیدێکی بازنەیی هەبوو، لاشان و تەختەکانی بە بەشی سەرەوەی عەرەبانەکە بەسترا بوون.
  • 36لەسەر ڕووی لاشان و تەختەکانی عەرەبانەکە کەڕوب و شێر و دار خورمای نەخشاند، لە کەلێنی نەخشەکان چەند تاجەگوڵینەیەکی لە دەوروبەری دروستکرد.
  • 37بەم جۆرە دە عەرەبانەکەی دروستکرد، یەک قاڵب و یەک ئەندازە و یەک شێوە.
  • 38هەروەها دە دەستشۆری بڕۆنزی دروستکرد کە هەریەکەیان چل بەتی دەگرت و تیرەکەی چوار باڵ بوو، هەریەکەشیان لەسەر عەرەبانەیەک لە دە عەرەبانەکە بوون.
  • 39پێنج عەرەبانەی لەلای باشوور و پێنجەکەی دیکەشی لەلای باکووری پیرۆزگاکە دانا، حەوزە بڕۆنزییەکەشی لەلای باشووری پیرۆزگاکە دانا، لە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵات.
  • 40هەروەها حورام مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکانی دروستکرد.
  • حورام کارەکانی تەواو کرد، ئەوانەی بۆ سلێمان پاشا بۆ پەرستگای یەزدان کردی:
  • 41دوو کۆڵەکەکە؛
  • دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛
  • دوو تۆڕەکە بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛
  • 42هەروەها چوار سەد هەنارەکە بۆ دوو تۆڕەکە، دوو ڕیز هەنار بۆ هەر تۆڕێک بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛
  • 43دە عەرەبانەکە و دە دەستشۆرەکەی سەر عەرەبانەکان؛
  • 44حەوزە بڕۆنزییەکە و دوازدە گایەکەی ژێری؛
  • 45هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکان.
  • حورام هەموو ئەو کەلوپەلانەی بۆ سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان لە بڕۆنزی سافکراو دروستکرد.
  • 46پاشا لە دەشتی ڕووباری ئوردون لەنێوان سوکۆت و چەرەتان لە قاڵبی قوڕ دایڕشتن.
  • 47سلێمانیش هەموو ئەو شتومەکانەی بە نەکێشراوی بەجێهێشت، چونکە گەلێک زۆر بوون، کێشی بڕۆنزەکەی نەدەزانرا.
  • 48هەروەها سلێمان هەموو ئەو کەلوپەلانەی دروستکرد کە لە پەرستگای یەزدان بوون:
  • قوربانگا زێڕینەکە؛
  • مێزە زێڕینەکە کە نانی تەرخانکراوی لەسەر بوو بۆ خودا؛
  • 49پێنج چرادانیش لەلای ڕاست و پێنج لەلای چەپ لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز لە زێڕی بێگەرد؛
  • هەروەها گوڵ و چرا و مەقاشە زێڕینەکان؛
  • 50تەشت، مەقەست، تاس، چەمچە و بخووردانەکان لە زێڕی بێگەرد؛
  • نەرمادەی دەرگاکانی ژووری ناوەوە، واتا شوێنی هەرەپیرۆز، هەروەها نەرمادەی دەرگاکانی هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش لە زێڕ بوون.
  • 51کاتێک سلێمان پاشا هەموو کارەکانی پەرستگای یەزدانی تەواو کرد، شتە تەرخانکراوەکانی داودی باوکی کە لە زێڕ و زیو بوون و کەلوپەلەکانی هێنا پێشکەشی کرد بە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان.

یه‌كه‌م پاشایان ٨

  • 1لەو کاتەدا سلێمان پاشا لە ئۆرشەلیم پیرانی ئیسرائیلی کۆکردەوە، هەموو سەرکردەی هۆزەکان و گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە سییۆنەوە، کە بە شاری داود ناسراوە.
  • 2هەروەها لە جەژنی مانگی ئێتانیم کە لە مانگی حەوتە هەموو گەلی ئیسرائیل لەلای سلێمانی پاشا کۆبوونەوە.
  • 3ئیتر هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتن و کاهینەکانیش سندوقەکەیان هەڵگرت،
  • 4سندوقی یەزدان و چادری چاوپێکەوتن و هەموو کەلوپەلە پیرۆزەکانی ناو چادرەکەیان هێنا. کاهین و لێڤییەکان هێنایانە سەرەوە،
  • 5سلێمانی پاشاش لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کە لەگەڵی کۆببوونەوە لەبەردەم سندوقەکە بوون، مەڕ و مانگایان سەردەبڕی کە لە زۆریدا نە تۆمار دەکرا و نە دەژمێردرا.
  • 6ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە.
  • 7کەڕوبەکان باڵەکانیان بەسەر سندوقەکەدا کردبووەوە، سێبەریان بەسەر سندوقەکە و هەردوو داردەستەکەشیدا کردبوو کە بۆ هەڵگرتنیەتی.
  • 8ئەم داردەستانەش ئەوەندە درێژ بوون کە سەری داردەستەکان لەو دیوی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز دەبینران، بەڵام لە دەرەوەی شوێنە پیرۆزەکەوە نەدەبینران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێدان.
  • 9ناو سندوقەکەش هیچی تێدا نەبوو، جگە لەو دوو تەختە بەردەی کە موسا لە حۆرێڤ تێیدا داینابوون کاتێک یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر پەیمانی لەگەڵ بەستن.
  • 10ئەوە بوو بە هاتنە دەرەوەی کاهینەکان لە شوێنە پیرۆزەکە، هەورێک پیرۆزگای یەزدانی پڕکردەوە.
  • 11کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکرد.
  • 12ئینجا سلێمان گوتی: «یەزدان فەرموویەتی، کە لەناو هەوری تاردا نیشتەجێ دەبێت.
  • 13ئەوەتا پەرستگایەکی شکۆدارم بۆ بنیاد نایت، شوێنێک هەتاهەتایە بۆ نیشتەجێبوونت.»
  • 14کاتێک هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا بوون، پاشا ڕووی خۆی وەرگێڕا و داوای بەرەکەتی بۆ هەموویان کرد.
  • 15ئینجا گوتی:
  • «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی بە دەمی خۆی بەڵێنی بە داودی باوکم دا و بە دەستی خۆی بەجێی هێنا، هەروەک فەرمووی:
  • 16”لەو ڕۆژەوەی ئیسرائیلی گەلی خۆمم لە میسرەوە هێناوەتە دەرەوە، هیچ شارێکم لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بنیاد بنێن هەتا ناوەکەم لەوێ بێت، بەڵکو داودم هەڵبژاردووە تاکو فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی گەلی من بکات.“
  • 17«لە دڵی داودی باوکیشمدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.
  • 18بەڵام یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”بێگومان باشت کرد کە لە دڵی خۆتدا نیازت هەبووە پەرستگایەک بۆ ناوەکەم بنیاد بنێیت.
  • 19لەگەڵ ئەوەشدا تۆ پەرستگاکە بنیاد نانێیت، بەڵکو کوڕەکەت، ئەوەی لە خوێنی خۆتە، ئەو پەرستگاکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“
  • 20«یەزدان بەڵێنی خۆی بردەسەر، ئەوەی کە فەرمووی. منیش شوێنی داودی باوکمم گرتەوە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دانیشتم، هەروەک یەزدان فەرمووی. پەرستگاکەشم بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد نا.
  • 21لەوێشدا شوێنێکم بۆ ئەو سندوقە دانا، ئەوەی ئەو پەیمانەی یەزدانی تێیدایە کە لەگەڵ باوباپیرانماندا بەستی، کاتێک لە خاکی میسری هێنانە دەرەوە.»
  • 22ئینجا سلێمان لەبەردەم قوربانگای یەزدان بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە،
  • 23گوتی:
  • «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، هیچ خودایەک لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە لە وێنەی تۆ نییە، پەیمانی خۆشەویستییەکەت بۆ خزمەتکارەکانت دەبەیتەسەر، ئەوانەی لەبەردەمی تۆ بە دڵسۆزییەوە ڕەفتار دەکەن.
  • 24تۆ بەڵێنی خۆتت بۆ بەندەکەت، بۆ داودی باوکم هێنایە دی. ئەوەی بە دەمت بەڵێنت پێدا، ئەمڕۆ بە دەستی خۆتت هێنایە دی.
  • 25«ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەو بەڵێنەی کە تۆ بە بەندەکەی خۆت، بە داودی باوکی منت دا، بۆی بهێنە دی، کە فەرمووت: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەبەردەمم بۆ دانیشتن لەسەر تەختی ئیسرائیل، تەنها ئەگەر کوڕانت ئاگاداری ئەوە بن کە بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەن، هەروەک چۆن تۆ بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیت کردم.“
  • 26ئێستاش ئەی خودای ئیسرائیل، با ئەو بەڵێنەت بێتە دی کە بەڵێنت بە داودی باوکم دا کە بەندەی تۆیە.
  • 27«بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە!
  • 28بەڵام ئەی یەزدان، خودای من، ئاوڕ لە نوێژ و لە داواکارییەکانی بەندەکەت بدەوە و گوێ لە هاوار و ئەو نوێژە بگرە کە بەندەکەت ئەمڕۆ لەبەردەمت دەیکات.
  • 29با شەو و ڕۆژ چاوەکانت کراوە بن لەسەر ئەم پەرستگایە، لەسەر ئەو شوێنەی کە فەرمووت: ”ناوی من لەوێ دەبێت،“ هەتا گوێت لەو نوێژە بێت کە بەندەکەت بەرەو ئەم شوێنە دەیکات.
  • 30هەروەها گوێ لە پاڕانەوەی بەندەکەت و ئیسرائیلی گەلت بگرە، ئەوانەی بەرەو ئەم شوێنە نوێژ دەکەن، تۆش لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە بیبیستە، جا کە بیستت لێمان خۆشبە.
  • 31«ئەگەر یەکێک گوناهی دەرهەق بە هاوڕێکەی کرد و سوێندخواردنی بەسەردا سەپێنرا و هات بۆ ئەوەی لەبەردەم قوربانگاکەت لەم پەرستگایە سوێندەکەی بخوات،
  • 32تۆ لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و دەستبەکار بە. دادوەری لەنێوان خزمەتکارەکانت بکە، حوکم بدە بەسەر تاوانباردا بەوەی ڕێگای خۆی بەسەر خۆیدا بهێنەرەوە، ئەستۆپاکی کەسی بێتاوان دەربخە و بەگوێرەی بێتاوانییەکەی پێی ببەخشە.
  • 33«کاتێک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت بەهۆی ئەو گوناهەی بەرامبەرت دەیکەن، لەبەردەم دوژمنەکانیان تێکدەشکێن، ئەگەر گەڕانەوە بۆ لات و دانیان نایەوە بە ناوی تۆ، لەم پەرستگایەدا نزا و نوێژیان کرد و لێت پاڕانەوە،
  • 34تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی ئیسرائیلی گەلت خۆشبە و بیانگەڕێنەوە ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت داوە.
  • 35«ئەگەر ئاسمان داخرا و باران نەباری بەهۆی ئەوەی گەلەکەت گوناهیان دەرهەق بە تۆ کرد، پاشان نوێژیان ڕووەو ئەم شوێنە کرد و دانیان بە ناوەکەتدا نا و لە گوناهەکەیان پاشگەز بوونەوە، چونکە گرفتارت کردن،
  • 36تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی خزمەتکارەکانت و ئیسرائیلی گەلی خۆت خۆشبە، فێری ئەو ڕێگا باشەیان بکە کە دەبێت پێیدا بڕۆن و باران بەسەر خاکەکەتدا ببارێنە، ئەوەی بە میرات داوتە بە گەلەکەت.
  • 37«هەر کاتێک قاتوقڕی، پەتا، بای گەرمەسێر، کوللە یان سن لە خاکەکە دەدات؛ یان هەر کاتێک دوژمن لە شارەکانیان گەمارۆیان دەدات؛ یان هەر بەڵا و دەردێک دێت؛
  • 38ئیتر کاتێک هەرکەسێکی ئیسرائیلی گەلی خۆت نوێژ یان داواکارییەک لە تۆ بکات، لەلایەن ئەوەی کە دەردی دڵی خۆی دەزانێت و دەستی بەرامبەر بەم پەرستگایە بەرز دەکاتەوە،
  • 39ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ بگرە. لێی خۆشبە و دەستبەکار بە. لەبەر ئەوەی تەنها تۆ دڵی هەموو ئادەمیزادان دەناسیت، بۆ هەرکەسێک بەگوێرەی هەڵسوکەوتەکانی کاردانەوەت هەبێت،
  • 40بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژانی ژیانیان لەم خاکەی بە باوباپیرانی ئێمەت داوە لێت بترسن.
  • 41«هەروەها ئەو بیانییەی کە لە ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت نییە و لە پێناوی ناوی تۆ لە خاکێکی دوورەوە هاتووە،
  • 42چونکە دەربارەی ناوی مەزنی تۆ و دەستی پۆڵایین و بازووی بەهێزت دەبیستن، جا کە هات و بەرەو ئەم پەرستگایە نوێژی کرد،
  • 43تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە و بەپێی هەموو ئەوەی ئەم بیانییە لێت دەپاڕێتەوە بۆی بەجێبهێنە، تاکو هەموو گەلانی زەوی بە ناوی تۆ ئاشنا بن و وەک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت لێت بترسن، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن ئەم ماڵەی کە بنیادم ناوە هەڵگری ناوی تۆیە.
  • 44«کاتێک گەلەکەت بۆ جەنگ لە دژی دوژمنەکەی دەچێت، بۆ هەرکوێ کە دەیاننێریت، کە نوێژیان کرد بۆ یەزدان ڕووەو ئەو شارەی کە هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوەکەت بنیادم ناوە،
  • 45تۆ لە ئاسمانەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییەکانیان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە.
  • 46«کەس نییە گوناه نەکات، بەڵام کاتێک گوناهت بەرامبەر دەکەن و تۆش لێیان تووڕە دەبیت و دەیاندەیتە دەست دوژمن کە بە دیلیان دەگرن و بۆ خاکی خۆیان ڕاپێچیان دەکەن، جا دوور بێت یان نزیک،
  • 47لەدوای ئەمە ئەگەر لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ دەکرێن هاتنەوە هۆش خۆیان، لە خاکی ڕاپێچکەرانیان تۆبەیان کرد و لێت پاڕانەوە و گوتیان: ”گوناه و تاوان و خراپەمان کرد،“
  • 48ئیتر بە هەموو دڵ و گیانیانەوە گەڕانەوە لات لە خاکی دوژمنەکانیانەوە کە ڕاپێچیان کردوون، هەروەها نوێژیان بۆ کردیت ڕووەو ئەو خاکەی داوتە بە باوباپیرانیان و ئەو شارەی هەڵتبژاردووە و بۆ ئەو پەرستگایەی بۆ ناوی تۆ بنیادم ناوە،
  • 49ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە.
  • 50هەروەها لە گەلەکەت خۆشبە، لەو گوناهانەی بەرامبەرت کردوویانە و لە هەموو یاخیبوونەکانیان کە لە دژی تۆ پێی یاخی بوون، بەزەییان پێ ببەخشە لەبەردەم ڕاپێچکەرانیان هەتا بەزەییان پێیاندا بێتەوە،
  • 51چونکە ئەوان گەل و میراتی تۆن، ئەوەی لە میسرەوە لەناو کوورەی ئاسنەوە دەرتهێنان.
  • 52«با چاوەکانت لەسەر داواکارییەکانی بەندەکەت و داواکارییەکانی ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت کراوە بن هەتا گوێیان لێ بگریت لە هەموو ئەوەی بانگت دەکەن بۆی،
  • 53چونکە تۆ ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوانت لەنێو هەموو گەلانی زەویدا بە میرات بۆ خۆت جیا کردەوە، وەک چۆن لەسەر دەستی موسای بەندەت فەرمووت، کاتێک باوباپیرانی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە.»
  • 54کاتێک سلێمان لەم هەموو نوێژ و پاڕانەوەیە بووەوە بۆ یەزدان، لەبەردەم قوربانگای یەزدان هەستا کە لەسەر هەردوو ئەژنۆی بەچۆکدا کەوتبوو، دەستەکانی ڕووەو ئاسمان بەرز کردبووەوە.
  • 55ڕاوەستا و بە دەنگێکی بەرز داوای بەرەکەتی بۆ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کرد و گوتی:
  • 56«ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی هەروەک بەڵێنی دابوو ئیسرائیلی گەلی خۆی حەساندەوە. تەنانەت یەک وشەش لە هەموو ئەو بەڵێنە باشانە نەشکا کە یەزدان لە ڕێگەی موسای بەندەیەوە دابووی.
  • 57با یەزدانی پەروەردگارمان لەگەڵمان بێت هەروەک چۆن لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، وازمان لێ نەهێنێت و فەرامۆشمان نەکات،
  • 58دڵمان بۆ لای خۆی گۆش بکات هەتا گوێڕایەڵی بین و چاومان لە فەرمان و فەرز و حوکمەکانی بێت، ئەو فەرمانانەی بە باوباپیرانی ئێمەی کرد.
  • 59با ئەو وشانەی کە پێی لە یەزدان پاڕامەوە، شەو و ڕۆژ لە یەزدانی پەروەردگارمان نزیک بێت، بۆ ئەوەی دادوەری بۆ بەندەکەی و ئیسرائیلی گەلەکەی خۆی پەیڕەو بکات، بەگوێرەی پێویستی ڕۆژانەی،
  • 60تاکو هەموو گەلانی زەوی بزانن کە یەزدان خودایە و هیچ خودایەکی دیکە نییە.
  • 61بەڵام با دڵتان تەواو لەلای یەزدانی پەروەردگارمان بێت، هەتا فەرزەکانی بەجێبهێنن و چاوتان لە فەرمانەکانی بێت، وەک ئەمڕۆ.»
  • 62ئینجا پاشا و هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی قوربانییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی.
  • 63سلێمان قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان کرد، بیست و دوو هەزار مانگا و سەد و بیست هەزار مەڕ و بزنی سەربڕی. ئیتر پاشا و هەموو نەوەی ئیسرائیل پەرستگای یەزدانیان تەرخان کرد.
  • 64لەو ڕۆژەدا پاشا ناوەڕاستی حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگاکەی یەزدانی تەرخان کرد و لەوێدا قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی پێشکەش کرد، چونکە قوربانگا بڕۆنزییەکەی بەردەم یەزدان بچووکتر بوو لەوەی جێگای قوربانی سووتاندنەکان و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکان و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی تێیدا ببێتەوە.
  • 65لەو کاتە سلێمان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئاهەنگی بۆ جەژنەکە گێڕا، هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی بوون، هەموو خەڵکی نێوان دەروازەی حەمات هەتا دۆڵی میسر، کۆمەڵێکی گەورە، لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان جەژنەکەیان گێڕا، پاشان حەوت ڕۆژی دیکەش، واتا چواردە ڕۆژ.
  • 66ڕۆژی دواتر خەڵکەکەی بەڕێکرد، جا داوای بەرەکەتیان بۆ پاشاکە کرد و بە شادمانی و دڵخۆشییەوە چوونەوە ماڵەکانیان، بەهۆی ئەو هەموو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ داودی بەندەی و ئیسرائیلی گەلی خۆی کردی.