
Season 17 · Episode 6
یهكهم پاشایان ٩: ١ - ١٠: ٢٩
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
January 15, 202421m 8s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
یهكهم پاشایان ٩: ١ - ١٠: ٢٩
- 1پاش ئەوەی سلێمان بنیادنانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای تەواو کرد، هەروەها هەموو ئەوانەشی تەواو کرد کە پێی خۆشبوو،
- 2دووبارە یەزدان بۆ سلێمان دەرکەوتەوە، هەروەک چۆن لە گبعۆن بۆی دەرکەوت.
- 3جا یەزدان پێی فەرموو:
- «گوێم لە نوێژ و پاڕانەوەکەت بوو کە لەبەردەمم پاڕایتەوە، ئەم پەرستگایەم پیرۆز کرد کە بنیادت ناوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە ناوەکەم لەوێ دابنێم، چاوەکانم و دڵیشم هەمیشە لەوێ دەبن.
- 4«تۆش ئەگەر بە دڵسۆزی و دڵپاکییەوە دۆستایەتیم بکەیت، وەک ئەوەی داودی باوکت کردی، هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت،
- 5ئەوا هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەت لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم، هەروەک چۆن بەڵێنم بە داودی باوکت دا و فەرمووم: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەسەر تەختی ئیسرائیل.“
- 6«بەڵام ئەگەر ئێوە یاخود نەوەکانتان لێم هەڵگەڕێنەوە و چاوتان لە فەرز و فەرمانەکانم نەبوو کە پێم داون، چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن،
- 7ئەوا ئیسرائیل لەسەر ڕووی ئەو خاکەی پێم داون دەبڕمەوە و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم. ئیسرائیل لەنێو هەموو گەلان دەبێتە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی،
- 8ئەم پەرستگا پایەبەرزەش، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و فیکە لێدەدات، دەڵێت: ”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“
- 9ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاریان هێناوە، ئەوەی کە باوباپیرانیانی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە، کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە، لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“»
- 10لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا هەردوو تەلارەکەی بنیاد نا، پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا،
- 11سلێمانی پاشا بیست شارۆچکەی لە خاکی جەلیل بە حیرامی پاشای سور بەخشی، چونکە حیرام بەپێی پێویست داری ئورز و سنەوبەر و زێڕی بۆ سلێمان دابین کردبوو.
- 12بەڵام کاتێک حیرام لە سورەوە بۆ بینینی ئەو شارۆچکانە چوو کە سلێمان پێیدابوو، بە دڵی نەبوون.
- 13گوتی: «براکەم، ئەم شارۆچکانە چین کە تۆ بە منت داون؟» ئینجا ناوی لێنان خاکی کاڤول، هەتا ئەمڕۆش بەو ناوە ناودەبردرێت.
- 14حیرام سەد و بیست تالنت زێڕی بۆ پاشا ناردبوو.
- 15ئەو بێگارییانەی کە سلێمان پاشا بە خەڵکی کرد، ئەمانە بوون: بنیادنانی پەرستگای یەزدان، کۆشکی خۆی، تەلانەکان، شوورای ئۆرشەلیم، حاچۆر، مەگیدۆ، هەروەها گەزەر.
- 16(فیرعەونی پاشای میسر پێشتر هێرشی کردبووە سەر گەزەر و داگیری کردبوو و سووتاندبووی. کەنعانییەکانی دانیشتووی شارەکەی کوشت و شارەکەی بە دیاری دایە کچەکەی خۆی، واتا ژنەکەی سلێمان. ئینجا سلێمان گەزەری بنیاد نایەوە.)
- 17ئینجا سلێمان گەزەری بنیاد نایەوە، هەروەها بێتحۆرۆنی خواروو و
- 18بەعەلات و تەدمۆری لە چۆڵەوانی لەناو خاکەکەدا ئاوەدان کردەوە،
- 19لەگەڵ هەموو کۆگاکانی سلێمان، هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت.
- 20هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی ئەمۆری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون، کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون،
- 21پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانیبوو بە تەواوی قڕیان بکەن سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن، هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە.
- 22بەڵام سلێمان کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە، چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و کاربەدەست، سەرکردە، فەرماندە، ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون.
- 23ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانە بوون کە لەسەر کارەکانی سلێمان بوون، پێنج سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد.
- 24پاش ئەوەی کچەکەی فیرعەون لە شاری داودەوە چووە کۆشکەکەی کە سلێمان بۆی بنیاد نابوو، دەستی بە دروستکردنی تەلان کرد.
- 25سلێمان ساڵانە سێ جار قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەردەخستە سەر ئەو قوربانگایەی بۆ یەزدانی بنیاد نا، بخووریشی لەگەڵ ئەوەدا دەسووتاند کە لەبەردەم یەزدان بوو، پەرستگاکەی تەواو کرد.
- 26هەروەها سلێمانی پاشا چەند کەشتییەکی لە عەچیۆن گەڤەر ئەوەی لە نزیک ئێلەتە لەسەر کەناری دەریای سوور لە خاکی ئەدۆم دروستکرد.
- 27حیرامیش خزمەتکارەکانی خۆی کە کەشتیوان و شارەزای دەریا بوون ناردنییە ناو کەشتییەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکانی سلێماندا بن.
- 28ئیتر چوونە ئۆفیر و لەوێوە چوار سەد و بیست تالنت زێڕیان هەڵگرت و بۆ سلێمانی پاشایان هێنا.
یهكهم پاشایان ١٠
- 1کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمان و پەیوەندییەکەیی بە یەزدانەوە بیست، هات بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە.
- 2بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، گەیشتە ئۆرشەلیم. هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد.
- 3سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ پاشا قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە.
- 4کاتێک شاژنی شەبا ئەو هەموو داناییەی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو،
- 5هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکانی و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە شەیدا بوو.
- 6بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە.
- 7بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەشم پێ ڕانەگەیەنراوە، لە دانایی و چاکی زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم.
- 8خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن.
- 9ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دایناویت. لەبەر ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە ئیسرائیلی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.»
- 10ئینجا سەد و بیست تالنت زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد.
- 11هەروەها کەشتییەکانی حیرامیش ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هەڵگرتبوو، لە ئۆفیرەوە دار ئەلگومی زۆر زۆریان لەگەڵ بەردی گرانبەها هێنا.
- 12پاشا لەو دار ئەلگومانە چەند تەختێکی بۆ پتەوکردنی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان. هەتا ئەمڕۆش ئەوەندە داری ئەلگوم نەهاتووە و نەبینراوە.
- 13سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەو شتانەی کە سلێمان پاشا لە بەخشندەیی خۆی پێی بەخشی. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.
- 14کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت زێڕ بوو،
- 15جگە لە باجی سەر بازرگان و فرۆشیارەکان و پاشایانی عەرەب و فەرمانڕەوایانی خاکەکە.
- 16سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک.
- 17سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ مەنا زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان.
- 18هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد.
- 19تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو، بەشی سەرەوەی پاڵپشتەکەشی شێوەی نیمچە خڕ بوو، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون.
- 20دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو.
- 21هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو.
- 22کەشتیگەلی پاشا لەگەڵ کەشتییەکانی حیرام لە دەریا بوون، سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا.
- 23سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی.
- 24هەموو خەڵکی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو.
- 25هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر.
- 26سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان.
- 27هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.
- 28ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخی بازاڕ وەریاندەگرتن.
- 29گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.