
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ڕاعوس ٤: ١ - ٢٢
- 1هەر لەو ماوەیەدا بۆعەز چوو بۆ لای دەروازەی شارۆچکەکە و لەوێ دانیشت. ئەوە بوو کاتێک ئەو خوێنگرەی کە بۆعەز باسی کرد لەوێوە تێدەپەڕی، بۆعەز گوتی: «خزمە، لابدە و لێرە دابنیشە.» ئەویش لایدا و دانیشت.
- 2ئینجا بۆعەز دە پیاوی لە پیرانی شارۆچکەکە برد و پێی گوتن: «لێرە دابنیشن.» ئەوانیش دانیشتن.
- 3ئینجا بە خوێنگرەکەی گوت: «ناعۆمی کە لە وڵاتی مۆئاب گەڕاوەتەوە، پارچە زەوییەکی هەیە کە هی ئەلیمەلەخی برامانە دەیفرۆشێت.
- 4منیش پێم وایە ئەرکی منە کە پێت بڵێم لەبەردەمی دانیشتووان و لەبەردەمی پیرانی گەلەکەم بیکڕە. ئیتر ئەگەر دەیکڕیتەوە بیکڕەوە و ئەگەر نایکڕیتەوە ئەوا پێم بڵێ با بزانم، چونکە تۆ لەپێشتریت بۆ کڕینەوەی، دوای تۆ من.»
- ئەویش گوتی: «دەیکڕمەوە.»
- 5بۆعەزیش گوتی: «ئەو ڕۆژەی زەوییەکە لە ناعۆمی دەکڕیت، پێویستە ڕائووسی مۆئابیش بخوازیت کە ژنی مردووەکەیە، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەیت.»
- 6خوێنگرەکەش گوتی: «من خۆم ناتوانم بیکڕمەوە، نەوەک میراتەکەی خۆم تێکبدەم. جا تۆ خۆت بیکڕەوە، چونکە من ناتوانم بیکڕمەوە.»
- 7وا باو بوو لە ئیسرائیلدا بۆ سەلماندنی ئەنجامدانی هەموو کارێکی مافی کڕینەوە و گواستنەوەی خاوەنداریێتی موڵک، کابرا پێڵاوەکەی دابکەنێت و بیداتە لایەنی بەرامبەر. ئیتر ئەمە ئەو نەریتە بوو کە لە ئیسرائیل دەگیرایەبەر.
- 8ئینجا خوێنگرەکە بە بۆعەزی گوت: «خۆت بیکڕە.» ئیتر پێڵاوەکەی داکەند.
- 9بۆعەزیش بە پیرەکان و هەموو خەڵکەکەی گوت: «ئێوە ئەمڕۆ شایەتن کە من هەرچییەک هی ئەلیمەلەخ و هەرچییەک هی کیلیۆن و مەحلۆن بوو لە دەستی ناعۆمی کڕیمەوە.
- 10هەروەها ڕائووسی مۆئابی ژنی مەحلۆنیشم لە خۆم مارە کرد هەتا ببێت بە ژنم، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەم، تاکو ناوی مردووەکە لەنێو گەلەکەی کوێر نەبێتەوە و لە تۆماری شارۆچکەکەیدا نەسڕێتەوە. ئێوە ئەمڕۆ شایەتن!»
- 11هەموو خەڵکەکە و پیرەکان کە لەناو دەروازەکە دانیشتبوون، گوتیان: «ئێمە شایەتین. با یەزدان ئەو ژنەی کە دێتە ماڵەکەت وەکو ڕاحێل و لێئەی لێ بکات کە بنەماڵەی ئیسرائیلیان دروستکرد. ئیتر با مەزن بیت لە ئەفراتە و ناودار بیت لە بێتلەحم.
- 12هەروەها ماڵەکەت و ئەو وەچەیەی یەزدان لەم ژنە دەتداتێ وەکو بنەماڵەی پێرێز بێت ئەوەی لە تامار لەدایک بوو بۆ یەهودا.»
- 13ئیتر بۆعەز ڕائووسی هێنا و گواستییەوە، یەزدانیش سکپڕبوونی پێ بەخشی و کوڕێکی بوو.
- 14ژنان بە ناعۆمییان گوت: «ستایش بۆ ئەو یەزدانەی ئەمڕۆ بێ خوێنگری نەکردیت. با ناوی بۆعەز لە ئیسرائیلدا دەنگ بداتەوە.
- 15دەبێتە نوێکەرەوەی گیانت و لە پیریتدا بەخێوت دەکات، چونکە لە بووکەکەت بووە کە تۆی خۆشدەوێت و بۆ تۆ لە حەوت کوڕ باشترە.»
- 16ناعۆمیش کوڕەکەی هەڵگرت و لە باوەشی کرد و بوو بە دایەنی.
- 17ژنە دراوسێکان گوتیان «کوڕێک لەدایک بوو بۆ ناعۆمی» و ناویان لێنا عوبێد، کە باوکی یەسای باوکی داود بوو.
- 18ئەمانەش نەوەکانی پێرێزن:
- پێرێز باوکی حەسرۆن بوو،
- 19حەسرۆنیش باوکی ڕام بوو،
- ڕامیش باوکی عەمیناداب بوو،
- 20عەمینادابیش باوکی نەحشۆن بوو،
- نەحشۆنیش باوکی سەلمۆن بوو،
- 21سەلمۆنیش باوکی بۆعەز بوو،
- بۆعەزیش باوکی عوبێد بوو،
- 22عوبێدیش باوکی یەسا بوو و
- یەساش باوکی داود بوو.