
Season 43 · Episode 9
حزقیال ١١: ١٧ - ١٣: ٢٣
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
May 22, 202524m 36s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ١١: ١٧ - ١٣: ٢٣
- 17«لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“
- 18«بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن.
- 19یەک دڵیان دەدەمێ، ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە. ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ،
- 20بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن، ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان.
- 21بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە، من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
- 22ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.
- 23شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە.
- 24ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان.
- لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما،
- 25ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند.
حزقیال ١٢
- 1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ لەناو ماڵێکی یاخیدا نیشتەجێی، ئەوانەی چاویان هەیە بۆ ئەوەی ببینن، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە بۆ ئەوەی ببیستن، بەڵام نابیستن، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
- 3«لەبەر ئەوە، ئەی کوڕی مرۆڤ، هەگبەی ڕاپێچکردن بۆ خۆت ئامادە بکە و بە ڕۆژ لەبەرچاویان بڕۆ، لەم شوێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەبەرچاویان بڕۆ، بەڵکو تێبگەن، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.
- 4بە ڕۆژ لەبەرچاویان هەگبەکەت دەردەهێنیت، وەک هەگبەی ڕاپێچکراوان. ئێوارە لەبەرچاویان بڕۆ دەرەوە، وەک ئەوانەی ڕاپێچ دەکرێن.
- 5بە بەرچاویانەوە دیوار کون بکە و لە کونەکەوە هەگبەکە دەربهێنە.
- 6بە بەرچاویانەوە لەسەر شانت هەڵیبگرە، کاتێک کە تاریکی دادێت دەریبهێنە، دەموچاوت داپۆشە کە خاکەکە نەبینیت، چونکە تۆم کردووە بە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.»
- 7منیش هەروەک ئەوەی فەرمانم پێ کرابوو وام کرد. هەگبەکەم وەک هەگبەی ڕاپێچکردن بە ڕۆژ دەرهێنا، ئێوارەش بە دەستی خۆم دیوارم کون کرد، کە تاریکی داهات لەبەرچاویان لەسەر شانم هەڵمگرت و هێنامە دەرەوە.
- 8بۆ بەیانی فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 9«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا گەلی ئیسرائیلی یاخی لە تۆیان نەپرسی: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
- 10«پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم سروشە سەبارەت بەو میرەیە کە لە ئۆرشەلیمە و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و بۆ ئەوانەش کە لەوێن.“
- 11بڵێ: ”من نیشانەم بۆ ئێوە.“
- «من چیم کرد، ئاوایان پێ دەکرێت، بە دیل دەگیرێن و ڕاپێچ دەکرێن.
- 12«ئەو میرەش کە لەنێویانە کە تاریکی داهات هەگبەکەی لەسەر شان هەڵدەگرێت و دەڕوات. دیوار کون دەکەن هەتا لێوەی بچنە دەرەوە. دەموچاوی دادەپۆشێت هەتا بە چاوی خۆی خاکەکە نەبینێت.
- 13منیش تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، دەکەوێتە تۆڕەکەمەوە، دەیهێنم بۆ بابل، خاکی کلدانییەکان، بەڵام نایبینێت و لەوێ دەمرێت.
- 14هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون بۆ یارمەتیدانی و هەموو لەشکرەکانی، بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازەیان دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
- 15«ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان دەکەم و بەنێو شانشینەکاندا پەرتەوازەیان دەکەم.
- 16چەند کەسێکی کەمیان لە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لێ دەهێڵمەوە، هەتا لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان دەچن باسی هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
- 17فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 18«ئەی کوڕی مرۆڤ، بەدەم لەرزینەوە نانت بخۆ، بە ترس و خەمەوە ئاوت بخۆوە.
- 19بە گەلی خاکەکە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم و خاکی ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بە خەمەوە نانیان دەخۆن و بە واقوڕمانەوە ئاویان دەخۆنەوە، چونکە خاکەکەیان وێران دەبێت لەبەر پڕبوونی لە ستەمی هەموو دانیشتووانەکەی ناوی.
- 20شارە ئاوەدانەکان کاول دەکرێن و خاکەکە چۆڵ دەبێت، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
- 21فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 22«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پەندە چییە کە لەسەر خاکی ئیسرائیل هەتانە، ئەوەی دەڵێت: ”ڕۆژگار درێژەی کێشا و هەموو بینینەکان نایەنە دی“؟
- 23لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم پەندە بەتاڵ دەکەمەوە و ئیتر لەناو ئیسرائیلدا نایکەن بە پەند.“ بەڵکو پێیان بڵێ: ”ڕۆژگار نزیک بووەوە، هەموو بینینێک دێتە دی،
- 24چونکە لەمەودوا هیچ بینینێکی بەتاڵ و فاڵگرتنەوەی زمان لووسی لەنێو بنەماڵەی ئیسرائیلدا نابێت.
- 25بەڵکو من یەزدانم، ئەوەی بمەوێت بیفەرمووم، دەیفەرمووم و دێتە دی. ئەی بنەماڵەی یاخی، لەمەودوا درێژە ناکێشێت، چونکە ئەوەی دەیفەرمووم لە سەردەمی خۆتان دەیهێنمە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
- 26فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 27«ئەی کوڕی مرۆڤ، وا بنەماڵەی ئیسرائیل دەڵێن: ”ئەو بینینەی بۆی ئاشکرا کرا بۆ ڕۆژگارێکی زۆر لەدوای ئەمەیە و ئەو بۆ سەردەمە دوورەکان پێشبینی دەکات.“
- 28«لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەودوا هیچ یەک لە وشەکانم درێژە ناکێشێت، ئەو وشەیەی فەرمووم دێتە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
حزقیال ١٣
- 1ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە لەسەر پێغەمبەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەخۆیانەوە پێشبینی دەکەن: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن!
- 3یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو پێغەمبەرە گێلانەی بەدوای ڕۆحی خۆیان کەوتوون و هیچیان نەبینیوە.
- 4ئەی ئیسرائیل، پێغەمبەرەکانتان وەک چەقەڵی ناو کەلاوەیان لێ هاتووە.
- 5سەرنەکەوتن کەلێنی دیوارێک بگرن، شوورایەکیشتان بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بنیاد نەنایەوە بۆ ئەوەی لە جەنگ بەرگریتان لێ بکات لە ڕۆژی یەزدان.
- 6ئەوانەی بینینیان بەتاڵ و فاڵگرتنەوەیان درۆ بوو، دەڵێن: ’سروشی یەزدانە‘ و هەرچەندەش یەزدان ئەوانی نەناردووە، کەچی چاوەڕێی هاتنەدی پێشبینییەکەیان بوون.
- 7ئایا بینینی بەتاڵتان بۆ ئاشکرا نەکرا و بە فاڵگرتنەوەی درۆ قسەتان نەکرد، کە دەڵێن: ’سروشی یەزدانە،‘ من قسەم نەکردووە؟
- 8«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە بە بەتاڵی قسەتان کرد و بینینەکانتان درۆ بوون، لەبەر ئەوە من لە دژی ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 9دەستیشم لە دژی ئەو پێغەمبەرانە دەبێت کە بینینەکانیان درۆ بوون، بینینیان بەتاڵە و فاڵگرتنەوەیان درۆیە. لەناو ئەنجومەنی گەلەکەم نابن و لەناو کتێبی بنەماڵەی ئیسرائیل ناویان نانووسرێت و ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
- 10«”لەبەر ئەوەی گەلەکەی منیان گومڕا کرد، دەڵێن: ’ئاشتی!‘ ئاشتیش نییە، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو دیوارە لاوازەی خەڵکی بنیادی دەنێن، ئەوان بە گەچ سواخی دەدەن،
- 11بەوانە بڵێ کە بە گەچ سواخی دەدەن: ’دەکەوێت!‘ بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، ئەی تەرزە بەردینەکان ئێوەش دەبارن و بایەکی بەهێزیش کەلێنی تێدەکات.
- 12ئەوەتا کە دیوارەکە دەڕووخێت، ئایا پێتان ناڵێن: ’کوا ئەو گەچەی پێتان سواخ دابوو؟‘
- 13«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە تووڕەییمدا بە بایەکی بەهێز کەلێنی تێدەکەم، لە هەڵچوونم بارانی بەخوڕ و تەرزەی بەردین دەنێرم بۆ لەناوبردنی.
- 14ئەو دیوارە دەڕووخێنم کە بە گەچ سواختان داوە، لەگەڵ زەوی تەختی دەکەم، بناغەکانی دەردەکەون. کاتێک دیوارەکە دەکەوێت، ئێوەش لەناویدا دەفەوتێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
- 15جا تووڕەیی خۆم دەڕێژم بەسەر دیوارەکە و ئەوانەی بە گەچ سواخیان داوە، پێتان دەڵێم: ’دیوارەکە و ئەوانەش کە بە گەچ سواخیان داوە نەماون،
- 16ئەو پێغەمبەرانەی ئیسرائیل کە پێشبینییان بۆ ئۆرشەلیم کرد و بینینی ئاشتییان ڕاگەیاند، هیچ ئاشتیش نەبوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.‘ “
- 17«ئێستاش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کچانی گەلەکەت بکە، ئەوانەی لە خۆیانەوە پێشبینی دەکەن، پێشبینی لەسەر ئەوان بکە و
- 18بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو ژنانەی نوشتە لە شێوەی بازووبەند دەدورن بۆ مەچەکیان، نوشتە لە شێوەی سەرپۆش بۆ هەموو سەرێک دروستدەکەن، بۆ ڕاوکردنی گیانەکان. ئایا ئێوە دڵ و دەروونی گەلەکەم ڕاو دەکەن و خۆتان بە زیندووی دەهێڵنەوە؟
- 19ئێوە لەلای گەلەکەم لەبەر مشتێک جۆ و هەندێک لەتە نان گڵاوم دەکەن. بە درۆکردنتان بۆ گەلەکەم کە گوێ لە درۆ دەگرن، ئێوە ئەو کەسانەی کە شایستەی مردن نەبوون کوشتووتانن و ئەوانەی شایستەی ژیان نەبوون بە زیندوویی هێشتووتتانەوە.
- 20«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی نوشتەکانی ئێوەم کە لەسەر شێوەی بازووبەندە، کە وەک باڵندە مرۆڤی پێ ڕاو دەکەن، لەسەر بازووتان دەیدڕێنم و ئەو مرۆڤانەی وەک باڵندە ڕاویان دەکەن بەڕەڵایان دەکەم.
- 21سەرپۆشەکانتان دەدڕێنم و فریای گەلەکەم دەکەوم لە دەستتان، لەمەودوا لەناو دەستتان نابن بۆ ڕاوکردنیان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
- 22لەبەر ئەوەی بە درۆ دڵی ڕاستودروستتان خەمبار کرد کە من خەمبارم نەکردبوو، هەروەها خراپەکارتان هاندا هەتا لە ڕێگا خراپەکانی نەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بژیێت،
- 23هەر بۆیە لەمەودوا بینینی بەتاڵیان بۆ ئاشکرا ناکرێت و چیتر فاڵ ناگرنەوە، فریای گەلەکەی خۆم دەکەوم لە دەستتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»